کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆخۆریی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی! (لە پەراوێزی ناشارەزایی لە ڕەخنەگرتندا)

13:45 - 24 خەزەڵوەر 2725

عەلی لەیلاخ

هێنری کیسێنجەر، سیاسەتوان و دیپلۆماتی بەناوبانگی ئەمریکایی دەڵێ: "هەرکات بەرپرسانی کۆشکی سپی لەسەر چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پرسیاریان لێ ‌کردووم کە چ بکەین؟ گوتوومە: هیچ مەکەن! چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی خۆخۆرییە و، بێ ‌ئەوەی پێویستی بە هێز و هێرشی دەرەکی هەبێ، خۆی‌لەخۆیدا دەپووکێتەوە!

"خۆلەنێوبردن" یان هەمان خۆخۆری کە کێشەیەکی دەروونییە، بریتییە لە: کۆمەڵێک ڕەفتاری بەئەنقەست یان نائاگاهانە، کە دەبێتە هۆی سازبوونی لەمپەر و کۆسپ و دڵساردی، هەروەها هۆکارێکی بەهێزی خۆپەکخستنی مرۆڤە بۆ نەگەیشتن بە ئامانجەکانی. ئەم دیاردەیە لە دەروونناسیدا بە گرفتێکی زیانمەند پۆلێن کراوە، کە هەڵگری چەند تایبەتمەندییە کە بەرچاوترینی بریتییە لە: خەسار بە خۆ گەیاندن و، بەرد لەسەر ڕێی سەرکەوتن خستن و، دژبە خۆڕاوەستانی هەمەلایەنەیە. ئەگەر بمانهەوێ ئەم چەمکە دەروونییە لەگەڵ پرسی نەتەوەیی، کە پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ کورد بەگشتی و بەتایبەتی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گرێ بدەینەوە و ئەم بابەتەی پێ ڕاڤە بکەین، پەی بە کارەساتێکی خۆماڵی دەبەین بە ناوی "خۆخۆریی نەتەوەیی" کە وەکوو نەخۆشیی تەبەق، نمەنمە هەنگاوی ئیرادە و باوەڕبەخۆبوونی نەتەوەییمان شل و سست دەکا و، بە شەلەشەل وەسەر ڕێگایەکمان دەخات کە ڕێگای ئێمە و خەباتی ئێمە نییە.

ئەم "خۆلەنێوبردن"ی نەتەوەییە کاتێک سەرهەڵ دەدا و، پەرە دەستێنێ کە هەست بە گرنگایەتی و، هێڵی ‌سووری نیشتمانی نەکرێ و، ئەوەی کە پێی دەگوترێ بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە ئاسانی لەبەر ویستی تاکڕەهەندی، یان مەزنخوازیی سیاسی ڕەچاو نەکرێ.

لەبنەڕەتدا سیمبۆل و هێما نەتەوەییەکانی گەلانی دونیا، یەکشەوە لەدایک نابن! یان شینبووی دۆخی کارەساتباری خەبات و ملنەدانی خۆڕاگرانەن، یان هەڵگری "بیرەوەریی گشتی"ن. هەر بۆیە ڕێزگرتن لەو هێما و سیمبۆلانە لەنێو هەموو نەتەوەکان دەچێتە خانەی بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە. چون پێش لە لێکترازان دەگرێ و، ئەڵقەی پێکەوەبوونیان لە هەمبەر ئەوی دیکەدا پتەوتر دەکا. بەرژەوەندیی نەتەوەیی تەنیا لە هێژمۆنی سیاسی و سامان و سروشتی ژێئۆپۆلێتیکیدا، کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو پاراستن و دوورخستنەوەی هەرکام لە هێما نەتەوەییەکان لە سووکایەتی‌پێکردن، بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دێتە ئەژمار.

بەپێچەوانەکەشی ڕاستە کە ئەگەر هێما و نیشانە نەخشێندراوەکان لەجیاتی ڕێزگرتن لە ئێستا و دواڕۆژدا، بێڕێزییان پێ‌ بکرێت، بێگومان وەبیرخەرەوەی هەمان گرێی دەروونییە کە پێی دەگوترێ "خۆخۆریی بەکاوەخۆ". بەم جیاوازییەوە کە لە "خۆخۆریی نەتەوەییدا"، کێشە تەنیا تاکەکەس نییە، بەڵکوو زەبر لە ئێستا و دواڕۆژ و کۆی ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانە دەدرێ کە بە خوێن و خەباتی گەلێک بەدەست هاتوون. نووسەرێکی یۆنانی دەڵێ: تەنیا سەردارە ڕەشید و تێکۆشەرە خۆنەویست و مرۆڤە فیداکارەکانن کە موڵکی گشتی و نەتەوەیی نین، بەڵکوو دیمەنێکی جوانی مێژوویی و کەنارێکی لەباری سروشتی، هەتا شێعر و ئاوازێکی ناخبزوێنن تا دەگاتە بزەی منداڵێکی هاووڵاتی، دەتوانێ موڵکی نەتەوەیی بن. کەواتە گەر بەم دیدە بەربڵاو و گشتگیرە بڕوانینە هێندێک هەڵسوکەوتی ئەم ڕۆژانە، هەست دەکەین کە چەندە کەمتەرخانە دەجووڵێنەوە و، بە ناوی کردەوەی سیاسی، خەریکی "خۆکوژیی ناسیاسییانەی نەتەوەیی"ن.

لە سەدەی بیستەمدا و لە مێژووی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، کۆماری کوردستان و لێکەوتەکانی بەرچاوترین و کاراترین ڕووداوی سیاسی بووە، کە کورد بۆ ماوەیەکی کورتیش بووبێ، خۆبەڕێوەبەریی ئەزموون کردووە و ڕێچکەیەکی کردۆتەوە بۆ چەسپاندنی مافە دێموکراتیک و نەتەوەییەکانی. هەر ئەمە کە ڕەفتاری سیاسی و ژیرانەی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات کاریگەریی لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازانەی پارچەکانی دیکە دانا و، ڕووناکیبەخشی "ڕێی خەباتی ئەوان"یش بووە، نیشانەیە لەوەی کە بەپێچەوانەی ئینکار و چەواشەکاریی نەیاران، کۆماری کوردستان و لێکەوتەکانی، کە باشترە بڵێین دامەزرانی حیزبی دێموکرات و دەستکەوتەکانی، یەکێک لە فۆنداسیۆنە بەهێزەکانی بەرژەوەندیی نەتەوەیین.

ئەمە بە مانای پیرۆزکردن و بڤەکردنی مێژووی ئەم حیزبە نییە بۆ ڕەخنەگرتن و قامکدانان لەسەر کەمایەسییەکانی ئەم حیزبە هەشتا ساڵەیە. بەپێچەوانە زۆرترین ڕەخنەکان لە حیزبی دێموکرات هەر لە نێوئاخنی ئەو حیزبە‌دا بە کادر و پێشمەرگەکانەوە تا ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبە سەری هەڵداوە و ڕەخنەگرتن تەنانەت بە شێوەی زانستی و نازانستیش هەر لەنێو بەدەنەی ئەو حیزبەدا هەبووە تا ئاست لێکترازانی تەشکیلاتیش ڕۆیشتووە.

بەڵام کە باس لە "خۆخۆریی نەتەوەیی" دەکرێ کە خۆرەی گیانی مێژوومان بووە و بەداخەوە لە ئێستاشدا هەر بە شێوازی جۆراوجۆر دەیبینین. لە کات‌ و ساتێکدا کە گەلی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هێژمۆنی شوناسە باڵادەست و دەسەڵاتدار و چەکدار و جێکەوتووەکانی فارس و تورک، هەڕەشەیەکی مرۆیی و کولتووری و سیاسین بەسەرمانەوە، گرنگیدان بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پاراستنی هێڵە سوورەکان ئاکارێکی شۆڕشگێرانەیە و، بەپێچەوانەش لەژێر هەر بیانوویەک دەستبردن بۆ ڕەمز و سیمبۆلەکان و ڕەچاونەکردنی میتۆدی ڕەخنەگرتن، لێدانە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پەرەپێدانە بە "دەردەگولەی خۆخۆریی نەتەوەیی"!

بەڵێ! ئەمە حەقیقەتە کە قازی محەممەد و کۆمارەکەی، موڵکی گشتین! پێشمەرگە و سروودەکەی موڵکی گشتین! شەهیدان و فیداکارانی نیشتمان موڵکی گشتین! سەرجەم ئاڵاهەڵگرانی کۆچکردووی ئەم "ڕێنسانسە نەتەوەییە" موڵکی گشتین، هەتا لێزانیی دوکتور قاسملووئاسا و خەمخۆریی "کاک فواد"ەکان موڵکی گشتین! ئەوەی وا ڕۆژێک بۆ سەرخستنی ئەم گەلە هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا بێ و، هەنگاوێکی بە کردەوەی هەڵهێنابێ، موڵکی گشتین و، بە هێڵی ‌سوور زانینیان بەشێکی گرینگ و گرانن لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێمەی مافخوراو و چەوساوەدا.

ئەم هێڵی سوورە، مەبەست لە دوورخستنەوەیان لە ڕەخنەی زانستییانە، کە پێویستییەکی ئەمڕۆیی بۆ سەرکەوتن نییە، بەڵکوو کوردیش وەکوو گەلانی بەختەوەری دونیا پێویستی بە ڕێزگرتن لە سیمبۆلەکانی خۆیە، نەک بە دەستی خۆی سێرە لێگرتن و ڕووشاندیان. جیاوازیی هێڵی سووری نەتەوەیی کە بەزاندنیان خەسار و خۆکوژیی نەتەوەیی لێ ‌شین دەبێ، لەگەڵ ڕەخنە و ڕوانگەی خەسارناسانە لەوە‌دایە کە هەروا کە دەوڵەت‌ - نەتەوەکانی دیکە بۆ خۆسەپاندنیان هێما و ڕەمزی خۆیان زەق دەکەنەوە، دەی ئێمەش با لەم "شەڕگە"یە‌دا بەگوێرەی پێویست هێما و سیمبۆلەکانی خۆمانمان خۆش ‌بوێ و، بیانپارێزین و دەستی ناوەندە زانستییەکان و کەسانی شارەزاش ئاوەڵا بهێڵێنەوە بۆ ڕەخنەی زانستییانە لە قۆناغە سیاسییەکانی بزاڤی کورد؛ نەک ململانێی سیاسی بکەینە ئامرازێک بۆ لێدان لە هێماکان.

لە دونیای بەربەرەکانیی سیاسەتدا، تۆ مافی ئەوەت هەیە کە بانگەشە بکەی بۆ "ویترین"ی سیاسەتی خۆت، بە زمانی سادەتر، لایەنە کوردییەکان مافی خۆیانە بە بانگەشە و تەبلیغ بۆ شێوەی خەبات و مودیرییەتی وڵات لەگەڵ یەکتر بکەونە ململانێی سیاسییەوە؛ بەڵام کاتێک بۆ خۆفەرزکردن و سەپاندنی خوت، کار گەیشتە لێدان لە هێما و سیمبۆلەکان و بزاندنی هێڵە نیشتمانییەکان، ئەوە ئیتر ڕەکەبەریی سیاسیی نییە و ڕەقئەنگێزییەکی دوژمنکارانەیە بۆ خۆپووکاندنەوە. کەواتە هەر چەشنە دەربڕینێک کە هێرشبەرانە بێت بۆ سەر هێما سازبووەکانی گەلی کورد، کە بەشێکن لە "بیرەوەریی گشتیی" ئێمە، هاوشێوەی هەمان نەخۆشیی "خۆلەنێوبردنە" کە وەکوو پەتا و ئێپیدیمی، کەسانی دیکەش ئالوودە دەکات.

"بوودا" دەڵێ: پێش وتنی هەر قسەیەک، دەبێ بەم سێ دەروازەیەدا تێپەڕێ! ئەو قسە دروستە کە دەیکەین؟ ئەو قسە پێویستە کە دەیکەین؟ و ئەو قسە مێهرەبانی تێیدایە یان نە؟ بە چاوخشاندنێک بە شێوەی قسە و دەربڕینی ئەم رۆژانە هەست دەکرێ کە نە دروستن، نە پێویستن و نە سۆزێکی نیشتمانییان تێدایە و بەشێکی زۆری دەچێتە خانەی هەمان خۆخۆریی نەتەوەییەوە! بۆ نموونە: لێدان لە ڕەمز و شکۆی خەباتکارانێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هیچ نەبێت لە بەرانبەر دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، ئاڵای "کوردبوون" و خۆڕاگرییان ڕاگرتووە و مەکتەبێک بوون بۆ وانەی شوناسخوازی و لێ‌فێربوون، کە زۆر کەسی فێر کردووە! ئەگەر بۆ ڕێزگرتنیش نەبێ، لانیکەم قسەی نەستەقی کوردییە کە گوتراوە: "لە کانیاوێک ئاوت خواردەوە، بەردی تێ ماوێ"با چیتر کانیاوەکانی نەتەوەیی، بەردیان تێ ناوێین!