
عەلی فەتحی
بەپێی گوتەیەک وەک یاسایەکی نەنووسراو، مرۆڤەکان پێویستە زۆر لەیەکتر نیزیک بن یا پەیوەندییەکی عاتیفیی تەواو بەهێز لەنێوانیاندا هەبێ، تاکوو ڕاگواستنی فیکر و ئایدیا مەیسەر بێ و هەستی یەکدڵی پێکبێت. بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە و سەیرکردنی جۆش و خڕۆشی مافخوازیی لەم چەند ساڵی دواییەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باوەڕمان بەو بۆچوونە پتر و پتر دەبێ کە جیا لە پەیوەندییەکی سیاسی، ڕابیتەیەکی عاتیفیش لەنێوان حیزب و کۆمەڵگەدا چێ بووە. کە باس لە حیزب دەکەم، مەبەستم لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە. پێویستە ئەو لەیەکگرێدراوییە لە دوو قۆناخی جیاوازدا، واتە هەم ئەوکاتەی کە حیزب لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە و هەم ئەو سەردەمەی کە لە ئاوارەییدا ژیاوە، بخەینە بەر باس تاکوو باشتر جیاوازییەکان ببینین و مەبەستەکەمان ڕوونتر کردبێتەوە.
ئەگەر سەردەمی تێکۆشانی ژێکاف و یازدە مانگ تەمەنی کۆمار لەولا دانێین و ١٥ی دێسامبری ١٩٤٥ وەکوو دواڕۆژی تەمەنی کۆماری کوردستان بکەینە خاڵی دەستپێکی جووڵانەوەیەکی نهێنی، ڕەنگە زانیارییەکان پتر بەکەلکی بەرچاوڕوونی بێن بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی ئەو نووسینە. بە ئاوڕدانەوە لە زانیاریی سەرچاوە مێژووییەکان و وردبوونەوە لە دۆخی ئەو سەردەمە، واتە هەردوای ڕۆژی ١٥ی دێسامبر، خەڵکێکی زۆر، لە پێشەوا قازی محەممەد ڕا بگرە تا دەگاتە ئەندامانی سادەی حیزب لە شارەکانی کوردستان، گشتیان کەوتنە بەر شاڵاوی گیران و ئێعدام و دوورخراوەیی لە زێدی خۆیان. بە واتایەک کۆتایی بە جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتبوو و حکوومەتی پەهلەوی بە زەبر و زەنگی نیزامی لە لایەکەوە هەوڵی دەدا خەڵک چاوترسێن بکا و لە لایەکی دیکەشەوە سەرقاڵی میلیتاریزەکردنی کوردستان بوو. تەنانەت بەوەش نەوەستا، سیاسەتی ژێردەستەکردنی ئارامی گرتەبەر و بە قەدەغەکردنی زمان و جلوبەرگی کوردی لە قوتابخانەکان و سووکایەتیکردن بە هەرچی داب و نەریتە و بەهێنانەگۆڕی خەیاڵی دروستکردنی نەتەوەیەکی دەستکرد بەناوی نەتەوەی ئێران، گەرەکی بوو ئاسەوارێک لە کورد و کوردایەتی نەهێڵێ. ئەو سەردەمە لە زەخت و گوشار، هێندە دوور نیە و ئەو جیلەی بە چاوی خۆی دۆخەکەی دیتووە، ئێستاش بەشی زۆریان لە ژیاندا ماون و لەبیریانە دەسەڵاتی پاشایەتی چۆن هەوڵی ژێردەستەکردنی گەلەکەمانی داوە. خەڵکی ئێمە ئەو کاتە، لەڕاستیدا دوو توێژ بوون، یەکەم ئەوانە بوون کە چێژیان لە ئازادی و حوکمڕانیی کوردی لە سەردەمی کۆماری کوردستان وەرگرتبوو و توێژی دووهەمیش ئەو گەنجانە بوون، کە بە دیتنی سیاسەتی زەخت و زۆری و ژێردەستە بوون، حەسڕەتێک بۆ دووبارەبوونەوەی سەردەمی ئازادی، دڵ و دەروونی داگرتبوون. ئەو خۆزگەیە یا نۆستالژییە شاراوەیە لە قۆناخێکدا گەیشتە ئاستێک، تەنانەت ئەگەر حیزبێکی فارسی ڕەگەزپەرەستی وەکوو پانئیرانیست وشەی کورد یا ناوی کوردەکانی ئەودیو سنووری لە وتار و گوتارەکانیدا دەکار کردبا، هێشتا دەبووە مایەی دڵخۆشی ئەو توێژە. بەعام دەکرێ ئاماژە بەوە بکەم و بپرسم کە کێ هەبوو لەو سەردەمدا دڵی بەو بەیتە لە گۆرانی حەسەن زیرەک خۆش نەبووبێ کە دەیگوت: کورد نیم دیمۆکراتم بێ ... و کام گەنج ئەو کاتە هەبوو لایەلایەی ماموستا هەژاری لە زمان ماملێوە بەدڵ نەبووبێ! زۆر نموونەی دیکەش هەن و پێویست بە نووسین ناکا. ئەو دەنگبڕین و قەراقوپ کردنە تا سەردەمی ناسراو بە ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ درێژەی هەبوو. کارەساتەکانی ئەو یەکدوو ساڵە ئەگەر زەبرێکی گورچووبڕ بوو لە خاڵیگەی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەگشتی و لە جەستەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بەتایبەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا زیندووکەرەوەی پرسیارگەلێکی گرینگیش بوو لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا. دیتمان، ڕاست دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان. خەڵک بەتایبەت جیلی نوێ، دەیانپرسی ئەوانەی شەهید بوون، کێ بوون، بۆچی و چۆن شەهید بوون و ئامانجیان چی بوو. زۆری نەخایاند وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە درانەوە.
لە سەردەمێکدا کە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی حوکمڕانیی پاشایەتی گەیشتە لووتکە و هیزە سیاسییەکانی دژی ئەو سیستەمە ئیدی کەم و زۆر بە ئاشکرا هاتنە مەیدان، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانیش خێرا دەستوبردی کرد و ڕێکخراوەکانی خۆی لە زۆر شوێن دامەزراندەوە. حیزب بەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، بە فەرمی سی ساڵێک دەبوو ئاوارەی دیوی گەرمێن ببوو. لە دوای چالاکییە خوێناوییەکانی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧یش کەوتبووە قۆناخێک کە زۆربەی کادرە بەوەجەکانی یا گیرابوون یا شەهید ببوون. بەڵام سەرەڕای ژانکردنی ئەو برینە لەسەر جەستەی، ساڵی ١٩٧٩ بە ئاشکرا هاتەوە مەیدان. ئەژماری کادر و پێشمەرگەکانی ئەوەندە زۆر نەبوون و لە هەمان کاتدا نەناسراویش بوون. تەنانەت دوکتور قاسملوو کە سکرتێری گشتی حیزب بوو، خەڵک نەیدەناسی و بە وێنەش نەیاندیتبوو. ئەو چەندەش کە هاتنەوە، زۆرتر لە دیوی گەرمێن ژیابوون و پەیوەندییەکی زۆریان بە کۆمەڵگەی کوێستان واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەبوو. بەڵام، گرینگ ئەوە بوو کە هەر ئەوانە خێرا دەستوبردیان لێ کرد و کەڵکیان لە دۆخەکە وەرگرت و ڕێکخراوەکانی حیزبیان لە گشت ناوچەکان، هەر لە خۆی و سەڵماسەوە بگرە تاکوو کرماشان دامەزراندەوە. هەڵبەت لەو قۆناخەدا نابێ هەرتەنیا گەڕانەوەی حیزبی دیمۆکرات لەبەرچاو بگرین، چونکە ئەژمارێک هێزی دیکەش کە خاوەن ڕابردوویەک لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بوون، دەستیان بە تێکۆشانی ئاشکرای خۆیان کردەوە، بۆ وێنە حیزبی توودە و موجاهیدین و چریکە فیداییەکان. جیا لەو هێزانە، بە دەیان ڕێکخراوی نوێش سەریانهەڵدا و ئیدێئۆلۆژی و ڕوانینی سەیروسەمەرە ڕوویان لە کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کرد. ئەو خەفەقانەی بەسەر ئێراندا سەپابوو و سی چل ساڵێکی خایاندبوو، کاریگەریی لەسەر هێزی مرۆیی خەباتکار لە کوردستانیش دانابوو و بەسەر دوو بەرەدا دابەشی کردبوو. گەنجی خوێندەوار و بەتایبەت شارنشین، بەشی هەرە زۆریان ڕوویان لە هێزە چەپە کلاسیک و تازەدامەزراوەکان کرد و ڕزگاریی چینی کرێکاری جیهانیان بەلاوە گرینگتر لە جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد بوو. بەرەی دووهەمیش، خەڵکی ئاسایی و بەتایبەت لادێنشین کە خاوەن هێز و پوتانسیەلێکی لەڕادەبەدەر کوردانە بوون، ڕوویان لە هێزەکانی نیشتمانپەروەر و بەتایبەت حیزبی دیمۆکرات کرد. بەڵگەی حاشاهەڵنەگریش لەو کاتەدا بۆ ئەو پشتیوانییە بەربەرینەی خەڵک لە بەربژێرەکانی حیزب، هەڵبژاردنی ٧ی جۆزەردانی ١٣٥٩ی مەجلیسی شورای ئیسلامی بوو. لەو هەڵبژاردنەدا، لە گشت شارەکانی کوردستان جیا لە یەک شار، خەڵک دەنگیان بە بەربژێرەکانی حیزب دا و دەرکەوت خەباتی نەتەوەیی بەلای ئەوانەوە گونجاوتر و پێویستترە لە مافخوازی بۆ کرێکاری چینی باڵادەست.
کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتی ناوەند، دوای دیتنی ئەو پشتیوانییە بەهێز و بەربەرینەی خەڵک لە حیزب، ترسی ڕێنیشت و ڕووی لە بیانووپێگرتن و ئاژاوەگێڕی نا. دواجار شەڕێکی درێژخایەنی بەسەر کوردستاندا سەپاند. بە گەمارۆی ئابووری - نیزامی و دەیان ساڵ وێرانی بۆ شار و گوندەکانی کوردستان، گەرەکی بوو ئیرادەی خەڵکەکەمان و بەتایبەت هێزی پێشمەرگە تێکبشکێنێ. بەڵام، دیتمان خەڵک بەوپەڕی هەژاری و نەداریشەوە بەردەوام پشتیوانیی لە جوڵانەوە مافخوازییەکەی خۆی کرد و کۆڵی نەدا. دوای قۆناخی دەپازدە ساڵەی یەکەمی ئەو سەرهەڵدانە، حیزب ئەوجار کەوتە دۆخێکی نەخوازراوی دیکە، واتە دووبارە ناچار بە نیشتەجێی لە گەرمێن بۆوە. چالاکیی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات بەرەبەرە لە کەمیی دا و دواجار کۆتایی پێ هات. ڕادیۆ دەنگی کوردستان کە بەردەوام هەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی حیزبی لە بەرەکانی شەڕ بڵاودەکردەوە، ئیدی ئەو گرینگییەی نەما. دۆخی سیاسی جۆغرافی ناوچە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و بە نەمانی حکوومەتی بەعس لە عێراق بە گشتی و دامەزرانی حکوومەتی هەرێم بە تایبەتی، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان ئەوجار کاریگەری قووڵیان لەسەر سیاسەت و هزر و هەڵسوکەوتی حیزب دانا. حیزبی دیمۆکرات دەبوایە شێواز و مێتۆدی خەباتی خۆی بگۆڕێ، بەجۆرێک کە هەم لەگوێر تواناییەکانی ئەودا بێ و هەم کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر بیر و هزری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات هەبێ. گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان دەبوایە فێری ئەوە بکرێت کە چیتر چاوەڕێی هێزی پێشمەرگەی تاراوگە نەبێ بۆوەی بگەڕێتەوە و ئەوان ڕزگار بکا، بەڵکوو ئەوان خۆیان وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە، پێویستە لەجێوە ببنە پێشمەرگەیەکی کارا و بە ڕێنوێنی و ڕەچاوکردنی سیاسەتەکانی حیزب لە کات و ساتی گونجاودا هەڵوێست بگرن و ئەرکە نەتەوەییەکان جێبەجێ بکەن. دەزگایەکی کارای خێرا بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنی خەڵک و حیزب لەو نێوەدا، یەکەم پێویستی سەردەم بوو و دەبوایە هەنگاوی خێرای بۆ بنرێت. حیزب بە دامەزراندنی تەلەڤزیۆنەکانی تیشک و کوردکاناڵ لەپاڵ ڕادیۆ دەنگی کوردستان و ڕۆژنامەی کوردستان و دەیان گۆڤاری دیکە و کۆمەڵێک لاپەڕەی ئینترنێتی، پتر لە پێشوو وەک پێشمەرگە لە ماڵەکانی کوردستان میوان بوو. جەماوەری کوردستانیش لەولاوە، حیزبیان دووبارە و بە شێوازێکیتر لە تەنیشت خۆیان هەست پێ کردەوە. حزووری ئەوجارە مەجازیی بوو و وەکوو پێشوو هەرتەنیا بۆ توێژی گەورەساڵان نەبوو، بەڵکوو گەورە و بچووکی بەخۆوە سەرقاڵ کرد. دۆخی سیاسیی حاکم بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەر ماوەیەک بێدەنگی و ترس باڵی بەسەردا کێشابوو، دوای ئەو ئاڵوگۆڕانە ئیدی وەرچەرخانێکی مەزنی بەخۆوە بینی و جەماوەر باشتر لەپێشوو دەیانزانی چییان گەرەکە و دەبێ چۆن هەڵسوکەوت بکەن. کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەبەرە بە تەواوی کێشەی فیکر و ئیدێئۆلۆژی وەلا نا و ئەوجار بە ئاشکرا قسەی خۆی دەکرد و لەسەر داخوازییەکانی ساغببۆوە. ئەویش کۆمەڵێک داخوازی نەتەوەیی ڕوون و ئاشکرا و جیهانپەسەند. چونکە، هێزە ئیسلامییەکان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەرخستبوو و بەرەی چەپیش بەدوای ڕووخانی سۆڤییەت و ئۆردوگای کۆمۆنیستیدا کەوتبووە گێژاوێکی فیکری ئەوتۆ کە دەربازبوونی هاسان بەدینەدەکرا. دواجاریش، چەند تاقیکارییەکی مەزن، ڕاستی ڕووداوەکانی بە گوێی ئێران و جیهان و بەتایبەت نێوەندە بڕیاردەرەکانی تاراندا چرپاند، هەر لە هاتنە سەر شەقامی جەماوەر بەدوای شەهیدبوونی شوانە سەید قادرڕا بگرە هەتا مانگرتنەکان بەبۆنەی بۆمبارانی قەڵای دیمۆکرات، شەهیدبوونی ژینا و ماتەمینی شەوی یەڵدا یا پیرۆزکردنی نەورۆزەکانی ئەو ساڵانەی دوایی.
لە هەر هەمووی بۆنە و مەراسیمەکاندا، مرۆڤ ئەگەر سەیری تابڵۆکان بکا و وێنە و فیلمەکان بە وردی بخاتە بەر زەینی خۆی، هەستدەکا هەستی نیشتمانپەروەری چۆن لە دڵ و مێشکی خەڵکەکەماندا جێی خۆش کردوە. وەختێک کیژەکانمان بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی لە شۆڕشەکەمان خاکیپۆش دەبن و کوڕەکان جامانە لە مل دەکەن و پێشمەرگایەتی لە سەرتاپای قەڵافەتیان دەبارێ، یا مناڵێکی تازە پێهەڵگرتوو دەسرەی بەدەستەوە و لەبەر تەلەڤزیۆن بەدەم هەوای سڕوودێکی نیشتمانییەوە شادی خۆی دەردەبڕێ، بۆمان دەردەکەوێ نیشتمانپەروەری گەیشتووەتە چ ئاستێک. کە نەتەوەیەکیش ئاستی نیشتمانپەروەری خۆی بەرز کردەوە، چیتر چاولەدەستی دەسەڵاتدار نابێ دڕوویەکی لە جەستەی دەرێنێ یا برینێکی بۆ ساڕیژ بکا. کوڕ و کچی گەنج و مێرمنداڵمان بە حەزوئارەزووی خۆیان ڕوو لە کلاسی زمانی کوردی و مۆسیقا و بابەتیتر دەکەن. کاتێک لافاو یا بوومەلەرزەیەک ژیانی کۆمەڵە هاونیشتمانییەک وێراندەکەن، بە هەزاران کەس لە شار و گوندەکانڕا بە هانایانەوە دەچن و خەمی ماڵوێرانیان لەسەر سووکدەکەن. شاخێک، لێڕەوارێک یا دارستانێک ئاگری تێبەر دەدرێ، بە سەدان کەس خۆ بە ئاگردا دەدەن بۆوەی بیکوژێننەوە، دواتریش لەجیات هەر بەڕوویەکی سووتاو، دەیان دەنک بەڕووی تازە دەچێننەوە و بە واتایەک خاک و ئاوی وڵاتەکە بە هی خۆیان دەزانن و دەیپارێزن. هەر تاکێکی کورد، مادام نیشتمانەکەی بە هی خۆی زانی، هەوڵی ئاوەدانی و پێشکەوتنیشی بۆ دەدا. پێچەوانەکەشی دروستە، کە وڵاتەکەت بە هی خۆت نەزانی و پێت وابێ هی دەسەڵاتدارە، بەردەوام چاوەڕێی ئەوە دەبی حکوومەت هەنگاوێک بۆ ئاوەدانی و چارەسەری گرفتەکان بنێ و زۆرجاریش لەبەر ئەوەی پیاو ڕقی لە دەسەڵاتدارە، ئەوەندە ئاوەدانییەی هەشە، ئەویش وێران دەکا بۆوەی کۆمەڵگە پتر لە خاوەن دەسەڵات بێزار بێ.
بەدوای گشت ئەو شرۆڤەیەی سەرەوە، قەناعەتمان هێناوە یەک: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەبەدا وەکوو سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی حکوومەتی پاشایەتی بیر ناکاتەوە. دووهەم: گەنجی کورد ئیدی خولیای دەیان ئیدێئۆلۆژی سەیروسەمەرە نیە و ساغ بووەتەوە و بڕیاری کۆتایی داوە و نیشتمانپەروەری وەکوو ئەرکی بنەڕەتی خۆی پەسند کردوە. واتە کوردایەتی و کوردبوون بە بەژن و باڵای ئەو لاوە کوردە بڕاوە و بۆی بووە بە خەڵاتێکی نیشتمانی. هەرکاتێکیش لەمەر گیانفیدایی پێویستی بە دوابڕیاری مەعنەوی هەبێ، پێشەوا قازی محەممەد دێنێتە بەر دیدەی خۆی و وەسیەتنامەی ئەو دەخوێنێتەوە و گیان لەسەر دەست بەرەو پێش دەچێ. بۆوەی زێدەڕۆییمان لەو بۆچوونەدا نەکردبێ، با سەیری چەند نموونەیەک بکەین. هەموومان بوێری ئەو باوکەمان لە کاتی شۆڕشی ژینادا بینی وەختێک لەسەر گۆڕی جگەرگۆشەی شەهیدبووی دەستی غەدداردا گوتی: ئەو کوڕەم بە قوربانی کوردستان بێ، ڕۆژی ٢٥ی گەڵاوێژ لەدایک بوو و هەر بەو بۆنەوە ناوم لێ نا کۆمار. ئەو وتەیە پێمان دەڵێ، پێشەوا قازی محەممەد سەرۆککۆمارێکی کاریزما بووەتە سیمبولی وەفاداری و سەداقەت بۆ تەواوی جیلەکانی دوای خۆی. هەر دوابەدوای ئەویشدا، دوکتور قاسملووی شەهید بووەتە قاسیدێکی دیکەی گوازتنەوەی هزری ڕزگاریخوازی بۆ وەچەکانی داهاتوو. ئێمە لانیکەم لەو چەند ساڵەی دواییدا دیتوومانە، هەرکە ڕاپەڕینێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سازدەبێ، گەورە و بچووکی نیشتمانەکەمان لەو بەشە چۆن هاواری "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" لەسەر شەقامەکان و لەنێو هەناوی دوژمندا دەڵێنەوە. یا ئەوە کە، نیشتمانپەروەرێک وەختێک دەچێتە شاری پاریس، ئەوەندەی بۆی بلوێ سەردانێکی گۆڕستانی پێرلاشێز دەکا. چونکە، بەو کارەی پێی وایە ئەرکێکی ئەخلاقی دەرهەق بە ڕێبەر و ماموستایەکی کاریزما بەجێ گەیاندووە. هەروەها، یەکەم ڕستەی پڕ لە مانا کە بەرچاوی دەکەوێ و لەسەر کێلی گۆڕەکە هەڵکەندراوە، "کە من مردم، کورد نامرێ" سرنجی ئەو ڕادەکێشێ قوڵتر بیر لە داخوازییە نیشتمانییەکانی بکاتەوە. یا هەرکات گرفتێکی سیاسی بۆ جەماوەر لەهەمبەر گرتنەبەری ڕێکارێکی ماقوڵ و هەڵوێستێکی بەجێ دروست دەبێ، پەنا بۆ ئاخاوتنەکانی ئەو سەرکردە شەهیدە دەبەن کە کاتی خۆی تۆمارکراون. کۆتا قسە دوای ئەو کۆمەڵە قەناعەتە ئەوەیە، ئێستا کە بەرەو ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب دەچین، ئێستا کە ٨٠هەمین ساڵی تەمەنی پڕ لە شکۆ و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی تێپەڕدەکا، دەبێ گەلێک شاد و دڵخۆشبین، چونکە توانیویەتی خۆڕاگر بێ و بە سیاسەتی دروست و پێ لەسەر عەرزی واقیع دەستکەوتێکی مەزن بەدیاریی بێنێ. توانیویەتی ئەرکی ڕاگوێزانی بیر و هەستی نەتەوەیی بۆ نێو دڵ و زەینی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان سەرکەوتووانە جێبەجێ بکا. ئاکامەکەشی ئەوەیە کە خەڵک لەو بەشە ئیدی لەسەر ئەوە ڕانەوەستاوە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ڕزگاریان بکا، نە پێیانوایە حکوومەتیش خاوەن نیشتمانەکەی ئەوانە تا ئاوەدانی بکاتەوە، بەڵکوو خۆیان ساحێبی هزر و هەستێکن بەدوور لە شێوازی کلاسیک و کۆن. خۆیان دەسەڵاتن، خۆیان حیزبن، خۆیان دیمۆکراتن، خۆیان پێشمەرگەن...
٢٥ی گەلاوێژ، ٨٠ هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران پیرۆز بێ.