کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەری، چیرۆکی ئاشکرای دوژمنکاریی حکوومەتە بەرانبەر بە کوردستان

10:23 - 1 سەرماوەز 2725

عومەر باڵەکی

 لەو کاتەوەی سیستمی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، بە چاوی ئەمنییەتییەوە دەڕوانێتە هەموو پرس و بابەتەکانی کوردستان و ئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبووە لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان، بەتایبەتی لایەنی بژێویی ڕۆژانەی خەڵک. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو ٤٦ ساڵەدا، بە بیانووی نائەمنبوونی کوردستان، ڕێگایان نەداوە هیچ پرۆژەیەکی ئابووری کە بتوانێت هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بخوڵقێنێت، لە کوردستان دابمەزرێت و لە لایەکی دیکەوە بە هەموو توانایانەوە خەریکی تاڵانکردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەویی کوردستان بوون و هەر دوو ئەو هۆکارانە دەستیان داوەتە یەک، کە ڕێژەی بێکاری لە کوردستان بە ڕادەیەک بڕواتە سەر کە خەڵکی کوردستان ناچار بە کۆچی ئیجباری بن و بەرەو شارەکانی دیکەی ئێران بۆ دیتنەوەی کار بڕۆن، کە زۆر جاران لەو ڕێگایەشدا یا مافخوراو دەگەڕێنەوە و یا کارێکی شیاوی خۆیان دەست ناکەوێت کە بتوانن سەری خۆیانی پێ ڕابگرن. بۆیە بە ناچاری لەسەر سنووری ئێران – عێراق ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن.

 بەپێی بنەماکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، بەندی ئەلف، ماددەی ٢٣: «هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کە کار بکات و ئازادانە کاری خۆی هەڵبژێرێت، خوازیاری خوڵقاندنی هەلومەرجی دادپەروەرانە بێت و لە کاتی بێکاریدا پشتیوانیی لێ بکرێت.» و تەنانەت لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا لە ئەسڵی ٢٨دا باس لەوە دەکات کە هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کاری هەبێت... و دەوڵەت لەسەریەتی بە لەبەرچاوگرتنی نیازی کۆمەڵگە بە کاری جۆراوجۆر، بۆ هەموو کەس هەلی کار بە هەلومەرجی یەکسان بخوڵقێنێت. بەڵام دەبینین دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئەوەدا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەندامن، نە پابەند بە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤن و نە پابەند بە یاسا و ڕێساکانی خۆیانن.

 لە سەردەمی ئێستادا کار و کەسابەت پێناسەی خۆی هەیە، بەو مانایەی کار دەبێت دائیمی بێت و ڕادەی داهاتی دیار بێت و لە کاتی پیری و لەکارکەوتوویی و لە بەرانبەر لەدەستدانی کاردا مافی پارێزراو بێت. بەو پێناسەیە کۆڵبەری ناتوانێت کار بێت، چونکە نە کارێکی دائیمییە و نە مافی کۆڵبەر وەک کرێکارێک پارێزراوە و لە هەمان کاتدا خاوەنی کار دیار نییە، هەتا لە بەرانبەر دابینکردنی ژیان و ئەمنیەتی کرێکاردا بەرپرسیار بێت. لە کۆڵبەریدا هەر ڕۆژە و یەکێک خاوەن بارە و بارەکەی خۆی لە بەرانبەر بڕە پارەیەک دەدات بە کۆڵبەر و لە بەرانبەر گیان و ئەمنیەتیی جەستەیی کۆڵبەردا هیچ بەرپرسیارەتییەکی نییە و لێرەدایە دەبینین بەپێی یاسای کار و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و تەنانەت قانوونی بنەڕەتیی ئێران، مافی کۆڵبەر پێشێل کراوە. لە لایەکی دیکەوە گیانی کۆڵبەر بە بیانووی سنووربەزاندن و قاچاغیی کەلوپەل، لە لایەن پاسەوانانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەوێتە بەر هەڕەشە و مەترسیی کوشتن، کە بەداخەوە ساڵ بە ساڵ ئاماری کوژراو و برینداری کۆڵبەران بە دەستی ئەو هێزانەی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە زیادبوونە، بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک لەو سیستمەدا بەرپرسیارەتیی ئەو کوشتن و بریندارکردنەی کۆڵبەران وەئەستۆ بگرێت.

 دەسەڵاتدارانی تاران بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی «کۆڵبەریی ئازاد» و دانی کارتی هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکان، دەیانەوێت کۆڵبەری قانوونمەند بکەن. ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئەو دوو تێڕوانینە جیاوازەی حکوومەتی تاران سەبارەت بە کۆڵبەران حیکمەتی لە چیدایە؟ لە لایەک هێزی ئینتزامی و پاسەوانی سنوور، کەوکوژانە تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و تەنانەت بەزەیییان بە وڵاغەکانی باریشیان نایەتەوە و دەدرێنە بەر دەستڕێژی فیشەک و لە لایەکی دیکەوە هەر هەمان بار و هەمان کۆڵبەر ڕێگایان پێ دەدەن بە دەروازە سنوورییەکاندا تێپەڕن و بە کۆڵەوە بەو دەروازانەدا بگەڕێنەوە. لە حاڵێکدا لە هەموو دنیادا کەلوپەلی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان دەوڵەتان، بە کەرەستەی جۆراوجۆری ماشینی دەگوازرێنەوە.

 دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی ڕەچاوکردنی سیاسەتی هەڵەی بەڕێوەبەری، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، هەم خۆیان و هەم گەلانی ئێرانیان تووشی کۆمەڵێکی زۆر گیروگرفتی ئابووری کردووە و ئەوە بووەتە هۆکارێک بۆ بردنەسەرەوەی ڕێژەی بێکاری و هاتنەخوارەوەی توانای کڕینی خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و لە هەمان کاتدا دەوڵەت و حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی لە چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتانەدا عاجز و داماون، هەر بۆیە هەوڵ دەدات هەموو دەروازەکانی دابینکردنی کەلوپەلی هاوردە دانەخرێن و لە ڕێگای کۆڵبەرانەوە ئەو کەلوپەلانە کە نرخێکی کەمتری گواستنەوەی لە هەموو بوارێکەوە تێدەچێت، بهێنرێتە نێو خاکی ئێران. ئەو ڕێگەپێدانە ڕەنگە لە کورتماوەدا قازانجێک بە گیرفانی بەتاڵی کۆڵبەرەکان بگەیەنێت و بەجۆرێکیش دەوڵەت لێی سوودمەند بێت. بەڵام لە درێژخایەندا زیانێکی گەورە لە گەشەکردنی ئابووریی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەدات. چونکە خەڵکێکی زۆر زیاتر لە ئێستا ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن و بەشی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆجێیی لەوەی کە هەن، زیاتر تووشی داڕمان دەبن، بەو مانایەی کە ستراتیژیی دەوڵەت بۆ لەپەراوێزخستنی کوردستان لە بواری ئابووری و پیشەسازی و دروستکردنی هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، زۆر بەبێدەنگی بە تاروپۆی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەچێتە خوارەوە و جێگیر دەبێت. بە واتەیەکی دیکە، کۆڵبەری چیرۆکی ئاشکرای زوڵم و زۆریی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. چونکە ئەگەر لە کوردستان کۆمەڵێک پرۆژەی پیشەسازی و ئابووری و بەرهەمهێنان هەبووایە، تاکی کورد عیزەت و کەرامەت و گیانی خۆی بۆ پارووەنانێک نەدەخستە مەترسییەوە. هەر وەک پێشتر باس کرا، تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە گەلی کورد و مافەکانی، تێڕوانینێکی ئەمنییەتییە و ئەو تێڕوانینە بووەتە بەشێک لە ستراتیژیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی کە پەرەپێدان و گەشەکردنی ئابووریی کوردستان لە پەراوێز بخرێت و ئەو لەپەراوێزخستنە وای لە تاکی کورد کردووە کە بۆ دابینکردنی لانی کەمی بژێویی ژیان، بە نرخی لە مەترسی کەوتنی گیانی، ڕوو لە کۆڵبەری بکات.