کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناریۆی کوشتنگە!

11:04 - 17 رەزبەر 2725

ئاسۆ مینبەری

١٢ ڕۆژ شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران ئەگەرچی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامیی لە زۆر بوارەوە بەدواوە بوو و بە کوژرانی مۆرە سەرەکییەکانی سپای پاسداران و هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی لە ڕووخان نزیکی کردبۆوە، بەڵام لە پەراوێزیشدا کۆمەڵێک بابەت ڕوویان دا کە جێی بایەخن و دەبێ گرینگییان پێ بدرێت. جیا لە چڕکردنەوەی گوشارەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ سەر خەڵک و وەپاڵدانی تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل کە لەم ڕۆژانەدا گەڵاڵەکەی لەلایەن شۆڕای نیگابانی ڕێژیمەوە پەسەند کرا، شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکران و لەسێدارەدانەکانیش بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە زیادبوون کردوە و ڕێژیم بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی بەندکراوان و کاتی دەسبەسەرکردنیان، تەنیا بیر لە هەڵڕشتنی ڕقی خۆی بەسەر خەڵکدا دەکاتەوە.

یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی کاتی شەڕەکە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین بوو کە ڕێژیمی ناچار کرد، بەندکراوان بۆ بەندیخانەکانی دیکە ڕاگوێزێت و بەم پێیە زۆربەی ژنان و بەتایبەت ئەوانەی کە بەندکراوی سیاسی بوون، ڕەوانەی بەندیخانەی قەرچەک کران؛ بەندیخانەیەک کە بە وتەی ئەو بەندکراوانەی ئەزموونی بەندکران لەم بەندیخانەیان هەیە، وەکوو شوێنێک بۆ دوورخستنەوەی ژنانی بەندکراوی سیاسی چاوی لێ دەکرێت و لە دوای دەسپێكردنی شۆڕشی ژینا، زۆر بە ڕوونی پەردە لەسەر ئەو جینایەتانە لا درا کە لەم بەندیخانەیەدا دژی بەندکراوان ئەنجام دەدران. دوابەدوای شەڕەکەی ئیسرائیل و ئێران شەپۆلێکی بەرین لە توندوتیژی لەم بەندیخانەیە دەستی پێ کرد و ئەو ژنانەی لەم بەندیخانەیە بوون لەگەڵ ستەم و سەرکوتی چەند قات بەرەوڕوو بوونەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژنێکی بەندکراو بە ناوی سومەییە ڕەشیدی کە تەمەنی ٤٧ ساڵ و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژیناش بووە و بە هۆی نووسینی دروشم لە بانەمەڕی ئەمساڵدا سەرلەنوێ دەسبەسەر کراوەتەوە، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گیانی لەدەست دا.

هەواڵدەریی میزان سەر بە هێزی دادوەریی ڕێژیم لەمبارەوە، ڕایگەیاند کە ئەم ژنە خووگر بە ماددەی هۆشبەر بووە و دۆسییە پزیشکییەکەی نیشانی دەدا کە پێشینەی فێ‌گرتنی هەبووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ٨ جار لەلایەن پزیشکی گشتی و ٦ جار لەلایەن پسپۆڕی دەمارەوە چارەسەری بۆ وەرگیراوە. بەڵام یەکێک لە هاوبەندییەکانی سومەییە وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم ئیدعایە، ڕایگەیاندوە کە سومەییە هیچ ماددەیەکی هۆشبەری بەکار نەهێناوە و تەنیا نەخۆش بووە. سومەییە تووشی ڕشانەوەی زۆر بووە و سەردانی بێهداریی بەندیخانەی کردوە بەڵام گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندەکەی و لە کۆتاییدا بە هۆی کەمتەرخەمیی کادری دەرمانەوە فێ گرتوویەتی. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بەو حاڵەشەوە، بێهداری برانکاردی بۆ نانێرێ و هاوبەندییەکانی بە ویلچێر دەیگەیەننە بێهدارییەکە کە بەداخەوە هەر ئەم کەمتەرخەمی و گرینگینەدانە دەبێتە هۆی ئەوەی گیان لەدەست بدات

ئەمە نەک تەنیا چیرۆکی دڵتەزێکی سومەییە بەڵکوو نموونە ئاشکرای کوشنی سیستماتیکی بەندکراوانی سیاسی و دووپاتبوونەوەی سێناریۆی کوشتنگەیە کە چەندین ساڵە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ دەکرێت. لە هەموو ئەو ڕووداوانەدا کە مەرگی بەندکراوانی بەدواوە بووە، ڕێژیم هەوڵی داوە بە دۆسییەسازی، چیرۆکێکی ناڕاست لە ڕووداوەکە نیشانی کۆمەڵگە بدات و لە بەرانبەر تاکەکاندا خۆی وەک قوربانی دەربخا.

لە دۆسییەی سومەییەدا و بە وتەی یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی قەرچەک، سوغرا خودادادی، بەرپرسی ئەم بەندیخانەیە کە بە هۆی پیشێلکردنی مافە مرۆییەکانی بەندکراوانەوە لە لیستی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکادایە، لە پێشێلکارە سەرەکییەکانی مافی ژنانی بەندکراو لەم بەندیخانەیەیە و هیچ مافێکی مرۆیی بۆ بەندکراوان لەبەر چاو ناگرێت.

گیانلەدەستدانی سومەییە کاردانەوەیەکی بەرینی لێ کەوتەوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی ناوبراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، داوای داخستنی یەکجاریی ئەم بەندیخانەی کرد.

مەحموود ئەمیری‌موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند: بەرپرسایەتیی پاراساتنی گیان و تەندروستیی بەندکراوان لە ئەستۆی ڕێكخراوی بەندیخانەکان، هێزی دادوەری و لە کۆتاییدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە، ئەوان دەبێ لە بەرانبەر گیانلەدەستدانی سومەییە ڕەشیدی لە بەندیخانەی قەرچەک وڵامدەر بن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "بەندیخانەی قەرچەک، جەهەنەمی ژنان و منداڵان"، سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندیخانەیە هۆشداریی دابوو و ئەو شوێنەی بە یەکێک لە ناشیرینترین هێماکانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناو بردبوو.

ڕێژیم بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی و بەتایبەت دوای ئەو شکستە قورسەی کە لە ئیسرائیلی خوارد، بە دۆسییەسازی بۆ هاووڵاتییان و ئازار و ئەشکەنجە هەوڵ بۆ سەرکوتی ناڕيزایەتی و جووڵە نێوخۆییەکان دەدات چونکە دەزانێت لە ئەگەری دەسپێكردنەوەی شەڕدا، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی نێوخۆیی لەلایەن خەڵکەوە ئەتوانێ کۆتایی بە دەسەڵاتە نگریسەکەی بهێنێ.