دەریادار بێرد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، لە چوارەمین ڕۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ڕایگەیاند؛ تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٢ هەزار ئامانج لە نێوخۆی خاکی ئێراندا کراونەتە ئامانج.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی کەمتر لە ١٠٠ کاتژمێردا، ١٧ کەشتی شەڕکەری کۆماری ئیسلامی لەنێو براون، هەروەها بە وتەی ئەو، ژێردەریاییەکی ئێرانیش پێکراوە. کوپێر جەختی کردەوە کە ئامانجیان لەنێوبردنی تەواوەتیی ناوگانی دەریایی ئێرانە.
فەرماندەی سێنتکام لە پەیامەکەیدا ئەوەشی زیاد کرد، ڕژێمی ئێران بۆ چەندین دەیە گێچەڵی بە کەشتیڕانی نێودەوڵەتی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ تەنانەت یەک کەشتی ئێرانیش لە حاڵەتی جووڵەدا لە کەنداو، تەنگەی هورمۆز یان دەریای عوماندا بوونی نییە.
بەپێی لێدوانەکانی بێرد کوپێر، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران زیانیان بەرکەوتووە و سەدان دامەزراوەی هاوێشتنی مووشەکی بالیستی و درۆن، لەگەڵ ناوەندەکانی فەرماندەیی کراونەتە ئامانج.