کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توریزمی کۆلۆنیالیستی، شیرینکردنی داگیرکاری لە زاری داگیرکراودا

10:01 - 21 خەزەڵوەر 2725

سەلام ئیسماعیل‌پوور

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، بە ئاوڕدانەوەیەک لە لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دیجیتاڵ میدیای کوردی، یەکێک لەو بابەتانەی کە بەردەوام سەرنجمان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، ئەو بلاگرانەن کە هەوڵ دەدەن بە ڕێکلامکردن بۆ سەیرانگە و شوێنەوارە مێژوویی و سروشتییەکان و جوانییەکانی ژینگە، دابونەریتەکان، خواردنەکان و هێندێک لایەنی ژیانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، سەرنجی فارسی‌زمانەکان و خەڵکی دیکەی ئێران بۆ سەردانی کوردستان و تەنانەت جێگیربوون و گیرسانەوەی هەمیشەیی لەم نیشتمانەدا ڕابکێشن .

ئەم جۆر کەسانە نوێنەرایەتیی ڕەوتێک دەکەن کە بە بیانووی چالاکیی مەدەنی، پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵێک بابەتی وەک کەسابەت و کار و پیشە، هاوتەریب‌ لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیم، بەئەنقەست (یان لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، بە نەزانکارییەوە) دەبنە هۆی چەواشەکردنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە و پەراوێزخستنی هێما و فاکتەرەکانی پێکهێنەری شوناسی سیاسی و خەباتگێڕانەی کوردستان و بەهۆی ڕۆڵێک کە بە دەمامکی گەشەی ئابووری و توریزم، لە پرۆسەی توانەوەی کولتووریدا دەیگێڕن، سیمایەکی ڕازاوە و سەرنجڕاکێش بە ڕەوتی لەنێوبردنی شوناس و گۆڕینی دیمۆگرافیی کوردستان دەدەن.

لە ڕوانینێکی سەرپێییدا ڕەنگە ئەم بابەتە وەکوو بەشێک لە ئازادیی تاکەکەسی و ئابووری، بە دیاردەیەکی بێ زیان و تەنانەت بەکەڵکیش بێتە بەر چاو، یان بکرێ وا لێکی بدەیەوە کە ڕەنگە لە خزمەت پەرەسەندنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار و پیشە و ناساندنی کولتوور و شوناسی کورددا بێت، بەڵام بە دیوی شاراوەیدا، ئەم ڕەوتە بەشێک لە ڕێوشوێنە نەرمەکانی هێژمۆنخوازییە، ڕەوتێک کە بە دەموچاوێکی ڕازاوە و ڕواڵەتێکی مڕۆییەوە، بیرگە و شوناسی سیاسیی نەتەوەیەک بەرەبەرە سڕ دەکات و هێزی بەرەنگاری و خۆڕاگری تێیدا تەفروتوونا دەکات.

توریزم وەکوو ئامرازێکی زاڵبوونی داگیرکەر:

توریزم ئەگەرچی لە بنەڕەتدا بە یەکێک لە پێنوێنەکانی گەشەسەندن و پتەوکردنی بنەماکانی ئابوورییەکی گەشەخواز دەژمێردرێت، بەڵام هێندێک جار دەتوانێ وەکوو ئامرازێک بۆ تێکدان و ڕووخاندنی بناغەکانی کۆمەڵگە و تواندنەوە و سڕینەوەی نەتەوەیەک  ڕۆڵ بگێڕێت.

لە کۆمەڵگەیەکی داگیرکراوی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە دەسەڵاتی داگیرکەر بەردەوام وەکوو بێگانە، فاکتەری دژەتەناهی و "دار الحرب" چاوی لێ دەکات، لە شێوازگەلی جۆراوجۆری سەرکوت، دستوەردان، تواندنەوە و هەموو شێوە نەرم و ڕەقەکانی شەڕ بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕێکخستنە ڕەسەنەکانی کۆمەڵگە و دژایەتیکردنی ڕەوتی شوناسخوازیی خەڵک و پێشگرتن بە هەر جۆرە کۆبوونەوەیەکیان لە دەوری مانیفێستی خەباتێکی ڕزگاریخوازانە کەڵک وەردەگیرێت.

لەو پرۆسەیەدا، "ئەویدیی بەهێز" ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە دزەکردنی زیاتری بۆ نێو خاکی کوردستان، هەم زەوی داگیر دەکات و هەم دەیهەوێ زەین و هەستی خەڵک، بە واتایەکی دیکە خۆیان وتەنی دەیانهەوێ "فتح القلوب" بکەن. بوونی بەردەوامی توریست و کۆچبەرە ناخۆجێییەکان، بەرەبەرە ئاڵوگۆڕ بەسەر بەها کولتوورییەکان و پێوەرەکانی جوانیناسیی کۆمەڵگەدا دەهێنێت.

لە ئەنجامدا، جلوبەرگ، زمان، مۆسیقا، دابونەریتەکان، بەها نەتەوەییەکان، پێناسەی تاکەکان بۆ ڕەسەنایەتی، شوناس و نیشتمان و تەنانەت سیمای شارەکانیش بەرەو ئەو دیمەنە دەڕوات کە لە دەرەوە ئاراستە دەکرێت و دەسەپێنرێت.

هێندێکی دیکە لە ئاکامەکانی ئەم شێوازە لە سڕینەوە و سەرکوت و نێوبەتاڵکردن بریتین لە: کۆچی بەلێشاو و بێسەروبەری لاوانی کورد بۆ شارە گەورە خاوەن پیشەسازییەکانی ئێران و دەرەوەی وڵات لە لایەکەوە و کۆچی پێچەوانەی خەڵکانی بێگانە بۆ ناوچە چۆلکراوەکانی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، کاولکردن و تێکدانی ژینگە و تاڵانی زیاتری سەرچاوەکان.

ئەو گۆڕانکارییانە لەوانەیە لە سەرەتادا زۆر شۆکهێنەر نەبن و کاریگەرییان لەسەر وشیاریی کۆمەڵگە تا ئاستی ڕاچڵەکاندن نەبێت، بەڵام بە زووترین کات وەک مۆریانە ڕەگ و ڕیشەی شوناسی نەتەوەیی و لانکەی خەباتی لەمێژینەی کورد دەکرووژێنن و ئەو داربەڕووە ئەستوورە کە لە قووڵاییەکانی مێژووی زاگرۆسدا بنجی داکوتاوە، بەبێ زەبری تەور و مشاڕ، ئەنجنئەنجن دەکەن.

کۆمەڵناسانی وەک کالینز لە پێوەندی لەگەڵ خەسارە کولتوورییەکانی توریزم لە کۆمەڵگەکانی وڵاتانی موستەعمەرەدا باس لە دەستەواژەی "ترازان و توانەوەی کولتووری" دەکەن کە مەبەست لەوە ڕەوتێکە کە تێیدا، گۆڕانکارییەکان لە کولتووری کۆمەڵگەی خانەخوێدا سەرەتا بە کاتی و زووتێپەڕ و کەمبایەخ دێنە پێش چاو، بەڵام بەرەبەرە ڕەهەندی کۆلۆنیالیستی و کاولکارانە بە خۆوە دەگرن.

چارلسۆن لەو پێوەندییەدا لە دەستەواژەی "بە توریستی‌کرانی کولتووری کۆمەڵگەی خانەخوێ" کەڵک وەردەگرێت. بەو واتایە کە توریزم و وەرگرتنی کۆچبەر سەرەتا بۆ ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتە خوو و عادەت و دواتر دەبێتە جۆرێک لە هێژامەندی و ئەرکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و یەکێک لە کۆڵەکەکانی شوناسی کۆمەڵگە و دەکرێ بڵێین کۆمەڵگەی قوربانی بە جۆرێک گیرۆدەی دەبێت کە ڕزگاربوون لێی ئەستەم بێت.

ئەو چەشنە توریزمە هەروەها دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی جۆرێک لە دووبەرەکی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی، بەو واتایە کە توێژی لاوان دەکەونە داوی سەرنجڕاکێشبوونی ڕواڵەتیی هێما و توخمەکانی کولتووری هەناردەکراوی بێگانە و هەوڵ دەدەن بە قبووڵکردنی ئەو کولتوورە، نەریتە کولتوورییەکانی خۆیان لەگەڵی بگونجێنن، لە لایەکی دیکەوە، بەساڵاچووان زیاتر هەست بە مەترسی دەکەن و پێداگری لەسەر پاراستن و مانەوەی دابونەریت و توخمەکانی پێکهێنەری شوناسی خۆیان دەکەن، کە ئەم پێکناکۆکییە کۆمەڵایەتییە نێوخۆییە دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە درز و کەلێن بکەوێتە نێو بنەماڵەکان و کۆچی بەربڵاوی لاوان بە شێوەی  تۆران و هەڵاتن لە شار و ناوچەکانیان و تەنانەت بەجێهێشتنی وڵات ڕوو دەدات کە بەو هۆیەوە چۆلبوونی وڵات و پیربوونی ڕێژەی حەشیمەتیش بە کێشە و نەهامەتییەکانی دیکەی کورد زیاد دەبێت.

ئامانج لە وەها سیاسەتێک ئەوەیە کە لاوان لە بەرانبەر هێما و بەهاکانی تایبەت بە توریستەکاندا هەست بەوە بکەن کە ئاسۆیەکی نوێ لە بەرچاویاندا دەرکەوتووە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک بەربەرەکانیی نێوخۆیی لەگەڵ بەساڵاچوانی بنەماڵەکانیان کە سەرکەوتن تێیدا بە واتای ئەنتێگراسیۆن و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لەگەڵ داگیرکەر و کاڵبوونەوەی شوناسی کۆمەڵگەیە و لێرەدایە کە هێزی مرۆیی داگیرکەر لە بۆسەدایە تاکوو بەبێ هیچ تێچوو و توندوتیژییەک لەسەر خوانی تاڵانی وڵاتێکی چۆلکراو و بەتاڵبوو لە هێزی بەرەنگاری دابنێشێت.

  جاماییکا کین کید لە پەرتووکی "بستێک خاک"دا لەمەڕ کاریگەرییەکانی توریزمی کۆلۆنیالیستی، بە  هێنانەوەی نموونەیەک لەو باوەڕەدایە کە کۆلۆنیالیستە بریتانیاییەکان، لەبەر ئەوەی کە نەیاندەتوانی بریتانیا لەبیر بکەن، دەچوونە هەر شوێنێک، هەوڵیان دەدا وەک وڵاتەکەی خۆیانی لێ بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هیچ وڵاتێک ناتوانێ دەقاودەق ببێتە بریتانیا، ئەو بابەتە کێشە و ئاریشەی زۆری بۆ خەڵکی خۆجێیی دروست دەکرد کە زۆریان هێشتا چارەسەر نەکراون. ئەو بابەتە ڕێک وەک هەڵسوکەوتێکە کە ئێرانییەکان بەرانبەر بە ناوچەکانی وەک گیلان و مازندەران و کوردستان گرتوویانەتە پێش.

چارەنووسی گیلان و مازندەران لەو پێوەندییەدا، ئاوێنەیەکی باڵانوێنی چارەنووسی داهاتووی کوردستانی توریستییە کە لە بەردەممان‌دایە. ئەو دەڤەرانە بە درێژایی مێژوو، شوێنی گەلانێکی خاوەن شارستانیەتی زێڕین و شوناسی سەربەخۆ و توانای خۆڕاگری لە بەرانبەر هێزە بێگانەکاندا بوونە و ناوی جەنگاوەرە تۆقێنەرەکانی دەیلەمی و گیلەک هەمیشە مۆتەکەیەک بۆ دوژمنانیان بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە دێوەزمەی مۆدێڕنیتەی ئێرانی ئەو دەڤەرانەی کردە ئامانجی توریزم و شوێنی سەیران و ڕابواردنی خەڵکی شارە گەورەکانی ئێران، شوناسی مێژووییان لە گەمارۆی ڤێللاکان، شەپۆلەکانی کۆچبەر و توریست و لەنێوچوونی خۆبژیویی ئابووریی جاراندا کاڵ بووەوە و ڕووخا. بۆیە هەر ئەو خەڵکەی کە ڕۆژگارێک هێمای کۆڵنەدان و خۆڕاگری بوون، هەنووکە لە ئاوێنەی زەینی کۆمەڵگەی ئێرانیدا تا ئاستی تیپێکی کولتووریی لاوەکی و بێ مەترسی دابەزیون. بۆ نموونە، کەسایەتیی تیپیکاڵی گیلەک لە جیهانی زەینی ئێرانییەکاندا، لە جەنگاوەرانی ئازای وەک "سپەهداری ڕەشتی" و "میرزا کووچەک خان"ەوە دابەزی بۆ "میری" کاراکتێری ناسراوی فیلمە فارسییەکانی سەردەمی شا، بە جۆرێک کە تەنانەت میواندۆستی و دڵپاکیی ئەو خەڵکەش وەکوو "بێغیرەتی" و ناو و ناتۆرەی نامووسیی جۆراوجۆر خوێندنەوەی بۆ کرا. 

دروستکردنی ئەو چەشنە کەسایەتییە تیپیکاڵە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی داگیرکاری و ئیستعماری ئێرانی بوو، تاکوو بۆ زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەتەوەی کاسپیەن، خەڵکی ناوچە بیابانییە فارس‌نشینەکان بۆ کڕینی مڵک و زەوی و ڤێللاسازی و شارۆچکەسازی لە قووڵایی دارستان و بژوێن و لێڕەوارە سەرسەوزەکانی ئەو ناوچەیەدا هان بدرێن.

ئێستا دەیانهەوێ هەمان ئەو سیناریۆیە لەسەر کوردستانیش جێبەجێ بکەن. بە هەڵکەوت نییە کە هەوڵ دەدەن جۆرێک لە کاراکتێر و  سێلێبریتیی بە ڕەچەڵەکی کوردی ڕاهێنراو یان ڕێگەپێدراوی خۆیان لە جێی ئۆستوورەکانی شۆڕش و خەباتی کوردستان لە زەینی خەڵکدا بچێنن، کاراکتێری "پێشمەرگە"، بە پێوەلکاندنی پاشگری "موسڵمان" زەوت و نێوبەتاڵ بکەن و پاشان بۆ ئەوەی بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران و کوردستان بیسڕنەوە، کۆمەڵێک کاراکتێری دیکەی وەک کۆڵبەر و فوودبلاگێر و کەسایەتییە ئینستاگرامییەکان و... زەق دەکرێنەوە، چیا سەرکەشەکانی کوردستان کە لە بیرگەی گشتیدا بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ، هێمای بەرخۆدان بوونە و وەکوو سەنگەری پێشمەرگە و مەتەرێزی پڕ ڕەمز و ڕازی خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی، سیمایەکی تۆقێنەریان بۆ چەکدارانی داگیرکەر و کولتووری سیاسی و بیرگەی گشتیی کۆمەڵگەی ئێرانی هەبووە، ئێستا وەکوو سروشتی ناوازە و سەرنجڕاکێشی کوردستان دەناسێنرێن و دیمەنەکانیان دەکرێتە باکگراوندی کلیپ و ڕێکلام و  هەڵپەڕکێی بلاگرەکان و سەمای ئێرانییەکان.

دروستکردنی بەنداوەکان و دەریاچە دەستکردەکان، خانووە توریستییەکان و دیاریکردنی گوندەکان وەک ئامانجی گەشتوگوزار، زێدەڕۆیی لە بەڕێوەبردنی جێژن و بۆنەی داهێنراو و تازەباو بە مەبەستی ڕاکێشانی زیاتری توریست و کردنەوەی درگا بە ڕووی ئێرانییەکاندا بۆ سەردانی دوورترین ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا بیر لە نیشتەجێبوونی یەکجاری لە کوردستاندا بکەنەوە، ڕەوتێکە کە بە پشتیوانیی ئۆرگانە ئەمنی و ئابوورییەکانی ڕێژیم دەچێتە پێشەوە تاکوو هەم ئاڵوگۆڕ بەسەر دیمەنی سیاسیی کورد و کوردستاندا بهێنێ و هەم بەستێن بۆ داگیرکردن و دەستبەسەردا گرتنی بەکاوەخۆی مڵک و زەوییەکانی کوردستان خۆش بکات.

لەو پێوەندییەدا، سەرەتا کوردەکان وەکوو خەڵکێکی تێکڕووخاو، سووکایەتیپێکراو، دەستەمۆکراو و هەمیشە ئامادە بۆ کڕووزانەوە و پاڕانەوە لە زەینی ئێرانییەکاندا وێنا دەکرێن. ئەو سەرلەنوێ پێناسەکردنە، هەمان سیاسەتی لەمێژینەی "خەساندنی" کولتووری نەتەوە ستەملێکراوەکانە؛ کولتوورێک کە تێیدا شانۆگەری و خۆنواندن جێگای ناڕەزایەتی، و ڕێکلام بۆ شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکان جێگای خەبات و بەرخۆدان دەگرنەوە.

لە هەنگاوی دواتردا، بە کەڵک وەرگرتن لە ئاسەوارە دەروونییەکانی ئەم وێناکردنە لە زەینی داگیرکەر و داگیرخوازدا و بە نیشاندانی دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی کوردستان وەکوو بەهەشتی بەڵێندراوی توریزم و دەرفەتێکی زێڕین بۆ مامەڵەی مڵک و زەوی، ئێرانییەکان کە هێشتا هەست بە ترسێکی قووڵ لە لایەنە سیاسییەکانی کولتووری کورد و کەشی خەباتگێڕانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا دەکەن، بەرەبەرە ترسیان دەشکێت و دەتوانن بە فرت و فێڵ و هەڵخەڵەتاندنی خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەم خاک و وڵاتە، بۆ کڕینی زەوی و زار و داگیرکردنی بێدەنگ، ڕوو لە کوردستان بکەن.

باشترین پێناسە بۆ ئەو جۆرە پێوەندییە، وتەیەکی بەناوبانگی جۆمۆ کنیاتا، ڕێبەری بزووتنەوەی سەربەخۆیی وڵاتی کنیایە کە کاتی خۆی وتبووی: "کاتێک کە بانگخوازانی مەسیحی هاتنە ئەفریقا، ئێمە زەوییەکانی خۆمانمان لە دەستدا بوو و ئەوان کتێبە پیرۆزەکەیان. ئەوان پێیان وتین وەرن با دۆعا بکەین. هەربۆیە ئێمە چاومان داخست تاکوو دوعا بکەین. کاتێک کە چاومان کردەوە، ئەوان زەویییەکانی ئێمەیان لە دەستدا بوو و ئێمە کتێبە پیرۆزەکەی ئەوان".

وتەی کۆتایی:

توریزم لە کوردستان، ئەگەرچی بەڕواڵەت لەژێر ناوی بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابووریدا خۆ دەنوێنێ، بەڵام بە دیوه شاراوەکەیدا هەڵگری جۆرێک لە بەرهەمهێنانەوەی پێوەندیی داگیرکەر و داگیرکراوە، شێوازێک لە کۆڵۆنیالیزمی نەرم کە لە جیاتی زمانی زۆر و سەرکوت، لە وێنە و ڕیکلام و دزەکردنی بەکاوەخۆ کەڵک وەردەگرێت. ئەم شێوازە لە توریزم، بە جوانکردنی سیمای داگیرکاری و گواستنەوەی بەرەبەرەی حەشیمەت، ڕێگا بۆ گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کولتووری و توانەوەی شوناسدا خۆش دەکات. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، سروشت و کولتووری کوردستان وەکوو کاڵا و شمەکێک بە کار دەهێنرێن و شوناس، بیرگەی مێژوویی و کەشی خەباتگێڕانەی کۆمەڵگەی کوردستان لەژێر پێستی کۆمەڵێک دروشمی وەک پەرەپێدان و ئاوەدانیدا هێورهێور کاڵ دەبنەوە و دەتوێنەوە.

کوردستان هەنووکە لە خاڵێکدا ڕاوەستاوە کە دەبێ لەنێوان "گەشەسەندنی خۆڕسک و خۆویستانە" و "پێشکەوتن لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی داگیرکەرەوە" یەکێکیان هەڵبژێرێت.

لەو نێوانەدا، ئەوەی کە پێویستمان پێیەتی نەک ڕەشکردنی یەکجاریی توریزم، بەڵکوو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و خەسارناسیی هەمەلایەنە و گرێدانی بە ستراتیژیی خەوشهەڵنەگری ڕزگاریی نیشتمان لە هێژمۆنی داگیرکەرە.

توریزم لە کوردستاندا دەبێ هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگە و هەڵهێنجراوی بەرژەوەندی و پێویستییە ستراتژیکەکانی نەتەوەی کورد بێت، کار بۆ پاراستنی یادگەی مێژوویی، کولتوور و شوناسی نەتەوایەتی بکات و لەجیاتی جوانکردنی سیمای ناحەزی داگیرکاری و کاڵکردنەوەی هێڵە جیاکەرەوەکانمان لەگەڵ داگیرکەر، ڕچەشکێنی ڕێگایەک بەرەو بەهێزکردنی هاوپێوەندیی نەتەوەیی و جێگیرکردنی بیرۆکەی ڕزگاری و باوەڕبەخۆبوونی نەتەوەی کورد بێت.