کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێلایەنی ئیمکانی هەیە!؟

10:51 - 4 خەزەڵوەر 2725

عەلی لەیلاخ
ئەفلاتوون کەسێک بە مرۆڤی شیاو بۆ ژیان و ژیار دەزانێ کە لایەنگری عەداڵەت و دژبەری ستەمکاری بێ و، هەر لەو پێوەندییە‌دا، ئەرەستوو "مرۆڤ" بە گیانلەبەری بوێژ و ڕامیار پێناسە دەکا.
ئەم دوو پێناسە کۆن و فەلسەفییە بۆ ڕاڤە و گشتاندنی پێناسەی "ئینسان" لە کۆمەڵگەی ئێستاشدا قسەی بۆ گوتن هەیە.
پاش سەرهەڵدانی فەلسەفەی مرۆڤتەوەر (ئۆمانیزم) لە نێوەی دوویەمی سەدەی ١٤ـی زایینی  لە ئیتالیا و، پەرەپێدانی ئەم بیرۆکەیە لە سەدەکانی نۆزدە و بیست ئیتر قورساییەکی مانادارتر لەسەر شانی "ئینسان" دانرا، ئەویش هەمان گرینگی‌دان بە فەزیلەت و بەها مرۆییەکانە.
کەواتە دەتوانین بە زمانی سادە بڵێین لەو کاتەوە سنووری نێوان "بەشەر" و "ئینسان" جیا کراوەتەوە، ئیتر "بێلایەن"ی مانای خۆی لەدەست داوە و، شاملوو وتەنی (ئینسان دژواریی ئەرکە!)
کاتێک دەڵی ئینسانم کەواتە لایەنگەری ئینسانی و، کە وردتری دەکەینەوە بەسەر ناسنامە ئێتنیکییەکان بۆ نموونە کە دەڵی کوردم! یان بەلوچم !یان ژرمەنم! هەر کام لەمانە بەشێکن لەو پێناسەیە وا لایەنگری لێ دەکەی.
لە باری فیکری و بیرکردنەوەشدا کە وتت: دێموکراتم! یان سوسیالیستم! یان ئایینی! کەواتە ڕێچکەی خۆتت دیاری کردوە. بۆیە تۆ لە هەر بەستێنێکی فیکریدا بی، لایەنگریت پێوە‌ دیارە.
ئەمە پێشەکییەکە بۆ گەڕان بەدوای ئەم پرسیارە کە ئایا بێلایەنی ئیمکانی هەیە یان نە؟
یان خۆشاردنەوە لەژێر بەفری بێلایەنی، چەندە دەتوانێ بۆخۆی جۆرێک لایەنگری بێ، لە ناڕەوایی حکوومەتێک و، تەنانەت بەشێوەی نائاگاهانە پشتیوانی‌کردن لە ستەمکار بێ.
ماوەیەکە لە کەشی ڕووناکبیران و بگرە نووسەرانی ئێمە بووەتە باو کە کاتیک پرسیار دەکرێ ڕا و بۆچوونی ئێوە لە پێوەندی لەگەڵ  فڵان ڕووداو یان فڵان کارەسات چیە؟ یان بۆچی لە حاند ئەو کێشە و گرفتانە بێدەنگن؟ دەڵێن: ئێمە سیاسی نین؟ وا دەزانن بەم وەڵامە مەسئولیەت و ئەرکی کۆمەڵایەتییان لەسەر شان کەمتر دەبێ.
ئەم ڕستەیە "ئێمە سیاسی نین"! بۆخۆی "هەڵوێستێکی سیاسی"یانەیە و، دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بکرێ.
چونکە هەڵوێستی ئێمە پێوەندی بەو قوناغەوە هەیە وا تێیداین. دەنا  ئارامی و ئەهوەنیی ژیان غایەت و ئارەزووی هەر مرۆڤێکە. بەڵام کاتێک چوار تەنیشتت‌ "ئاگرباران" بێ، تۆ ناتوانی تەنیا "باران" ببینی و، کە کار گەیشتە "هەست بە ئاگر کردن"! خۆت لە بێلایەنی بدەی و بڵێی:  ئاگرە سوورە، لە‌ خۆم دوورە!
لە تۆمارە دەنگییەکدا  دوکتور قاسملوو دەڵێ: "فەلسەفەی ناوێ لەنێوانی "حق و باطل"دا رێگای دیکە نییە، یان لەگەڵ هەقی یان لە بەرەی باتڵ‌دای.
لەوانەیە ئەم وتەیە بە ڕواڵەت نادێموکراتیک بنوێنێ، بەڵام بە سەرنجدان بەو قوناغە کە کورد و خەباتی کورد و قاسملووی تێکەوتبوو و، بە پەیکاڵ‌کردنی لەگەڵ مێژووی ئینقلاب و بزاڤە جیهانییەکان، قسەیەکی تەواو ڕاست و چارەسەرسازانەیە، کە لایەنی سێیەم لەنێوان "شەڕ و خێر" دەبێتە فرەیی چینی خۆڵەمێشی کە نائاکتیڤ‌بوونیان خەسار لە بەرەی گەل دەدا و، بە قازانج دیکتاتۆران دەشکێتەوە.
هەمان ڕوانگەی هانا ئارێنت فیلسووفی ئاڵمانی وەبیر دێنێتەوە کە باسی بێتەفاوتیی کۆمەڵایەتی دەکا و "خەمساردیی سیاسی" بە مەترسیدار و فریوخواردوویی لەقەڵەم‌ دەدا.
لە پێوەندی لەگەڵ  ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان هاوشێوەی ئێستای کۆماری ئیسلامی‌ دەڵێ: کە هەوڵ دەدەن بۆ تاک‌‌وتەراخستنی کۆمەڵگە و دابڕاندنی لە "کردارێکی گشتی" و لێكترازانی "پێکەوەبوون"! چونکە ئێمە تەنیا "مرۆڤ" نین و بەڵکوو "مرۆڤەکانین" واتە هاوچارەنووسین و بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە هەر چەشنە فەساد و گەندەڵیی سیاسیی ئەم پێکەوەبوونە، وەکوو کاردانەوەیەکی جەمعی، پێشمەرجێکی بنەڕەتییە.
کەواتە لە هەمبەر کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان کە هەموویان ناوکیان بەستراوە بە سیاسەتەوە، هەر چەشنە بێ‌ڵایەنی، کۆنەپارێزیی لێ‌ دەکەوێتەوە و، ئەم خەمساردییە سیاسییەش زەبرێکی کوشندە بە کۆمەڵگە دەگەیەنێ. وای بەسەر دێ  کە "خراپەکارییەکان" ئاسایی دەبێتەوە. بۆ نموونە کۆڵبەرکوژی و خۆکوژی خەریکە دەبێتە بەشێکی ئاسایی لە هەواڵ و ڕووداوی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی ئـێمە!
زۆر جار ئێمە بە ساعات سەرقاڵی گەڕان بەدوای هەواڵی زەرد و ناڕاستین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەمانکاتدا بە ئاسانی لە تەنیشت  واقعی تاڵ و ڕۆژەڤی کۆمەڵگە وەکوو "منداڵانی کار، ئیعتیاد، هەژاری و ناعەداڵەتیی کۆمەڵایەتی" ڕەت دەبین و تەنانەت پێشێلکردنی مافە سەرەکییەکانی شارۆمەندی لە لایەن دەسەڵاتەوە نامانبزوێنێ و، هەموو هەستی ئێمە بە دەور خۆمان و بنەماڵەمانەوە کورت و کۆ کراوەتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر زۆرینەی مامۆستایان و نووسەران و خوێندکاران و شاعیرانی ئێمە  لەسەر بابەتی زمانی دایک یان مافەکانی دیکە لەسەر هەست و لەسەر خەت بن، ئایا نابێتە پرسێکی سەرەکیی دەسەڵات و خێرایی بە چارەسەری نابەخشێ؟!
 هەر ئەمە جاروبار دەڵێن "دەست بە کڵاوی خۆت بگرە، با نەیبات"، بنەڕەتی خەمساردیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی ئێمەیە و تاکەکان، لە تاکێکی کۆمەڵایەتیی کردارییەوە دەبن بە تاکێکی دوورەپەرێز و خۆویست.
ئایەی قورئانە کە دەڵێ: "خودا بارودۆخی هیچ گەلێک ناگۆڕێت، تا سەرەتا خۆیان بارودۆخی خۆیان نەگۆڕن". بەم پێیە بارودۆخ‌گۆڕین پێویستی بە هەرەوەزی گشتییە و، هەر چەشنە بێلایەنییەک لە واقعدا هەمان خۆگێل کردنە. چونکە گوتراوە لە دۆخی بێ‌عەدالەتیدا ئەگەر بێلایەن بی، ئەوە  لایەنی ستەمکارت گرتوە.
ئەم بێعەداڵەتیەش دەتوانێ بێعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی بێ کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبیندرێ و شاهیدی کەمتەرخەمیی زۆرینەین.
تەشەنەستاندنی بێلایەنی، کۆمەڵگە تووشی نەخۆشیی خەمساردی دەکا و کۆمەڵگەی خەمساردیش بەستێنێکی لەبارە بۆ هەر چەشنە زوڵم و زۆرداریی نێوخۆیی و دەرەکی و بۆ هەر جۆرە ستەمی تاکەکەسی یان سیستەماتیک.
مێژوونووسێک دەڵێ: شۆڕش‌کردن بۆ خەڵکی نەزان، وەکوو هەڵگرتنی چرایە لەسەر ڕێی کوێران"، ئەم نەزانین و گەمژەییە خۆگێل‌کردنیش دەگرێتەوە.
کاتی خۆی کە جەنگاوەری میسری بەناوی محەممەد کەریم لە ساڵی ١٧٩٨ کە لە  هێزەکانی فەڕانسە شکستی خوارد، ویستیان ئێعدامی بکەن، ناپلیۆن بۆناپارت بانگی دەکا و پێی دەڵێ: پێم ‌ناخۆشە کەسێک ئیعدام بکەم کە بۆ وڵاتەکەی شۆرشی کردوە، بەڵام بۆ لێخۆشبوون دەرفەتت پێ دەدەم هەتا ١٠ هەزار دراوی زێڕم بۆ پەیدا بکەی وەکوو غەرامە و قەرەبووی ئەو سەربازانەی کە کوشتووتن.
محەممەد کەریم بە بزەوە دەڵێ: جا بازرگان و دوکانداری ئەم ‌شارە ١٠٠ هەزار سککەی زێڕ بە من قەرزدارن و لێیان وەردەگرم.
دەڵێن چەند رۆژ بە نێو شاری ئەسکەندەرییە بە زنجیر و کۆتی یەخسیرییەوە گەڕا و دینارێکی بۆ کۆ نەکرایەوە کە هیچ، تەنانەت هەندێک کاسبکار تاوانباریان کردبوو کە شەڕەکانی تۆ دۆخی ئابووریی لێ‌ تیکداوین.
محەممەد کەریم دەستبەتاڵ و دڵپڕ گەڕایەوە لای ناپلیۆن و ئەویش پێی گوت: "ناچارم لە سێدارەت بدەم نەک لەبەر کوشتنی سەربازەکانم، بەڵکوو لەبەر ئەوە بوویتە شەڕکەر و سەربازی کەسانێک وا پارەیان لە نیشتمان زێدەتر خۆش ‌دەوێ.
هەمان چیرۆک بە جۆری دیکە لە مەهابادی ئێمەش لەسەروبەندی ئیعدامی پێشەوا قازی محەممەد ڕووی ‌دا. بە گوتەی یەکێک لە کچەکانی پێشەوا، ئەوکات بڕە پارەیەکمان دەویست بۆ هەزینەی وەکیل و پارێزەر، ماڵ بەماڵ و دوکان بە دوکان  گەڕاین و کەس دەرگای لێ‌ نەکردینەوە! کەواتە  بێلایەنی زۆرینەی کۆمەڵگە و لایەنگری‌کردن لە دۆخی تاکەکەسی و بەرژوەندیخوازی، لە سێدارەدانی قازی محەممەدی ئاسانتر کرد.
هەر بۆیە لە ئەمڕۆکەش ڕێژەی زۆری ئیعدام و زیندان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ  لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ ڕادەی پەرچەکردار و، وەدەنگهاتنی کۆمەڵگە پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە.
 نموونەیەکی سادە ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان کە وشیار و زیندووترین کۆمەڵگەیە لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران، خۆی لە بۆنە فەرهەنگی و کولتوورییەکان قەتیس نەهێڵێتەوە و، لە بوارەکانی دیکەش وەکوو زیندانییە سیاسییەکان و سەرکوتەکان و پێشێلکارییەکان، یەکدەست و هاودەنگ لە مەیدان بن، چەندە دەتوانێ تێچووی سەرکوت و دەمکوت بۆ دەسەڵات بباتە سەرەوە؟ بێشک بێلایەن‌نەبوونی تاکەکان و هەبوونی کۆمەڵگە بە هەڵوێست، هێزێکی کاریگەرترە لە هەر هێزێکی دەرەکی. بەڵام تا کاتێک زۆرینەی خەڵک و بەتایبەتی دەستەبژێرانی ئێمە بڵێن ئێمە بێلایەن نین و سیاسی نین! ئەم هەقیقەتە تاڵە لە کۆمەڵگەی ئێمە بەردەوام دەبێ ، کە ئازادی و بەها مرۆییەکانی ‌خۆش و پێویستن، بەڵام بە نرخی گیان و خوێن و ماندووبوونی کوڕ و کچانی دراوسێ!
لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ مادام بێلایەنی ئیمکانی نییە و بمانهەوێ یان نە، لایەنگری لایەنێکین! دەی با لە بەرەی خەڵک و لە ئاست چارەنووسی گەلدا  بێلایەن نەبین.
هەروەها مانای لایەنگری‌کردن لە هەق و ، ڕاوەستانی بەدژی ناهەقی، ڕێگاکەی تەنیا چەک‌هەڵگرتن یان هاتنە سەر شەقام نیە، بەڵکوو هەر ئەو وتە بەنرخە کە "بۆ خەبات چ زۆرە ڕێگا"،  بۆ بەربەرەکانی‌کردن لەگەڵ ستەمکاریی سیستەماتیکی حکومەتە تۆتالیتەرەکان چ زۆرە ڕێگا. گرینگ ئەوەیە لە تاکێکی خەمساردەوە ببین بە کۆمەڵگەیەکی چالاک و لەسەرپێ، لە هەمبەر کەموکوڕییەکان و ناعەداڵەتییەکان‌.
جیاوازیی جەوهەریی نێوان  "بەشەر "وەکوو گیانلەبەر"  لەگەڵ "ئینسان" بە مانای کەرامەت‌بەخشراو، دەتوانێ ئەمە بێ کە "ئینسان" بە پێچەوانەی "بەشەر" خاوەن هەڵوێستە و بێلایەن نییە و شتە باشەکانی  هەر تەنیا بۆخۆی بە ڕەوا نازانێ، بەڵکوو بۆ گشت کۆمەڵگەی دەوێ.
ژێدەر:
ماڵپەڕی "پیوند"
قسەکانی مونیرە قازی
اندیشکدە خرد