
هێمن مەردانی
پۆختە:
شێعری "ئەی ڕەقیب" هۆنراوەی دڵدار، شاعیری نەتەوەیی کورد، نەک هەر وەک سروودێکی شۆڕشگێڕانە، بگرە وەک دەقێکی فرە ڕەهەند لەمەڕ شوناس، بەرگری و زمانە. ئەم شێعرە کە لە بەندیخانەی حکوومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٣٨زایینیدا نووسراوە، دەبێتە یەکێک لەبەرچاوترین دەقەکانی ئەدەبی بەرگری کوردی واتە وەک سروودی نەتەوەیی کورد. لێرەدا بە ئاراستەیەکی ئاوێتەیی لە ڕوانگەی شاعیرانەی دڵدار بۆ دنیا، بەستێنە فەرهەنگی- سیاسییەکانی شێعرەکە و لێکدانەوەی پۆست کۆلۆنیالیزم لەسەر ئەساسی تیۆرییەکانی فرانتس فانوون، هومی بابا، بنێدیکت ئاندێرسۆن، ژاک درێدا، جان بوولاک، ڕۆلان بارت و تی، ئێس ئێلیۆت گەرەکمانە تا بگەینە تێگەیشتنێکی قووڵ لە کێشە ناوخۆییەکانی زمانی بەرگری و دەوری لە نەتەوەسازی کورددا.
پێشبار: شاعیری نەتەوەیی و بنچینەکانی بەرگری
دڵدار (وێنس ڕەئووف) لە ساڵی ١٩١٨ لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان لە دایک بووە. ژیانی کورت، بەڵام پڕ هەوراز و نشێوی کە دواجار لە ساڵی ١٩٤٨ کۆتایی دێت، خۆی لە هەناوی داگیرکاری و سەرکوت سەری هێناوەتە دەرێ و بووەتە نۆختە گۆڕانێک لە ناو ئەدەبی بەرگری کورددا (خەزنەدار، ٥٣٧، ٢٠٠٥).
دڵدار لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و نەتەوەیی گەشەی کرد و هەڵی دا و لە هەڕەتی تافی لاوەتیدا تێکەڵ بە چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی بووە. کاتێ ساڵی ١٩٣٨ لەنێو بەندیخانە شێعری "ئەی ڕەقیب" دەهۆنێتەوە، تەنیا بیست ساڵی تەمەن هەبووە. ئەم بەرهەمە دەنگدانەوەی ڕەنج و مەینەت و هیوا و ئومێدی شاعیر و ڕەنگدانەوەی ئەزموونی بەکۆمەڵی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە (دڵدار، ١٩٥٩). لە بواری ئەدەبی نەتەوەیی و بەرگریدا، دڵدار کاریگەریی باشی لە حاجی قادری کۆیی وەرگرتووە. دڵدار وتەنی "شێعرە ئاگرینەکانی حاجی قادر کاری وایان لەسەر کرد کە ئەو لە ناو ئەدەبی کوردی بڕوێت و گەشە بکات، شێعرەکانی حاجی قادر منیان بۆ لای نیشتمانپەروەری دەکێشا و تەئسیری خۆی لە دڵما کردبوو. موتاڵەعاتی تەئریخم و موحیتە ئاگرینەکەم و نەفسییەتی بۆ خزمەت تینووم، ئەمانە هەموویان منیان پەلکێشی حاجی قادر کرد" (بابەخانی، ١٩٩٩. ٢٨-٣٥؛ عەلائەدین١٩٨٥ ،١٧٤).
وەک کێشەی ئافرێنەرانە
شێعری دڵدار دەربارەی کێشەی ئافرێنەر لە نێوان شوناس و بەرگریدا
شێعری دڵدار لە لایەک بە ڕوانینی ڕۆمانتیک، شوناسی کوردی دەکات بە ئیدەئال، لەو لاتریشەوە لە ناو چینەکانی زمانی و خوازەییدا، کەلەبەرێک دەردەخات کە دەتوانێ بابەتی شیکاریی پێکهاتەشکێنانە بێت. لە گۆشەنیگای ڕۆمانتیکی دڵدار بۆ دنیا کە شوناسی کوردی بە ئیدەئالگەرێتی و سۆزی عاتیفی دەژێنێتەوە دەکرێ بەو چین و توێژاڵانە لە دەق بگەین کە بە ئاراستەی پێکهاتەشکێنانە، کەلەبەرو دژوازییەکانی هەر هەمان شوناسی ئیدەئالی دەردەخەن؛ بەم جۆرە شێعری بەرگری کوردی هاوکات هەم گۆڕەپانی سەقامگیری و هەمیش ناجێگیربوونیشە.
شێوازناسی
ئەم توێژینەوەیە بە ئاراستەییەکی چلۆنایەتی و لەسەر ئەساسی شیکاریی دەق، خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە و چوارچێوەی تیۆریکی ڕەخنەکارانی ئەدەبی بەرگری کاری بۆ کراوە. سەرچاوەکانی سەرەکی بریتین لە: نۆسخەی چاپی شێعرەکە لە دیوانی دڵدار و مێژوویی ئەدەبی کوردی و سەرچاوەگەلی تری وەک بەرهەمە تیۆرییەکانی بەتایبەتی (فانوون ١٩٦٣)، بابا (١٩٩٤)، و ئاندێرسۆن(١٩٨٣)، بوولاک (٢٠٢١)، دریدا (١٩٦٧)، بارت(١٩٧٧) و ئیلیۆت (١٩٢١).
ئەدەبی بەرگری لە چوارچێوەی تیۆریکیدا
١. فرانتس فانوون و توندوتیژی بە واتای نوێکردنەوەی شوناس
فانوون ئەو جۆرە هۆکار دەهێنێتەوە کە ڕزگاربوون لە داگیرکاریی کۆلۆنیالیزم ناکرێ بەبێ زەبروزەنگ و توندوتیژی بکرێت، چونکە دەبێ بەهێزێکی ئەوتۆ و بارەتەقای توندوتیژیی کۆلۆنیالیست وڵامی بدرێتەوە (فانوون، ١٩٦٣: ٣٥). لە سروودی "ئەی ڕەقیب"دا پێوەندی خوێن و ژیان، دووپاتە نواندنەوەی ئەو لۆژیکەیە کە ژیانی گشتی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانە.
لە سروودی "ئەی ڕەقیب"دا پێوەندی خوێن و ژیان، بەتەنیا مێتافۆرێک نیە بۆ فیداکاری و لەخۆبوردوویی، بەڵکوو دووپاتە نواندنەوەی ئەو لۆژیکە یاساییە کە ژیانی گشتی و بەکۆمەڵ بە بەرهەمی خەبات و تێکۆشان دادەنێت.
٢. فرانتس فانوون (فەرهەنگ و لابردنی کۆلۆنیالیزم)
فانوون لە بەرهەمەکانی خۆی بەتایبەتی لە کتێبی (داماوانی سەر گوێ زەوی)، پێداگری لەسەر خۆڕاگریی فەرهەنگی و پاراستنی شوناس و ناسنامەی نەتەوە بندەستەکان دەکات (فانوون، ١٩٦٣، ٣٥). ئەو بە ئێمە نیشان دەدات کە داگیرکاریی کۆلۆنیالیزم بەتەنیا دەسەڵاتی سیاسی یان ئابووری نیە، و پەلاماری فەرهەنگی و سووکایەتی پێکردنی شوناسیشی بە دواوەوەیە. هەربۆیە نەتەوەکان بۆ پاراستن و مانەوەی خۆیان ڕێگەی بەربەرەکانی و بەرگری دەگرنە بەر. لەم چوارچێوەدا، خۆڕاگریی نەتەوەی کورد لە هەمبەر گوشارە مێژووییەکان و ئەوەی کە بەشێوەی خوازەیی پێی دەوترێ (تۆپی زەمان)، شیاوی شیکارییە. ئەم دەستەواژەیە هێمای ئەو گوشار و پاڵەپەستۆیە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییانەیە کە کەوتوونەتە سەر شان و پیلی شوناس و ناسنامەی کورد. خۆڕاگریی نەتەوەی کورد لە وەها هەلومەرجێکی مێژووییدا نەک تەنیا دەرخەری پاراستنی فەرهەنگ، زمان و داب و نەریتی ئەوانە، بگرە ڕەنگدانەوەی جۆری چالاکی و بەهێزکردنی شوناسیشیانە (فانوون، ١٩٦٣، ٤٥-٤٦).
فانوون خۆڕاگریی نەتەوەکان بە واتای دووپاتە بەرهەمهێنانەوەی چالاکیی شوناس و بەردەوامیی مێژوویی دەخاتە بەر توێژینەوە و شیکاری. نەتەوەی کورد نوێنگەی ئەم خۆڕاگری و بەردەوامییەیە؛ بە تێپەڕینی زەمەن و ئاڵوگۆڕە بەربڵاوەکان، تەنانەت لەگەڵ سەختی و پاڵەپەستۆ تاقەتپڕوکێنەکانیش، نەیانتوانیوە شوناسیان لە ناو بەرێت، بگرە ئەم پاڵەپەستۆیانە بووەتە مایەی بەهێزبوونی دەسەڵات و ژیانەوەیان. زایەڵەی دەنگی کوردەکان لە هەناوی مێژوو و سروشت بەردەوامە و نیشاندەری هەرمانی و لەسەرپێ بوونیانە (فانوون، ١٩٦٣، ٥٢). لە ڕوانگەی فانوونەوە، ئەم خۆڕاگری و بەردەوامییە، بانتر لە پاراستنی بوون و نەبوونێکی ساکار ڕووکەشیانەیە و دەبێتە هەوێنی سەرلەنوێ ئافراندنەوە و بەهێزکردنی شوناسی بەکۆمەڵ. نەتەوەکان ئەوکاتە دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن کە شوناس و ناسنامەیان زیندوو و چالاک بێت. لێرەدایە کە خۆڕاگری فەرهەنگی و بەرهەمهێنانەوەی نوێی شوناس، بنج و بناوانی هەر پرۆسەیەکی لابردنی کۆلۆنیالیزم پێک دەهێنێ (فانوون، ١٩٦٣، ٥٢).
٣. هۆمی بابا و ڕووبەری سێهەم
بابا (١٩٩٤:٣٦) دەڵێت: شوناس و ناسنامە فەرهەنگییەکان لە ڕووبەری سێهەم شکڵ دەگرن؛ لە شوێنێک کە تۆخم و ڕەگەزەکانی فەرهەنگی زاڵ و فەرهەنگی ژێردەستە لە هەڵسوکەوت و دووپاتە ئافاندندان. "ئەی ڕەقیب" نوێنگەی ئەو ڕووبەرە سێهەمەیە؛ شێعرێک کە زمانی کوردی لە بەستێنی گوتاری زاڵدا دیسانەوە پێناسە دەکاتەوە و شوناسێکی نوێ دەخوڵقێنێتەوە کە بە تەواوی سوننەتی نیە و هاوکات لە زمان و فەرهەنگی زاڵیشدا ناتوێتەوە.
٤. جان بوولاک و پێویستیی زمانی بەرگری
بوولاک پێ لەسەر ئەمە دادەگرێت کە ئەدەبی بەرگری پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر و مێژووییە بۆ کەمینەکانی لە پەراوێزخراودا؛ لەبەر ئەوەی کە زمانی فەرمی، ئەم کەمینانە دەسڕێتەوە و ڕەشیان دەکاتەوە (بوولاک، ٢٠٢١:٣٢). دڵدار لە هەمبەر پرۆژەی یەکسانسازیی دەوڵەتی عێراق، لە ڕێگەی شێعرەوە، شوناسێکی ئافرێنەرانە و دژەسەرکوتی خوڵقاند. لە "ئەی ڕەقیب"دا خوازەکان و پشتبەستن و گەڕانەوە مێژووییەکان (ئیرجاعات مێژوویی) بە پێداگری لە سەر زیندووبوونی کوردان، فۆرم و شکڵێکی تایبەت لە بەرگری زمانی بەرهەم دەهێنێت.
٥. بنێدیکت ئاندێرسۆن و نەتەوە خەیاڵییەکان
بەڕای ئاندێرسۆن نەتەوە، کۆمەڵگەیەکی سیاسی خەیاڵییە کە ئەندامەکانی قەت یەکترین ناناسن، بەڵام لە زەین و مێشکیان، وێنەیەکی پێکەوەژیانی هاوبەش پێک هاتووە. (ئاندێرسۆن، ١٩٨٣:٦). سروودی "ئەی ڕەقیب"ی نەتەوەی کورد بە شێوازێکی هێمایی چێ دەکات و جێگیری دەکات و بە واتای (نەخشەی سیمبولیک) بۆ نەتەوەیەکە کە سنوور و تخوو بە ڕەسمی و فەرمییەکانی لە جوغرافیای سیاسیدا بوونیان نیە.
پێکهاتەشکێنیی شوناس لە زماندا
١. ڕوانگەی دریدا: حازربوون و حازرنەبوون
دریدا دەڵێت: "هیچ شتێک بەدەر لە دەقبوونی نیە". (دریدا، ١٩٦٧، ١٥٨). پێداگری دڵدار لەسەر "زیندووبوونی کورد" ئاماژەیە بۆ خۆڕاگری کوردان، بەڵام لە ڕوانگەی پێکهاتەشکێنانەدا، هەڵگری جۆرێ ترس و دڵەڕاوکی لە تێداچوونیشە. دێڕ یان تاکە بەیتی "ئاڵاکەمان نانوێ"، پەیامهێنەری شعوور و غرووری نەتەوەییە، بەڵام لە هەناوی خۆیدا مانای ترس لە شکان و لە ناوچوونیشدا بە جۆرێ شاردراوەتەوە.
٢. بەرئاوەژوویی مانا: خوێن، مەرگ و ژیان
تاکەی دێڕی "تا بە خوێن نەخشی بکا تاجی ژیان"، بەرئاوەژوویی مانا و چەمک نیشان دەدات؛ ژیان لە ڕێبازی مەرگەوە تێدەپەڕێت. ئەو جۆرە خزین یان خزۆکی ماناییە بە بۆچوونی دریدا دەستەواژەی "هەڵپەسێراوەیی" نیشان دەدات و دەری دەخات کە مانا لە زمانی خۆڕاگریدا قەت بەشێوەیەکی تەواو، جێی خۆیی ناگرێت.
توێژاڵگەلی کێشە و ناڕوونی لە شێعرەکەدا
لە ڕووی خوێندنەوەی ناودەقێتی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە "ئەی ڕەقیب" لەخۆداگری فرە چین و توێژاڵە کە لە هەڵسوکەوتی لەگەڵ مێژوو، ئۆستوورە، زمان و سیاسەتدا شکڵ و بیچمیان گرتوە.
١. پێداگری لەسەر زیندووبوونی کورد
لە ڕوانگەی فانوونەوە، ئەم پێداگرییە ڕەنگدانەوەی خۆڕاگرییە لە هەمبەر فەرامۆشی داسەپاو. (فانوون، ١٩٦٣، ٣٧). پێداگریی لەسەر ژیان، لە لایەک بانگەوازی بوون و مانە و لە لای ترەوە دژکردەوەیەک لە هەمبەر هەڕەشەی سڕینەوە لە لایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە.
٢. ئیرجاع یان گەڕانەوە بۆ ئۆستوورەکان
بارت (١٩٧٧، ١١٥)، دەڵێت: ئۆستوورە کەرەسەی بەرهەمهێنانی مانایە کە هەوڵدەدات ڕابردوو لە خزمەت هەنووکەدا سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە. گەڕانەوە بۆ میدیا و کەیخوسڕەو لەو شێعرەدا، هەر هەمان ئەرک و کاری ئۆستوورەیی بەجێ دەهێنێت: چێکردنی ڕەواییپێدانی مێژوویی لە غەیابی بەردەوامدا.
٣. ئاڵای شەکاوە
بە بۆچوونی ئێلیۆت(١٩٢١، ٤٥)، کە دەڵێ: هێما، چەقی یادەوەری گشتییە. ئاڵا لە "ئەی ڕەقیب" ئاماژەیە بۆ حزوور و هەبوون لە هەنووکەدا، بەڵام هاوکات بە شێوەیەک ماناکەی لە بوونی هەڕەشەی غەیاب (حازر نەبوون) وەردەگرێت؛ جێگیری و سەقامگرتن لە دڵ و هەناوی نائەمنی و ناجێگیربوونیدا.
٤. خوێن و فیداکاری
فانوون (١٩٦٣، ٩٤)، توندوتیژی ڕزگاریدەر بە بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی نوێی شوناس دادەنێ. لەم شێعرەدا، ژیان لە ڕێبازی مەرگەوە تێدەپەڕێت؛ پارادۆکسێک کە هەڵگری لایەنەکانی جوانیناسی و سیاسییە.
٥. یەکیەتیی ئایین، نەتەوە و نیشتمان
بابا (١٩٩٤، ٣٨)، سوورە کە وەها پێوەندی گەلێک لە "ڕووبەری سێهەم" سنوور و حدوودی بەستراوەییبوون سەییال و شلە دەکەن. لە سروودی "ئەی رەقیب" ئەم یەکیەتییە، دەبێتە هەوێنی هاوچینی، بەڵام هاوکات چەمکی شوناسیش دەکاتە چەند توێژاڵ و جاری واشە ناڕوونی بەدیار دەکرێت.
٦. ڕوانینی ڕۆمانتیکی دڵدار بۆ دنیا، مەرگی ناوادە و هەرمانیی شێعر
دڵدار زۆر کەم ژیا و بەس سی ساڵی ژیانی تێپەڕ کرد. دەڵێن: کورت تەمەنترین شاعیری بەناوبانگی کورد بووە. بەڵام بەرهەمێکی خوڵقاند کە بۆ هەتا هەتایە هەرمان دەمێنێتەوە و قەرەبووی کەمیی تەمەنی دڵدار لەو سەرە دەکاتەوە. ئەو لە ٢٢یی ئۆکتۆبری ١٩٤٨ کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراتە بە نرخەکەی بەردەوام ڕێنوێن و وزە بەخشە بۆ بزووتنەوە کوردییەکان لە عێراق، ئێران، تورکیە و سووریە (خەزنە دار، ٢٠٠٥، ٥٦٦).
٧. شێعر، یادەوەری گشتی و نەتەوەسازی
بوولاک (٢٠٢١) دەڵێت:"ئەدەبی بەرگری، نەک ناڕەزایەتیدەربڕینە، بگرە مێعماری یادەوەری گشتیشە". هاوکات ئاندێرسۆن پێی وایە نەتەوە کۆمەڵ یان کۆمەڵگەیەکی خەیاڵییە کە لە ڕێی ڕیوایەتە فەرهەنگییەکانەوە سەر هەڵدەدات و شکڵ بەخۆیەوە دەگرێت. (ئاندێرسۆن، ١٩٨٣، ٦). بابا (١٩٩٤، ٣٨) ش پێی وایە ئەم بەرهەمهێنانە فەرهەنگییە بەشێکە لە ڕووبەری سێهەم کە ئەگەری چێکردنی شوناسە نوێیەکان دەڕەخسێنێت. کەواتە، لەم بەستێنەدا، "ئەی ڕەقیب" ئامێر و کەرەسەیەکە بۆ نواندن و سەقامگیری و جێگیرکردنی نەتەوەی کورد.
٨. دوا وتە: شێعر بە واتای ئاوێنەی دژوازییەکان یان لێکدژەکانی خۆڕاگری
ئەی ڕەقیب نەک بە تەنیا سروودێکی ساکاری نەتەوەیی، بەڵکوو دەقێکی زیندوو و بەهێز و بەپێز، لێکدژ و فرە ڕەهەند و خاوەنی چەندان توێژاڵ و چینە. لە کات و ساتێکی مێژوویی ئەو شێعرە هۆندراوەتەوە کە زمان تەنیا سەنگەر و مەتەرێزی خۆڕاگری و بەربەرەکانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت بووە. دڵدار بە هەنگەواژەی وشەکانی خۆیی، هیوا و هومێدی بەدی دەهێنا، بەڵام هاوکات بە لەحن و شێوەیەکی شاراوەش ئاماژەی بە ترس و دڵەخورپەکان و قەڵشتی شوناس و ناسنامەشی تێدا دەکرد. خوێندنەوەی پێکهاتەشکێنانە دەری دەخا کە خۆڕاگری، ڕەنگدانەوەی قەیران و تەنگژە ناوخۆییەکانی زمان و شوناسن. هەر ئاڵایەکی شەکاوە، سێبەرێکی مەترسی و شکانیشی تێدا بەدی دەکرێت، هەڵبەت بە شێوازێکی هەست پێنەکراو و شاراوە؛ و ئەمە ڕێک چەقی ئەو کێشەیە کە سروودی ئەی ڕەقیبی هەرمان و ئەبەدی کردوە.
References
Aladeen, A-K. 1985, Dildar: The Kurdish revolutionary poet, Baghdad: Al-Afaq Arab Press and Publishing House.
Anderson, B. (1983). Imagined communities: Reflections on the origin and spread of nationalism. London: Verso.
Babakhani, N. (1999) ‘Niw Sede Dway Koçi Dildar’, Serwe Literary Monthly, (158), pp. 28–35.
Barthes, R. (1977). Image, music, text. London: Fontana Press.
Bhabha, H.K. (1994). The location of culture. London: Routledge.
Bullock, J. (2021) ‘Decolonizing the boundaries: Indigenous musical discourse and national identity’, IASPM Journal, 11(2), pp. 22–38.
Derrida, J. (1967) Of Grammatology. Paris: Les Éditions de Minuit.
Dildar (1959) Diwani Dildar. Preface by Givi Mukriyani. Erbil: Kurdistan Press.
Eliot, T.S. (1921). The sacred wood: Essays on poetry and criticism. London: Methuen.
Fanon, F. (1963). The wretched of the earth. New York: Grove Press.
Khaznedar, M. (2005) ‘Tarikh adabiyat kurdi’. The History of Kurdish Literature Vol. 5. Erbil: Aras Press.