 
        
    
ڕەحیم نزهەتزادە
بڵاوبوونەوەی گرتەی زەماوەندی کچی عەلی شەمخانی، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە کەلێنی قووڵی نێوان قسە و کردەی کاربەدەستانی ڕێژیمی، لەژێر بەڕەوە خستەوە سەر بەڕە. لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، کە کچی یەکێک لە کەسایەتییە ئەمنییە باڵاکانی حکوومەت، بەبێ حیجاب و لە چوارچێوەی پوششێكی ئەرستۆکراتی ڕۆتی ڕۆژئاواییدا، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی دەگێڕێت، ئەوەش لە كاتێكدایە کە تا ئێستاش ژنان و کچانی ئاسایی وڵات، بەهۆی چەند تاڵێک لە دەرەوەی سەرپۆشەوە، دەستگیر دەکرێن، سەرکوت دەکرێن و تەنانەت دەکوژرێن.
کاردانەوەی شەمخانی بەرامبەر بە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە، نە داوای لێبوردن بوو، نە ڕوونکردنەوە. لە وەڵامی ناڕەزایی گشتیدا، لە هەژمارێک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بۆی دەگەڕێتەوە، گەلی ئێرانی بە "حەرامزادە" ناو برد، هەروەها بە تۆنێکی بێشەرمانە نووسیویەتی: "هێشتا لە ژیاندام". ئەم ڕستەیەش بەس بوو، بۆ وروژاندنی تووڕەیی ڕای گشتی و خستنەرووی ئەو ڕاستییە، كە زمانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا لە بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە خەڵک، دوور و بێبەش بووە.
شەمخانی لە سیستەمێکدا کە تێیدا "ڕیاكاریی پیرۆز" بۆتە نۆڕم، هێمای نەخشێكی دووبارەبووەیە. زیاتر لە چوار دەیەیە، كە کۆماری ئیسلامی چەمکەکانی وەک "حیجاب"، "پاکی و "ئایین"ی، نەك وەک بەهای ئەخلاقی، بەڵکووو وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەکار هێناوە. لەو نێوەندەدا حیجابی ناچاری، گرنگترین میکانیزمی ئەم کۆنترۆڵە بووە؛ ئامرازێکە بۆ سوككردنی ژنان، سنووردارکردنی ئامادەیی کۆمەڵایەتییان و سەپاندنی هێزی پیاوسالاری چینی مێزەربەسەر و مێزەركۆیلەی دەسەڵات.
شەهیدكرانی ژینا ئەمینی لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، هێمای خوێناوی ئەم سیاسەتەیە. کچێکی بێتاوانی کوردی خەڵکی سەقز، تەنیا بۆ چەند تاڵێک قژ گیانی لێ ئەستێندرا، تەنیا بۆ ئەوەی ئامێرەكانی سەركوت ئەوە نیشان بدەن، کە هیچ سەرپێچییەک لە "فەرمانی حیجاب" تەحەمول ناکرێ. بەڵام ئێستا بە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کچی شەمخانی، لە هەموو کاتێک بە كراوەییتر دەبینرێت کە حیجاب بۆ ئەوانەی دەستەڵاتدارن، فەرمانێکی ئایینی نییە، بەڵکوو نمایشێکی سیاسییە؛ شتێک کە بۆ خەڵک "ناچاری و عیبرەتە" و بۆ ئەوان "هەڵبژاردن و عادەتە".
هەر لەو ساڵانەدا کە هەزاران ژن بە تۆمەتی "حیجابی نابەجێ" دەستبەسەر، لە خوێندن بێبەش كراون، بنەماڵەی بەرپرسانی پلەباڵا، بە سامانێكی زەبەلاح و شێوازی ژیانی ڕۆژئاواییەوە، لە خۆشگوزەرانی و ئازادیی ڕەهادا دەژین. ئەم درزە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە، ڕەگی قەیرانی شەرعیەتی کۆماری ئیسلامییە؛ قەیرانێک کە چیتر ناتوانرێت بە پڕوپاگەندەی فەرمی بشاردرێتەوە، هەروەها ناتوانرێت بە هەڕەشە و بێڕێزییە قێزەونەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لێدوانی شەمخانی بە زمانی سووکایەتیپێكڕدن بە ڕای گشتی، زیاتر لە هەموو شتێک و كاتێك، زمانی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی ئێرانی ئاشکرا کرد؛ زمانێک کە خەڵک بە "حەرامزادە" ناو دەبات، چونکە مافی پرسیارکردنیان پێدراوە. ئەم خۆبەزلزانینەش نیشانەی بێدەسەڵاتی حکوومەتێکە کە لەبری وەڵامدانەوە، پەنا بۆ سووکایەتیپێكڕدن بە میللەت دەبات.
کۆمەڵگەی ئێرانی ئەمرۆ، چیتر وەک دەیان ساڵ لەمەوبەر نەماوە. دوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، سنووری نێوان گەل و دەسەڵاتداران، زیاتر لە هەموو كاتێك روون بووە. ئەو گەنج و ژنانەی کە لەسەر شەقام و كۆڵانەكان، وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی، باڵاپۆشەکانیان لابرد، نەک تەنها لە سیاسەتی حیجابی ناچاری، بەڵکوو لە تەواوی پێکهاتەی دووڕووی دەسەڵات ماڵئاواییان کرد. ئەوان تێگەیشتن کە ئازادیی ژن، کلیلی ئازادیی کۆمەڵگەیە.
ڕەفتار و قسەکانی شەمخانی نموونەیەکی بچووکی قەیرانێکی گەورەترە، کە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا ڕوو دەدات: هەڵوەرینی ئەخلاقی و داڕمانی نێوخۆیی دەسەڵات. کاتێک کەسێک کە خۆی بە "سەربازی ویلایەت" ناو دەبات، كەچی لە بەرامبەر ڕەخنەی گشتیدا پەنا بۆ سووکایەتی دەبات، ئەوە دەبێت قبوڵ بکرێت، کە حکوومەت تەنانەت ڕواڵەتی شەرعیەتی ئایینی یان ئەخلاقیشی نییە و نەبووە.
لە كچە كوردی بێتاوان ژینا ئەمینیەوە، تا ڤیدیۆی هاوسەرگیریی کچی شەمخانی، لە گەشتی ئیرشادەوە، تا تالار و هۆڵە لوکسەکانی باکووری تاران، هەموویان بەستەرن لە زنجیرەیەکدا، کە بە یەک مانا کۆتاییان دێت: کۆتایی باوەڕی گشتی بە ڕاستگۆیی حکوومەت.
ڕەنگە شەمخانی وەك بە وتەی خۆی، هێشتا "زیندوو" بێت، بەڵام لەو سیستەمەی ئەو لێیەوە سەریهەڵداوە، لە ویژدانی گەلی ئێراندا مردووە. ئەو کۆمارەی کە بە دروشمی "حیجاب بۆ پاراستنی ئەخلاق" دەستی پێکرد، ئەمڕۆ گەیشتە ئاستێک کە بێشەرمی و درۆ لە نێوەوەی هەڵدەقوڵێت و دەتەقێتەوە.
چیتر بۆ مرۆڤەكان باڵاپۆشیی ناچاری، هێمای ئیمان نییە، بەڵکوو نیشانەی ئەسیری و دیلبوونە. لە بەرامبەردا، قژی ئازادی ژنانی ئەمڕۆ، نیشانەی کەرامەت، هۆشیاری و خۆڕاگرییە. هەروەک چۆن خوێنی ژینا ئەمینی تۆوی بزووتنەوەیەکی نوێی لە ئێران چاند، ریسواییەكانی وەک شەمخانیش، ڕووخساری ڕاستەقینەی پڕ لە قێزەونی فەرمانڕەواکانیان خستە روو.
دووڕوویی موقودەس، چیتر بڕشتی نییە و ئیتر کار ناکات. خەڵکی ئێران حەقیقەتیان بینیوە، ئیتر ناکرێت ئەم حەقیقەتە بە قامچی داپۆشرێت، یان بە قسەی قێزەون و سووکایەتیپێكڕدن بێدەنگ بکرێت.
 
                 
                 
                 
             
                                     
                                    