کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دیموکرات هەر حیزبی ڕابردوو نیە، حیزبی داهاتووشە

14:59 - 15 گەلاوێژ 2725

حیزبی دیموکرات هەر حیزبی ڕابردوو نیە، حیزبی داهاتووشە

قادر وریا (*)

درێژخایەنبوونی خەبات و هۆیەکانی بەردەوامبوونی

حیزبی دێموکراتی کوردستان، ٨٠ سالە ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد لە نێو وڵاتی ئێرانە و بۆ دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات. مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەیەک ئەویش نەتەوەیەکی چەندین میلیۆنی کە خۆی ‌و نیشتمانەکەی بە سەر چەند وڵاتدا دابەش کراون، مافێکی ڕەوا‌ و ئامانجێکی پیرۆزە. ئەم مافەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ نەتەوەکەی داوای دەکات ‌و ئەم ئامانجەی ‌ خەباتی بۆ دەکات، بە گوێرەی پەسندکراوە جیهانییەکانیش بە مافێکی بێ ئەم لا و ئەولای هەر نەتەوەیەک، دادەنرێن. نە شتێکی ناڕەوایان تێدایە‌ و نە زێدەڕۆیی. کە وایە ئەوە دروست یا نادروستبوونی ئامانجی خەباتەکە نییە کە بووە بە هۆی درێژبوونەوەی خەبات، بەڵکوو ئەوە زاڵبوونی دیکتاتۆری و حکوومەتی سەرکوتکەر‌ و دڕندە لە ئێران لە لایەک‌ و لە لایەکی دیکە هەلومەرجی دژواری خەباتی ئەم حیزبە ‌و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە وای کردوە ئەم خەباتە لە ماوەیەکی کورتدا نەگاتە ئاکام‌ و هەر وا درێژەی هەبێ.

 ئەگەر سەرنج بدەینە خەباتی نەتەوە‌ و چین و توێژەکانی دیکەی خەڵکی ئێران کە تەنانەت ئامانجی بچووکتریشیان لە ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبووە، دەبینین ئەوانیش زۆریان خایاندوە‌ و کەمتر بە ئاکام گەیشتوون.

گرنگترینی ئەو هۆیانەی وایان کردوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای درێژبوونەوەی خەباتەکەی بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ، هەر وا درێژە بە ڕێگاکەی بدات، ئەمانەن:

یەکەم، تێگەیشتن لە بێبەشیی نەتەوەی کورد لە سەرەتاییترین مافەکانی‌ و، دڵنیابوون لەو ڕاستییە کە ئەم نەتەوەیەش وەک نەتەوەکانی دیکە شایانی ئەوەیە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێت.

 دووهەم، پابەندبوون بە  ڕاسپاردە و ئەرکێکی مێژوویی کە ئەم حیزبە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە کەوتووەتە سەرشانی کە ئەویش بریتیە لە ڕزگار کردنی نەتەوەکەی کورد لەم بەشەی نیشتمانەکەی لە بندەستی و بێبەشی.

 سێهەم، وەفاداری بەو قوربانییە زۆرەی کە نەسلەکانی پێشوومان لەم حیزبەدا‌ و، هەروەها خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی خەباتی ئەم حیزبە ‌و لە پێناوی ئامانجەکانی ئەم حیزبە‌دا، پێشکەشیان کردوە. دەستهەڵگرتن لە خەبات‌ و بەردەوام نەبوونی ئەم حیزبە لە سەر ڕێگاکەی خۆی، بێ ئەوەی ئامانجەکانی هاتبێتە دی، یانی بە فیڕۆدانی ئەو قوربانی‌‌ و تێچووە زۆرەی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد داویانە.

 چوارەم، درێژەی ژێردەستی و بێ‌مافیی نەتەوەی کورد لە لایەن ڕێژیمەکانی ئێران لە لایەک ‌و لە لایەکی دیکەوە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ئامانجەکان ‌و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە ‌و خەباتەکەی، وایان کردوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر ڕێگاکەی خۆی بەردەوام بێت‌ و هەمیشە زەمینەیەکی لە بار بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێگاکەی خۆی، بەدی بکات.

پێشمەرگە و  خەباتی چەکدارانە لەمێژووی حیزبی دیموکراتدا

پەنابردن بۆ چەک بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان و هەبوونی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی خەباتی ئەو خەڵکە، لە مێژووی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا جێگایەکی دیار و شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنی هەیە. دەکرێت خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی پێشمەرگایەتی لە سێ قۆناغی جیاواز (کۆماری کوردستان، ڕاوەستانی چەکدارانە بەرانبەر هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و پێشمەرگایەتی لە سەردەمی ئێستا)دا بەم‌جۆرە باس بکەین:

پاراستنی  نەتەوەی کورد لە هێرشی  سوپایی دوژمنانی و  داکۆکی لە دەسکەوتەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان، یەک لەو خاڵە هاوبەشانەیە کە پێشمەرگە لە هەر کام لەو قۆناغانەدا، هەڵگریان بووە. خاڵێکی هاوبەشی دیکەی پێشمەرگە لە هەمووی ئەو قۆناغانە‌دا، ئەوە بووە کە هەر تەنیا هێزێکی چەکدار نەبووە بەڵکوو مرۆڤێکی بە بیروباوەڕ بووە کە نەک بۆ پلە‌ و پایە و سامان، بەڵکوو بۆ بردنە پێشی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی، تێکۆشاوە. هەر وەها پێشمەرگە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بووە کە وایان کردوە لە نێو نەتەوەکەی دا ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبێت. قبووڵی ماندوویی بێسنوور، لە خۆبردوویی‌ و خەڵکدۆستی ‌و فیداکاری‌ و ڕێزدانان بۆ خەڵک‌ و بوونی ڕەوشتی بەرز‌ و هەڵسوکەوتی جوان لەو تایبەتمەندییانەن کە لەسەر یەک پێشمەرگەی هەموو قۆناغ ‌و سەردەمەکانی پێ دەناسرێتەوە.

بەڵام ئەگەر بمانەوێ باس لە خاڵە جیاوازەکان بکەین، پێویستە بەر لە هەر خاڵێک ئاماژە بە کاریگەریی قۆناغ و سەردەمەکان لەسەر هێزی پێشمەرگە لە ڕووی پێکهاتە، لە ڕووی بیرکردنەوە و ڕوانین، لە ڕووی ئامادەیی بۆ بەشداری لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا بکەین. بۆ وێنە هێزی پێشمەرگە لە سەردەمی کۆماردا، هیزێکی تەواو پیاوانە بووە‌ و ژنانی پێشمەرگە لەو ڕۆژگارەدا نابینین. پێکهاتەی هێزی پێشمەرگە بە زۆریی خەڵکی لادێ بوون ‌و کەمتر وەک تاک بەڵکوو زیاتر وەک بەشێک لە عەشیرەتێک ‌و لەژێر ئەمری سەرۆک عەشیرەت ‌و ئاغای گوندەکەی خۆیاندا، بوون بە پێشمەرگە. ژمارەیەکی زۆر کەمیان خوێندەوار بوون‌ و خوێندەوارییەکەشیان لە ئاستێکی نزمدا بووە، بەڵام پێشمەرگەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، تێکەڵاوێک بووە لە خەڵکی لادێ و شار. ژنان بەرە بەرە دێنە نێو ڕیزی پێشمەرگە. ئاستی خوێندەواری ‌و ژمارەی خوێندەوار لە نێو هێزی پێشمەرگە‌دا، ئاڵوگۆڕی بەرچاوی تێدا پێک دێت. مەیدانی تێکۆشانی پێشمەرگەش زۆر بەربڵاو دەبێت‌ و لە سەرووترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا خوارووترین ناوچەکان، واتە هەر چوار پارێزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. جۆری کەرەستە‌ و چەکیش کە لەو سەردەمەدا پێشمەرگە شەڕی پێ دەکات، زۆر جیاوازە لە چەک و کەرەستەی سەردەمی کۆماری کوردستان.

 جیاوازییەکی دیکە کە لە نێوان نەسلی ئەمڕۆی پێشمەرگە و نەسلەکانی پێشوودا هەیە، ئەوەیە کە نەسلی دەیەی ٦٠‌ و٧٠ی هەتاوی لە نەسلەکانی ئیستا، پشوودرێژتر‌ و خۆڕاگرتر بوون؛ لەگەڵ ئەوەی پتر لە نەسلەکانی ئێستا لە شەڕ و تێکهەڵچووندا بوون، پتر لەگەڵ مەترسی ڕووبەڕوو بوون‌ و هەلومەرجی پێشمەرگایەتیی ئەوان سەختتر بوو، بەڵام زۆر بە زەحمەت دەستیان لە پێشمەرگایەتی هەڵدەگرت‌ و پتر لە سەنگەر و لە ڕیزی پێشمەرگە‌دا دەمانەوە.

حیزبی دێموکرات حیزبێکی شۆڕشگێڕ یا ڕیفۆرمخواز؟

حێزبی دێموکرات مێژوویەکی لێوڕێژ لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی هەیە. بەڵام بە سەرنجدان بە جیاوازیی هەلومەرجی سەردەمەکان و جۆری تێکۆشانی حیزب لە هەر سەردەمێکدا زۆر جار ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی  ئەو حیزب کراوەتەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆی بە حیزبێکی شۆڕشگێڕ دەزانێ یان حیزبێکی ڕیفۆرمخواز؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەبێت بگوترێت: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەم خاوەنی ئامانجی شۆڕشگێڕانەیە، هەم لە زۆربەی قۆناغ‌ و سەردەمەکانی تەمەنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیدا، شێوە و شێوازی شۆڕشگێڕانەی بۆ خەبات و تێکۆشان گرتووەتە بەر. ئەو ئامانجانەی ئەم حیزبە خەباتی بۆ کردوون، زۆر لەوە گەورەتر بوون کە لە چوارچێوەی دوو ڕێژیمی شایەتی‌ و کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی وەدیهاتنیان هەبێت. هەر کاتێکیش ئەو ئامانجانە وەدی بێن، گۆڕانی بنەڕەتی لە ژیانی سیاسیی خەڵکی کوردستاندا پێک دێنن. هەر بۆیە دەتوانین بە ئامانجی شۆڕشگێڕانە ناویان بەرین. شێوازەکانی خەباتی ئەم حیزبەش، شۆڕشگێرانە بوون. ڕاوەستان بە دژی سیاسەتەکانی دوو ڕێژیمی شایەتی ‌و کۆماری ئیسلامی ‌و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمە ناوەندییەکان ‌و بە چەک ‌و خەباتی چەکداری، بەرەنگاربوونەوەی هێڕش‌ و پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەکانی ئێران، بە شێوازی شۆڕشگێڕانە دێنە ئەژمار کە دیارە هەڵبژاردنی ئەم جۆر‌ و شێوازانەی بەرەنگاری‌ و خەبات، بە سەر ئەم حیزبەدا داسەپاون، ئەگینا هەر کات دەرەتانی سوود وەرگرتن لە شێوازەکانی هێمنانە بووبێت، ئەم حیزبە پێشوازیی لێ کردوە. بەڵام شۆڕشگێڕبوونی حیزبی دێموکرات هیچ کات نەبووە بە هۆی دژایەتیی ئەم حیزبە لەگەڵ پەنابردنی خەڵک بۆ خستنە ڕووی داخوازیی ڕێفۆرمخوازانە‌ و سوود وەرگرتن لە شیوازی هێمنانەی خەبات و تێکۆشان. هەر حەرەکەتێک ‌و بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازانە لە ئێران‌ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵ دابێت، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە جیاتی ڕەتکردنەوە‌ و دژایەتیکردنی، هەوڵی داوە هەم ڕەخنەی لێ بگرێت هەم خەڵک بۆ سوودلێوەرگرتن و ڕادیکاڵتر کردنی، هان بدات.

کوردستانیبوون و ئێرانیبوون لەسیاسەتی حیزبی دیموکراتدا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە کۆنەوە، دوو سیاسەتی شانبەشانی یەک بردووەتە پێش‌ و هەوڵی داوە بە ڕادەی پێویست گرنگی بە هەر دوویان بدا‌ و یەکیان بۆ ئەوی دیکە وەلا نەنێت. لە لایەکەوە خۆی وەک حیزبێکی کوردستانی ‌و، خەباتی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک بەشێک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بۆ ڕزگاری لە بندەستی پێناسە کردوە؛ هەر بۆیەش هیچ کات لە سیاسەتی پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە‌ و پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ هیزە سیاسییەکانیان غافڵ نەبووە. لە لایەکی دیکەوە، چونکە ڕووی داخوازەکانی ئەم حیزبە ‌و خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بووە‌ و دروشمی ستراتیژیکی ئەم حیزبە پێوەندیی بە وڵاتی ئێرانەوە هەبووە، تێکۆشاوە لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران ‌و لەگەڵ بزووتنەوە سەرانسەرییەکانی ئەو وڵاتە، پێوەندیی دۆستانەی هەبێت و لەگەڵ گەلانی ئێران لە خەبات بە دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆییدا، هاوخەبات بێت.

پەیڕەوانی ئایین ‌و ئایینزای جیاواز لەکوردستان لەحیزبی دیموکراتدا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، حیزبی هەموو نەتەوەی کورد بووە. ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە هەر چین‌ و توێژێک یا لە هەر ئایین‌ و ئایینزایەک بووبن، بە هەر دیالێکت‌‌ و زاراوەیەک قسەیان کردبێت، بەو مەرجەی ئامادە بووبن لە ڕیزەکانی ئەم حیزبە‌دا بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەیان لە بندەستی و بێمافی خەبات بکەن، حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە خۆشحاڵییەوە باوەشی بۆ کردوونەوە. لە ڕاستیدا هەموو ئایین‌ و ئایینزاکان، لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ڕێزیان لێنراوە‌ و، بێ‌ڕێزی بە هەر کامیان، پێشی پێ گیراوە. پەیڕەوانی ئایینێک یا ئایینزایەک، لە وانی‌تر هەڵناوێردراون، یەکیان لەوانی دیکە پتر بایەخی پێ نەدراوە، یا پەیڕەوی کردن لە ئایینێک ‌و بە پێچەوانەیشەوە نەبوونی باوەڕی ئایینی، نەبووە بە هۆی بەدەستهێنانی ئیمتیاز لەو حیزبەدا.

بە کورتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو بڕوایەدایە کە جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، یان جۆراوجۆریی دیالێکت، ڕاستییەک‌ و تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگەی کوردە‌ و دەبێت ڕێگە نەدرێت هیچ پێكهاتەیەک لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوانی دیکە دابێت. هەمووانیش دەبێت بە جیاوازییەکانیانەوە لە سەر ئامانج و داخوازە نەتەوەیی و گشتییەکان، یەکگرتوو‌و  و هاوخەبات بن.

ئەرکی حیزب و ئەرکی خەڵک لە ڕەوتی خەباتدا

ئەرکی حیزبێکی سیاسیی پێشڕەو، ڕێبەری کردنی خەباتی خەڵک لە ڕووی سیاسی‌ و، ڕێکخستنی خەبات ‌و تێکۆشانی ئەوان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو خەڵکەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی لە مێژووی خۆیدا لەگەڵ کەم‌وکوڕی‌ و لاوازیی جۆراوجۆر‌ و ڕەخنەی جیددی بەرەوڕوو بووە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی کەمتەر خەم نەبووە. خوێندنەوە‌ و لێکدانەوەی واقیعبینانەی داوای خەڵکی کوردستان ‌و فۆرمۆڵەکردنی ئەو داوایانە لە بەرنامەکەی خۆیدا، گرتنەبەری سیاسەت‌  و هەڵوێستی دروست لە قۆناغ ‌و سەردەمە جیاوازەکان، درێغ نەکردن لە قوربانیدان‌ و شێلگیربوون لەسەر خەبات‌ و تێکۆشان بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ‌، کاری سیاسی بە ئاراستەی پێکهێنانی یەکگرتوویی‌ و کۆدەنگی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندی، وەدەستهێنانی متمانە ‌و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەو ڕۆڵ‌ و ئەرکەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان جێبەجێی کردوە.

دیارە ڕۆل‌ و ئەرکێکیش کە دەکەوێتە سەر خەڵک، هەوڵدان‌ و تێکۆشانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە کە ئەم حیزبە ‌و ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا، ٨٠ ساڵە خەباتی بۆ دەکەن. ئەرکی خەڵک قۆستنەوەی ئەو هەل‌ و دەرفەتانەیە کە بۆ خستنەڕووی داخوازەکانی خۆیان بۆیان دێتە پێش. نابێ پێیان‌وابێت خەباتکردن تەنیا ئەرکی حیزبی دێموکرات و ئەندامەکانیەتی و ئەوانیش دەبێ لە دوورەوە بینەر‌ و تەماشاچیی ڕووداوەکان بن، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەوان بۆ خۆیان چەقی خەبات‌ و بەرخۆدان بن. هاوکات پێویستە پشتیوان‌ و چاوەدێڕیی خەبات‌ و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە بن کە بە نوێنەر‌ و ڕێبەری داواکانی خۆیانی دەزانن. بە هەموو تواناوە‌ و لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی بکەن، هاوکاری تێکۆشەرانی بن، کاتێکیش پێویست بوو،  پێشنیازی پێ بکەن، ڕەخنەی لێ بگرن و وای لێ بکەن ئەو ئامرازە کاریگەرە بێت کە بتوانێ خەباتی ئەوان لە پێناوی دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بە ئاکامی دڵخواز بگەیەنێت.

حیزبێک هی ڕابردوو، حیزبێک بۆ داهاتوو

سوارچاک و دیارترین ئەکتەری مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک سەدەی ڕابردوودا، حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. لە دامەزرانی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان"ەوە کە ئەم حیزبە درێژەی هەمان ڕێچکەیە، هەتا ئێستا ٨٠ ساڵە ئەم حیزبە لە مەیدانی خەباتدایە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ماوەی نزیک بە چوار دەیە، تاقە هێزی مەیدانەکە و دواتریش هێزی سەرەکیی گۆڕەپانی خەبات بۆ مافەکانی نەتەوەی کورد لە ئێراندایە. کۆماری کوردستان کە بە گرنگترین و گەورەترین ڕووداوی سیاسیی کورد لەم بەشەی کوردستان و تەنانەت لە ئاستی هەموو کوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دادەنرێت، مێژوو بە ناوی ئەم حیزبەوە تۆماری کردوە. حیزبی دێموکرات پشکی شێری لەو ٤٥ ساڵ خۆڕاگری و خەبات و بەربەرەکانێیە پڕ لە قوربانیدانەی لە کوردستان بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. ئەم حیزبە زۆرترین کاریگەرییشی لەسەر گەشە کردنی ناسیونالیزمی کورد لە ئێران و شۆڕبوونەوەی خەبات و باوەڕی نەتەوەیی بۆ جوگرافیایەکی هەرچی بەرینتر و بۆ نێو چین و توێژی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبووە. جگە لەمەش ناسرانی پرسی کوردی ڕۆژهەڵات بە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، قەرزداری تێکۆشانی دیپڵۆماسیی حیزبی دێموکرات بەتایبەتی ڕێبەری شەهیدی ئەو حیزبە، دکتۆر قاسملوویە. بەڵام حیزبی دێموکرات، حیزبێک نییە تایبەت بە ڕابردوو، حیزبێکە بۆ داهاتووش، خاوەنی داهاتووشە. چونکە پرسێک و ئامانجێک کە خەباتی بۆ دەکات، هەروا پرس و ئامانجی نەتەوەی کورد لە ئێرانە. ئەم حیزبە بۆ دوای چارەسەری پرسی نەتەوەییش بەرنامەی هەیە. وێرای ئەمانە، مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان، ڕێبەرانێکی شەهید کە کۆمەڵگە وەک ڕەمز و هێمای خەبات و پرسی رەوای خۆی وەری گرتوون، چەند هەزار شەهیدی سەنگەر و بەرە جۆراوجۆرەکانی خەبات، ئیعتیبارێکی  نەتەوەیی، ناوچەیی و جیهانی کە ئەم حیزبە بە دەستی هێناوە، سەرمایەکانی حیزبی دێموکرات بۆ مانەوە و بەردەوامی و گەشە  لە داهاتوو دان. دیارە بەو مەرجەی ئەم حیزبە لاوازییەکانی ڕابردووی خۆی  چارەسەر بکا و خۆی بۆ خەبات لە قۆناغ و سەردەمێکی نوێدا لە هەموو بارێکەوە ئامادە بکات.

(*) ئەم بابەتە چەند ساڵ لەمەوبەر لە بیروەریی دامەزرانی حیزبی دیموکراتدا نووسراوە، لەبەر ئەوەی  ناوەرۆکی بابەتەکە باس لە کۆی مێژووی حیزب دەکات، لە یادی هەشتاساڵەی دامەزرانی حیزبدا جارێکی دیکە دەیخەمەوە بەر سەرنجی خوێنەران.