کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردبوون! (سووکەئاوڕێک لە ڕۆژهەڵاتی سووری ئاگرین)

09:53 - 2 سەرماوەز 2725

عەلی لەیلاخ

هەڵکەوتەی جوگرافیایی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە ناوەندی کێشمەکێش و شەڕ و ئاژاوەکانە و وەک دەڵێن "ئێرە ڕۆژهەڵاتی ناوینە و بە چەکمە و نەیزەوە دەبێت داببەزی". هەر ئەم هەڵکەوتەیە بەتایبەتی پاش دابەشبوونیان بەسەر چوار وڵاتدا، هێندەی دیکە چارەنووسی کوردەکانی ئاڵۆزتر کرد.

ئەو بەشەی کوردستان کە بە ناوی جیاجیاوە دەنووسرێت و، بەدەر لەو ناو و دەستەواژانەی کە بە کاری دەهێنن، کە هەر کامەیان هەڵگری باری مانای خۆیەتی؛ وەکوو "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" یان "کوردستانی ڕۆژهەڵات"، کە لە واتادا دژبەیەکن و لە ئەساسنامەی حیزبەکاندا، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی سیاسی و "ڕیالپۆلەتیک"ی سەردەم بە "کوردستانی ئێران" ناسراوە و ئەم ناوهێنانەش هەر لە ڕۆچنەی شێوەخەباتی سیاسییەوە پێناسە کراوە و چەمکێکی نەگۆڕ نییە.

ئەوەی کاکڵی ئەم بابەتەیە، "کوردبوون"ە لەو بەشەی کوردستان کە هەتا دێت بەرفراوانتر و بنچینەییتر جێ دەگرێت.

لە سەربردەی کۆکراوەی کاپیتان حەمەدی مەولوودی، تێکۆشەری سەردەمی کۆماری کوردستان لەژێرناوی "کوردبوون" بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم بوونە لە بوونێکی سروشتییەوە، بە چەرمەسەری و ملنەدان و هەوڵدان، پاڵ دەنێتە هەڵبژاردن و ئەرک‌لەخۆگرتن. واتە "کوردبوون" بە هۆکاری ئەمنیی و سیاسی و دۆخی نەخوازراوی زاڵی کۆمەڵایەتی، دەبێتە ڕێچکە و ڕێبازێکی موبارەزاتی.

مێژووی ئێران بە ناوەندگەرایی و شێوەی دەسەڵاتی تاکڕەوانە، وەکوو پاشایەتی گرێ دراوە و، لانیکەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەوەندە بەڵگە و دۆکیومێنت هەیە کە باس لە شێوەی حکوومەتی خۆسەپێن و خۆویست و دیکتاتۆرانە دەکات.

مێژووی ئێرانی نوێ هاوشێوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو، وەبیرخەرەوەی شۆڕشی کۆیلەکانە کە بەم پرسیارەوە شکستیان دەخوارد کە پاش ئەم پاشا و ئاغا و کوێخایە، سەرلەنوێ کێی دیکە دەبێتە ئاغامان و ئێمە کۆیلەی کێ دەبین؟! دەی جیاوازییان چییە؟ ئەم بێت یان ئەو؟ مادام کۆیلەبوون چارەنووسێکی چەقبەستووی بەسەرهاتمانە! هەر بۆیە دەگوترێت چەند سەد ساڵ مێژوو شاهیدی شۆڕشی کۆیلەکان بووە بە دژی دەرەبەگایەتی و هەر بە دەوری ئەم پرسیارە بێدەسکەوت و ناسەرکەوتووانە جووڵاونەتەوە.

کەواتە لە یەکەیەکی جوگرافیایی وەکوو ئێراندا، کوردەکان بەتەنیا نەیانتوانیوە یەکلاکەرەوەی کێشەکان بن و، بەم جیاوازییە جەوهەرییەوە کە نەتەوەی باڵادەست و دەسەڵاتدار بەرانبەر هیچ داگیرکاری و هێرشێکی دەرەکی سەر نەکەوتوون و بگرە بوونەتە دارەدەستی ئەوان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات! بەڵام کوردەکان نەک تەنیا تەواوی ملیان نەداوەتە کۆیلایەتیی ناوەند، بەڵکوو پەرشوبڵاویش بووبن هەر بە گژ داگیرکارییدا چوونەتەوە.

خۆڕاگرتن و دەست بە کولتوور و زمان و شوناسەوە گرتن لە ئێرانێک کە قەت دیموکراسی و حکوومەتی خەڵکی ئەزموون نەکراوە، تەنیا هونەری خۆڕاگرانە و شوناسخوازانەی کوردەکان بووە و گەلانی دیکە نەیانتوانیوە ڕەنگی شوناسی خۆیان هاوشێوەی کوردەکان بپارێزن.

بە بەراوردکردنی کوردستان لەگەڵ گەلانی دیکەی نێو جوگرافیای ئێران بۆمان دەردەکەوێت کە ناکۆکیی کوردەکان، تەنیا لەسەر مافی یەکسانیی کۆمەڵایەتی و شارۆمەندیدا نییە، بەڵکوو کێشەیەکی بنەڕەتییە بەناوی "کوردبوون" و نەتەوەخوازییەوە. خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە بەتایبەتی لە ڕاپەڕینی ژینادا ئەم سنوور و هێڵبەندییەیان بە تۆخی دیار کرد.

هەموو کات پرسیار دەکرێت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چاو پارچەکانی دیکە بۆچی دوا کەوتووە؟ لە کاتێکدا خاوەنی یەکێک لە کۆنترین و پڕجەماوەرترین حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و، لە بەرەنگاربوونەوەی نەیارانیشدا ڕچەشکێن بووە. خودی ئەم بەراوردکردنە، واتە قیاسی دۆخی سیاسی و ژێئۆپۆلەتیکیی ئێران لەگەڵ عێراق و سووریا و تورکیا، نالۆژیکییە و، چارەنووسی سیاسیی کوردەکان لە هەرکام لە بەشەکان و شێوەی خەباتیان لەگەڵ یەکتر جیایە و بۆ بەراوردکردن نابێت.

گۆڕینی دەسەڵاتەکان و خۆڕێکخستنی حاکمییەتەکانی ئەو سێ وڵاتە کە کاریگەریی هەبووە بەسەر دۆخی سیاسیی کورد لەو وڵاتانەدا، لەگەڵ ئێران زۆر جیاوازە. بەڵام ئەوەی کە دەبێت هەموو لایەنێک وردتر سەرنجی بداتێ، شێوەی خەبات و کوردایەتیکردنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەتوانێت لە ئاستی درێژخایەن و بەرژەوەندیی نەتەوەیییدا تەنانەت وانە و چاوگەیەک بێت بۆ بەشەکانی دیکە. واتە ئەو پۆتانسییەلەی تێدایە کە ناسیۆنالیزمی کوردیی پێ ساغ بکرێتەوە.

هەر نموونەیەکی مێژوویی ئەویش ئەوەیە، لە سەرووی سەد ساڵە هەبوونی نەتەوەی کورد لە عێراقدا دانی پێدا نراوە و زمانی کوردی بە فەرمی ناسراوە. بەپێچەوانەوە، لە ئێران و ڕژێمەکانی سەد ساڵی ڕابردوودا هەتا ئەمڕۆکە، زۆر بە ڕژدی و بەجیدییەوە لە ڕێگای فەرهەنگییەوە هەتا فیزیکی هەوڵیان داوە بۆ ئاسیمیلەکردنی کورد و بۆ ئەم مەبەستەش، زمانەکەیان بە قەدەغە و بڤەکردن، کردوویانەتە ئامانج. چونکە ناسیۆنالیزمی فارس لەسەر کۆڵەکەی زمان و کولتووری باڵادەستەوە دانراوە.

دەبینین دەوڵەتەکانی ئێران لە شەڕگەی بێدەوڵەتیی کورددا لانیکەم لە ڕووی فەرهەنگ و زمانەوە کە "شادەماری نەتەوەییبوونە"، سەرکەوتوو نەبوون و، هەر بەو دێڕە کە دەڵێن: "دوژمن دەبێتە هۆکاری خێر"، ئەم قەدەغە زمانییە خۆناسینێکی سیاسییانەی بەو بەشەی کوردستانی بەخشیوە.

لە شۆڕشە مەزنەکەی مامۆستا "شەریف حوسێن‌پەناهی"یەوە لە دەیەی هەشتای هەتاوییەوە، کە تەنیا لەو هاوینە زێڕینەدا نزیک بە ٣ هەزار مامۆستای ڕێنووسی کوردیی پێ گەیاند، هەتا ئەمڕۆ کە "ئیدریس مەنبەرییەکان" بە هەناسەگەرمیی "عەزیز یووسفی"یەکانەوە لەسەر "کوردبوون" دەچنە زیندان و مامۆستا قانع وتەنی:

بیری ئازادیم لە زینداندا فراوانتر دەبێت

قوڕ بە سەر ئەو دوژمنە، هیوای بە بەندیخانەیە

چەکی شۆڕشگێڕیی من نووسین و بیر و باوەڕە

ڕاپەڕینە، هەڵمەتە، پڕ نەعرەتەی کوردانەیە.

ئەم چەمکە گرنگە، واتە "کوردبوون"، هەر جارە و لە ڕەهەندێکەوە خۆی دەنوێنێت و بووەتە ڕەنگی تایبەتیی سیاسەتی ئێمە بەرانبەر بە "ئەوی"تر.

"داستایۆڤسکی" نووسەری بەناوبانگی جیهان، لە ڕۆمانی "براکانی کارامازۆڤ"، کە گێڕانەوەیەکە لە ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و مێژووی ڕووسیادا، دەڵێت: زۆر کەس هەن لە ڕووسیا ئامادەن گیانی خۆیان لە ڕێگای ئەم وڵاتە بەخت بکەن، بەڵام کەم کەس هەن ماندوویینەناسانە و بە کۆڵنەدان، هەوڵ بدەن بۆ گۆڕینی دۆخی خراپی ڕووسیا.

بە چاوخشاندنێک بەسەر بەسەرهاتەکان و ڕەوشی ئێستای نیشتمانە خۆشەویستەکەمان، پەی دەبەین کە کەم نەبوون ئەوانەی بە فیداکاری و دەست لە گیان و ماڵ شوشتن، چرای سەرڕێی کاروانی خەباتیان گڕ بەخشیوە و هاوتەریب لەگەڵ سەنگەری کۆڵنەدانی پێشمەرگانە، لە ئەمڕۆدا دەبینین زۆربەی بوارەکانی نیشتمان بۆن و بەرامەی سەنگەری مافخوازیی لێ دێت. ئەمە ویست و خواستی سەقامگرتووی "کوردبوون"ە، کە ئەو پارچەیە لە پارچەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.

لە پارچەکانی دیکە ئەگەر ڕەوتێکی زاڵ ئاراستە بە کۆمەڵگە دەبەخشێت یان زۆر جار بەپێچەوانەی یەکدی هەڵدەسووڕێن، لەم کوردستانەی ژێر دەسەڵاتی "شا و شێخ"دا شەقام و ڕێکخراوە سیاسییەکان تەواوکەری یەکترن بەو مەرجەی دەنگی بڵندی شەقام کە هەمان "کوردبوون"ە، ببیسترێت و ببێتە دەزوویەک بۆ گرێدان و پێکەوەبوونیان.

لەم ڕۆژانەدا لە گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەدا لە گرووپێکی شاخەوانی لە سەرپێڵی زەهاو، کیژۆڵەیەکی کەڵهوڕ یان لەک یان فەیلی، زۆر لەسەرەخۆ و بەشاییەوە گۆرانییەکی مامۆستا ڕەزازی دەچڕێت و تابلۆیەک بوو پڕ لە دیمەنی جوانیی نیشتماندۆستی و "کوردبوون".

ئەمە هەر ئەو سەرپێڵ و کرماشانەیە کە لە سەردەمی سەفەوییەوە هەوڵی دابڕانی دراوە لە مڵکی خۆیان و لە باوان و شوناسی کوردان.

بەڵام خەباتی ئێمە براوە بووە، چونکە بە زەبری چەکی میلیشیایی، خەڵک نەهاتوونەتە سەر ڕێچکەی وڵاتدۆستی! بەڵکوو بە ویست و حەزێکی چێنراو و جێکەوتوو، بە شەونخوونیی شەریفترین فیداکاران لە مەیدانی کوردایەتییدان و، لە ئێستادا بە سەربەرزییەوە دەتوانین بڵێین: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "کوردبوون" تەنیا سروشت نییە، بەڵکوو هەڵوێست و هەڵبژاردن و سنووری جیاکەرەوەی هەر چەشنە توانەوەیەکە لە فەرهەنگ و شوناسی باڵادەستدا.