
بێهزاد قادری
ناسنامەی نەتەوەیی، یەکێکە لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەر نەتەوەیەک. ئەم ناسنامەیە، تۆڕێکە لە بیروباوەڕەکان، هەستەکان و بەهاکان کە تاکەکان بە کۆمەڵگەیەکی گەورەترەوە دەبەستنەوە و مانا و ئاراستە بە ژیانیان دەبەخشن. لەنێو نەتەوەی کورددا، چەمکی "پێشمەرگە" تەنیا ڕۆڵێکی سەربازی یان سیاسیی نیە، بەڵکوو هێمایەکی قووڵی دەروونییە لە بەرخۆدان، قوربانیدان و کۆڵنەدان. پێشمەرگە وەک وێناکردنی عەینیی خەبات بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین، لە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەییی کورددا، پێگەیەکی ناوازەی هەیە.
لەم کورتە نووسینەدا هەوڵ دراوە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە پێگەی پێشمەرگە لە پێکهاتن و بەرهەمهێنانەوەی ناسنامەی نەتەوەییی کورددا، شی بکەمەوە.
"ناسنامەی نەتەوەیی" لە چوارچێوەی دەروونناسیدا
لە ڕوانگەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە، ناسنامەی نەتەوەیی بەشێکە لە "ناسنامەی کۆمەڵایەتی" کە تاک لە ئینتیما بە نەتەوەیەک یان گرووپێکی ئەتنیکی- سیاسییەوە وەری دەگرێت. بەپێی تیۆریی "ناسنامەی کۆمەڵایەتی"ی "هێنری تاجفێل"، ئینتیما بە گرووپە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان (وەک نەتەوە)، هەستێکی شانازی، ئەمنییەت و مانا بە تاک دەبەخشێت.
لە دۆخی مێژووییی کورددا کە هەمیشە لەلایەن داگیرکەرانەوە بەرەوڕووی هەڵاواردن و سەرکوتی سیاسی و نەتەوەیی بووە، بایەخی ناسنامەی نەتەوەیی چەند هێندەیە. لەو چوارچێوەیەشدا، پێشمەرگە وەک ڕەمزی خەبات، ڕۆڵی "سیمبۆلێکی یەکگرتوو" دەگێڕێت کە یەکگرتوویی دەروونی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردی پتەوتر دەکات.
پێشمەرگە وەک هێمایەکی دەروونی
لە ئەدەب و فەرهەنگی کوردیدا، پێشمەرگە تەنیا جەنگاوەر نیە، بەڵکوو "کەسایەتییەکی سیمبۆلیکە". لە ڕوانگەی دەروونناسیی سیمبۆلیکەوە، پێشمەرگە خویابوونی "خۆی بەکۆمەڵ"ی کوردە. کەسێکە لەپێناو مانەوەی نەتەوە و بۆ بەهاکانی ئازادیخوازی و دادپەروەریخوازی گیانی خۆی بەخت دەکات. ئەمەش پێشمەرگە لە زەینی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەکاتە "قارەمانی فەرهەنگی".
"کارڵ یۆنگ" لە چەمکی "ئارکیتایپ"دا (archetype) ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگەکان بۆ مانەوە و مانا، پێویستیان بە مۆدێلی ئوستوورەیی هەیە؛ پێشمەرگە لە نەستی (نائاگایی) بەکۆمەڵی کورددا، ڕێک وەها پێگەیەکی هەیە.
لە ڕوانگەی دەروونناسیی سیاسییەوە، بوونی پێشمەرگە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، وڵامێکی دەروونییە بۆ هەلومەرجی "چەوساندنەوەی سیستماتیک". لە هەلومەرجێکدا کە نەتەوەی کورد لە وڵاتە ساختەکانی ناوچەکەدا لە مافە سیاسی و فەرهەنگییەکانی بێبەری کراوە، پێشمەرگە لە ڕێگەی خەباتی چەکداری و خۆڕاگرییەوە، توانای کردەوە و گۆڕانی بە کۆمەڵگە بەخشیوە.
پێشمەرگە و ناسنامەی تاکی
پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، تەنیا هەڵبژاردنێکی سیاسی نیە، بەڵکوو ئەزموونێکی دەروونییشە کە ناسنامەی تاکیش دەگۆڕێت. کەسێک کە ببێتە پێشمەرگە، ئیتر خۆی وەک کەسێکی ئاسایی نابینێت، بەڵکوو خۆی وەک هەڵگری بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و بەکۆمەڵ دەبینێت. ئەم گۆڕانکارییە لە ناسنامەی کەسیدا دەبێتە هۆی "ناسنامەیەکی قارەمانانە"، کە تێیدا بەها کەسییەکان لەگەڵ بەها بەکۆمەڵەکانی نەتەوەدا یەک دەگرنەوە. لە دەروونناسیدا، گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە، نموونەی "هاوشێوەسازی لەگەڵ گرووپە"، کە دەبێتە هۆی بەرزترین ئاستی گیانفیدایی و قوربانیدان.
پێشمەرگە و یادەوەریی بەکۆمەڵی کورد
ناسنامەی نەتەوەیی هەمیشە لەسەر بنەمای "یادەوەریی بەکۆمەڵ" دامەزراوە؛ یادەوەرییەک کە گێڕانەوە، هێما و بیرەوەرییە هاوبەشەکان لەخۆ دەگرێت. لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کورددا، چیرۆک و گێڕانەوەی پەیوەندیدار بە پێشمەرگە، پێگەیەکی بەرچاوی هەیە. ئەم گێڕانەوەیانە لە ڕێگەی ئەدەب، مۆسیقا و ڕێوڕەسمی یادکردنەوە، بۆ نەوە نوێیەکان دەگوازرێنەوە و بەم شێوەیە ناسنامەی نەتەوەیی بەرهەم دەهێنرێتەوە. "مۆریس هالبواکس"، تیۆریسییەنی یادەوەریی بەکۆمەڵ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگەکان بە بیرهێنانەوەی ڕابردوویەکی هاوبەش، یەکگرتووییی خۆیان دەپارێزن. لە کوردستاندا یادکردنەوەی پێشمەرگە قارەمانەکانی ڕابردوو، ڕێک ئەم ئەرکە دەروونی- کۆمەڵایەتییەی هەیە.
دەروونناسیی قوربانیدان و مردنی قارەمانانە
لە ڕوانگەی دەروونناسیی بوونگەرێتییەوە، مردن هەمیشە هەڕەشەیە بۆ سەر مانا و ئەمنییەتی دەروونیی مرۆڤ. بەڵام شەهیدبوونی پێشمەرگە لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا نەک وەک کۆتایی، بەڵکوو وەک درێژەدان بە ژیانی نەتەوە لێک دەدرێتەوە. ئەمەش، شێوە بە دیاردەی "مەرگی قارەمانانە" دەدات کە کارکردێکی دەروونیی بۆ کۆمەڵگە هەیە: "ترس لە لەنێوچوون دەگۆڕێت بۆ هیوا بۆ داهاتوو." بەم شێوەیە، شەهیدبوونی پێشمەرگە وەک لاوازی نابینرێت، بەڵکوو وەک هێز و ئیلهام دەبینرێت.
پێشمەرگە و یەکگرتووییی نیشتمانی
پێشمەرگە، وەک دیاردەیەکی دەروونی- کۆمەڵایەتی، یەکگرتووییی نیشتمانیی کوردی بەهێزتر کردووە. لە هەلومەرجێکدا کە نەتەوەی کورد بەسەر چوار جوگرافیای ساختەدا دابەش کراوە، هێمای پێشمەرگە توانیویەتی سنوورە سیاسی و جوگرافییەکان تێپەڕێنێت و هەستی "نەتەوەیەکی یەکگرتوو" بەرهەم بهێنێتەوە. ئەم یەکگرتووییی دەروونییە بۆ مانەوەی هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی زۆر گرنگە. دەروونناسیی کۆمەڵایەتی نیشانی داوە کە بوونی هێمای هاوبەش و پاڵەوانە نەتەوەیییەکان، ناسنامەی گرووپی بەهێز دەکەن و پاڵنەر بۆ بەرخۆدان زیاد دەکەن.
ئەنجام
پێشمەرگە، تەنیا جەنگاوەر و هێزێکی سەربازی نیە؛ هێمایەکی دەروونی و فەرهەنگییە کە بە درێژاییی دەیان ساڵ، شێوەی بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد داوە و بەهێزتری کردوە و بەرهەمی هێناوەتەوە. پێشمەرگە وەک پاڵەوانێکی بەکۆمەڵ، هێمای قوربانیدان و خۆڕاگرییە و توانیویەتی هەستێکی یەکگرتوویی و هیوا لە نەتەوەی کورددا زیندوو بهێڵێتەوە. لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، پێشمەرگە نەتەنیا پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی بووە، بەڵکوو پارێزەری تەندروستیی دەروونی- کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەش بووە. تەنیا بە تێکەڵکردنی هێمای پێشمەرگە وەک ئیلهامبەخشێک بۆ ناسنامە و بە بەرنامە دەروونی- کۆمەڵایەتییەکان بۆ ساڕێژکردنی برینەکان، ناسنامەی نەتەوەییی کورد دەتوانێت لەسەر ڕێگای گەشەسەندنی بەردەوامدا، هەنگاو بنێت.