
دارسمە
ئەرێ سەردەمی خشتەی وشەی یەکتربڕتان لەبیرە؟ مەبەستم هەمان "جدول کلمات متقاطع"ه. ئای چەندە سەردەمێکی خۆش بوو! ئەوکات ئەوکەسانەی زۆر گەڕابوون، ئەوانەی زۆریان کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار خوێندبۆوە، ئەوانەی زۆر لە مەجلیسی پیاوماقوڵان دانیشتبوون و بەرتەونانە و سەردوولکە و بالۆرەی ژنانیان بیستبوو، لە پڕکردنەوەی خشتەی وشەی یەکتربڕی ڕۆژنامە و گۆڤاراندا سەرکەوتووتر بوون. بەڵام ئەوکاتیش هێندێک کەس، بێ ئەوەی زۆریان خوێندبایەوە یان زۆر گەڕابان، زۆر جار لە پڕکردنەوەی خشتەی یەکتربڕ یان "حل جدول کلمات متقاطع"دا سەرکەوتوو بوون. هۆکارەکەش سادە بوو: زۆر پڕۆڤەی پڕکردنەوەی خشتەی یەکتربڕیان کردبوو و لەم کارەدا سەرڕاست ببوون.
داوای لێبووردنێکی قورس و قایم لەو خوێنەرە بەڕێزانە دەکەم، پێیان ناخۆشە ڕستە و دەستەواژەی فارسی بخرێنە نێو نووسین و لێدوانان. بە ناچاری ناوی "نظام مقدس" و "جدول کلمات متقاطع"م بە فارسی هێناوە. تەنیا مەبەستم ئەمەیە ئەوانەی بە کوردییەکی وەک فارسی دەدوێن، لێم تێبگەن و بزانن مەبەستم چیە. با باسی کەلکوەرگرتن لە دەستەواژە و مەستەواژەی فارسی بۆ کاتێکی دیکە جێ بهێڵین و بچینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان.
سەبارەت بە پڕکردنەوەی خشتەی وشەی یەکتربڕ، ئەوانەی بێ خوێندنەوە و دەوڵەمەندکردنی زانیاریی گشتیی خۆیان باش دەیانتوانی ئەم جۆرە خشتانە پڕ بکەنەوە، فرتوفێڵی سەیر و سەمەرەیان دەزانی. بۆ وێنە، هەر زۆر زوو شوێنی وشەی دوو پێتیی وەک "دا" و "بڵ"یان لە خشتەی وشەی یەکتربڕدا دەدۆزییەوە. ئەوانە دەیانزانی بەڵێ بە زمانی ڕووسان دەبوو بە "دا" و پیاو لە سەری دواوەی ڕا دەبوو بە "وایپ". هەروەها دەیانزانی بە میوەی زۆر گەیشتووی نزیک لە پڵیشانەوە، دەڵێن "بڵ". "بڵ" ئەوەش دەگەیەنێت میوەکە ئەوەندە گەیشتوە لە سەر لێواری پێڤاژۆی ڕزینە، یان تەنانەت ڕزیوە و بۆگەنی پشیلەی تۆپیوی.
ئەم ڕۆژانە کابرایەک باسی میوەی بڵی دەکرد و منی خستەوە یادی پڕکردنەوەی خشتەی وشەی یەکتربڕ. ئەو بەڕێزە دەیگوت: "دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڵ بووە." منیش بێ ئەوەی پێی بڵێم، پێش ئەوەی ئەم مۆبایلە پانکەڵانە بکەونە دەست خەڵک و ئەم سۆشیال مێدیا و مۆشیال مێدیایە پەیدا بن، ئێمە لە جیاتی ئەوەی خۆمان بە تۆڕ و مۆڕی کۆمەڵایەتی و چەت و مەتان بخافڵێنین، یان لە بەرانبەر هەڵپەڕین و سەرچۆپی کێشانی سەرچۆپی کێشیی ناسک و نازدار و چووزانم چۆندا لێکاومان بڕژێت، خەریکی دۆزینەوەی وشان دەبووین. وشەمان بۆ پڕکردنەوەی خشتەی وشەی یەکتربڕ دەدۆزییەوە.
کابرا گوتی: "قسەی من چ پەیوەندییەکی بەم درێژدادڕییەی تۆوە هەبوو؟"
گوتم: "بۆ لێدانەوەی وشەی دووپیتیی "بڵ" ئەوکات دەنووسرا: میوەی زۆر گەیشتوو."
گوتی: "بە ئەدەب و ئیحترامەوە وایان نووسیبوو. "بڵ" ئەوەش دەگەیەنێت میوەکە ئەوەندە گەیشتوە لە سەر لێواری پێڤاژۆی ڕزینە، یان تەنانەت ڕزیوە و بۆگەن دەکات."
گوتم: "دیارە قینت لەم دەستەڵاتەی کۆماری ئیسلامییە و خەونی بڵبوونی پێوە دەبینی."
کابرا بە پێکەنینەوە گوتی: "بۆ ڕقم لێی بێت؟ مەگەر نابینی لە ژێرەوە لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتوودا یە و ئێمە نەمانزانیوە؟"
گوتم: "ئەی ئەوە نییە سەرکوتمان دەکات و بەم دواییانە هەشتا هەزار کەس بە ناوی "آمر بە معروف" و "حجاببان" لە قاچوقولی خەڵک بەردەدات و ناهێڵێت یەک مێینەی مرۆڤیش قژ و مژی بەدەرەوە بێت؟"
گوتی: "یانی دیسان بە دار و تێڵایان دەکەونە گیانی خەڵک و وەک جاران دەکوژن و دەبڕن؟"
گوتم: "ئمم."
گوتی: ئمم لە دیالۆگی من و تۆدا وڵامێکی نەشیاوە. ئەگەر ناشڵێی بەڵێ، بڵێی "ئا" لە "ئمم"ـەکە باشترە.
گوتم: باشە بۆ سەرکوێرم دەکەی؟ خۆهەر من وانیم، ئەوانەی ئەم دەستەڵاتەیان ناوێت، هەموویان بە ئمم وڵامی یەکتری دەدەنەوە.
گوتی: هەتا ئەم بایە لەم کونەوە بێت، میوەی گەنیو هەروا بە دارەوە دەمێنیت.
گوتم: جارێ با واز لە ئمم و مم بهێنێین وادایرە شتێ نوێت زانیوە؟
گوتی: "ئەدەی ئەوە نییە ڤیدیۆی شووکردنی کچەکەی شەمخانی لە تاران بڵاو بووەتەوە و باوکی لەکاتێکدا ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە، پێلی کچەکەی گرتووە. قژی ڕووت هیچ، کچە لەگەڵ کۆمەڵێک کچ و ژنی دیکە مەمکۆڵەیان بە بەرچاوی خەڵکەوە وەک جۆللانەڕادەژێن؟"
گوتم: "ئەدی ئەگەر وایە بۆچی جەنابی ڕێبەر بێدەنگە؟"
گوتی: "ئەی ئاگات لێ نییە ڕێبەر لە ترسی جووان بە زیندوویی چەند سەد ئەوەندی مردووان بەژێر زەویدا ڕۆچووە؟"
لێرەدا من شتێکم زۆر پێ سەیر بوو. باشە ئەم بەزمە چ پێوەندییەکی بە بڵبوونەوە هەیە؟ کابرا گوتی: "بڵ" لە گفتوگۆی یەکتربڕی من و تۆدا دەریدەخات ئەم دەستەڵاتە ئەوەندە بڵ بووە، خەریکە پشیلە دڵخوازەکەی دەستەڵاتدارانی خۆسەپێن بەهۆی بۆگەنیەوە دەخنکێت."
دارسمە: داوای لێبووردن لەو خوێنەرانە دەکەم پشیلەیان لە ماڵەوە ڕاگرتوە و بەخێوی دەکەن. شێریش هەر باسی دەکەن، دەنا کەس پێی بەخێو ناکرێت.