کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویلایەتی فەقیهـ کۆماری ئیسلامی ئێران؛ قەیران لە هەموو ئاستەکاندا

11:26 - 19 خەزەڵوەر 2725

زانیار حوسێنی

ویلایەتی فەقیهـ، بیرۆکەیەک بوو کە دوای شۆڕشی ٥٧ لە ئێران کرا بە پایەی ناوەندی سیستەمی سیاسیی ئێران. ئەم تیئۆرییە شەرعییەتی دەسەڵاتداری خستە دەستی پیاوانی ئایینی و وەلی فەقیهـ و پێکهاتەی سیاسیی ئێرانی گۆڕی بۆ سیستەمێکی ناوەندگەرا، ناڕوون و تاکڕەو بە سنووردارکردنی توندی ئازادییەکانی و پێشێلکردنی بونیاتەکانی مافی مرۆڤ. جگە لە لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، چڕبوونەوەی دەسەڵاتی بێ مشتومڕ بووەتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی بڕیاردانی داخراو و قۆرخکراو کە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەیەکی دوور لە ڕاستییەکانی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران وەک ئۆمەتێک بە واتا و تاریفێکی نوێ ڕێگری لە گەشەکردنی دامەزراوە سەربەخۆکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و توانای داهێنانی کۆمەڵایەتی دەکا.

ڕەوتی مێژوویی و پێکهاتنی ویلایەتی فەقیهـ

ویلایەتی فەقیهـ لە تیئۆرییەکانی خومەینی پێش شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی داڕێژرا و وەک پێنجەمین بنەما و ئەسڵی یاسای بنەڕەتی لەدوای شۆڕش چەسپێنرا. ئەم پێکهاتەیە ڕێگەی بە ڕێژیم دا کە کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی بەسەر بڕیارە سیاسی، سەربازی و ئابوورییە گەورەکاندا هەبێ و هەموو دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکانی بەشداربوو، ببن بە بەرهەمهێنەرەوەی دەسەڵات بۆ ڕێژیم. جگە لەوەش قۆرخکاری دەسەڵات ڕێگری لە دروستکردنی کەشێکی ڕەخنەیی تەندروست و ڕۆیشتنی ئازادانەی زانیاری کردوە و بۆیە ئەگەری چاکسازیی پێکهاتەیی زۆر سنووردار و هەتا ڕادەیەکی بەرچاو مەحاڵ بووە.

لە ڕوانگەی مێژووییەوە، ئەم ڕەوتە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران زیاتر سەرنجی لەسەر پاراستنی هێژموونی و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی ناوخۆی خۆی بێ نەک دەسەڵاتێکی گونجاو و وڵامدەرەوە، هەر ئەوە بۆتە هۆی کۆنتڕۆڵ و خۆگرتنی دامەزراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان. گرنگیدان بەو ئایدئۆلۆژیایە، بڕیار و پلانە گشتی و درێژخایەنەکانی وڵاتی بە شێوەیەکی سەرەکی بەرەو مانەوەی ڕێژیم و ڕەوتی توندڕەوەکان ئاراستە کردوە، نەک گرنگیدان بە خۆشگوزەرانی، بەرژەوەندیی نەتەوەکانی نیشتەجێبوو لە ئێران، گەشەپێدانی گشتی و ژێرخانە گرینگەکان.

پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی ویلایەتی فەقیهـ

ویلایەتی فەقیهـ ناوەندی هەموو بڕیارە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانە و ڕۆڵی سەرپەرشتیاری بەسەر پەرلەمان، دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەریدا هەیە. جگە لە دەسەڵاتی دەرکردنی بەرپرسە سەرەکییەکان و دیاریکردنی سیاسەتی ئابووریی گەورە و ئاراستەکردنی دامەزراوە سەربازییەکان، دەتوانێ سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی وڵاتەکە دیاری بکا بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان بکا. ئەم پێکهاتە تێکەڵاو و ئاڵۆزە وای‌ کردوە کە سووڕانەوەی هێز لە دەسەڵاتدا مەحاڵ بێ و دامەزراوە مەدەنی و دەوڵەتییەکان تەنیا بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی وەلی فەقی کاربکەن و بە کردەوە وەک باسکی ویستەکانی ڕێبەری ئەو سیستەمە مامەڵە بکەن. لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەسڵەکانی١١٢،١١١،١١٠،١٠٩،١٠٨،١٠٧،٥٧،٥باس لە هەڵبژاردنی وەلی فەقی (ڕێبەری ڕێژیم)، ڕادەی دەسەڵات، ڕێژەی شایستەیی و ئەرکەکانی دەکەن؛ بە وردبوونەوە لەو خاڵانە و تاریفی ئایدۆلۆژی ویلایەتی فەقیهـ، تەنیا ئەو تاکانە دەچنە بازنەی ئۆمەتەوە کە خۆیان لە بازنەی ئەو فکرییەتەدا ببینەوە و لە بنەڕەتدا میللەت و نەتەوە بابەتێکی تەواو داخراو و بێ واتایە.

کۆماری ئیسلامی و چڕبوونەوەی دەسەڵات

کۆماری ئیسلامی ئێران بە تێکەڵکردنی دامودەزگا ئایینی و دەوڵەتییەکان، سیستەمێکی بە ڕواڵەت نیمچە جەماوەری و نیمچە فەقیهی دروستکردوە. هەڵبژاردنەکان بە ڕواڵەت ئازادن، بەڵام کاندیدەکان لە لایەن شۆڕای نیگابانەوە لە فیلتەر تێدەپەڕێنن، کە وەک چاو و باسکی وەلی فەقی کار دەکەن و پەرلەمان و حکوومەت ڕۆڵێکی تەواو جێبەجێکارانە دەگێڕن. ئەم چڕبوونەوەی دەسەڵاتە بووەتە هۆی قەیرانی لێپرسینەوە و وڵامدەربوونەوە، قەیرانی شەرعییەت و دابەشبوونێکی قووڵ لە نێوان دەسەڵات و نەتەوەکانن نیشتەجێی ئەو چوارچێوەیە. لە ڕواڵەتی پێکهاتەی نیمچە جەماوەریی ڕێژیم، ڕیئاکتۆرەکانی بەرهەمهێنانی پاوانخوازی خۆیان حەشار داوە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بە مەبەستی دابینکردنی وزەی پێویست بۆ لەسەرپێ ڕاگرتنی ئەو سیستەمە، زیاتر وەگەڕ دەکەوێ؛ بۆیە سیستەمی ڕێژیم توانای ڕاکێشانی نوخبە سەربەخۆکان و بەرزکردنەوەی تواناکانی کۆمەڵگەی مەدەنییان نیە. کێبڕکێی سیاسیی ڕاستەقینە بەهۆی بایەخدان بە سەقامگیریی ڕواڵەتی، کراوەتە قوربانیی نرخی بەشداریکردن و ئازادی ڕاستەقینە.

چڕبوونەوەی دەسەڵات لەم سیستەمەدا بە ڕادەیەک بەرز بۆتەوە کە وەلی فەقی یان ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەتوانێ لە سەرووی یاسای بنەڕەتی، یاسا ئاسایی و عورفییەکانی وڵات هەڵسوکەوت بکا و لەهەر بەشێکی سیستەمی سیاسی-ئیداری، سەربازی-ئەمنییەتی و ڕێبازە دەرەکییەکانی وەک دیپلۆماسی و کارلێکی نێودەوڵەتییەکان، تەنیا بە یەک بڕیار لەژێر ناوی بڕیاری حکوومەتی یان فەرمانی ویلایی بەشێک یا هەمووی ستراتیژییە گەورە و هەستیارەکان بپارێزێ یان هەڵبۆوەشێنێتەوە. لە بەرانبەریشدا هیچ دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەتی یان ناحکوومی، شەرعییەتی داواکردنی ڕوونکردنەوە، شیکردنەوە یان پرسیارکردنی نیە؛ بڕیاری حکوومەتی یان فەرمانی ویلایی، سەرکردەی سیستەمێکی لەو جۆرە دەخاتە دۆخی دەسەڵاتێکی بێسنوور بە بێ لێپرسینەوە. داکۆکیکارانی مافێکی وەها بۆ وەلی فەقی، بەرگرییەکانیان بەپێی مادەکانی ٥٧ و ١١٠ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانن و ئەم دوو ئەسڵە بە سەرچاوە و وەرگیراوەکانی بڕیاری حکوومەتی پێناسە دەکەن. وە لە هێندێک حاڵەتدا یاسای بنەڕەتی، دامودەزگاکانی دەوڵەتی و هەموو سەرچاوەکان وەک خزمەتکار و جێبەجێکەری ویست و خواستەکانی وەلی فەقی دەژمێرن و بە ئاشکرا یاسا بە ژێردەستەی وەلی فەقیهـ و ڕێبەری ڕێژیم ناو دەبەن. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە یاسای بنەڕەتی دەبێ بەتەواوی ڕوون و بە بێ هیچ جێی پرسیار یان پێویست بە شیکردنەوەی بێ و لەو دوو ئەسڵەدا (هەرچەندە بە تەواوی دژایەتیی لەگەڵ پێوەرە مرۆیی، مافەکانی مرۆڤ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی هەیە) هیچ مەبەستێکی ڕاستەوخۆی یاسایی لێ دەرناکەوێ کە ڕێگە بە یاساییبوونی بڕیاری حکوومەتی درابێ.

بەڵام بەشێک لە داکۆکیکاران و لایەنگرانی ڕێژیم بۆ یاسای "بڕیاری حکوومەتی یان فەرمانی ویلایی" پەنا بۆ قسەیەکی خومەینی دەبەن کە دەڵێ: هەموو دەسەڵاتەکانی ویلایەتی ڕەهای فەقی لەم یاسایەدا نەهاتووە. لە ڕاستیدا ئەو لێدوانەی خومەینی کە یەکەمین وەلی فەقی و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بوو، لە یاسای بنەڕەتی تێدەپەڕێ و بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی دەبێتە فەرمانێکی ویلایی و ئیجباری؛ بە واتایەکی تر تەنیا ئەو قسەیەی خومەینی بوو بە تەنیا پێوەری ڕەوایی بڕیاری حکوومەتی یان فەرمانی ویلایی و ئەوەش هەمان پاوانخوازی تەواوی پاشاکانی سەردەمی کۆنه کە خۆیان بە نوێنەر و سێبەری خودا زانیوە.

ویلایەتی فەقیهـ و دەرئەنجامە ناوخۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی

چڕبوونەوەی دەسەڵات دەرئەنجامی چەند چینەی هەیە: سەرکوتی سیاسی، سنووردارکردنی ئازادییەکان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەڵاواردنی ئایدئۆلۆژی. جگە لەوەش ناڕازیبوونی گشتی و دابەزینی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و بێ‌متمانەیی نێوان خەڵک و ڕێژیم گەیشتووەتە لوتکە. هەروەها فشارە دەروونییەکان کە لە ئەنجامی سەرکوتکردنی بەردەوام و زیادبوونی بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکانەوە سەرهەڵدەدات، جیا لە دابەزین و کەمبوونەوەی دەستپێشخەریی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، سنوورداربوونی لەڕادەبەدەری چالاکییە مەدەنی و کولتوورییەکانیش بەهۆی دانانی بەربەستی مرۆیی و دەستکرد، بوونە هۆی نەخۆشییە دەروونییە بەکۆمەڵەکانی وەک خەمۆکی، بێهیوایی، پاسیڤیەت و قەیرانی شوناس. لە ئێستادا، کۆمەڵگە لەژێر ئەو گوشارانەدا، توانای بەرخۆدانی بنیاتنەر و کارایی کۆمەڵایەتی لەدەستداوە و بێ‌متمانەیی بەربڵاو بووەتە پەتا؛ بەشێوەیەک کە نەتەوەکانی نێشتەجێی ئەو جوگرافیایە لە حاڵەتی چاوەڕوانی بەر لە هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕی گەورە و بنچینەیی دان، ئاڵوگۆڕێک کە دیار نیە کەنگێ و چۆن پێداویستییە وەپشتگوێخراو و سەرکوتکراوەکان و قەیرانە کەڵەکەبووەکان دەکاتە ئاوردووی ئاوری ڕق و تووڕەیی و ناڕەزایەتی داهاتوو.

ویلایەتی فەقیهـ لە ئاوێنەی سیاسەتی دەرەوەدا

ویلایەتی فەقیهـ کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر سیاسەتی دەرەوەدا هەیە و بڕیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامانجی ئایدئۆلۆژی و ڕێگریکردن لە قاڵب دەدرێن. بەکارهێنانی بەرنامەی ناوەکی و هاژەکی، دەستێوەردانی ناوچەیی کە هەڕەشەیە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە، پشتیوانی لە دامەزراوە تیرۆریستییەکان بۆ پێکانی ئامانجی وەک سپیکردنەوەی پارە و... هتد، بووەتە هۆی گۆشەگیری نێودەوڵەتی و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یان هەمان سناپ بەک. ئەم سیاسەتانە بازنەی مانۆڕی دیپلۆماسییان سنووردار کردوە و توانای ئێرانی بۆ پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ جیهانی کەم کردوەتەوە. هاوکات تێچووی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بەهۆی گۆشەگیری، لەگەڵ گەندەڵیی بە سیستەمکراو، گوشاری ڕاستەوخۆی خستۆتە سەر ژیانی ئەو خەڵکەی لەو جوگرافیایەدا دەژین و توانای ڕێژیمی بۆ وڵامدانەوەی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کەمکردۆتەوە؛ بەجۆرێک کە زۆرێک لە لاوازییەکانی نەک لە ڕووی کەمتەرخەمییەوە، بەڵکوو دەرئەنجامی بێتوانایی و ناکارامەیی ئەو ڕێژیمەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

وەلیی فەقیهـ لە چوارچێوەی ئابوورییدا

ئابووریی گەورە لەژێر کۆنتڕۆڵ و دەستی دامەزراوە ناهەڵبژێردراوەکان دایە و زۆربەی سەرچاوە داراییەکان بۆ پرۆژەی سەربازی و ناوەکی خەرج دەکرێن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی و گەندەڵیی بەربڵاو، هەڵاوسان و بێکاری. جگە لەوەش چڕبوونەوەی ئابووری، داهێنان و کێبڕکێی لە کەرتی تایبەتدا سنووردار کردوە و بەرهەمهێنانی ئابووریی گەورەی کەمکردۆتەوە. گوشارە نێودەوڵەتییەکان و ناکارامەیی بەڕێوەبەری بۆتە هۆی زیادبوونی کەلێنی داهات و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک، ئەمەش تەنیا یەکێکە لە هۆکارەکانی ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی.

ئەم سیستەمە بە چڕبوونەوەی دەسەڵات، سەرکوتکردنی کۆمەڵایەتی، چەقبەستوویی ئابووری و سنووردارکردنی چالاکییە کولتووری و مەدەنییەکان و گوشارە دەروونییەکانی، سیستەمێکی دروستکەری قەیرانی پێکهێناوە کە کاریگەریی لەسەر هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە هەبووە و ڕێگری لە گەشەسەندنی بەردەوامی کردوە. چاکسازییە بچووکەکان ناتوانن قەیرانە پێکهاتەییەکان چارەسەر بکەن و گۆڕانکاری ڕاستەقینە، پێویستی بە داڕشتنەوەی بنەڕەتی دامەزراوەکان و ناناوەندگەرایی دەسەڵات هەیە، کە بە بوونی لیڤەری ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ، ئەنجامی ئەو کارانە و لەبەرچاوگرتنیان بە کردەوە مەحاڵ دەنوێنێ.

ویلایەتی فەقیهـ لە کارلێککردن لەگەڵ کولتووردا

ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقی لە ڕێگەی شۆڕشی فەرهەنگ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی واقیعە نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و نەریتییەکان، هەوڵیدا کەلتوور لە ئاستی گەورە و بچووکدا پێناسە بکاتەوە و کولتووری دینامیکی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران بشێوێنێ؛ لەم ڕێیەدا نەک هەر بە سانسۆر، کۆنترۆڵی توند و دیاریکردنی سنوورە دیاریکراو و داخراوەکان هەموو لایەنەکانی گەمارۆ دا، بەڵکوو هەوڵی دووبارە پێناسەکردنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ژنان و گەنجانیشی دا. بە ناوی بەها ئیسلامییەکانەوە سنوور و چوارچێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، چۆنێتی جلوبەرگ و تەنانەت ئارەزووەکانیشی دیاری کرد و چوونەدەر و هەڵاتن لە ئەو بازنەیەی بە پێشێلکردنی کەرامەت، گەندەڵی و هێندێک جاریش لادان لە ئایینی زانیوە و زیاتر لە ٤ دەیەیە بووەتە هۆی گەورەترین فشاری دەروونی-کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان، پیاوان و نەوە جیاوازەکان؛ لە ڕاستیدا تاکە کولتوری قبوڵکراو و ڕەوا، کولتوری ئیسلامیی ویلایەتی فەقیهـ و هیچی تر.

کۆتا قسە

ویلایەت فەقیهـ وەک ناوەندی بڕیاردانی ڕەها، هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی، دادوەری و سەربازی کۆنتڕۆڵ دەکا. ئەم چڕبوونەوەی دەسەڵاتە بووەتە هۆی پێشێلکردنی بەدووپاتکراو و سیستەماتیکی دێموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕین، بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی کێبڕکێی سیاسیی ڕاستەقینە؛ ئەم جۆرە ڕێژیمانە بە شێوەیەکی کردەیی توانای وڵامدەربوونەوەیان لاواز و ناتەواوە و لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان بە دروستکردنی قەیران، هەوڵی ئاسایی نیشاندانی کێشەکان و خۆدزینەوە لە بەرانبەر پرسەکان دەدەن.

بەردەوامی چڕبوونەوەی دەسەڵات گوشارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری زیاتر کردوە و قەیرانی شەرعییەتی سیاسیی ئەو ڕێژیمەی گەیاندووەتە لوتکە. گوشارە ئابوورییەکان و سەرکوتە بەردەوامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان وای‌ کردوە، نەتەوەکانی نیشتەجێبوو لە ئێران زیاتر ئامادەی سەرهەڵدانی بزووتنەوە مەدەنییە بەربڵاوەکان بن؛ هەروەها سزاکان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی، دەرفەتی چاکسازییان بە ڕادەیەکی بەرچاو سنووردار کردوە و ناڕەزایی ناوخۆییان زیاتر لە جاران کردوە. لە ئاکامدا تەنیا گۆڕانکاریی پێکهاتەیی، وەک کەمکردنەوەی چڕبوونەوەی دەسەڵات، چاکسازیی بەرفراوانی یاسای بنەڕەتی بەگوێرەی پێداویستییەکانی ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و پرسە ناوخۆییەکان، گۆڕانکاریی لە ڕێبازی ئایدئۆلۆژی بۆ ڕێبازێک کە هاوتەریب بێ لەگەڵ داواکاریی گەلانی نیشتەجێی ئێران، هەروەها هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەتوانێ ڕووناکاییەکی کزی باشتربوونی ئەو دۆخەی ئێستا بخاتە بەر ئاسۆی دیدی کۆمەڵانی خەڵک. بەڵام بەداخەوە بە سەرنجدان بە مێژووی حوکمڕانی و ڕەفتارەکانی سیستەمی ئێستا، مەحاڵە لەژێر ناوی ویلایەتی ڕەهای فەقیدا، گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە ڕێکخستنێکی لەو شێوەیەدا بکرێ؛ مێژوو دەریخستووە ئەو سیستەمانەی کە هیچ دوودڵییەکیان نیە لە پشتگوێخستنی ئەم جۆرە پرسانە، ناتوانن لە داڕمان و ڕووخان ڕزگاریان بێ.