کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو و قەیرانێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی

10:25 - 21 خەزەڵوەر 2725

هەردی سەلیمی

ئەوە چەند ساڵێکە ئێران تووشی قەیرانی کەم‌ئاوی و بێ‌ئاوی بووە، بەشێکی بەرچاو لە ڕووبار و تاڵاوەکان لەو وڵاتەدا وشک بوون. ورمێ و کاروون و گاوخوونی و هاموون و... لەو سەرچاوە ئاوییە گرنگانەی نێو ئێران بوون کە ئێستا بەرەو نەمان هەنگاو دەنێن. کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران بەتەواوی کۆتاییان پێ هاتووە، تەنانەت ئەم کێشە و قەیرانانە هەتا ئاستێک چووە کە دەنگۆی چۆڵکردنی تارانیش دەبیسرێ.

ئەم کێشەیە بێگومان بۆ بێ‌بارانی و کەم‌بارانی ناگەڕێتەوە و ئەمە تەنیا بەشێکی بچووک لە کێشەکەیە، بەڵکوو ڕۆڵی هەرە سەرەکی لەم نێوەدا دەگەڕێتەوە بۆ مودیریەتی ئاو لە درێژەی ئەم چەند دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەم بەناو مودیریەتە ناکارامەیە زۆر لەمێژە پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوە و لە مودیریەت و بەڕێوەبەرییەکی پڕکەموکووڕی دەرچووە و ئێستا وەک مافیای ئاو دەناسرێ. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانیان بە چاوی دەسکەوت و غەنیمەت لە هەموو سەرچاوە و کانزایەکی ئەو وڵاتە دەڕوانن و هەر باند و دەستە و کەسێکیان دەستی بەسەر بەشێکدا گرتووە.

ئەوەی بە مافیای ئاو دەناسرێ لە ئێراندا بریتییە لە تۆڕێکی بەربڵاو لە کەسانی کارفرما و سیاسی کەوا بڕیاربەدەستیشن و ئەوان دیاری دەکەن لەسەر کام ڕووبار بەنداو ساز بکرێ و ئاوی کوێ بۆ کوێ بەرن و کوێ وشک بکرێ و بە کوێ بفرۆشرێ. لێرەدا باسێک لە کونترۆڵی ئاو نییە، بەڵکوو باس لەسەر سوود و قازانجی تاکەکەسی و ناوچەییە. ئەوەی لە ئێستادا و لە پێوەندی لەگەڵ ئاودا دەکرێ، جیا لە بەکارهێنانی ئەم سەرچاوە سروشتییە وەل ئامرازی دەسەڵاتداری، سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەییە. بەو واتایەی کەوا بۆ نموونە ئاوی کوردستان بەرەو ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ناوەندە پیشەییەکانی تەورێز بەڕێ دەکرێ، ئاوی عەرەبستان دەدزرێ بۆ ئیسفەهان و ناوەندە پیشەییەکان و بەرنامەی مووشەکی و ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هەر ئەم ڕاستییەیە کە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و چالاکان و کارناسانی بواری ژینگەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی ئەوەی لە ئێراندا لە پیوەندی لەگەڵ سەرچاوەکان و بەتایبەتی ئاودا ڕوو دەدا، سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەی ژینگەییە کە بە قازانجی نەتەوەیەک زیان بە نەتەوەکانی تر دەگەیەنێ.

لە هەمان کاتدا ئەم دەسوەردانە لە ژینگە و سروشت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەشەکانی تریش دەبێ و هەر لە ئێستاوە نیشانەکانی دەرکەوتووە، بۆ نموونە بە وتەی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، ٧٠ لەسەدی دەشتەکانی ئێران ڕۆ چوون؛ بۆیە ئەم دزی و تاڵانانە لەگەڵ ئەوەی بوونەتە هۆی بازرگانییەک بۆ کەسانێکی دەسەڵاتدار و سەرهەڵدانی نایەکسانییەکی هەرە بەرچاو، لە هەمان کاتدا هاوسەنگیی ئێکۆلۆژیکیشی تێک داوە. ئەم کێشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێکی بەرچاو لە بازرگانانی ئاو هەمان چاودێرانی بواری سیاسەتی ئاویی ئەو وڵاتەن.   

لە ئێستادا ئاو دابەش و جیرەبەندی کراوە و بێ ‌ئاگادارکردنەوە ئاو لەسەر خەڵک دەبڕن و تەنانەت نێو زانکۆکانیشی گرتووەتەوە و خۆشۆردنیش بووەتە نۆرەیی! هەتا چەرخی ئەم دەسەڵاتە و دەستی مافیاکانی بجووڵێ و سیاسەتە ناوەندگەرا و ڕەگەزپەرستانەکەی بەردەوام بێ، ئەم قەیرانە قووڵ و قووڵتر دەبێتەوە؛ بۆیە بۆ کۆتایی‌هێنان بە هەر قەیرانێک و لەوانەش ئەم قەیرانە گرنگ و سەرەکییە پێویستە کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهێنرێ، چون هەتا بمێنێ زیانە قەرەبوونەکراوەکانی زۆرتر دەبن.