کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان؛ بارگرانییەکی نوێ بۆ سەر خەڵک

15:50 - 24 بانەمەڕ 2726

بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی ئاو، کارەبا و گاز لە کوردستان و ئێران، بارگرانییەکی زۆری دارایی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست کردووە و ڕێژیمی ئێرانیش لە ڕێگەی زیادکردنی باج و سزای دواکەوتنەوە، گوشاری سەر ژیانی خەڵکی چەند بەرابەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕابردوودا گرانیی بەردەوامی نرخی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا و گاز، کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر خێزانەکان. بەپێی زانیارییەکان، ڕێژیمی ئێران نرخی گاز نەک بە "ڕیاڵ" بەڵکوو بەپێی نرخی "دۆلار" ئەژمار دەکات؛ ئەمەش وای کردووە کە هاوشانی دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، تێچووی گازی ماڵان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

هاوکات، سیستمی نوێی وەرگرتنی پارەی پسوولەکان بووەتە جێگای ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان. دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم سیاسەتی "سزای ڕۆژانە"یان گرتووەتە بەر؛ بە چەشنێک ئەگەر هاووڵاتییەک نەتوانێت لە کاتی دیاریکراودا پارەی پسووولەکە بدات، بڕێکی زۆر پارەی وەک "قەرزی دواکەوتن" دەخرێتە سەر. بۆ نموونە، پسوڵولەیەکی ٢ ملیۆن تمەن، تەنیا دوای حەفتەیەک دواکەوتن بۆ ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە.

ئەم جۆرە سیاسەتە چەوسێنەرانەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە دۆخی بژێویی خەڵک بەهۆی بێکاری و هەڵاوسانەوە لەوپەڕی خراپیدایە و ئەم هەنگاوانەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت لە گیرفانی خەڵکی هەژار و کەمداهات دەبینرێت.