 
        
    
شەماڵ تەرغیبی
لە یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمی "ژیانێکی شاراوە" بەرهەمی گەورە دەرهێنەری ئەمریکایی، تێڕەنس مالیک، جووتیارێکی ئۆتریشی کە بەهۆی ملکەچنەبوون لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیزمی هیتلێردا دەستبەسەر کراوە بڕیاری ئێعدامکرانی دەدرێت. پارێزەرە دەسنیشانکراوەکەی داوای لێ دەکات کە سوێندی وەفاداری بۆ هیتلێر بخوات تاکوو ژیانی ڕزگار ببێ و ئێعدام نەکریت و ئازاد بکرێ. بەڵام جووتیارەکە لە حاڵێکدا دەزانێ کە چەند چرکە دواتر ئەگەر ئەو سوێندە نەخوات، گیانی لێ دەستێندرێت، پێی دەڵێ: "من ئازادم!"
لە نێواخنی ئەم فیلمەدا گەلێک دیالۆگی سەرنجڕاکێش بەر گوێی بینەر دەکەوێ بەڵام گرینگترینیان هەر ئەم ڕستە کورتەیە کە دەڵێ: "من ئازادم!" ئەم رستە کورتە کە لە ناخی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک واتای فەلسەفی و سیاسی و ئەخلاقییە هاوکات ورووژێنەری کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەریشە کە ڕەنگە ئەم پرسیارە خۆی لە لووتکەدا ببینێتەوە؛ پرسیاری ئەوەی کە چۆن دەکرێ کەسێک کە بە دیل گیراوە و لە ساتەوەختی ئێعدامکراندایە بڵێ من ئازادم؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفە و تێڕوانینی "کانت" کە بەئاشکرا دەڵێ: ئەمە کردەیەکی ئەخلاقی و ڕەوشتمەدارانەی سووژەیەکی خاوەن ئیرادەیە کە دەیهەوێ ئازاد بێت؛ ئازاد لە هەموو فاکتەرە دیاریکەرەکان و هۆکارە دەرەکییەکان.
ملکەچنەبوونی جووتیاری نێو فیلمی ژیانێکی شاراوە بۆ سوێندخواردن و ئامادەبوون بۆ ئێعدامکران، لەم چوارچێوەیەدا پێناسەی بۆ دەکرێت. کەسێک کە ئامادە نییە ببێتە دیلی دەستی هۆکارە دەرەکییەکان؛ جا چ نەریت و دابەکان بێت یان ئابووری و سیاسەت. ئەو دەیهەوێ ئازاد بژی کەواتە ئامادەیە بۆ پاراستنی ئەو ئازادییە مەعنەوی و ئەخلاقییە گیانی خۆی پێشکەش بکات.
ئەم بەسەرهاتە و داستانی ئەم فیلمە بۆ زۆرێک لە ئێمەش ئاشنایە و نامۆ نییە. ساڵانێکی دوورو درێژە کە لاوانی کورد بۆ "ئازادژیان" ملیان بە تەنافی ئێعدامەوە دەڕازێننەوە چونکە نایانهەوێ هۆکارە دەرەکییەکان و لە سەرووی هەمووان دەسەڵاتی سیاسی زاڵ لە مانا بەتاڵیان بکاتەوە. ڕاستە کە ئەم بیرکردنەوە و پێبەندبوون پێی زۆر سەخت و دژوارە و تێچووەکەی لانیکەم بۆ بکەری ئەو کردارە گەلێک زۆرە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئازادی لەو کاتەدا مانا پەیدا دەکات.
لە کۆمەڵگەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا کەم نەبوون ئەو زاتە ڕەوشتبەرزانەی کە ئامادە نەبوون بۆ چرکەساتێک ژیانی زیاتر، خۆیان بفرۆشن یان لە مانای ڕاستەقینەی ژیان دوور بکەونەوە و چاویان لە ئاست ئازادییان بنوقێنن. ئەمە ڕاستەوڕاست خاڵی جیاکەرەوەی ئەو کەسانەیە لەگەڵ ئەو تێڕوانین و بۆچوونەی کە سەرانی کۆماری ئیسلامی ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە هەوڵ دەدەن لە مێشک و زەینی کۆمەڵگەدا تێی خزێنن و خەڵکانێکی گوێلەمست و ئاڵقەلەگوێ بار بهێنن کە لەباتی ئەوان بیر بکەنەوە، بڕیار بدەن و ژیان بکەن و شێوەی ژیانێک لە مێشکیاندا بخوڵقێنن کە پەسندی لای دەزگای ویلایەت بێ.
کۆماری ئیسلامی دواساتەکانی ژیانی خۆی ئەزموون دەکات؛ گوشارە لانیزۆرەکانی دنیای دەرەوە، گوشارە ئابوورییەکان لە نێوخۆ کە خۆیان لە قەوارەی گرانی و بێکاری وهەژاری ڕەهادا دەرخستووە و هەروەها نەمانی ڕەوایی و مەشروعیەت لای خەڵکانی نیشتەجێ لەم جوغڕافیایە و بێزاریی وڵاتانی ناوچەیی لە سیاسەتە شەڕئەنگێزانەکانی تاران وایان کردووە کە هەر وەک لە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی ژینادا بینیمان، لە هەر ئانوساتێکدا دەبێ چاوەڕوانی تەقینەوەیەکی بەهێز بین کە ڕوو بە دەسەڵاتی ئازادیکوژ ڕوو دەدات؛ بەڵام دەسمایەی سەرەکی ئەم تەقینەوەیە و شکڵگرتنی ئەو ناڕەزایەتییە گشتگیرە کە ئیرادەی تێکەوەپێچانی تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی لە بەردا بێ، ئەوەیە کە "ئازادژیان" بە هەموو دژواری و سەختییەکانی قبووڵ بکرێ. ئەمە ئەو کەتوار و ڕاستییە نکۆڵیلێنەکراو و لە هەمان کاتدا سەلمێنراوەیە کە دەبێ ئازادیخوازانی وڵات لەبەر چاوی بگرن و خەڵکانی تریشی لێ ئاگادار بکەنەوە.
 
                 
                 
                 
             
                                     
                                    