کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمان، دەسەڵات و ڕەگەز: سێکسیزم لە کولتووری سیاسیی گوتاری کوردیدا

17:28 - 2 سەرماوەز 2725

نەهیەی خۆشکەلام

زمانی سیاسی ئامرازێکی بێلایەن نیە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکوو ئامرازێکی دەسەڵاتە. کێ قسە دەکات، کێ دەبیستێت و چۆن ناوی شتێک دەهێنرێت، ڕەنگدانەوەی پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. سەرنجدان بە میکانیزمی وتەبێژی و کاردانەوەکانی و ڕەنگە بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگەیانەدا کە خۆیان دژی ستەم دەجەنگن گرینگی تایبەتی هەیە.

لە سیاسەتی کوردیدا کە دەیان ساڵە لە نێوان بەرخۆدان و شۆڕش و سەرکوتی چوار دەوڵەتی پاوانخوازی تا سەر ئێسقان دژ بە کورد گیری کردوە، سیاسەتی کوردی لە لایەک زمان وەک ئامرازی بەرخۆدان و ڕزگاری بەکاردەهێنێت و بەو زمانە باس لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەنێو خودی کۆمەڵگەی خۆێدا ئەم زمانە گەلێک جار تیایدا ڕەنگدانەوەی پێکهاتە کۆنەکانی پیاوسالاری یان پاوانخوازانە دەبینرێت کە دەکەوێتە پارادۆکس لەگەڵ ئەو ئایدیایەی کە بانگەشەی بۆ دەکات.

تەنانەت ئەگەر بزووتنەوەکە لە دەرەوە خەبات بۆ ئازادی بکات، زۆرجار لە نێوخوێدا ئەو توندوتیژییانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی زبر و نەشیاو وەبەرهەم دینێتەوە و ئاشکرای دەکات کە هێشتا زۆری ماوە تا بتوانێت خۆێ لەو بیرۆکەی پیاوسالاری لە نێوخۆدا ڕزگار بکات. جا لەوێدا دەر دەکەوێت کە زمان تەنیا ئامرازێک بۆ خەبات نیە، بەڵکوو هاوکات ئەوەش نیشان دەدات کە هێشتا ئەو خەباتە لە کوێدا سەرنەکەوتوە و تا پێ دەگات چەندەی دژواری لە بەردەم‌دایە.

زمانی سیاسی هەمیشە دەربڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە و لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا بە شێوەیەکی ئاگا و نائاگا ئەو پێکهاتانە وەبەرهەم دەهێنرێنەوە کە ژنان لە باسە بنەڕەتییە جەوهەرییەکان بەدەر دەکەن یان زمانی سووک دژ بە ژنان تیایدا بەکار دەهێنرێت و گەلێک جاریش سیستماتیک بۆ کوتانی لایەنیتر ئیستفادەی ئامرازی لە ژن دەکرێت. هەڵبژاردنی وشە، فۆڕمی ئاخاوتن، نەخشەی ڕیتۆریکی و نەبوونی دیدگای ژنانە لە دەقە فەرمییەکان یان وتارەکاندا بەڕێکەوت نیە، بەڵکوو بەشێکن لە نەزمێکی ڕەمزی قووڵی چەسپاو. ئەم دینامیزمە لە بەشێکی زۆر لە بزووتنەوەی کوردیشدا کە خۆی بە شۆڕشگێڕ دەبینێت، بەدی دەکرێت. زمانی سیاسەت زۆرجار بە پیاوسالاری و قارەمانانە و میلیتاریستی دەمێنێتەوە و تیایدا ژنان زۆر جار وەک "پاڵەوانێک بە دڵی ئەوان" یان "دایکێکی میهربان" یان "نامووسی پیاوان" دەردەکەون، بەڵام بە دەگمەن وەک ئەکتەرێکی سیاسی یەکسان بە دەنگی خۆیانەوە دەبینرێن.

بۆچی کاتێک کە «ژن، ژیان، ئازادی» دەبێت بە دروشم لە واقیعدا پێوستە وەک شۆڕشێکی زمانەوانی و داڕشتنی ڕێزمانێکی نوێ ڕزگارییش چاوی لێ بکریت و بۆچی کە پێوستە بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە خۆیان بە هەڵگڕی ئەو دروشمە دەزانن، بە وردبوونەوەیەکی قووڵ و زیاتر چاو لە دەور و ڕۆڵی  وشەکان لە سەر فۆڕمگرتن و پێگەی ژنان لەنێو خودی ئەو ڕەوتانە کە ئەوان نوێنەری دەکەن بکەن و سەرنج بخەنە سەر ئەو بابەتە  گرینگە، وەڵامی ئەم پرسیارانە دەسپێرمە دەست خودی ژنانی نێو ئەو ڕەوتانە و هیوادارم کە نەک لە ڕوانگەی چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای حیزبییەوە بەڵکوو بەرپرسانە و بە خەمخۆریەوە سەبارەت بەم مژارە گرینگە هەڵسوکەوت بکەن.

"ژن، ژیان، ئازادی" ئەم فۆرمولە ڕەهەندییە کە ئاستی ئۆنتۆلۆژی و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەکانی سیاسی بۆ داڕشتن و ڕێکخستنەوەی ئازادییە سیاسیەکان لە جێگەیەکدا پێکەوە دەبەستێتەوە ئەمەش بەو مانایەیە کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە یەک کاتدا چەند ئاستێکی بوونی مرۆڤ دەخاتە ڕوو، بەم شێوەیە کە داوای ئەو دروشمە تەنیا داواکارییەکی سیاسی نیە، بەڵکو گوزارشت لە تێڕوانینێکی هەمەلایەنە دەکات بۆ بوون و پێکەوەژیان لەنێو کۆمەڵگە.

بەم پێیە، تەرکیز تەنیا لەسەر ڕزگارکردنی ژنان نیە بەڵکوو لەسەر ڕێکخستنەوەی قووڵی بیرکردنەوەشە. زمان دەبێتە فەزای بەرخۆدان لە دژی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری و کۆلۆنیالیزم و بەداخەوە جێبەجێکردنی ئەم ئایدیایە پێشکەوتووخوازانە تەنانەت لەنێو خودی ئەو حیزبانەش کە خۆیان بە هەڵگری ئەو دروشمە دەزانن بە دووفاقی ماوەتەوە. وتارەکان، پلاتفۆرمە حزبییەکان و مشتومڕە گشتیەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ڕەهەندی یەکسانیخوازی زۆرجار لە ڕووی تێئۆری ڕیتۆریکییەوە جوان پیشان ئەدرێت و بانگەشەی دەکرێت بەڵام بەکردەوەکردنی لە لایەن ئەو پێکهاتانە کە خەباتی سیاسی دیاری دەکەن زۆر سنووردارە.

زۆرێک لە ژنان نە تەنها ژنانی سادەی کۆمەڵگە بەڵکوو ژنانی خەباتگێڕیش بەردەوام لە کەشی پیاوانەی نێو ئەو حیزبانەدا لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی زۆر زیرەکانەی زمانەوانی  ئەو هێزەی کە سیاسەت لە ناو حیزبەکاندا دیاری دەکات واتە هێزی پیاوانە دەکەونە هەڵاواردن و گەلێک جاریش خودی ژنەکانن کە بە زمانێکی ژنانە ئەو سیاسەتی هەڵاواردن و پەراويز خستنە بەڕێوە دەبەن.

ڕەخنە لەم میکانیزمانە بە مانای ئاماژەی پرسیاردانان بەرامبەر خەباتی ئازادیخوازی میللەتی کورد نیە، بەپێچەوانەوە دەربڕینی پێگەیشتنی ئەو خەباتەیە. بزووتنەوەیەک کە لەپێناو ئازادیدا تێ‌دەکۆشێت، دەبێت ئامادە بێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیر لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی خۆی بکاتەوە.

شێوازی قسەکردنی بزووتنەوە سیاسییەکان داهاتوویان دیاری دەکات. بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە درێژخایەندا تەنیا کاتێک دەتوانێت زمانی خۆی لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی باوکسالارانە ڕزگار بکات کە بەرهەڵستی ڕەخنەکان نەکات و بەردەوام پێداچوونەوە بە سەر ڕووداوەکان و کردەوەکانی ئەو ڕەوتە بکات و ئەمەش بە واتای ئەوەیە بەشداریکردنی ژنان نەک تەنها بە شێوەیەکی ڕەمزی بێت، بەڵکو لە واقیعدا جەوهەری ئەو بەشدارییە بچەسپێت و ژن لە هەموو پرۆسە سیاسییەکاندا خاوەنی قسەی خۆێ بێت، نەک ئەوە کە نوسراوەیەکی بۆ بنووسرێت و ئەویش فەرمانەکان جێبەجێ بکات. پێوست بە تێگەیشتنە لە زمان و دیدگای و فۆرمەکانی دەربڕینی خودی ژن وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کولتووری سیاسی.

بەرەنگاربوونەوەی زمانی سێکسیستی پرسێکی پەراوێزی، پرسێکی جوانیناسی یان تەنانەت نیشانەی ڕاستگۆیی سیاسی نیە، بەڵکوو پێوەرێکە بۆ پێگەیشتنی بزووتنەوەیەک. شۆڕشێک کە تەحەدای پیاوسالاری بکات، دەبێ لە زمانی خۆیشدا بەسەر میکانیزمەکانی ئەو دیاردەیە کە هێز بە پیاو مەزنی ئەدات زاڵ بێت.

زمان بناغەی هەموو نەزمێکی سیاسییە و لەو شوێنەی کە وشەکان ئازاد دەکرێن، ئەگەری بیرکردنەوەی نوێ دەست پێ دەکات. بۆیە گۆڕینی زمانی سیاسی بابەتێکی لاوەکی نییە، بەڵکو هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕینی خودی دەسەڵات.

ئایندەی سیاسەتی کوردی و هەر کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر بەوە پێوانە دەکرێت کە ئایا ئەو ئازایەتییە بۆ هەڵوەشاندنەوە و دروستکردنەوەی وشەسازیی دەسەڵاتی خۆی دەدۆزێتەوە یان نا.

 ئازادی لە وەبەرهێنانی بیرێکی ئازاد لە سەرەتاوە لە هەڵبژاردن و چۆنیەتیی بەکارهێنانی وشەکانەوە دەست دەست پێ دەکات، چونکە خودی ئازادی لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە وشەکان ئازاد دەکرێن! ژن، ژیان، ئازادی" تەنیا هاوارێک نییە لە شاخەکانی کوردستانەوە، بەڵکو ئیمتیازێکی جیهانییە!