کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" چاپ و بڵاو بۆوە

12:11 - 10 رەزبەر 2725

"٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری"، نوێترین بەرهەمی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆوە.

عەلی بداغی، جێگری ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان‌مێدیا ڕایگەیاند کە "٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" یادنامەیەکە بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چاپ و بڵاو بۆتەوە و ئەو یادنامەیە کۆمەڵێک توێژینەوە و وتاری لە خۆ گرتوە و هەوڵێکە بۆ ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی ئەم حیزبە لە چەند ڕەهەند و بواری جۆراوجۆرەوە.

جێگری ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گوتی حیزبی دێموکرات لە ژیانی سیاسیی پتر لە ٨ دەیە و پڕبایەخی خۆیدا زۆر قۆناغی دژواری ئەزموون کردوە، کەندوکۆسپی زۆری بڕیوە، لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی کورددا زۆر بەها و پڕەنسیپی گرینگی جێگیر کردوە، زۆر ڕۆڵەی خۆی پێشکێش بە بارەگای ئازادیی نەتەوەکەی کردوە و لە چەند قۆناغیشدا تووشی لێکترازان هاتوە؛ بەڵام لە هەموو هەلومەرجێکدا ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە؛ ئەم کتێبەش هەوڵێکە بۆ بەرزنرخاندنی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و دەسکەوتەکانی و، هەروەها قامکدانان لەسەر  خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کارنامەی هەشت دەیە خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە.

"قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی" و "سێ چارەگە نەوەستان" دوو کتێبی دیکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتن کە پێشتر بەبۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب چاپ و بڵاو ببوونەوە.

"٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" لە ٥٢٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو بۆتەوە و ناونیشانی ٢٦ وتار و توێژینەوە ئاکادیمیکی تێدا دەبیندرێ.

بۆ خوێندەوە یان داگرتنی فایلی pdfی ئەم کتێبە کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن