
فارین ئەفەرز – کەریم سەججادپوور
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی
ئێران وەک پاکستان
بێتوو داهاتووی ئێران لە دەستی سوپای پاسداراندا بێت، ڕەنگبێ پاکستان زۆرترین وێکچوونی لەگەڵ دۆخێکی ئەوتۆ هەبێت. لە کاتی شۆڕشەوە، کۆماری ئیسلامی وردە وردە لە دەوڵەتی مەلایانەوە بۆ دەوڵەتێکی ئەمنییەتیی ژێر دەسەڵاتی سوپای پاسداران گۆڕدراوە. سوپای پاسداران کە لە ١٩٧٩ بە مەبەستی "پاراستنی شۆڕش" لە بەرانبەر کودەتای بیانی، ناڕەزایەتیی نێوخۆ و، ئەگەری خیانەت لە لایەن ئەڕتەشی شا لەدایک بوو، لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی پێدرا. پاشان، ئەو بەرەو قۆرخکردنی بازرگانی، بەندەرەکان، بیناسازیی، قاچاخچییەتی و مێدیا هەنگاوی نا و، بەو شیوە بوو بە حەزیا: بەشێک هێزێکی سەربازی، بەشێکی دیکە پێکهاتەیەکی زەبەلاحی ئابووری و بەشێکیش مەکینەیەکی سیاسی. ئەمڕۆ، سوپای پاسداران چاودێریی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەکات، فەرماندەی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی لە سەرانسەری ناوچەیە و، بەشێکی بەرچاوی ئابووری لە قۆرخی ئەو دایە. دەسەڵاتە بەرفراوانەکەی وای کردوە ئەو پەندەی بۆ وەسفی پاکستان بەکار دێت، بە شێوەی پەرەئەستێن ئێرانیش بگرێتەوە: "وڵاتێک نیە خاوەنی سوپایەک، بەڵکوو سوپایەکە خاوەنی وڵاتێک".
نادڵنیاییەکانی خامنەیی دەسەڵاتەکەی بە سوپاوە بەستووەتەوە. داگیرکارییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان و عێراق، بیانووی دا بە سوپای پاسداران بودجەکەی پەرە پێ بدات و بەکرێگیراوەکانی لە دەرەوە تەیار بکات، لە کاتێکدا گەمارۆکان ئەو ڕێکخراوەیەیان بە بەدەستەوەگرتنی کۆنتڕۆڵی بەندەرەکان و کردنیانی بە شوێنی قاچاخچییەتی نایاسایی، دەوڵەمەند کرد. بەڵام سوپای پاسداران یەکەیەکی هاوچەشن نیە: ئەو پێک هاتووە لە کارتێلی ڕکابەری یەکتر کە ڕکابەرییەکانی، نێوان جیلەکان، دامەزراوەیی و بازرگانی، لەژێر دەسەڵاتی خامنەییدا سنووردار کراون. مردنەکەی وێدەچێت ببێتە هۆی ئاشکرابوونی ئەو ڕکەبەرییانە.
یەکێک لە سێناریۆکان کە لەویدا سوپای پاسداران لە هێزێکی مەزنەوە ببێتە فەرمانڕەوای ئاشکرا، دەتوانێت ئیزندان بە پشێوی بێت، بەر لەوەی وەک "ڕزگاریدەری وڵات" هەنگاو بنێت. ئەوە دەتوانێ هەمان شێوازی سوپای پاکستان بێت، کە ماوەیەکی دوورودرێژە بە پیشاندانی خۆی وەک پارێزەری یەکپارچەیی وڵات هەم بەرانبەر بە هیندوستان و هەروەها پارچەپارچەبوونی نێوخۆیی، ڕەوایی بە دەسەڵاتەکەی داوە. بۆ سوپای پاسداران، وەها ستراتیژییەک نە تەنیا وەلانانی مەلایان دەخوازێت، بەڵکوو گۆڕینی پرەنسیپەکانی ڕێکخەری خودی دەوڵەتیش لە ئایدیۆلۆژیی شۆڕشگێڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی. مەلاکان کەلک لە خودا وەردەگرن، سوپای پاسداران دەبێ کەلک لە وڵات وەرگرێت.
بەڵام دەسەڵاتی هەنووکەیی سوپای پاسداران نابێ بە هەڵە بە خۆشەویستیی جەماوری لێک بدرێتەوە. فەرماندە پلەبەرزەکانی لە لایەن خامنەییەوە دەستچن کراون، بەردەوام دەگۆڕدرێن تا دەسەڵاتی لە ڕادەبەدەر بۆ بوون بە کەسایەتیی سەربەخۆ کۆ نەکەنەوە و، گرێدراوی سەرکوتی بەرفراوان، گەندەڵی و لێنەهاتوویین. وەک سیامەک نەمازی، ئێرانییەکی شارۆمەندی ئەمریکا کە هەشت ساڵ لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە بە بارمتە گیرا، پێی گوتم، "ئەمڕۆ ئێران لە تاقمێک مافیای ڕکابەری یەکتر پێکهاتووە، کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای پاسداران و دەست و پێوەندەکانیدان و، مەزنترین وەفاداریی ئەوان بۆ وڵات، ئایین یان ئایدیۆلۆژی نیە، بەڵکو دەوڵەمەند کردنی خۆیانە."
کوشتنی دەیان فەرماندەی پلەبەرزی سوپای پاسداران لە لایەن ئیسڕائیلەوە، لە بنکە ژێرزەوییەکانیان و ژوورە خەوەکانیاندا، لەرزۆکیی ئەو تاقمە و لاوازییەکانی دامەزراوەیەکی ئاشکرا کرد کە وەفاداریی ئایدیۆلۆژیکی وەپێش لێهاتوویی دەدات. بەردەوامبوونی ڕێژیمێکی سوپای پاسداران، بێگومان جیلێکی نوێی رێبەران دەخوازێت کە لەوانەی لە لایەن خامنەییەوە پەروەردە کراون کەمتر ویشکەباوەڕ بن و لە جیات ئایدیۆلۆژیی مەلایان توانایی ڕاکێشانی جەماوەریان بە ناسیۆنالیزم هەبێت.
بێتوو سوپای پاسداران ببێتە فەرمانڕەوای ئێران، بەشێکی زۆری بەوە بەستراوەتەوە کە کام ڕێبەر سەر هەڵدەدات. فەرماندەیەک کە هاندەرەکەی ناڕەزایەتی بێت دەتوانێت خۆی وەک پوتینی ئێران جێ بخات، کەسێک کە ناسیۆنالیزم بە ئیسلامیزم بگۆڕێتەوە لە کاتێکدا کە درێژە بە بەربەرەکانی دژی ڕۆژاوا بدات. ئەفسەرێکی پراگماتیست ڕەنگبێ بیرهێنەرەوەی عەبدولفەتاح ئەلسیسیی ئێرانی بێت، لە کاتێکدا کە بەدوای هاوپەیمانیی لەگەڵ ڕۆژاوایە، دەسەڵاتی دیکتاتۆرانە بپارێزێت، ئەو کارەی سەرۆک کۆماری میسر کردوویەتی. پرسی بەرنامەی ناوکی، پرسێکی سەرەکی دەبێت. ستراتێژیستەکانی سوپای پاسداران لە نووسراوەکانیاندا زۆر جار چارەنووسی سەددام حوسێن و موعەممەر قەزافی کە هەردووکیان بێ چەکی ناوکی ڕووخان، لەگەڵ هی ڕێژیمی کۆرەی باکوور بەراورد دەکەن کە چەکی ناوکیی هەیە و ماوەتەوە. ئێرانێکی ژێر دەسەڵاتی سوپای پاسداران بەرەوڕووی هەمان سەرئێشە دەبێت: بۆ مانەوە وەدوای دروستکردنی بۆمبی ناوکی بکەوێت یان بە قازانجی دانپێدانان وازی لێ بێنێت.
وەکوو پاکستان، ئێرانێکی ئەوتۆ دەبێ زۆرتر بە ژەنڕاڵەکانیەوە، کەسانی ناسیۆنالیست کە حەزیان لە ورووژاندنی هەستی خەڵکەکەیانە و بەردەوام خەریکی سەرسم لێدان لە نێوان بەروڕووبوونەوە و سازش لەگەڵ ڕۆژاوان، پێناسە بکرێت تا مەلاکانی.
ئێران وەک تورکیە
لە ڕووی ڕووبەر، ڕێژەی دانیشتووان، کولتوور و مێژوو، ئێران کەم ئامۆزای هەن وەک تورکیە بن، وڵاتێکی دیکەی گەلێک لەخۆبایی، ناعەڕەب و موسڵمان کە مێژوویەکی دوورودرێژی بێمتمانەیی بە زلهێزەکانی هەیە. ئەزموونی تورکیەی ژێر دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەگەری بوون بە هاوتەریبی هەیە: هەڵبژاردنێک کە ببێتە هۆی گەیشتنی ڕێبەرێکی خاوەن پێگەی جەماوەریی بە دەسەڵات، لە سەرەتادا چاکسازیی بکات کە بە کەیفی شارۆمەندانی ئاساییە و، پاشان لادان بەرەو سەرەڕۆیی زۆرینە لەژێر دەمامکی زمانی دێموکراسیدا.
بۆ ئەوەی ئێران ڕێچکەیەکی ئەوتۆ بگرێتە بەر، پێویست بە ئاڵوگۆڕێکی هەمەلایەنەی پێکهاتەییە. ناوەندە دەسەڵاتە بیزانتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ناویاندا ڕێبەری گەورە، شوڕای نیگابان و ئەنجومەنی پسپۆڕان دەبێ هەڵوەشێندرێن، سوپای پاسداران دەبێ تێکەڵی هێزی سەربازیی ئاسایی بکرێت و، ناوەندە بۆشە هەڵبژێردراوەکان دەبێ خاوەن دەسەڵات بکرێن. بێ ئەو پێشمەرجانە، سیاسەتی ڕکەبەریی و بەرپرسیاریی ڕاستەقینە ناتوانن ڕەگ داکوتن. بەڵام، ئێران لە سفرەوە دەست پێ ناکات. وەک زانستوانی کۆمەڵایەتی کیان تاجبەخش بەو ئاکامە گەیشتوە کە دروستکردنی هەزاران شوڕای شار و شارەوانی وەک دامەزراوەی "دوو ئامانجە بۆ خزمەت بە پەرگالێکی سەرەڕۆ دروست کراون، بەڵام لە ڕوانگەی پێکهاتەییەوە دەتوانن بۆ گواستنەوە بەرەو دێموکراسی کەلکیان لێ وەرگیرێت، بێتوو دەرفەتیان پێ بدرێت." بە کردەوە، ئێرانییەکان ماوەیەکی دوورودرێژ ڕاهێنانی شێوازی دەوڵەتداریی نوێنەرایەتیکەریان پێ کراوە، بێ ئەوەی کەلک لە ناوەڕۆکەکەی وەرگرن.
ڕێبەرێکی پۆپولیست دەتوانێ لە هەڵبژاردنێکی کەمێک ئازاددا سەر هەڵبدات. لە وڵاتێکی خاوەن سامانی زەبەلاح و نادادپەروەریی بەربەرین، پۆپولیزم هێزی چەندپاتبووەوە لە سیاسەتی ئێراندا بووە. لە ١٩٧٩، خومەینی لە کاتێکدا دژی شا و پشتیوانە دەرەکییەکانی ڕابوو کە بەڵێنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەخۆڕایی، خانووبەرە بۆ هەمووان و دابەشینەوەی سامانی نەوت بەسەر خەڵکی ئاساییدا، لەجیات نوخبەی گەندەڵی دا. جیلێک دواتر، مەحموود ئەحمەدینژاد، کە کەمێک وەک شارەداری تاران ناسرابوو، لە ساڵی ٢٠٠٥ بە بەڵێنی "هێنانی داهاتی نەوت بۆ سەر سفرەی خەڵک" خۆی بۆ بوون بە سەرۆککۆمار بەربژێر کرد. چ بە هەڵبژاردنی کراوە یان ڕکابەرانە بێت، ئێرانی دوای خامنەیی جارێکی دیکە دەتوانێت شاهیدی سەرهەڵدانی کەسێکی نەناسراوی پۆپولیست بە دروشمی ناسیۆنالیستی و توانایی ورووژاندنی تووڕەیی جەماوەریی دژی نوخبە و هەروەها دوژمنانی دەرەکی بێت.
ڕووداوێکی ئەوتۆ ئێران ناگەیێنێتە دێموکراسیی لیبڕاڵ، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانێت درێژەدەری دەسەڵاتی مەلایانیش بێت. ئەو ڕەوایی جەماوەریی تێکەڵی دەسەڵاتی ناوەندگەرا دەکات، سامانەکان بە بەرتیل دادەبەشێتەوە و ناسیۆنالیزم لەگەڵ سیمبۆلیزمی ئایینی تێکەڵ دەکات. لە ڕوانگەی بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان، وەها سێناریۆیەک لە درێژەکێشانی حکوومەتی ئایینی و دەسەڵاتداریی سەربازیی باشترە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی تورکیە پیشانی داوە کە پۆپولیزم دەتوانێ دەرگا بۆ سەرەڕۆیی بکاتەوە نەوەک بۆ پلۆرالیزم، شتێک کە پشت بە پشتگیریی جەماوەریی و سندووقی دەنگدان دەبەستێت.
ژیانی ئاسایی
مێژوو دەخوازێت لە پێشبینیکردنی داهاتوودا خۆبەزلنەزان بین. لە دێسەمبەری ١٩٧٨، تەنیا مانگێک بەر لە ڕۆیشتنی شا، یەکێک لە بەناوبانگترین زانستوانانی ئەمریکا لە بواری ئێراندا، جەیمز بیڵ، لە وتارێکی گۆڤاری فارین ئەفەرزدا نووسی "ئەو ئالترناتیڤەی لە هەمووان زۆرتر ئەگەری وەڕاستگەڕانی هەیە" کە ببێتە جێگرەوەی شا "تاقمێکی پێشکەوتنخوازی چەپ پێکهاتوو لە ئەفسەرە پلە مامناوەندەکانی سوپایە." ئەو پێشبینی کرد کە سێناریۆی دیکە دەتوانێت "جونتایەکی ڕاستڕەوی ئەڕتەشی، سیستەمێکی لیبڕاڵ دێموکڕاتی هاوشێوەی ڕۆژاوا و دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی بێت." بیڵ نووسی "وڵاتە یەکگرتووەکان پێویست ناکات لەوە بترسێت کە دەوڵەتی داهاتووی ئێران بە ناچار دوژمنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت." لەوەش سەرنجڕاکێشتر، تەنیا چەند حەوتوو بەر لەوەی مەلاکانی ئێران دەسەڵات بگرنە دەست، بیڵ پێشبینی کرد "ئەوان قەت ڕاستەوخۆ لە پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بەشدار نابن." ڕۆشنبیرانی ئێرانیش لە لێکدانەوەی ڕووداوەکان تووشی هەڵە بوون. چەند حەوتوو بەر لە قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن خومەینییەوە و دەرکردنی بڕیاری ئیعدامی بەکۆمەڵ، یەکێک لە بەناوبانگترین ڕۆشنبیرانی ئێران، فەیلەسوف داریوش شایگان ڕایگەیاند "خومەینی گاندییەکی ئیسلامییە. ئەو تەوەری جووڵانەوەکەمانە."
وەکوو چۆن ١٩٧٩ هەم لە نێوخۆ و هەروەها لە دەرەوە سەرلێشێواویی دروست کرد، ئەگەری ڕوودانی سێناریۆی چاوەڕواننەکراویش هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ئاڵترناتیڤ، بەشێک لە ئێرانییەکان چاویان بڕیوەتە ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شا کە لە تاراوگە دەژیت، ئەو ناوبانگەکەی تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ نۆستالژیی خەڵکی ئاسایی بۆ سەردەمی بەر لە شۆڕش کە بە شێوەی سەرهێڵ پیشانی دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا چونکە نیو سەدەیە لە دەرەوە دەژی، ئەو پێویستی بە زاڵبوون بەسەر کەمایەسیی نەبوونی ڕێکخراو و هێزی سەرشەقام بۆ سەرکەوتن لەو کێبڕکێ بێبەزەییانەدا هەیە کە پێناسەی گواستنەوە لە سیستەمە سەرەڕۆکانە. ئەگەرێکی دیکە، کە ڕەنگبێ مەزنترین ترسی بەشێکی زۆر لە ئێرانییە نەتەوەپەرستاکان لەنێویاندا تەنانەت نەیارە سەرسەختەکانی ڕێژیمیش بێت، پارچەپارچەبوون بە شیوەی یوگوسلاڤی بە گوێرەی هێڵە ئەتنیکەکانە. کەمینەکانی ئێران دەتوانن لاوازیی دەسەڵات لە ناوەند وەک کرانەوەیەک بۆ سەرهەڵدان و دەرفەتێک بۆ دەستپێکێکی نوێ سەیر بکەن. بەڵام، بە پێچەوانەی یوگوسلاڤی، ئێران ڕەگی لەسەر شوناسێکی گەلێک کۆنتر و یەکگرتووتر دامەزراوە: زیاتر لە ٪٨٠ی ئێرانییەکان فارس و ئازەرین، نزیکەی هەموویان لە زمانی فارسی وەک زمانی هاوبەش کەڵک وەردەگرن و، تەنانەت تاقمە نافارسەکانیش خۆیان بە وڵاتێک پێناسە دەکەن کە مێژوویەکی بەردەوامی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵەی هەیە.
لە بنەڕەتدا، جارێکی دیکە ئێران وێدەچێت وڵاتێک بێت بۆ دەستبەسەرداگرتن، بە داهاتووی جۆراجۆرەوە کە دەتوانێت گەلێک لێک جیاواز بێت. وڵاتە یەکگرتووەکان و باقی دنیا لە ئێرانێکی دوای کۆماری ئیسلامی سوود دەبینن کە ڕێنوێنەری لە جیات ویشکەبڕوایی شۆڕشگێڕانە، بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێت. وەک هێنری کیسینجێر جارێک ئاماژەی پێ کرد، "کەم وڵات لە دنیادا هەن کە لە ئێران کەمتر هۆی کێشەیان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و بەرژەوەندیی هاوتەریبی هەبێت." لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان و عێراق پشتڕاستییان کردۆتەوە کە نفووزی دەرەکی سنووردارە: تەنانەت وەبەرهێنانی بەربەرینی خوێن و دارایی ناتوانێت ئاکامی سیاسی دیاریی بکات. ڕووسیە تووشی هەمان سنووردارییەکان دەبێتەوە. ڕەنگبێ مۆسکۆ بەردەوامبوونی کۆماری ئیسلامی وەک چقڵی چاوی واشینگتۆن و سەرچاوەی ناسەقامگیریی بۆ بەرزڕاگرتنی نرخی جیهانیی وزەی پێ باشتر بێت. بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی، مۆسکۆ نەیتوانی پێش بە هەرەسهێنانی ڕێژیمی ئەسەد، بریکارەکەی لە سووریە بگرێت. بەپێچەوانە چین، سوودی گەلێک زۆرتر لە ئێرانێک دەبینێت کە توانایی بوون بە زلهێزێکی وزەی هەیە تا ئێرانێکی هەناردەکاری ناسەقامگیریی.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە دەرەکییەکان هەرچەند بیانهەوێ هاوسەنگییەکە بگۆڕن، ئێڕانی ئەمڕۆ ئەوەندەی هێز هەیە بتوانێ بۆخۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات. ئەو هەموو شتێکی هەیە کە بتوانێت ببێتە یەکێک لە ئەندامانی G20: دانیشتووانێکی خوێندەوار و خاوەن پەیوەندیی بە دنیای دەرەوە، سامانی سروشتیی زەبەلاح و، شوناسێکی شارستانییانەی خاوەن شانازی. بەڵام، بۆ دێموکراتەکانی ئێران، کەشوهەوای نێودەوڵەتی نەیدەوتوانی لە ئێستا دژوارتر بێت. دەوڵەتانی ڕۆژاوا کە سەرەمێک پاڵپشتی دێموكراسی بوون یارمەتییە داراییەکانیان بڕیوە و سەرقاڵی پاشەکشەی دێموکڕاسی خۆیانن. وڵاتە یەکگرتووەکان دامەزراوەکانی خۆی، وەک فاندی نەتەوەیی بۆ دێموکڕاسی و دەنگی ئەمریکا، کە لە بردنەوەی جەنگی سارددا دەوری بەرچاویان گێڕا، کشاندووەتەوە. لەو بۆشاییەدا، ئێران زۆرتر وێدەچێ بەرەو ڕەوتە بەربەینترەکەی جیهانیدا بڕوات کە لەویدا کەسێکی بەهێز بە جەختکردنە سەر پاراستنی نەزم سەر هەڵبدات لە جیات بەڵێنی ئازادی.
بیروڕای زۆرینە ڕەنگبێ گواستنەوەی دەسەڵات لە ئێران دیاری نەکات، بەڵام تا ئەو جێیەی هیواخوازە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن هانای بۆ بەرن، ڕاستییەک ڕوون و ئاشکرایە: ئێرانییەکان تەنیا وەدوای دروشمی بەتاڵ، تاکپەرستی یان تەنانەت ئایدیالە بەرزەکانی دێموکڕاسیش ناکەون. ئەوەی لە هەموو شتێک زۆرتر هیوای بۆ دەخوازن دەوڵەتێکی باش بەڕێوەچوو و بەرپرسیارە کە بتوانێت شکۆی ئابووری ئەوان بگەڕێنێتەوە و ئیزنیان پێ بدات ژیانێکی ئاساییان هەبێت کە دوور بێت لە زەختی خنکێنەری دەوڵەت کە بڕیار دەدات چ جلوبەرگێک بپۆشن، چاو لە چی بکەن، چۆن ئەوینداریی بکەن، کێ بپەرستن و تەنانەت چ بخۆن و بخۆنەوە.
دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی لەکیسچوونی نیو سەدەی ئێران. لە کاتێکدا کە دراوسێکان لە کەنداوی فارس بوونە کۆگای جیهانیی دارایی، گواستنەوە و تەکنەلۆژی، ئێران سامانەکەی بە مەزنیخوازییەکانی لە ناوچە و بەرنامە ناوکییەکەی بەفیڕۆ داوە کە تەنیا بوونە هۆی تەریککەوتوویی، لە کاتێکدا مەزنترین سامانەکەی، واتە دانیشتووانی سەرکوت دەکات و ژیانیان بەفیڕۆ دەدات. ئەو وڵاتە هێشتا ئەو سامانە سروشتییە و سەرمایە مرۆییەی هەیە کە بتوانێت ببێتە یەکێک لە ئابوورییە هەرە پێشکەوتووەکانی دنیا. بەڵام تا ئەوکاتەی تاران لە هەڵەکانی وانە وەرنەگرێت و سیاسەتەکانی نەگۆڕێت، ڕێچکەکەی لەجیات نوێبوونەوە بەرەو دابەزین دەبێت. پرسیارەکە ئەوە نیە ئاخۆ ئاڵوگۆڕ ڕوودەدات یان نا، بەڵکو ئاخۆ دەبێتە هۆی هێنانی ئەو بەهارە کە لەمێژە چاوەڕێین یان تەنیا زستانێکی دیکە لەگەڵ خۆی دێنێت؟