کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی و میکانیزمی ماشە

13:54 - 16 رەزبەر 2725

زانیار حوسێنی

بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسە ئەمنیەتییە نێودەوڵەتییەکانی دوو دەیەی ڕابردووە. ئەم بەرنامەیە تەنیا لە لایەنی تەکنیکی پیتاندنی یۆرانیۆمدا سنووردار نییە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە کێبڕکێی ژێئۆپۆلەتیکی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی زلهێزەکانی جیهان و ململانێی ناوچەیی و پێشهاتە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە. ئێستا بە چالاککردنی “میکانیزمی سنەپ بەک” لە لایەن وڵاتانی ئورووپاییەوە، پەروەندەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارترەوە، کە دەرئەنجامەکانی کاریگەری لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابووریی جیهانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەبێ. بەرنامەی ناوکیی تاران لە یەک کاتدا بە پرۆژەیەکی پیشەسازی و ئامرازێکی دیپلۆماسی و هێمای دەسەڵاتی نەتەوەیی دادەنرێ. گەڕانەوەی سزاکان یان چالاککردنی میکانیزمی سنەپ بەک نەک هەر گوشاری ئابووری دروست دەکا، بەڵکوو توانای تاران بۆ ڕێگریکردن و دانوستان لە ئاستی ناوچەییدا دەکاتە ئامانج. ئەم گوشارانە دەتوانن هاوسەنگی لە نێوان کوتلە ناوخۆییەکان دروست بکەن: فراکسیۆنی توندڕەو کە جەخت لەسەر سەربەخۆیی و بەرخۆدان دەکاتەوە، کوتلەی میانڕەو جەخت لەسەر سەقامگیری ئابووری و دیپلۆماسی دەکاتەوە؛ یان دەتوانن ببنە هۆی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری فراوانتر لە هەردوو ڕەهەندی چەندایەتی و چۆنایەتیدا.

ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و پەرەسەندنی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئێران

ڕەوتی بەرنامەی ناوکیی ئێران لە دەیەی سیی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک ڕژێمی پەهلەوی بە پڕۆژەی "ئەتۆمەکان بۆ ئاشتی" هاوکاری ئەمریکای کرد. ڕیاکتۆری توێژینەوەی تاران لە ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوییەوە کەوتە کار و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرنامەی گەورەتر بۆ وێستگە ناوکییەکان داڕێژرا، لەوانە پڕۆژەی وێستگەی کارەبای بوشێهر بە بەشداری ئەڵمان بوو. دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، زۆرێک لە پڕۆژە ناوکییەکان ڕاگیران و سەرچاوەکانی وڵات بۆ کاروباری بەرگری تەرخان کران.

لە دەیەی هەشتای هەتاوەیدا، وردە وردە ئاوەدانکردنەوە و فراوانکردنی چالاکییە ناوکییەکان بە تایبەتی پڕۆژە ژێرزەمینییەکان و هاوکاری لەگەڵ چین و ڕووسیا و پاکستان دەستی پێ کرد. پرۆژەی ئاماد ( آماد ) کە بەرنامەی ئەندازیاری چەکی ناوکیی پەیڕەو دەکرد بەڵام لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەتکرایەوە. ئاشکراکردنی ئیمکاناتی نەتەنز و ئەراک لە لایەن سازمانی موجاهدینی خەڵقەوە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی بووە هۆی گوشاری نێودەوڵەتی و دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی کۆماری ئیسلامی ئێران هەندێک چالاکی ڕاگرت و پرۆتۆکۆڵی ئیلحاقی واژۆ کرد، بەڵام دوای هاتنە سەرکاری ئەحمەدینژاد لە ساڵی ١٣٨٤، پیتاندنی یۆرانیۆم دەستی پێکردەوە.

دوابەدوای فراوانبوونی پیتاندن و چالاکییەکانی ڕیاکتۆری ئاوی قورسی ئەراک و دامەزراندنی سایتی فۆردۆ، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند بڕیارێکی گەمارۆی وەک سزای دەرکرد. هێرشی ئەلەکترۆنی ستۆکسنێت لە ساڵی ١٣٨٩دا دەریخست کە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لە ئامانجێکی پیشەسازی بووەتە میحوەرێکی کێبەرکێی ئەمنی و ستراتیژیکی نێودەوڵەتی.

ڕێککەوتننامەی ناوزەدکراو بە بەرجام لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا سنووردارکردنی ناوکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دیاری کرد و لە بەرامبەردا سزاکان هەڵگیران. جێبەجێکردنی بەرجام لەلایەن ئاژانسەوە هەتا ساڵی ١٣٩٦ بە ڕاپۆرتی ئەرێنی پشتڕاست کرایەوە. بەڵام کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە و گەڕانەوەی سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە، بووە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆت و بەندەکان پێشێل بکات و یەدەگی یۆرانیۆم و چالاکیی سانتریفیوژەکان زیاد بکات.

میکانیزمی سنەپ بەک

میکانیزمی سنەپ بەک ئامرازێکە کە بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش، ڕێگە بە سەپاندنەوەی خێرای سزاکان دەدات. ئەم میکانیزمە بەبێ پێویستی بە دەنگی ئەنجوومەنی ئاسایش چالاک دەکرێ و تەنیا هەتا ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی دەتوانرێ کەڵکی لێ وەربگیرێ. لە ٦ی ڕەزبەری ئەوساڵدا، وڵاتانی ئەورووپایی (بەریتانیا، فەرەنسا، ئاڵمان) لە کاردانەوە بە پێشێلکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێسای بەرجام، میکانیزمی سنەپ بەکیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکان چالاک کرد.

لە ڕوانگەی سیاسییەوە، میکانیزمی سنەپ بەک تەنها ئامرازێکی یاسایی نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ فشاری خێرا و ستراتیژییانە. ئەم ڕێوشوێنە دەتوانێ کاریگەری دەروونی بەهێزی لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێ و کوتلە ناوخۆییەکان یەکبخات یان ببێتە هۆی پێکدادانیان. لە هەمان کاتدا ڕووسیا و چین دژی چالاککردنی سنەپ بەکن و بە ئامرازێکی تاکلایەنەی دەزانن کە دەتوانێ کاردانەوەی توندی تارانی لێ بکەوێتەوە. لە لایەکی ترەوە بەستێنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ژێر گوشارە سیاسی، ئابووری، بەڕێوەبەری و کۆمەڵایەتییەکان، ڕەنگبێ هەرکات بگاتە خاڵی تەقینەوە و تەنانەت زیاتر لە پێشووش ئاگری توڕەیی سەرتاسەری هەڵبگیرسێنێ.

ڕژیمی تاران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا سیاسەتی ناوچەیی خۆی لەسەر سێ میحوەر دامەزراندووە: قووڵایی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاراستەکردنی تاقم و گروپی تیرۆریستی و توندڕەوەکان و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی و سەربازی بۆیان، بردنەسەری توانایی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ زیادکردنی مەودای مەترسییە شاراوەکان و فراوانکردنی بازنەی شەڕی دەروونی، و هەروەها بەرنامەی ناوکی وەک ئامرازێکی موزایەدە و زیادکردنی زۆرترین گوشار. کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وایە کە بەرنامەی ناوکی دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا، و تاران لە ناوچەکە بەهێزتر لە جاران و دەرفەتی دەستێوەردان و خۆسەپینی بەسەر وڵاتانی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ئەمه له کاتێکدایه که کێبڕکێی نێوان زلهێزه جیهانی و ناوچەییەکان له جاران ئاڵۆزتر بووه : ئورووپا به شێوەیەکی کارا و چالاک به دوای دانوستان و سنووردارکردنی ڕژێمی ئێرانه ، بەڵام ئەمریکا زۆرترین گوشاری ئابووری و سیاسی دەخاته سەر، و لەولاوە ڕووسیا و چین هەوڵ دەدەن نفوزی ئابووری و ژێئۆپۆلەتیکی خۆیان بپارێزن و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی فارسیش هەوڵ دەدەن کە ڕێژیم بەتەواوی سنووردار و کۆنترۆڵ بکرێ.

لەناو خوودی ڕژیمدا، لایەنە توندڕەوەکان لە ڕێگەی گوشاری دەرەکی و جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتی ناوکی و هاژەکی، لە هەوڵی زیاترکردنی شەرعیەتی خۆیان دان و پێیان وایە تەنیا هێزی ناوکی و مووشەکیی بەرچاو دەتوانێ ڕێگری (بازدارندگی) و مانەوەی سیاسی دابین بکا. لەکاتێکدا کوتلە میانڕەوەکان لە هەوڵی کەمکردنەوەی گوشارە ئابورییەکان و دروستکردنی کەشێکی دانوستان و گفتوگۆ دان. ئەو ململانێ ناوخۆییانە، جیا لە توڕەیی جەماوەری و خۆڵەمێشی کوژاوەی ناڕەزایەتییەکان، کاریگەرییان لەسەر داهاتووی دیپلۆماسی ناوکی و سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم هەبووە.

کاریگەرییە بازرگانی و ئابوورییەکان

گەڕانەوەی گەمارۆکان کاریگەری بەربڵاوی لەسەر ئابووریی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە؛ هەناردەکردنی نەوت کەم دەبێتەوە و بازاڕەکانی ئاسیا سنووردار دەبن، ئەوەش ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی نەوت، کە بێگومان بە گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا و وڵاتانی ئوروپا بۆ سەر وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ بەدوور لە چاوەڕوانی و قورس نییە. لە لایەکی دیکەوە دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی بانکی جیهانی بۆ دەسەڵاتی تاران سنووردار بووە و تێچووی مامەڵە داراییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکا. پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی، بەرهەمە نەوتییەکان، پۆڵا و تەکنەلۆژییەکان گوشارێکی زۆریان لەسەر دەبێ و وەبەرهێنانی دەرەکیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

ئابووریی ناوخۆ بەرەو بازرگانی نافەرمی و هاوکاری لەگەڵ چین و ڕووسیا دەڕوا، بەڵام ئەم بەدیلانە ناتوانن بە تەواوی جێگەی بازاڕە فەرمییەکان بگرنەوە و کاریگەرییەکانی سزاکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە، بەجۆرێک کە لێکەوتەکانی لە ڕای گشتی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بسڕنەوە. هەڵاوسان، بێکاری و کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خەڵک دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم بارودۆخانە دەبێ و گوشارەکان لەسەر ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەوام زیاد دەبن.

لێکەوتەکانی سنەپ بەک

چالاککردنی میکانیزمی سنەپ بەک لێکەوتەی ناوخۆیی جیددی دەبێ. گەمارۆ بەفراوان و هەمەلایەنەکان، دەبێتە هۆی گوشاری ڕاستەوخۆ و لەڕادەبەدری ژیانی ڕۆژانە، وەمەترسیکەوتنی داهاتووی نەوەی نوێ لە هەموو بوارەکانی پێویستیی ژیانی ئەو سەردەمەی؛ هەژاریی لەڕادەبەر، بێکاریی بەردەوام، گرانی زیاتری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی پێداویستییەکانی سەرەتایی بۆ ژیان و دەیان قەیرانگەلی ورد و درشتی تر کە کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار و هەستیار دەبا. بەپێی ڕابردووی پاک و بێگەردی ئەو ڕێژیمەش! پلان و بەرنامەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە قەیرانانە و هەوڵدان بۆ لێ دەربازبوونی، دەست دەکا بە تۆقاندنی خەلک و زاڵکردنی جەوێکی تۆقێنەر لەمەڕ سەرهەڵنەدانەوەی خۆپێشاندان و بزاڤی گشتگیرتر لە ئی سێ ساڵی لەمەوبەر.

 لەو دۆخەدا تەنیا قوربانی و دۆڕاوی سەرەکی، گەلانی نیشتەجێبووی ئێرانن و بۆ پێچەوانەکردنەوەی لێکەوتەکانی میکانیزمی سنەپ بەک، تەنیا ڕێگە هەوڵێکی جیددی لەلایەن خەڵکانی هەموو گەلانی ئێرانە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی تاران و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن هێزە ڕاستەقینەکانی خەڵک؛ لە هەر حاڵەتێکدا دەرئەنجامەکانی هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕژێم یان مانەوە لە دۆخی پاسیڤیەت و چاوەڕوانی، تەنیا بۆ خوودی خەڵک دەگەڕێتەوە.

دۆسیەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئێران تێکەڵەیەک لە ڕەچاوکردنی تەکنیکی، سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتییە. چالاکبوونی میکانیزمی سنەپ بەک، گەمارۆ ئابوورییەکان و گوشاری سیاسی ئەو ڕێژیمەی خستۆتە دۆخێکی سەختەوە. کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوسەنگی نێوخۆیی فراکسیۆنەکانی، گوشاری ناوچەیی، ڕۆڵی زلهێزەکانی جیهان و ویستی بە کردەوەی بەکۆمەڵی نەتەوەکانی نیشتەجێبوو لە ئێران، ڕێڕەوی داهاتوو دیاری دەکا. هەر بڕیارێک تاران بیدات، کاریگەری قووڵی لەسەر ئاسایش، ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێ؛ ئێمە ئێستا لە ساتێکی هێندە چارەنووسسازداین کە ئەم سیناریۆیانەی خوارەوە دەکرێ لەبەرچاو بگرین:

• سیناریۆی زۆرترین گوشار: لەگەڵ گەڕانەوەی گەمارۆکان و شکستی دیپلۆماسی و داخستنی پەنجەرەی دیالۆگ، گوشاری ئابووریی توند دروست دەبێ و ڕەنگە هەڵوێستی کردەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو بەرپەرچدانەوە ئاراستە بێ ؛ ئەم ڕێوشوێنانە چۆن و بە چ شێوەیەک دەبن، بەندە بە کات و بارودۆخی ناوخۆیی و تواناکانی ڕژێم و کاردانەوەکانی ئەمریکا و ئوروپا و لەئێستادا ئیسرائیلیش.

• سیناریۆی دانوستانی نوێ: گەمارۆکان هاندەری زیاتر بۆ دانوستانەکان دروست دەکەن و لە کاتێکدا ئەگەری مەرجی توندتر و چاودێری توندتر هەیە، ڕژێم تەسلیمی ئیرادەی زلهێزەکانی جیهان بێ.

•سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ناوچەیی: زیادکردنی توانای ناوکی یان کشانەوە لە پرۆتۆکۆڵی ئیلحاقی، ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەلایەن ئیسرائیل یان هاوپەیمانی ڕۆژئاواییەوە؛ ڕەنگە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەنگاو بنێتە ڕێگەیەکی بێ گەڕانەوە و هەوڵی ئەوە بدات ببێتە وەشانێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆریای باکوور.

•سیناریۆی سەرهەڵدانەوە بزاڤی ژینا: لەگەڵ زیاتربوونی تێچووی بژێوی ڕۆژانەی خەڵک، قورستربوونی ژیانی ئاسایی، بەئەمنیەتیکردنی زیاتری ژینگەی خەڵک و بەزاندنی لەڕادەبەدەری سنوورەکانی مرۆڤایەتی لەلایەن ڕێژیمەوە، تووڕەیی نادیاری خەڵک ببێتە هۆی هەڵاییسانی ئاوری کوژاوەی بزاڤی ژینا و گواستنەوەی قۆناغی ئەو بزاڤە بۆ شۆڕش و کۆتاییهاتن بە هەموو نەهامەتییه بەرهەمهێنراوەکانی ویلایەتی فەقی!