کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوتاری ئایدۆلۆژیک و شێوەی ڕوانینی بۆ چەمکەکان

20:56 - 1 سەرماوەز 2725

دیلان هەردی

ئایدۆلۆژیا زۆری لەسەر گوتراوە و نووسراوە، بەڵام هێشتاش بابەتێکی جێی مشتومڕە، چونکە هەروا لە جیهاندا ڕۆڵ دەگێڕێ. چەمکی ئایدۆلۆژیا وەکوو زۆربەی چەمکەکان بە مێژوویەکدا تێپەڕیوە. خودی چەمکەکە لە ساڵی ١٧٩٦ی زایینی لە لایەن زانایەکی فەڕانسی بەناوی ئانتوان دێستود د-تراسی داهێنراوە و هەروەک چلۆن چەمکی سۆسیۆلۆژی بۆ زانستی کۆمەڵایەتی کەڵکی لێ وەردەگیرێ و بیۆلۆژی بۆ زانستی زیندەوەران، ئایدۆلۆژیش بۆ زانستی ئایدییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا. کاڕڵ مارکس پێناسەیەکی دیکەی بە چەمکی ئایدۆلۆژیا دا. ئەو ئایدۆلۆژیای وەکوو وەهم پێناسە کرد و پێی وابوو کە ئایدۆلۆژیا چەمکێکی بێلایەن نییە، بەڵکوو سیستەمێکی باوەڕە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چینێکی تایبەت دەکا و تێگەیشتنی هەڵە لە واقعی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەکا. ئایدۆلۆژیا ئامرازێکی کردەییە و لە کۆمەڵێک ئایدیا و ئەفسانە و گێڕانەوە پێکهاتووە کە بە ڕێکخستنی خەیاڵ و زەینی تاکەکان، ئاراستەیان دەکا. لەو ڕوویەوە، ئایدۆلۆژی پێکهاتەیەکە کە تاکەکان وەکوو کەرەستە لێ دەکا، چونکە خۆی وەکوو جیهانبینییەک بە سەریدا دەسەپێنێ و تاک لە "خۆ"ی ڕاستەقینە نامۆ و جیا دەکاتەوە تا دۆخی خوازراوی خۆی وەکوو نەزمێکی سروشتی و هەتاهەتایی ڕابگرێ. مارکس ئایدۆلۆژیا وەکوو هەموو ئەو بیر و ئەندێشانە ئەژمار دەکا کە بەر لە تێگەیشتنی زانستی لە جیهان هەبوون. لەو ڕوانگەیەوە، مارکس ئایدۆلۆژیا ڕەد دەکاتەوە.

ماکس وێبێر  پێی وایە دەسەڵات لە کۆمەڵگەی سەردەمدا ناتوانێ تەنیا  لە ڕێگەی هێزەوە بێ، بەڵکوو بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە ڕەواییە، کە ئایدۆلۆژی وەکوو ئامرازێکی ڕەوایی‌بەخشین و پاساودەری دەسەڵات کەڵکی لێ وەردەگیرێ. واتە، ئایدۆلۆژیا بریتییە لە تەواوی ئەو پڕەنسیپانەی کە ئەکتەرێکی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی و تەیارکردنی ئەندامانی کۆمەڵگە کەڵکیان لێ وەردەگرێ تا سیستەمێکی کۆنکرێتی باوەڕی پێ دروست بکا، گرنگ نییە چەندە دژەواقع بێ. ئایدۆلۆژی بەرچاوەکی و ئۆبژێکتیڤ نییە، بەڵام ئەو کەسەی بڕوای پێیە، وا دەزانێ نزیکە لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیهەوێ وەدەستیان بێنێ. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانینێکی "مانیشێنی" و دووفاقێتی.

زۆربەی ئایدۆلۆژییەکان خوازیاری دامەزراندنی سیستەمێکی تەواوخوازن کە ئەو چوار پێوەرە سەرەکییەی تێدا بێ:ڕەتکردنەوەی کاریگەریی دەرەکی، کۆنتڕۆڵکردنی گەیشتنی زانیاری بە خەڵک،ڕەتکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن وڕێگەنەدان بەڕای جیاواز، کۆنتڕۆڵی خوێندن و پەروەردەکردن. هانا ئارێنت پێی وایە، زاتی ڕاستەقینەی ئایدۆلۆژی لە تەواوخوازییەکەی‌دایە کە هەوڵ دەدا مرۆڤبوون لە مرۆڤ داببڕێ. ئایدۆلۆژیا  بە پشتبەستن بە یەک ئایدیا، گێڕانەوەیەکی جیاواز لە ڕابردوو پێشکەش دەکا کە وا دەکا مرۆڤی ئایدۆلۆژیک ڕابردوو لە ڕوانگەی ئەو ئایدیایەوە بگێڕێتەوە، واتە، "ئێستا" لە ڕوانگەی ئەو ئایدیایەوە بناسێ و داهاتووش لە ڕوانگەی ئەو ئایدیایەوە پێشبینی بکا. کاڕڵ ژاسپێر، فەیلەسووف و دەروونناسی ئەڵمانی دەڵێ: "ئایدۆلۆژی لە کۆمەڵێک ئایدیای ئاڵۆز پێکهاتووە کە لێکدانەوەی جیهان یان بارودۆخی خۆی دەکا و بە پێش چاوی سوژەکەیدا تێدەپەڕێ و وای تێدەگەیەنێ کە هەقیقەتی تەواوە، بەڵام لە شێوەی وەهمێک کە هەر خۆی تەئیدی دەکا، تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی".

زمان بەپیتترین زەویە بۆ ئایدۆلۆژیا بۆ ئەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکا. ئۆلیڤیێ ڕۆبۆل پێی وایە، ئایدۆلۆژیا نەک هەر چۆنیەتیی ئاخاوتنمان دیاری دەکات، بەڵکوو واتای وتەکانیش دیاری دەکات. لەو چوارچێوەیەدا، ژاک ئێلول ئایدۆلۆژیا وەکوو کۆمەڵێک بیرۆکە و باوەڕ ئەژمار دەکا. نەک بیرۆکە بە تەنیا، یان باوەڕ بە تەنیا، بەڵکوو باوەڕگەلێک کە لە هەندێک بیرۆکە گرێ دراون. بیرۆکەگەلێک کە خۆراک بە هەندێک باوەڕ دەدەن. ئایدۆلۆژیا وەکوو کۆدێکی نادیار بۆ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵێک خەڵک کار دەکا، کۆدێک کە ڕێگە بەو پێکهاتەیە دەدا خۆی دەرببڕێ، پاساو بۆ کردەوەکانی وەک شەڕ بهێنێتەوە و لە دەوری پڕۆژەیەکی هاوبەش کۆ ببێتەوە. بەپێچەوانەی تیۆرییە زانستییەکان کە بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن و دەبێ کڕنۆش بۆ ڕاستییەکان ببەن، ئایدۆلۆژیاکان بۆ سەرکەوتن شەڕ دەکەن؛ واتە نەتەنیا هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی بەڵگەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی زۆرەملێشەوە خۆیان بسەپێنن، ئەوەش لە شاردنەوەی ڕاستییەکانەوە هەتا توندوتیژی لە خۆ دەگرێ. ئایدۆلۆژیا لە چوارچێوەی ئینتەرسوبژێکتیڤیەت (بین الاذهان)‌دا کار دەکا، چونکە هزرێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هزرێکی پێشتر بیرلێکراوەیە، کە لەنێو ئەندامانی گرووپێکدا بێئاگایانە هاوبەش کراوە. هەر بۆیە لە گوتاری ئایدۆلۆژیکدا، "من" دەکرێ بە "گەل" (جەماوەرێکی نادیار) و "پێم وایە" دەکرێ بە "گەل پێی وایە".

بە گوتەی ڕۆبول، هەر لێدوانێک کە جەخت دەکاتەوە، حاشا دەکات، ڕوون دەکاتەوە و هتد، ئاماژەیە بۆ شتێک کە دەکرێ خەیاڵی بێ یان ڕاستەقینە؛ بۆ نموونە "دوژمنی گەل"؛ بانگەشەیەکە کە بەرناس یان ئۆبژەی خۆی لە پێناو خزمەتکردنی دەسەڵاتێک دروست دەکات. گوتاری ئایدیۆلۆژیک چەمکەکان لە سفرەوە دروست دەکات و یەکڕاست وەکوو واقعی سەیریان دەکا. بۆ نموونە چەمکی "حیزبی کلاسیکی کوردی" ("وەکوو کۆن") کە لە بەرامبەر خۆی ("وەکوو نوێ") کەڵکی لێ وەردەگرێ.

گوتاری ئایدیۆلۆژیک تەنیا زنجیرەیەک وشە یان شێوازێکی پەیوەندیگرتن نییە، بەڵکوو ئامرازێکی بەهێزە کە هەوڵ دەدا واقیعەکان لە قاڵب بدا و کاریگەریی بەسەر تێڕوانینەکانی کۆمەڵدا هەبێ و کرداری تاکەکان ئاراستە بکا. هەوڵ دەدا هزری تاکەکەسی بۆ کردەوەی بەکۆمەڵ بگوازێتەوە.

دیاردەیەکی گرنگی دیکە پڕۆپاگەندەیە، کە هەموو ئایدۆلۆژییەکان گرنگییەکی تەواو بەو بەشە دەدەن. هەتا زیاتر ئایدۆلۆژی پرۆپاگەندەی بۆ بکرێ، زیاتر بەرگریکاری بۆ دروست دەبن و هەتا کاریگەریشی زیاتر بێ، مەترسیدارتر دەبێ. پڕۆپاگەندە جیاوازە لە گوتاری ئایدۆلۆژیک، چونکە پڕۆپاگەندە بریتییە لە ئاخاوتنێک کە ئامانج لێی، پاساودانی کردارەکانی دەسەڵاتی سیاسییە، لە کاتێکدا گوتاری ئایدیۆلۆژیک بابەتێکە لە نێوان زمان (کۆی پێکهاتەی زمانێک) و ئاخاوتندا (دەربڕینی زارەکی). هەرچەندە گوتاری ئایدۆلۆژیک جۆرێکە لە ئاخاوتن کە لە نێوان تاکەکاندا هاوبەشە، بەڵام بە کۆدێکی لاوەکی بۆ ڕەواییدان بە بوونی دەسەڵات ڕێنوێنی دەکرێت. بە واتایەکی تر پرۆپاگەندە پەیام بەرهەم دەهێنێت، گوتاری ئایدۆلۆژیک کۆدێک پێک دەهێنێت. گوتاری ئایدیۆلۆژیک هەوڵ دەدا بە لێکگرێدانی ڕووداوە جیاوازەکان، هۆکارەکان بۆ دەستنیشانکردنی کەسی بەرپرسیار لە قەیرانێک دروست بکا. هەرچەندە مەرج نییە ڕوونکردنەوەکان درۆ بن، بەڵام بە ئاسانی پشتڕاست ناکرێنەوە ، یان تەنانەت ئەستەمە پشتڕاست بکرێنەوە.

تایبەتمەندییەکی دیکەی گوتاری ئایدیۆلۆژیک ئەوەیە کە واتای هەمەچەشن دەدا بە هەمان ئاماژەپێکراو یان لایەنێک کە مەبەستیەتی. لێرەدا، وشەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ململانێ ئایدۆلۆژییەکان، بەو پێیەی هەر لایەنێک بە دوو دەستەواژەی جیاواز، تەنانەت دژبەیەک، دەستنیشان دەکرێ: بۆ نموونە لایەنێکی ئایدۆلۆژیک خۆی وەک "نەتەوەیی" پێناسە دەکا، بەڵام ئەو لایەنە بۆ لایەنی بەرامبەری "نانەتەوەیی"ـە. یان خۆی وەک "پێشکەوتوو" پێناسە دەکا، بەڵام لایەنی بەرامبەر بە "دواکەوتوو" دەیناسێ. هەمیشە پێویست ناکات هەر دوو دەستەواژەکە بەکار بهێندرێن، چونکە بەکارهێنانی یەکێک بە شێوەیەکی خۆکار دووەمیان بەرهەم دێنێ. ئەگەر دەستەواژەی "حیزبی کلاسیک" لە دژی لایەنێک بەکار بهێندرێ، بێ ئەوەی خۆی پێناسە بکا، ئەوە دەگەیەنێ کە خۆی "حیزبی مۆدێڕن"ـە. بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە گوتاری ئایدۆلۆژیک، چەمکێک بە سەر دوو دەستەواژەی جیادا دابەش دەکا، بۆ نموونە، چەمکی "مۆدێڕن" لە ڕوانگەی لایەنی ئایدۆلۆژیکەوە بە واتای دێموکراتبوون نییە، بەڵکوو بە واتای ئایدۆلۆژیک‌بوونە.

بە گوتەی ڕۆبول، زۆر جار گوتاری ئایدۆلۆژیک ئاماژەپێکراوی خۆی لە ڕێگەی پێشگریمانەکان دروست دەکا. توخمگەلێک کە گوتارەکە بە ڕوونی یەکلایان ناکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی واتا بە گوتارەکە ببەخشێ، پێویستیان بە قبووڵ‌کردنە. واتە پێشگریمانەکە لە دەرەوەی گوتارەکە کار دەکا. بۆ نموونە،  کاتێک بگوترێ " پێتان وانییە کە جیهانی ئازاد پێویستی بە چەکی ناوکییە؟ " کۆمەڵێک پێشگریمانە دروست دەکا: یەکەم، "جیهانێکی ئازاد هەیە، کە ئەویش هی ئێمەیە". دووهەم، "جیهانێکی نائازاد هەیە، کە لە بەرامبەر ئێمە‌دایە". سێهەم، "جیهانی ئازاد لە ژێر هەڕەشەی جیهانی نائازاد‌دایە". چوارەم، "جیهانی ئازاد شایەنی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لێ بکرێ، ئەگەر بە چەکی ئەتۆمیش بێ ". پێشگریمانە دەتوانێ ئاسانتر لە دەربڕینێک بەردەنگی خۆی ڕازی بکا، چونکە سەرنجەکە زیاتر لەسەر ئەو بابەتەیە کە داوای دەکرێ نەک خودی گوتارەکە. بۆیە باشی و خراپی و ڕاستی ناڕاستیی پێشگریمانەکە ناخرێتە ژێر پرسیارەوە و بە ئاسایی وەردەگیرێ. سەبارەت بەوە، ئۆسواڵد دوکروت پێی وایە پێشگریمانەکان خاوەنی هێزی یاسایین و بە شێوەی نائاگایانە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. بۆ نموونە "ئاشتی"،"ئازادی"، "یەکسانی" و "برایەتی" و چەمکی لەو شێوە بە بێ بیر کردنەوە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ.

بەگشتی، ئایدۆلۆژیا شێوە ڕوانینێکی جیاوازە و هەموو بابەتێک لە یەک ڕوانگەی تایبەتەوە هەڵدەسەنگێنێ. لە ئەدەبیاتی گشتیدا هەر بیروباوەڕێک بە ئایدۆلۆژیا دەبیندرێ، بەڵام ئایدۆلۆژیا زۆر جیاوازە لە بیروباوەڕێکی سیاسی کە تەنیا لە چوارچێوەی مێنتاڵیتە یان هەستێک‌دایە و نەبووە بە سیستەمێکی باوەڕ کە مرۆڤی نوێ بەرهەم بێنێ و جیهانی پێ شرۆڤە بکرێ و هەوڵی گۆڕینی جیهانی پێ بدرێ. بیروباوەڕی نیشتمانی کە خەبات بۆ ڕزگاری نیشتمانەکەی دەکا، چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەیە و لە سنووری نیشتمانی تێناپەڕێ، بەڵام ئایدۆلۆژی بەردەوام بە گوتار و داهێنانی چەمکەکان دەوڵەمەندتر دەکرێ و بەردەوام مێشکی بەردەنگەکانی خۆی گیرۆدە دەکا و جیهانگیریشە، واتە سنووری نەتەوەیی تێدەپەڕێنێ.