کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای سێ ساڵ، لە دروشمەوە بۆ ستراتێژی

02:05 - 30 خەرمانان 2725

مەجید حەقی

سێ ساڵ لەو ڕۆژەوە کە ناوی ژینا ئەمینی بوو بە ئاڵای "ژن، ژیان، ئازادی" تێپەڕ دەبێت. سێ ساڵێک کە بە ڕادەی یەک نەوە، زمانی سیاسی و ئەخلاقی گشتی جێبەجێ بووە. ئەمڕۆ ئەگەر ڕاستگۆ بین، ئێمە جارێ لە دەستپێکی هەنگاوەکانی یەکەمی یەکگرتوویی نەتەوەیین. ئەمڕۆ ئیتر پرسیاری سەرەکی "ڕادە و چڕی ناڕەزایەتییەکان" نیە، بەڵکوو پرسیارەکە ئەمەیە داخۆ دەتوانین سەرمایە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو جووڵانەوەیە بگۆڕینەوە بە ستراتێژییەکی پێوانەدار، پایەدار و خۆڕاگر لەهەمبەر سەرکوتەکاندا؟

لە مانگەکانی سەرەتایی شۆڕشی ژینادا، هێزەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوئاهەنگییەکی بەرچاو دەرکەوتن و هاوکات بۆ یەکەمجار ئیرادەی خەڵکی کوردستان سنوورەکانی تێپەڕ کرد و بوو بە ئیرادە و ویستی هاوبەشی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش. ساتێکی دەگمەن لە "وێکگەیشتوویی کۆمەڵایەتی و سیاسی". بەڵام بەردەوام نەبوو. ئەو مشتومڕانەی کە لە دەق و جاڕنامەکانی وەک "مەنشووری جۆرج تاون"ەوە سەریان هەڵدا، هەروەها نەبوونی "پرۆژەیەکی یەکگرتوویی نشتیمانی و ئاڵتێرناتیڤێکی ڕوون" کە بتوانێت هێزەکانی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران لە دەوری کەمترین ویستە هاوبەشەکان یەک بخات، ئەو یەکگرتووە سەرەتاییەی لەبار برد. ماشێنی سەرکوتی ڕێژیمی ئێران –بە کوشتن و گرتنی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدان– توانای شەقامی سەرکوت کرد و لە بۆشایی بەرنامەیەکی هاوبەشدا بەجیاتی ڕەخنە لەخۆگرتن و وردبینی ناوخۆیی و فێربوونی بەکۆمەڵ، سووڕی لۆمەکردن، تاوانبارکردن و دژایەتی‌کردنی یەکتر دەستی پێ کرد. ئەو درزانەی کە سەرمایەکانی کۆمەڵایەتییان کەم کردەوە و ڕێگەی وێکگەیشتوویی و هاوپەیمانی واتادارەکانیان قورس کرد.

لەگەڵ ئەمەش دەبێ شۆڕشی "ژینا" وەک شۆڕشی شوناسخوازی نوێ لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان ببیندرێت، شۆڕشێک کە ژن لە پەراوێزەوە هاتە نێو بەستێنی سیاسی و زمانی یەکسانی و بەداخوازی مافی دیاریکردنی چارەنووس، دادپەروەری و کەرامەتی ئینسانییەوە گرێدا و لە نەوەی زێدەوە (Z) بگرە تا ئاڵفا (Alpha) بە کەرەسەی گێڕانەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێنایە سەر شانۆی شوێندانەری. ئەم سەرمایە هێمایی، ڕەمزی و فەرهەنگییە ئەگەر بە ڕێبەری ستراتێژیک نەبەسترێتەوە وردە وردە بڵاو دەبێتەوە. ڕێبەری ستراتێژیک بەواتای گواستنەوەی "وزەی کاردانەوە" بەرەو "بنیاتنانی ئامانجی دیاریکراو، ڕێگە و پێوانەکردن". واتە بنیاتنانی دامەزراوەی سووک و چالاک کە بتوانێت جیاوازییەکان بەڕێوە ببات، فێربوونی بەکۆمەڵ چالاک بکات و تێچووی بەشداریکردن لە خەباتدا کەم بکاتەوە.

ئاسۆی دەرەکییش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە. لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ تا شەڕی دوانزدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل و دواتر چالاکبوونی "مکانیزمی پەلاپیتکە" لە دۆسییەی ئەتۆمی ئێراندا، ژینگەی سیاسی ناوچە وەگەڕتر (سیاڵ) و مەترسیدارتر بووە. ئەم وەگەڕخستنە هەم دەرفەتە، هەم هەڕەشە بۆ خەڵکی کوردستان. دەرفەتە، چونکە هاوپەیمانییە گۆڕاوەکان دەتوانن دەروازەیەکی نوێ بکەنەوە بۆ بیستنی دەنگی کورد و کورد ببێتە ئەکتەرێکی کاریگەر. هەڕەشەیە، چونکە هەر هەڵسەنگاندنێکی هەڵە دەتوانێت بزاڤی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان بکاتە ئامرازێک بۆ ڕەکەبەری زلهێزەکان. هونەری ڕێبەریی ستراتێژیک لە دۆخێکی وادا "سیاسەتی سیناریۆی"یە. وێناکردن و خۆئامادە کردن بۆ چەندین ڕێگەیەکی ئەگەری –چڕکردنەوەی سەرکوتەوە تا کرانەوەی سنووردار و هاوپەیمانی لەوانەیی– بە هێڵی سووری ڕوون و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەربەخۆیی سیاسی.

خاڵی دەستپێک بریتییە لە: نووسینی "قوتبنمایەکی ستراتێژی": ئاسۆیەک کە لەودا ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێمن و ئارام، یەکسان و لەسەر بنەمای پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی وێنا بکات. ئەرکێک کە ئامانجی گۆڕینی سەرمایەی ئەخلاقی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، و بەرەو ئامانجێکی هاوبەش و خاوەنی پرۆژەیەک بێت کە هەنگاو بە هەنگاو ڕێگەکە ڕوون دەکاتەوە: لە واتاسازی چەمکەکانی هاوبەشەوە بگرە تا دەگاتە هاوپەیمانی فرە ئاستی و بەستەیەکی لانیکەمیی سیاسیی هاوبەش، بنیاتنانی دامەزراوەی چالاک، دیپلۆماسی یەکگرتوو و ماف‌تەوەر و دواجار خۆڕاگری لە بەرانبەر لێکدابڕان و هێرش و سەرکوتەکاندا. ئاسۆ بە بێ دیاریکردنی ئەرک و ستراتێژی، دەبێتە دروشمێکی ئاواڵە. ئەرکیش (ماموریت) بەبێ تیۆریی گۆڕانکاری زۆرتر وەک چالاکی پرشوبڵاوی و بێ ئامانج دەچێت.

بەڕاستی مەبەست لە "پرۆژەی هاوبەش" چیە؟ بە زمانێکی سادە، "پرۆگرامێکی لانیکەمیی پێوانەدار" کە بتوانێت زۆرترین کۆدەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها هاوپەیمانەکانی دیکەی پشتیوانی دۆزی کورد بدۆزێتەوە: ١. مافی مرۆڤ و ئاسایش-پاراستنی یاسایی بۆ زیندانییان و خێزانەکانیان، پێشگرتن لە توندوتیژی، پرۆتۆکۆلی ئاسایشی دیجیتاڵی، بەتایبەت لەنێو ڕیزەکانی هێزە سیاسییەکان لە کەشی مەجازیدا. ٢. یەکسانیی مافی سیاسی-کولتووری و فۆرمەکانی پێشکەوتووی مافی دیاریکردنی چارەنووس، گەرەنتیکردنی زمان، کولتوور و دەسەڵاتی بەرپرس و وڵامدەرەوە. ٣. گەشەپێدانی دادپەروەرانەی نەخشەڕێگەیەکی قۆناغبەندی کراو بۆ دامەزراندن، پەروەردە و تەندروستی و پاراستنی ژینگەی کوردستان ٤. دۆزینەوەی ڕاستییەکان و دادپەروەریی گواستنەوە (عدالت انتقالی)، بەڵگەیی کردن و تۆماری سیستماتیکی پێشێلکارییەکانی مافی‌ مرۆڤ دژی نەتەوەی کورد لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی جیهانی مافی مرۆڤ. پەکێجێکی لەو شێوەیە بە جیاتی حاشاکردن لە جیاوازییەکان، لەسەر لانیکەمەکانی هاوبەش پێداگری دەکات، زمانی "ماف" (حقوق) دەبێتە پردێک لە نێوان ناسنامە و سیاسەتی گشتیدا.

ئەم بەرنامەیە بەبێ بنیاتنانی دامەزراوەکانی جیددی، زۆرتر دەبێتە ئینشایەکی سەر کاغەز. پێشنیارێکی کردەوەیی بریتییە لە:پێکهێنانی "ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ستراتێژیک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان". ئەنجومەنێک کە پێکهاتەیەک بێت لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و پشکێکی پابەندکەر بۆ ژنان و گەنجان. شوێنێک کە خاوەنی بنەما و ڕێوشوێنی دروستی بڕیاردان، چارەسەری ناکۆکییەکان و گەڕانی شەفافی زانیارییەکانی نێوخۆیی بێت. شانبەشانی ئەمە پێویست بە "ژوورێکی فەرماندەیی هاوبەش" دەکات: یەکەیەکی چالاک بۆ هاوئاهەنگی چالاکییەکانی مێدیایی، یاسایی و داکۆکی‌کردن، بەڕێوەبەری قەیرانەکان و وڵامدانەوەی خێرا بۆ ڕووداوەکان. ئەم دوو دامەزراوە، ئەگەر لەگەڵ "کۆمیتەیەکی پێوانەکردن و فێربوون" هاوڕێ بکرێن، بۆ ئەوەی لە هەر هەنگاوێکدا هەڵسەنگاندنی دروست ئەنجام بدەن و ئەگەر پێویست بێت، گۆڕانکاری پێک بێنن و کەس سەنتری بگۆڕدرێت بە دەزگا (یاسا) سەنتەری.

ڕێبەریی ستراتێژیک هەروەها پێویستی بە "نەخشەی لایەنە پێوەندیدارە"کانیش هەیە. لەنێو ڕیزەکانی نەتەوەییدا لە حیزبەکانەوە بگرە تا ڕێکخراو و ئەنجومەنە مەدەنییەکانی ژنان، لاوان، سەندیکاکان، تۆڕەکانی فەرهەنگی و ژینگەپارێزی، هەموویان دەبێ لە بنیاتنانەوەی هاوپەیمانی بەشدار بکرێن. لە دەرەوەی کوردیش پێوەندی ستراتێژیک لەگەڵ هێزەکانی نەتەوەکانی دیکەی جوگرافیای سیاسی ئێران وەک بەلووچ، گەلی عەرەب، تورکمان، ئازەربایجان، گیلەکی و... هتد، لەسەر بنەمای مافی یەکسان، کەرامەتی مرۆڤی و مافی دیاریکردنی چارەنووس پێویستییەکی جیددیە. دیاسپۆرا دەبێ لە ڕۆڵی لۆجیستیکی و چاوەدێری بێدەنگەوە بەرە و "پێشڕەوێکی سازماندراو" بەرز بکرێتەوە. دانانی سندۆقێکی شەفافی پشتیوانی بۆ خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیپلۆماسی و نوێنەرایەتی فرەزمان، تۆڕی کارناس و پسپۆڕان لە بوارەکانی ئابووری، پەروەردە، تەندروستی، مافناسی، دیپلۆماسی و پارلەمانی و مەدەنی ئامانجدار پۆتانسییەلەکانی خەڵکی کورد شکڵی ماددیان پێ دەبەخشێت.

ئاڵقەی تەواوکەری ئەو بنیاتە "ستراتێژیی پێوەندییەکان"ە. تا کاتێک کە گێڕانەوەکان پڕشوبڵاو و دژکردەوەیی بن، سیاسەتی ڕۆژ بە ڕۆژ بەسەر کاری بە بەرنامە زاڵ دەبێت. دەبێ چوارچێوەیەکی یەکگرتووانە پێک بێت کە بتوانێت "ژن، ژیان ئازادی" بە زمانی سیاسەتی گشتی شی بکاتەوە: "ئاسایش و ئەمنییەتی ئینسانی، یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس". ئەمەش بەواتای پێویستی مێدیایەکی هاوبەشی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ساڵنامەی بە نێوەڕۆک، پاکێجەکانی بابەتیانەی ڕێکوپێکی وەشان و ناوەندێکی خێرا و وڵامدەرەوەی ڕاگەیاندن دەتوانێت پێشی گۆترە و لاوازی پێوەندییەکانمان بگرێت. لەو نێوەدا ئەخلاقی دەربڕین دوو هێندە گرنگە. خۆپاراستن لە زمانی دژایەتی و سادەکردنەوەی مەترسیداری بابەتەکان، مەرجی پاراستنی متمانەی چیرۆکی نەتەوەییمانە.

بەشێک کە زۆر کەمتر لەناو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانیدا باس دەکرێت، بەڵام بەشێکی گرنگ و چارەنووسازی ڕێبەری ستراتێژیکە، ستراتێژی "تواناسازی و پەروەردەی جێنشین"ەکانە. دەبێ ڕاهێنان و پەروەردەی چڕ ڕێک ‌بخرێت بۆ فێربوونی دانوستاندن، چارەسەری ناکۆکییەکان، ئەمنییەتی دیجیتاڵی، یاسای نێودەوڵەتی و پێوەندییەکان لە کاتی قەیراندا و لەو پێوەندیانەدا کادری پێویست پەروەردە بکرێت. هاوکات ناسین و دەستنیشانکردنی نەوەی نوێ ڕێبەران، بەتایبەت لاوان و ژنان و بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەرییان لە ڕێبەریی و پرۆسەی بڕیارداندا، لە حاڵەتی ویترینی تێپەڕ دەبێت و دەبێتە نۆرم. هەروەها دەبێ تۆڕی پسپۆڕان و شارەزایان پێک بێت بۆ "ئامۆژگاری و پێشنیاری داڕشتنی سیاسی" و بەرهەمهێنانی نێوەڕۆک بە مەبەستی لکاندنی گێڕانەوەی ناسنامە و سیاسەتی گشتیی لە کردەوەدا.

لە ئاستی کردەوەدا، ناکرێت "هەڵسەنگاندن و پێوان" لەبیر بکرێت. نموونەیەک لە دانانی ئامانجی یەکساڵە: سەقامگیرکردنی ئەنجومەنی ستراتێژیک و ژووری فەرمان لەگەڵ مەنشووری حوکمڕانی و کۆبوونەوەی وەرزی، بەرهەمهێنانی پاکێجی پەیامی چەند زمانە، یادداشتی هاوبەشی سیاسی، کۆبوونەوەی مێدیایی/ئاکادێمی، دامەزراندنی بانکی زانیاری بەڵگەدار بۆ مافی مرۆڤ و بەکارهێنانی پارێزەرانی بە ئەزموون. ئەمانە دروشم نین، شتێک نین تەنیا دەوڵەتەکان بکەن. ئەمانە ئامرازی فێربوونی ڕێکخراوەیین و ڕێگری دەکەن لە گۆڕینی کاری پرۆژە بنەما بۆ هێندێک دروشم و چالاکی گشتی بێ ئامانج.

لە کۆتاییدا هەمووی ئەوانەی لە پێوەندی لەگەڵ جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان وترا، پەیوەندی هەیە بە نەتەوەکان و هێزەکانی دیکەی ئێران. ڕێبەریی ستراتێژیک ئەگەر خوازیاری ئەوەیە کە ئیرادەی نەتەوەی کورد ببێتە "هێزێکی مێژوویی" دەبێ ئاسۆیەکی ماف‌تەوەر و لەسەر بنەمای پاراستنی شکۆی مرۆڤ بۆ لایەنەکانی دیکە پێشنیار بکات کە بۆ بەرگری ببێت. لە شکڵەکانی جۆراوجۆری مافی چارەنووسەوە بگرە – سەربەخۆیی، فیدراڵیزمی فرەنەتەوەیی تا شێوازەکانی پێشکەوتووی خۆبەڕێوەبەری کە بتوانێت شوناسی نەتەوەیی، زمانی و کولتووری نەتەوەکان بپارێزێت. نەزمێکی وا کاتێک پایەدار و مومکینە کە پارەسەنگی هێز لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی بندەستدا بێت و ئەمەش پێویستی بە گفتگۆ و دیالۆگی پشوودرێژانە و پەیمانێکی سیاسی ئەخلاق بنەما هەیە.

ئێستا کاتی ئەوەیە بگەڕێینەوە سەر پرسیاری سەرەتایی: داخۆ ڕێبەرانی نەتەوەی کورد دەتوانن لەو پەنجەرەیە دەرفەتەی کە ئێستا بۆ نەتەوەکەمان کراوەتەوە کەلک وەرگرن و ببنە ئەکتەری دیاریکەر لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؟ وڵامەکە زۆر ڕوونە" بەڵێ! ئەگەر ئاسۆ و ئەرکێکی یەکگرتوو دابڕێژرێت و بە ئاشکرا و هاوبەش ڕابگەیەنرێت؛ ئەگەر ئەنجومەنی بەڕێوەبەری و ژووری فەرماندەیی بە ڕیسای ڕوون و بەشداری ڕاستەقینەی ژنان و لاوان پێک بهێنرێت، ئەگەر بەرنامەیەکی لانیکەمی سیاسەتی هاوبەشی پێوانەدار ببێتە تەوەری هاوپەیمانییەکان؛ ئەگەر دیپلۆماسی گشتی و یاسایی پیشەیی، فرەزمانی و دایتا-بنەما ڕەچاو بکرێت، ئەگەر خۆئامادەکردن بۆ سناریۆ جۆراوجۆرەکان و هێڵە سوورەکانی ڕەفتاری دەرەکی ڕێک بخرێن، ئەگەر ئەخلاقی کرداری، شەفافییەت و وڵامدەری ببێتە خووی ڕۆژانەمان، و ئەگەر پێوانەکردن جێگەی دروشمدان بگرێتەوە.

سێ ساڵ دوای "ژن، ژیان، ئازادی" ئێمە جارێ لە هەنگاوەکانی یەکەمی وێکگەیشتنی نەتەوەیین. بەڵام هەر ئەو یەکەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە "هەنگاوی بنیاتنانەوە"؛ هەنگاوێک کە ئازارەکانی هاوبەشی ڕابردوومان بە داهاتووی هاوبەشمان گرێ بدات و ئیرادەی نەتەوەی کورد ئەمجارەیان بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و وڵامدەرەوە، لەگەڵ ئیرادەی گەلانی دیکە هاوتەریب بکات. ئامانج دابەزاندنی ویستی نەتەوەیی نیە، بەڵکوو بەرزکردنەوەی کوالیتی ستراتێژیکە. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئازادی لە خەونەوە دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە ئەزموونێکی نزیک لە ژیانی ڕۆژانە. ئەزموونێک کە تێیدا "ژن، ژیان، ئازادی" تەنیا دروشم نیە، بەڵکوو پێوانەیەک دەبێت بۆ هەموو سیاسەت و دەسەڵاتێک.