
ڕەحیم نەزهەت زادە
لەم ڕۆژانەی کە هەناسەدان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەکرداری ڕوخسارێکی مەترسیدار و هەندێک جاریش مەحاڵیان بەخۆوە گرتووە، لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران تیمەکانی بەڕێوەبردنی فریاگوزاریی پیسبوونی هەوا، ناچار بوون قوتابخانەکانی چەند پارێزگایەک دابخەن. لە پارێزگای نێوەڕاستەوە تا تاران، لە یەزدەوە تا ورمێ و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، تەماشای هەر کوێیەک بکەین، خەڵک لەنێو تەم، دڵەڕاوکێ و بێدەسەڵاتیدا هێڵدراونەتەوە. بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان لە شارەکانی وەک ئەراک، ساوە، شازەند، ورمێ، بۆکان، شنۆ و...، نەک ڕێکارێکی خۆپارێزی نییە، بەڵکوو دانپێدانانێکی ڕوونە، بە داڕمانی بەڕێوەبردنی ژینگە لە کۆماری ئیسلامیدا.
ئەم داخستن و هۆشدارییانە، چیتر بۆ خەڵک تازە نین؛ بەڵام ئەوەی لە پشت ئەم خولە دووبارەبووەوەیەدایە، قەیرانێکی بنەڕەتی و ڕەگداکوتاوە: لە ڕێگەی بڕیاری کاتی و ڕووکەشەوە، خراپ بەڕێوەبردنی پێکهاتەیی، بێبایەخکردنی مافەکانی هاووڵاتیان و هەوڵێکی بەردەوام بۆ شاردنەوەی حەقیقەتە تاڵەکانە. کێشەکە تەنیا پیسبوونی هەوا نییە؛ بەڵکووو سیستەمێکی حکومییە، کە ئیرادە و توانای کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکەی نییە، و خۆی گەورەترین سەرچاوەی ئالودەبوونەکەیە.
قەیرانی ئەمڕۆ: بەرهەمی دەیان ساڵەی پشتگوێخستن و بێتوانایی
لە یەکەم نیگادا، ڕەنگە تۆز و دووکەڵی هاتوچۆ، سووتەمەنیی کوالێتی نزم، یان پیشەسازییە بەسەرچووەکان، وەک هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوا ببیندرێن؛ بەڵام سەیرکردنێکی وردتر دەریدەخات، کە هیچ کام لەم هۆکارانە ناتوانرێت بە جیا لە سیاسەتی هەڵە، ناکاراییی دامەزراوەیی و نەبوونی شەفافییەتی حکوومەت شی بکرێتەوە. لە وڵاتێکدا کە ساڵانێکە ژێرخانی وزەکەی باشتر نەکراوە، ستانداردە پیشەسازییەکان جێبەجێ نەکراون، قاچاخی سووتەمەنی شتێکی باوە، و پیشەسازییە پیسکەرەکان بەبێ چاودێری گەشە دەکەن، چۆن دەتوانین چاوەڕێی ئەوە بین، هەوا پاک و خاوێن بێت؟
ئەم قەیرانە دەرئەنجامی سروشتیی حکوومەتێکە، کە بۆ مانەوەی سیاسیی خۆی، بەرژەوەندیی گەل دەکاتە قوربانی. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، هیچ هەواڵێکی بەرنامەی نیشتمانی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون، دیزاینکردنەوەی پێکهاتەی گواستنەوەی گشتی، ستانداردکردنی سووتەمەنی و سەرپەرشتییکردنی پیشەسازییە وێرانکەرەکان لە بەرنامەی کاردا نییە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی ڕۆژئاوا: قوربانییانی دووهێندە
خەڵکی پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و کوردستان، بە ڕۆژانە زیاتر لە ناوچەکانی دیکە، ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی ئاڵودەبوون و پیسبوونی هەوا دەبنەوە. ئەم ناوچانە نەک تەنیا لە کاریگەریی قەیرانی گشتی زیانمەند بوون، بەڵکوو دووهێندە قوربانیی نادادپەروەری لە تەرخانکردنی سەرچاوەکان، گەشەنەکردنی بەئەنقەست و بێئەولەوییەتکردنی سیاسین.
ساڵانێکە پارێزگا کوردستانییەکان، لە ژێرخانی پاک، تۆڕی گواستنەوەی گشتیی کارامە و تەنانەت کەرەستەی چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا بێبەشن. جگە لەوەش وشکبوونەوەی گۆلی ورمێ – لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە گۆڕانی کەشوهەوا، زیادەڕۆیی لە دروستکردنی بەنداو و سیاسەتی نازانستییە – بووەتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی تۆزی ژەهراوی لە ناوچەکەدا. ئەم کارەساتە ژینگەییە، تەنیا بەشێک لە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی جیاکاری و نابەرپرسانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.
پیسبوونی هەوا: هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی خەڵک
لە هەلومەرجی ئێستادا، هەموو ڕۆژێک کە پێوەرەکانی پیسبوون لە دۆخێکی ناتەندروست، یان زۆر ناتەندروستدان، هەزاران کەس مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و تەنانەت شێرپەنجەیان لەسەرە. ئەم قەیرانە کاریگەریی وێرانکەری ڕاستەوخۆی، لەسەر منداڵان، بەساڵاچووان و ئەوانەی هەڵگری نەخۆشیی بنەڕەتین هەیە. داخستنی قوتابخانەکان ئامرازێک نییە بۆ پاراستن، بەڵکوو نیشانەیە بۆ بێتواناییی سیستەم، لە دابینکردنی مافێکی سەرەتاییی مرۆڤ – واتە مافی هەناسەدانە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە جاران جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پیسبوونی هەوا ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی پێشوەختەی دەیان هەزار کەس لە ئێران. بەڵام بۆ حکوومەتێک کە تەنانەت لە بەرانبەر ئەو مردنانەی لە زیندانەکان، شەقامەکان و شەڕی بەوەکالەت، کە دەتوانرێت ڕێگریی لێ بکرێت وەڵامدەر نییە، مردنی بێدەنگی هاوڵاتیان بەهۆی پیسبوونی هەواش، هیچ گرنگییەکی نییە.
سیاسەتی ئینکار: ئامرازی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی
کۆماری ئیسلامی لەبری پلاندانانی زانستی، هەڵسەنگاندنی واقیعبینانە و بەشدارییپێکردنی شارەزایانی سەربەخۆ، هەمیشە سیاسەتی ئینکاری و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەڵدەبژێرێت. لەبارەی پیسبوونی هەواوە، بەرپرسانی حکوومەتی چەندین جار هەوڵیان داوە، کە ڕێگەی کێشەکە بۆ هۆکاری دەرەکی وەک تۆز و خۆڵ لە وڵاتانی دراوسێ بگەڕێننەوە، لە کاتێکدا بەشێکی سەرەکیی قەیرانەکە بەهۆی سووتەمەنیی قورس، پیشەسازییە ژینگە پیسکەرەکانی حکوومەت، پاڵاوگەکان، کارگەکانی ئۆتۆمبێلی سەر بە حکوومەت و نەبوونی چاودێریی سەربەخۆیە.
سیاسەتی نکۆڵیکردن، بەتەنیا بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییە، و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەمکردنەوەی قەیران نییە؛ بەڵکوو دەبێتە هۆکاری ئاڵۆزتربوونی ئەو. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە، کە ئەمڕۆ نەک بە تەنیا خەڵک، بەڵکوو نەوەکانی داهاتووش ناچارن باجی قورسی ئەم خراپ بەڕێوەبردنە بدەن.
قەیرانێک کە لە هەواوە دەست پێ دەکات و دەخزێتە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی
پیسبوونی هەوا، بەتەنیا کێشەیەکی ژینگەیی نییە؛ پرسێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیشە. کاتێک قوتابخانەکان دادەخرێن، خێزانەکان ناچار دەبن خشتەی کارکردنیان بگۆڕن؛ منداڵان لە خوێندنی کەسی بێبەش دەکرێن؛ خەڵک ناچارن چالاکییەکانی ڕۆژانە کەم بکەنەوە؛ تێچووی پزیشکی زیاد دەکات، و فشاری دەروونی و ئابووری زیاتر بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنرێت.
لە ڕاستیدا قەیرانی پیسبوونی هەوا، بەشێکە لە زنجیرە قەیرانێکی فراوانتر، کە بریتییە لە هەڵاوسان، هەژاری، بێکاری، لەنێوچوونی سامانە سروشتییەکان، بڵاوبوونەوەی کۆچ و دابەزینی کوالێتیی ژیان. وەها دۆخێک تەنیا لە حکوومەتێکدا ڕوودەدات، کە لەبری چاکسازیی پێکهاتەیی، دەسەڵات بە تێچووی لەنێوبردنی وڵات پارێزگاریی لێ دەکرێت.
دەرەنجام: پێویستیی گۆڕانکاری، لە سەرووی بڕیارە بەپەلەکان
داخستنی قوتابخانە، هۆشداریی ژینگەیی و ئامۆژگاریی پزیشکی، هەموویان ڕێوشوێنی کاتین. ئەم قەیرانە تەنیا کاتێک کۆنتڕۆڵ دەکرێت، کە پێکهاتەی حوکمڕانی بگۆڕێت و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ باشترکردنی کوالێتیی ژیانی خەڵک، شکڵ بگرێت. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، لەگەڵ حکوومەتێک کە ئەولەوییەتەکانی لەسەر بنەمای سەرکوتکردن، ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییە تاقمییەکان بێت، ناتوانرێت چاوەڕوانیی باشتربوونی دۆخەکە بکرێت.
خەڵکی ئێران – و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان – ساڵانێکە باجی ناکارامەیی و سیاسەتە چەواشەکارەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەن. قەیرانی پیسبوونی هەوا، یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی ئەم ڕاستییە تاڵەیە: حکوومەتێک کە نەتوانێت هەوا بۆ گەلەکەی پاک بکاتەوە، ناتوانێت هیچ داهاتوویەکیان بۆ بنیات بنێت.