کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی دەرکردنی کرێکاران و قەیرانی وەرگرتنی بیمەی بێکاری لە ئێران

15:41 - 24 بانەمەڕ 2726

ڕۆژنامەی "شەرق" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە شەپۆلێکی نوێی دەرکردنی کرێکاران و دۆخی نالەباری وەرگرتنی بیمەی بێکاری کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم بیمەیە بۆ زۆربەی کرێکارە دەرکراوەکان، لە جیاتی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی، بووەتە ڕێگایەکی پڕ لە ئاستەنگ و ناڕوونی.

هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی هێزی کار لە میدیاکان، کۆمپانیاکان و یەکە بەرهەمهێنەرەکاندا، ژمارەی داواکارانی بیمەی بێکاری زیادی کردووە، بەڵام بەهۆی کۆسپە ئیدارییەکانەوە زۆربەیان لەم مافە بێبەش دەبن.

نەبوونی گرێبەستی فەرمی، دواکەوتنی پارەی بیمە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە، کێشەی تێکنیکی لە سیستمەکان و وڵامنەدانەوەی وەزارەتی کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتی، لە گرنگترین ئەو کێشە و گرفتانەن کە کرێکاران ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

لە کاتێکدا بەرپرسانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و وەزارەتی کار یەکتری بە بەرپرسیار دەزانن، جێگری پەیوەندییەکانی کاری وەزارەتی کار هۆکاری کێشەکانی تۆمارکردنی داواکاریی بۆ نزمیی ئاستی زانیاریی دیجیتاڵیی داواکاران گەڕاندووەتەوە.

دۆخی بێکاری لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە سەردەمی شەڕ و دوای ئەوە، نزیکەی یەک میلیۆن هەلی کار لەنێو چوون و پتر لە دوو میلیۆن کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بێکار بوون.