
عەلی بداغی
کۆبوونەوەی ئاشتیی غەزە لە "شرم الشیخ"ی میسر بزمارێکی دیکە بوو لە تابووتی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی درا، ئەمە نەک هەر لە ڕوانگەی چاودێرانی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە؛ تەنانەت بە داننانی ڕۆژنامەکانی ئێرانیش کە هەرکام ناوەندێکی حکوومەتی و ئەمنییەتیی ڕێژیمیان لە پشتە. ڕۆژنامەی "ستارە صبح" نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە نەدەبوا چووبا نێو تەنگژەی فەلەستین و ئیسڕائیل و ئەمە پرسێکی "عەڕەبی-عیبری-ڕۆژئاوایی"یە و دەبوو هەر بە خۆیانمان سپاردبا!! تەنانەت ڕۆژنامەی "جمهوری اسلامی" بە مانشێتی "ئاخۆ ئەم باهۆزە براوەی هەبوو؟" دانی بەوە داناوە کە شەڕی غەززە و لێکەوتەکانی هەڵەیەکی گەورە بوو و لەبری بەهێزکردنی بەناو "بەرەی مقاومەت" بووە هۆی لەدەستچوونی قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و لوبنان!! ئەو دەنگ و بۆچوونە ڕاشکاوانەش کە لە میدیا و سۆسیالمیدیای ئێراندا بڵاو دەبنەوە، هیچیان حاشا لەوە ناکەن ئاسۆیەکی نوێ لە بەردەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە!
یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم کۆبوونەوەیەی میسر سەرەڕای لەرزۆکبوونی پەیمانەکە بەهۆی ئەزموونی مێژوویی کارکردی حەماس و کۆماری ئیسلامی وەلانانی ڕێژیم لە دانیشتنێکدا بوو کە بڕیاری لەسەر چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ و هاوکێشەکانی هێز لەو ناوچەیە دەدا. وەلانانی ئێران بە مانای داڕمانی هەیمەنە و قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی و پەراوێزخرانی لە ململانێ ژێئۆپۆلۆتیکییەکانی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئەگەر دوو ساڵ لەوە پێش ئێران بە دنەدانی حەماس بۆ هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ دەیویست ئەم ڕەوتە بوەستێنێ و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەواوی بخاتە ژێر هەژەمۆنیی سیاسی و ئایدۆلۆژیی خۆی، ئێستا ئیدی ئیمپراتۆرییە ئایدۆلۆژی و سەربازییەکەی ڕووخاوە. سووریە کەوتۆتە باوەشی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، حیزبوڵلا و حەماس کەوتوونەتە ئاویلکەدان و حوسییەکانی یەمەن لەپەڕی لاوازیدان و گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی دیکەش توند کڵاوی خۆیان گرتوە با نەیبا!! بەمجۆرە بوو کە ڕێبەرانی سیاسیی دنیای عەڕەب، ئەمریکا، ئورووپا و زلهێزە ناوچەییەکانی دیکە لە "شرم الشیخ" و لەسەر کاولاش و وێرانییەکانی ئێمپراتۆریی داڕماوی ئایدۆلۆژی و سەربازیی کۆماری ئیسلامی کۆ بوونەوە هەتا چارەنووس و داهاتوویەکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بنووسنەوە.
خامنەیی کە دەیگوت نە شەڕ ڕوو دەدا و نە دانوستانیش دەبێ و، داهاتووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دەست بەرەی مقاومەت دەنووسرێتەوە، ئێستا دوای ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە و بەتایبەتیتر دوای کۆبوونەوەی ئاشتیی غەزە لە میسر؛ هەموو هاوکێشەکانی ڕەواییەت و بەرژەوەندییەکانی لەدژی هەڵگەڕاونەتەوە. لە دۆخی نوێی ئێستادا پێناچێ حەماس چیدی گوێڕایەلی تاران بێ و تەنانەت هێزە نیابەتییەکانی دیکەی ئێرانیش ڕوانگە و دەستکراوەیی پێویستی هاوشێوەی جارانیان نیە، حیزبوڵڵای لوبنان لەژێر تەوژمی قورسترین گوشارە سیاسی و ئابوورییەکاندایە و شەرعییەتەکەشی لە نێوخۆی ئەم وڵاتە بە یەکجاری چووەتە ژێر پرسیار، وڵاتانی عەرەبی لە هەوڵەکانیان بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل بەردەوامن، شکستی سەربازی و ئەمنییەتی تاران لە ئیسڕائیلیش شکۆ و هەیمەنەی ئێرانی داڕماندوە و تاران نەک چیدی ناتوانێ وەک "ڕێبەری بەرەی مقاومەت" بە خۆی هەڵبڵێ؛ بەڵکوو لەجێدا شتێک نەماوە بە ناوی بەرەی مقاومەت! ئەمەش شکستێکی هەرەگەورە بۆ ڕێژیمە ئەویش بە تێچوویەکی زۆر! کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نیزیک بە پێنج دەیەی ڕابردوودا دەیان تریلیۆن دۆلار لە سەرمایە و داهات و سەرچاوە سروشتییەکانی ئێرانی بۆ سیاسەت و ستراتیژییەک بەفیڕۆ دا کە لەودا کۆماری ئیسلامی ئیسلامی "هێزی یەکەم و بیڕکەبەر" و "خاوەنی قووڵایی ستراتیژی" لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێ، بەڵام بە داڕمانی بەناو "بەرەی مقاومەت" هەمووی ئەوانە بە با چوون.
جیا لە شکستی نیزامی و ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی چ لە دەرەوەی سنوورەکانی و چ لە نێوخۆی وڵات، بەتایبەت دوای کارابوونەوەی میکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان ئێران ئەگەر بیشیهەوێ توانای بووژاندنەوەی ئیمپڕاتۆرییە ناوچەییەکەی جارانی نیە. شک لەوەدا نیە ئەگەر ڕێژیم پشووی بێتەوە بەر و دەرفەتی دەست کەوێ لەسەر هەمان ڕێچکە دەڕوا و هیچ گۆڕانێک لە دنیابینیی ڕێبەرانی ڕێژیمدا پێکنەهاتوە. بەڵام لە فازی تەریککەوتەیی زیاتری ئێستای ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانیدا ئەوەی بۆ ڕێژیم ماوەتەوە بەستراوەیی زیاتری بە ڕووسیە و چینە کە بۆخۆشیان دەزانن ئەم دوو وڵاتە نەک هاوپەیمان و هاوبەشی سیاسیی ئێران نین، بەڵکوو ئێران وەک کارتێکی بەرژەوەندی لە هاوکێشەکانی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا و ئورووپادا بەکار دێنن. لەم ڕووەوە گورچکبڕیی گەمارۆکان، بەردەوامیی گەندەڵییە سیستماتیکەکان و داڕمانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری بایەخی تمەن و ئابووریی وڵات و قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان لە نێوخۆی حاکمییەتی سیاسییشدا نیشانەکانی ڕووخانی ئەم ڕێژیمەی پتر دەرخستوە.
بەڵام لە بەرەی خەڵکدا، خەبات و تێکۆشانی جەماوەریی گەلانی ئێران دوای شکست و هەرەسهێنانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهان قۆناغێکی گرینگی بەرەوپێش بڕیوە. ئێستا پتر لە هەموو کاتێک ترس لە هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی شکاوە و خەڵک دەبینن سوپایەک کە خۆی بە ڕزگاریدەر و ڕاگری سووریە و پێتەختی چوار وڵاتی دیکەی عەرەبی دەزانی ئێستا لە هەمبەر ئیرادەی خەبات و مافخوازی ژنان لە نێوخۆی وڵاتدا بەچۆک داهاتوە. ئەمەش بەڵگەنەویستە کە ئاوەزی سیاسی و وزەی خەباتگێڕیی خەڵک زیاتر بووە و هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و بەرینکردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان هەردەم لە زیادبوونن. کۆماری ئیسلامی کە بەردەوام بە قەیرانخوڵقێنی لە ناوچە و ترساندنی کۆمەڵگە لە دوژمنی دەرەکی دەیویست قەیرانە کەڵەکەبووەکانی نێوخۆی وڵات دیزەبەدەرخۆنە بکا، ئێستا لە بەرامبەر وشیاریی سیاسیی خەڵکدا بە تەواوی دۆش داوە. خەڵکێک کە خودی کۆماری ئیسلامی بە سەرەکیترین دوژمنی خۆیان دەزانن و دەشزانن کە ئەم ڕێژیمە هەر دەبێ لە ئاکامی یەکگری و هاوخەباتیی خۆیاندا تۆماری ژیانی تێکەوە پێچڕێ و لەوە بەولاوەتر بەو باوەڕەش گەیشتوون کە ئەم ڕێژیمە نەک هەر بەتەنیا لە ڕێگەی ناڕەزایەتیی سەرشەقام، بەڵکوو بە خەباتی ڕێکخراوی بەکردەوەی هەموو پێکهاتەکانی وڵات دەڕووخێ.
ژیلەمۆی بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) لە هەناوی کۆمەڵگەدا ژیاوەتەوە. بزووتنەوە خوێندکارییەکان ئامانجدارتر دەردەکەون. کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینکراوەکان خێراتر و بەگوڕتر لە جاران خۆ ڕێکدەخەن و هەوڵەکان لەنێو چالاکانی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنیشدا بۆ نیزیکبوونەوە و یەکیەتیی بەکردەوە زیاتر بوون.
لەو بارودۆخەدا ڕاستە کە بلووغی سیاسی و گوفتومانی تێپەڕین لە ڕێژیم گەیوەتە ترۆپکی خۆی؛ ڕاستە کە تێگەیشتنی خەڵک لە چەمکەکانی دێموکراسی، سێکۆلاریزم و مافی نەتەوەیی و ئازادییە بنەڕەتییەکانی پێکهاتەکانی وڵات زیاتر بووە؛ ڕاستە ڕایەڵە و تۆڕەکانی ڕێکخستن و هاوخەباتی لە نێوان چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بەرفراوانتر بوون؛ بەڵام ڕوون و ئاشكرایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاتێک دەڕووخێ کە ئاڵترناتیڤی ئەم ڕێژیمە لەسەر بنەمای متمانەی گشتی و لەسەر ئەرزی واقع چێ بووبێ. بۆ ئەوەش یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن چ لە قۆناغی ڕووخاندنی ڕێژیم و چ لە قۆناغی گوزار پێویستە. ئەم یەکگری و هاوپەیمانییەش پێویستە لەسەر بنەمای داننان و دەستەبەرکردنی دێموکراسی، دابەشبوونی دەسەڵات، دابینبوونی مافی نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵات و دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی بنیات نرابێ.