لە چوارەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، مۆڵگە و بنکە هەستیارەکانی ڕێژیم و سپای پاسداران لە هەر چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرانە ئامانج.
سەرلەبەیانیی دوێنی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە، لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریکادا، بنکە مووشەکی و دژە ئاسمانیی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام کرایە ئامانج.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و ناوەندی فەرماندەیی هێزی سەرکوتگەری پۆلیسی پارێزگای ئیلام لە گۆڕەپانی بەهەشتی لەنێو بران.
هەروەها لە پارێزگای ورمێ، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاودا، بنکەکانی سپای پاسداران، بەسیج و فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ئەو پارێزگایە کرانە ئامانج.
مۆڵگەی سپای پاسداران لە سێڕێیانی ڕاژان لە ناوچەی مەرگەوەڕی کرایە ئامانج.
لە شاری شنۆش، ناوەندی فەرماندەیی و هەواڵگریی سپای پاسداران، بنکەکانی ئەو هێزە تێرۆریستییە لە شارۆچکەی نەڵاس و نەڵیوان و بینای بەناو دادوەڕیی ڕێژیم لەو شارە لەنێو بران.
لە شاری پیرانشار و مەهاباد هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی سپای پاسداران و پۆلیسی سەرکوتگەری ڕێژیم.
هەروەها گەڕەکی تەپەی قازیی مەهاباد مۆڵگەیەکی سپای پاسداران و لە ئاوایی گوێکتەپەش بنکەیەکی دیکە کرایە ئامانج.
لە پارێزگای سنەش هێرش بۆ سەر مۆڵگە و بنکەکانی ڕێژیم کرانە ئامانج.
ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سنە، بنکەیەکی سپا لە شارۆچکەی سەعدی، فەرماندەیی گشتیی سپای پاسداران، بنکەکانی بەسیج و بنکەی پۆلیسی ژمارە ١٤ی گەڕەکی بەهارانی سنە بەچڕی درانە بەر هێرشی مووشەکی.
لە شارەکانی دیواندەرە، بیجاڕ، مەریوان، کامیاران و سەقز ئەو هێرشانە بەردەوام بوونە و زۆربەی مۆڵگە و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم کرانە ئامانج.
لە پارێزگای کرماشان، لە شاری پاوە، شاری کەنگاوەر، گەڕەکی دانش لەنێو شاری کرماشان مۆڵگەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم کرانە ئامانج و لەنێو بران.
شایانی باسە بەهۆی نەبوونی ئاماری دروست و پچڕانی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئئیسلامییەوە، زانیاریی لەبارەی زیانە گیانییەکانی هێزەکانی ڕێژیم لەبەر دەستدا نییە.