
هێمن مەردانی
یاشار کەماڵ (١٩٢٣-٢٠١٥) نووسەری داهێنەری کوردی باکوورە کە بە دەکارکردنی بەیت و باو و فۆلکلۆری کوردی، داستانی پیاوانی یاخیبووە و ئەزموونی ژیانی بێبەشان، دونیایەکی دارماڵ لە بەرگریی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی خوڵقاندوە. سەرتۆپ و چلەپۆپەی نووسینەکانی، حەمەدۆکە کە جێگە و پێگەی تایبەتیی خۆی هەیە؛ بەسەرهاتێک کە قارەمانەکەی حەمەدۆک، لەنێو هەناوی زەبر و زەنگ و توندوتیژی و نایەکسانیدا دەبێتە یاخییەکی بەرپرسیار و جێی متمانە و لە چوارچێوەی داب و نەریتی ئەشقیا (یاخی بووەکان) دەبێتە هێمای بەرگریی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ. لە بەرهەمەکانی کەماڵدا یاخی بووەکان نەک بەس یاساشکێن، بگرە ئافرێنەرانی سەرلەنوێی یادەوەری گشتی و پاسەوانانی عەداڵەتی خەڵکین. شیکاریی ئەو ڕۆمانە ئەوە دەردەخات کە دنیابینی کەماڵ ئاوێتەیەکە لە واقعبینیی کۆمەڵایەتی، توخم و ڕەگەزە فۆلکلۆرییەکانی کوردی و زمانە تۆخە شاعیرانەکەی کە هاوکات ڕووبەرێکی حیماسی و ڕەخنەگرانە دەخوڵقێنێت. کەسایەتیی حەمەدۆک لەو ناوەدا، وێنەیەکە لە جۆرە ڕۆمانەکانی پەروەردە و بارهێنان کە ڕێچکەی گۆڕانکاری ئەو لە مێرمنداڵێکی سەرکەش و سەرتغ بۆ یاخیبوویەکی عەداڵەتخواز و دادپەروەر، دەنگدانەوەی ڕەوتی دۆزینەوەی بەرگریی و وشیاریی بەکۆمەڵە. لە سایەی سەری بۆچوونەکانی فرانتز فانوون لەمەڕ توندوتیژی ڕزگاریدەر، هومی بابا لەمەڕ ڕووبەری لیمینال (ڕووبەری نێوانێتی)، و ئیدوارد سەعید لە بارەی دەنگی داماوان و هەژاران، دەکرێ ئەوە بڵێین کە ڕۆمانەکەی کەماڵ نەک بەتەنیا وێنەیەکی خۆجێیی لە چۆکۆڕاوای باشووری ئەنادۆڵە، بگرە پەیامێکی جیهانیشە لەمەڕ دادپەروەری و ڕزگاری. بەم جۆرە، حەمەدۆک لە بەردەوامیی نەریتی یاخیببووەکاندا، وەک مشتێ لە هەشتێ، نموونەیەکی بەرچاوە لە ئەدەبی بەرگریی و پاش-کۆلۆنیالیزم، دەقێک کە لە سەریەکەوە گرێدراوە بە مێژوویی کۆمەڵایەتی کوردەکان و جووتێرانی چۆکۆڕاوا و لەو لاشەوە دەکەوێتە ناو چوارچێوەی گوتاری جیهانی دادپەروەری و ئازادیی.
وشەیەل سەرەکی
یاشار کەمال؛ حەمەدۆک، یاخیبووەکان، ئەدەبی بەرگریی، پاش-کۆلۆنیالیزم، دادپەروەری کۆمەڵایەتی
پێشبار: یاشار کەماڵ، بنج و بناوانی کوردی و جیهان بینی ئەدەبی
یاشار کەماڵ لەدایکبووی گوندی هەمیتە لە پارێزگای عوسمانیەیەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیەیە. لێرە بوو کە کەماڵ بە بەیت و باوی کوردی و بەسەرهاتەکانی خۆجێی و هەروەها ئەدەبی تورکمانەکان ناسیاو دەبێ، هەوڵ دەدات و گەشە دەکات و گشتی ئەمانە دەور و نەخشیان گێڕاوە لە شکڵگرتنی جیهانیبینی ئەدەبی ئەو. (باسکێت، ١٩٩٩:١٣٣). دونیای ئەدەبی کەماڵ پشت ئەستوورە بە هەستیاری کۆمەڵایەتی، وشیاریی مێژوویی و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی بۆ دادپەروەری. ئەو بە دەکارکردنی زمانی گوندی، وێنەکاری شاعیرانە و دووپاتە ئافراندنی بەیت و باوە ناوچەییەکان، کەش و هەوای گوندەکانی باشووری ئەنادۆڵ دەکات بە گۆڕەپانێک بۆ ڕەخنەگرتن لە ئاغاوەتی (فێئۆدالیزم) و سەرلەنوێ چێکردنی بەرگریی کۆمەڵایەتی. لەو نێوەدا، چیرۆکی حەمەدۆک شوێن پێگەیەکی ناوەندی هەیە؛ بەرهەمێک کە نەک بەتەنیا سەربردەی لاوێکی سەرکەشە، بەڵکوو بە واتای دەقێکی کلاسیک لە ئەدەبی بەرگری و شیکاریی پاش-کۆلۆنیالیزم دەناسرێتەوە.
شێوازی ئەدەبیی یاشار کەماڵ
شێوازی ئەدەبیی کەماڵ لە تێهەڵکێشکردنی واقیعخوازیی کۆمەڵایەتی، وێڕای توخم و ڕەگەزی فۆلکلۆر و ڕیالیزمی جادوویی بێهاوتا و بێوێنەیە. بە کاتی باسکردن لە کەش و هەوا و وێناکردنی سروشت و ناساندنی کەسایەتییەکان، زۆر جاران پەنا دەباتە بەر شێوازی دەربڕینی تەواو شاعیرانە؛ بۆ وێنە: کاتێ شاری ئادانا وێنا دەکات وەکوو "شارێک لە شووشە کە شەو ڕۆژ دەدرەوشێتەوە" دەیشوبهێنێت یان وێنەی ئاوایی و گوندە باگڕ و وشک و قاقڕەکانی چۆکۆڕاوا کە لە دیمای بوونەوەرگەلی زیندوو و تووڕە و تۆسن نیشان دەدرێن.(مەمبرول، ٢٠٢٣). هەر بەم شێوازە نووسەر وادەکات کە واقیعی تاڵیی هەژاری و نەداری و زوڵم و ستەم هاوکات ڕوویەکی حیماسی و خۆڕاگرانە بەخۆیانەوە بگرن.
کەماڵ بە کەلکوەرگرتن لە زمانی خۆماڵی و ڕۆژانەی نێو خەڵک جۆرە ڕەسەنایەتییەکی فەرهەنگی دەبەخشێتە بەسەرهاتەکانی. ئەو چەشنە پێوەندییە دەگەڵ فەرهەنگ و ئەدەبی زارەکیی، نەک بەس دەبێتە بەرزبوونەوەی هەستی هاوسۆزی بەردەنگەکان، بگرە یاخیبووان لە ئاستی قارەمانگەلی تاکەکەسیی بەرزدەکاتەوە بۆ هێماکانی بەکۆمەڵ لە بەرگریی و خۆڕاگریی. لەو چوارچێوەیەدا، یاشار کەماڵ لە پاڵ ڕیالیزم دا، کەلک لە خەسڵەتەکانی ڕیالیزمی جادوویش وەردەگرێت؛ شێوازێک کە تێیدا ڕاستینەی کۆمەڵایەتی ئاوێتەی هێماگەلی سروشتی و ئۆستوورەیی دەکات.
حەمەدۆک: بەسەرهاتی بەرگریی
هابز بام (١٩٨١) لە سەر ئەو بڕوایەیە کە هەندێ لە یاخیبووەکان، کە ئەو وەک (یاخیبووانی ڕەسەن و نەجیم) ناویان لێ دەنێت، لەلای خەڵکی ڕەشۆکی وەکوو قارمانانی خەڵکی دەناسرێن، کە چالاکی و کردەوەکانیان دژی ستەم و زوڵمە؛ بۆ وێنە: ڕابین هوود یەک لەو کەسایەتییە یاخیبووانەیە. (هابزبام، ١٩٨١، ٢٠-٢٢). هەڵبەت لە ئەدەبی زارەکیی و مێژوویی کوردیشدا بە دەیان و بگرە زیاتر لەو جۆرە کەسایەتییە یاخی و شۆڕشگێرانە دەبیندرێن، وەکوو خولە پیزە، خاڵە سوورە و حەمەتاڵ و... هتد.
توندوتیژی وەکوو بەرگریی و خۆڕاگریی
فانوون لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا، داماوانی گوێی زەوی، توندوتیژی وەکوو کەرەستەیەک دەزانێ بۆ ڕزگاریی و گەڕاندنەوەی کەرامەتی مرۆڤی (فانون،١٩٦٣. ٥١-٦١). ئاکار و کردەوەی حەمەدۆکیش لەو چوارچێوەیەدا شیکاری و شرۆڤە هەڵدەگرێت؛ ئەو توندوتیژییەی کە لە ئاستی تاکەکەسیی تێدەپەڕێت و دەبێتە کردەیەکی سیاسی دژ بە ئاغاوەتی (فێئۆدالیزم) و زوڵم و زۆری. لە ئەدەبیاتی کەماڵدا، توندوتیژی نەک ڕووخێنەر، بگرە کەرەستەی ڕزگاریدەرە کە هەل و بوار دەڕەخسێنێت بۆ بەرگریی بەکۆمەڵ و پاراستنی شان و شکۆی مرۆڤەکان.
ڕووبەری نێوانێتی و کەوشەنەکانی شوناس
هومی بابا چەمکی (ڕووبەری نێوانێتی) بۆ باسکردن لە دۆخەکانی نێوان سنووری دەکار دەکا، ئەو شوێنەی کە شوناسەکان ناجێگیر و بێ سوباتن و لە حاڵی دووپاتە ژیانەوە و بووژانەوەدان و گەرەکیانە هەمیسان خۆیان بناسێننەوە و پێناسە بکەنەوە.(بابا، ١٩٩٤، ٢١). حەمەدۆک لەوەها کەش و هەوایەکدا دەژیت: ئەو هاوکات پارێز دەکات لە کۆمەڵگەی جووتیاران و مەودایەک دادەنێت و لەولاشەوە لە پەراوێزی نەزمی سیستەمی دەوڵەتی ناوەندیدا دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە دووانەیە ئەو دەکات بە هێمایەک لە ناڕوونیی، ئاستەنگیی و خۆڕاگریی کولتووری، چوونکە دەگەڵ ئەوەیدا تەک پێکهاتەکانی دەستەڵات ناکۆک و دژە، بەڵام هاوکات نوێنەری نەریت و شوناسی گشتییە.
بەستێنی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی
ڕۆمانەکە لە دەیەی ٣٠یی هەتاوی و لە بەرەبەری گۆڕانکارییەکانی داڕشتی کۆمەڵگەی تورکیاوە نووسراوە. بە گۆڕانی سیستەمی تاکە حیزبی بۆ فرە حیزبی و هاتنە کایەی ماشین و دەزگاکانی پێشکەوتووی کشت و کاڵی وا چاوەڕوانی دەکرا کە دەستەڵاتی ئاغاکان کەم بێتەوە و لە کزی و لاوازی بدات (ئەشکرۆفت، گریفیتس و تیفین، ١٩٨٩: ٢٢-٢٤). لە کردەوەدا، خاوەن زەوی و زارەکان بە هاودەستیی و یەکانگیریی سیاسی و قۆرخکردنی کەرەسەکانی بەرهەم هێنان بەردەوام بوون لە دەسەڵات داسەپاندنی خۆیان. لەوەها کەش و هەوایەکدا بوو کە نووسینەکانی یاشار کەماڵ پڕژانە سەر ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگە و هەروەها خستنەڕووی نەخشەڕێگا و جێگرەوەکان بۆ بەرگریی و خۆڕاگریی. بە سەیر کردنی ئەو بەستێنە مێژووییە بۆمان دەردەکەوێت کە بۆچی ڕۆمانەکانی کەماڵ بەرەوژوورتر لە سنوورەکانی میللی و نەتەوەیی دەجووڵێنەوە و ئەو کەوشەنانە تێدەپەڕێنێت. کەماڵ بە وێناکردنی پێوەندییەکانی دەسەڵات لە چۆکۆڕاوای باشووری ئەنادۆل، وێنەیەکی جیهانی لە زوڵم و زۆری و بەرگریی چێ دەکات کە دەکەوێتە وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ بیروڕاکانی پاش-کۆلۆنیالیزم.
چوارچێوەی تیئۆریک و شیکاری پاش-کۆلۆنیالیزم
ئیدوارد سەعید لەسەر ئەم بڕوایەیە کە گۆڕەپانی ئەدەب نەک بە تەنیا جێی خۆخافڵاندن و سەرپێوە قاڵکردن و خەیاڵ پڵاوی نیە، بەڵکوو دەتوانێ وەکوو کەرەستەیەک بۆ ڕەخنەی دەسەڵات و زمانحاڵی هەژاران و لێقەوماوانی کۆمەڵگەش دەکار بکرێت.(سەعید، ١٩٩٤:١٢٢). هەر لەو پێناوەدا ڕۆمانی حەمەدۆک ئاوێنەی باڵانوێنی وەها ڕۆڵگێڕان و دەور و نەخشێکە و بەستێنیک پێکدێنێ تا وەکوو پەراوێز نشینەکان و بێ دەسەڵاتانی کۆمەڵگەش درەتانی دەربڕینی قسەکانی خۆیان هەبێت.
لەلای ترەوەش، "هومی بابا"پێداگرە لەسەر ئەم خاڵە کە ناڕوونیی و دووانەیی فەرهەنگی نەک نیشانەی کزی و لاوازیی، بگرە بەستێن و گۆڕەپانێکی گرنگ و لەبارە بۆ خۆڕاگریی و بەرگریی. کەسایەتیی حەمەدۆک بە شوناسێکی دووانەیی و نێوان فەرهەنگێتی، هێمایەکی ڕوون و دیارە لەو ناڕوونیە؛ ئەو لە ڕووبەرێکی نێوانێتی لە هاتووچۆدایە و هەر ئەمەش دۆخی شلە و ڕێژنە ئاسایانە دەکاتە هێزێک بۆ بەربەرەکانێی دەسەڵات. "فانوون"یش چەمکی توندوتیژی لە چوارچێوەی خەباتی دژە داگیرکاری، وەک هێزێکی ڕزگاریدەر لە وەدەستهێنانەوەی سەرلەنوێی ئازادی وێنا دەکات، نەک بە مانا و دیوە نەرێنییەکە کە ڕووخێنەریی بێت. لە بەسەرهاتەکدا، حەمەدۆک ڕێک لەو ڕێچکەیە تێدەپەڕێت و دواجار دەبێت بە قارەمانێکی خەڵکیی کە نوێنەر و نوێنگەی ڕزگاریی و دادپەروەرییە.لە کۆتاییدا، تری ئیگلتەن، وابیردەکاتەوە کە داڕشت و زمانی ڕەوایەت کردن، خۆیی لە خۆیدا کەرەستەن بۆ ڕەخنەگرتنی کۆمەڵایەتیی.(ایگلتون، ٢٠٠٢، ٥٧). کەماڵیش بە کەلکوەرگرتن لە زمانی شاعیرانە و دەکارکردنی بەیت و باو و کولتووری ناوچەیی، بە شێوازێکی دیار و بەرچاو ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی دەئافرێنێتەوە.
بەرگریی گشتیی و ئاستەنگ و بەربەستەکان
لەگەڵ ئەوەدا کردەکانی حەمەدۆک دنە دەر و وزە بەخشینە بۆ جووتیاران و چێودارانی چۆکۆڕاوا، بەڵام ڕۆمانەکە ئەوە دەردەخات کە بەرگریی گشتی لە کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان ئاغاوەت و فێئۆدالی لە چوارچێوەیەکی تەسک و تەنگدا قەتیس دەمێنێتەوە. هەرچەندە کوژرانی عەبدی ئاغا هیوا و هومێدێکی کاتی دەخوڵقێنێت، بەڵام داڕشتی دەسەڵات هەر لەسەر جێێ خۆیەتی(ئێلیۆت، ١٩١٩، ٤٧). کەماڵ لێرەدا شێوازی واقع بینی و واقع خوازیی خۆی دەپارێزێت: بە تەنیا گۆڕانکاریی لە لایەن کەسێکی قارەمانەوە بەس نیە و، دادپەروەری کۆمەڵایەتیی پێویستیی بە ئاڵوگۆڕی قووڵ و بنچینەیی هەیە.
پەیامی کۆمەڵایەتی و جیهانی
بەرهەمەکانی کەماڵ بان نەتەوەیین واتە لەودیو سنوورەکانی تورکیاوە قەتیس نامێنێت و ئاودیوی وڵاتانێکی فرەی جیهان دەبێتەوە و دەخوێندرێتەوە. هەروەک چۆن فانوون پێداگری دەکاتەوە کە فەرهەنگی بەرگریی چەکێکی بەهێزە دژ بە توندوتیژی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراوە. (فانون، ١٩٦٣، ٦٣). لەولاترەوە بەڕای سەعید، ئەدەب توانستی ئەوەی هەیە کەوشەنەکانی فەرهەنگی و سیاسی تووشی ئاستەنگ و چالێنج بکات و دەنگی کەمینە و نەتەوە ژێردەستەکان بگەیەنێتە جیهانەوە(سەعید، ١٩٩٤، ١٢٧). بەو جۆرەیە کە بەرهەمەکانی یاشار کەماڵ دەچنە خانەی ئەدەبی بەرگریی جیهانی و بەسەرهات و چیرۆکەکانی ئەو ناوبانگیی فرەلایەنە پەیدا دەکەن.
پاشبار
یاشار کەماڵ بە نووسینی حەمەدۆک نەک تەنیا چیرۆکێکی دوور و درێژی سەبارەی بە ژیان و سەربردەی یاخیبوویەکی نووسی، بگرە دەقێکی دەگمەن و هەرمانیی لە چەشنی ئەدەبیی بەرگریش خوڵقاندووە کە بۆ هەتاهەتایە لە بەرزایی دەمێنێتەوە. ئەو بە دەکارکردنی فۆلکلۆری کوردی و ناوچەیی، ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی، ڕیالیزمی جادوویی و بەسەرهاتە ئۆستوورەییەکان، هەندێ قارەمانی دروست کردن کە لە نێوان کەوشەنی یاساشکێنی و دادپەروەریدا لە هاتووچۆدان. کەسایەتیی حەمەدۆک دەرخەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە توندوتیژی بێتوو لە خزمەت بەرگریی و دادپەروەری دا بێت دەکرێ ببێتە هێزێکی ڕزگاریدەر. بەرهەمەکانی کەماڵ ئاوێنەیەکی باڵانوێنن لە ئەدەبیی پاش-کۆلۆنیالیزم؛ ئەو ئەدەبەی کە هاوکات دەنگی بێبەشان دەگەیەنێت و چەمک گەلی ئازادی و دادپەروەری بڕەو پێدەدات. ئەو بە گرێدانی یادەوەری گشتی گوندنشینەکان دەگەڵ تیئۆری و بۆچوونەکانی جیهانی خۆڕاگریی، جێگە و پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی ئەدەبی جیهان بۆ خۆی مسۆگەر کرد. واتە دەکرێ بڵێین حەمەدۆک لە لایەکەوە ئاوێنەیەکە لە کۆمەڵگەی تورکیەی دەیەی ١٣٣٠ی زایینی و لەولاترەوەش بەشێکی دانەبڕاوەیە لە میراتی ئەدەبی بەرگری و خۆڕاگری کە هەموو کەوشەنەکان و حدوودەکانی بڕیوە و پەیامەکەی خۆی گەیاندۆتە تەواوەتی خەڵکانی تۆپی زەوی.
* مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، نووسەر، وەرگێڕ و سیاسەتمەداری کورد بە وەرگێڕانی "حەمەدۆک" کتێبخانەی کوردیی بەو بەرهەمە بایەخمەندە ئەدەبییە دەوڵەمەند کرد.