
زاهیر محەمەدی
ئەمڕۆ چواری سەرماوەز، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بیست ڕۆژەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە لە پاییزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا؛ ڕووداوێک کە نەک تەنیا لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، بەڵکوو لە مێژووی مامەڵەی کورد و حکوومەتی ناوەند لە ئێراندا لەدوای شۆڕشی ١٣٥٧، ڕەهەندێکی فرەلایەن و کۆمەڵناسانەی هەیە. لەم قۆناغەدا، چەمکی دانوستان نەک تەنیا تاکتیکێکی سیاسی، بەڵکوو جۆرێکە لە هەڵوێست لە بەرانبەر پێکهاتەی چەپڕەو، ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی هێزە سیاسییەکان لە کوردستان و هەروەها لە بەرانبەر لۆژیکی دەسەڵاتخوازانەی حکوومەتی ناوەند، خەریکی خۆسەپاندن بوو. شیکردنەوەی پێشهاتەکانی نێوان خەزەڵوەری ١٣٥٨ تا خاکەلێوەی ١٣٥٩ دەریدەخات کە ڕێبازی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو، لەسەر جۆرێک لە عەقڵانییەتی سیاسی دامەزرابوو کە ڕێگەچارەی ئاشتییانەی پرسی کوردی نەک وەک دروشم، بەڵکوو وەک ستراتیژییەک لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ورد لە پێکهاتەی فرەنەتەوەی ئێران، ئەزموونە شکستخواردووەکانی شەڕ و توندوتیژی و هەستکردن بە دەرفەتە مێژووییەکان لەدوای ڕووخانی سیستمی پاشایەتی دەزانی. ئەم شیکارییە هەوڵ دەدا ڕوونی بکاتەوە کە چۆن کۆمەڵێک هەڵوێست، وتار، چاوپێکەوتن، تەلەگرام و دانوستانی سیاسی لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، لە بەرانبەر کەشی زاڵی شۆڕشگێڕانە و چەپڕەوی کوردستان –کە لەو کاتەدا هەڵوێستێکی توندی هەبوو بەرانبەر بە چەمکەکانی وتووێژ و دانوستان و ئاگربەستــ توانی ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە بەرهەم بێنێ؛ ئەڵتەرناتیڤێک کە پێی وایە، دانوستان نەک پاشەکشە، بەڵکوو ئامرازی چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد و چوارچێوەیەکە بۆ وەدیهێنانی دروشمی «دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان».
لەدوای پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی خومەینی بۆ خەڵکی کوردستان، پێشهاتەکان بەخێرایی دەستیان پێ کرد. ئەم پەیامە لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستاندا، کرانەوەیەکی ڕێژەیی هێنایە ئاراوە، چونکە لە ڕوانگەی زۆرینەی خەڵک و هێزە سیاسییەکان، بۆ یەکەمجار ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نەک لە پێگەیەکی ئەمنییەوە، بەڵکوو بە گوتارێکی تێکەڵ بە ئامۆژگاری و هەڕەشە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەرێنی قسەی کرد. حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لەدوای ئەم پەیامە گەڕانەوە بۆ شارەکانی کوردستان و ئەم گەڕانەوەیە، لە گۆشەنیگای کۆمەڵناسانەوە، وەرگرتنەوەی گۆڕەپانی گشتی و گەڕانەوەی هێماییانەی هێزە سیاسییەکان بوو بۆ ئاخێزی گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگە. دوو ڕۆژ پاش دەرچوونی پەیامەکە، لە ٢٨ی خەزەڵوەر، دوکتور قاسملوو گەڕایەوە مەهاباد و لە ٢٩ی خەزەڵوەردا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی گەورەدا –کە ڕۆژنامەی ئیتلاعات بە کۆبوونەوەیەکی سەد هەزار کەسی وەسفی کردبوو– وەڵامی پەیامەکەی خومەینی دایەوە و وتی: «لبیك». ئەم ساتە لە ڕووی ماناناسیی سیاسییەوە زۆر گرنگە؛ چونکە دوکتور قاسملوو ئەم پەیامەی بە «هەوڵی خومەینی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی براکوژی» ناو برد و لە هەمان کاتدا، بە سووربوونی کوردی دانا لەسەر داواکارییە سیاسییەکانی خۆی. دوکتور قاسملوو ئامانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی «بەدیهێنانی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان» ڕاگەیاند. لێرەدا دوکتور قاسملوو لە ڕێگەی گوتارسازییەوە ململانێیەک دەکات بە دەرفەت: لە لایەکەوە پەیامەکە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتێکەوە دێت کە لە هەمان کاتدا خەریکی پتەوکردنی دەسەڵاتی بنئاژۆخوازانە و سڕینەوەی هێزە ڕکابەرەکانە و لە لایەکی دیکەوە حیزبی دێموکرات، کە تێوەگلابوو لە خەباتی چەکداری. ئەم پەیامە بە سەرکەوتنی عەقڵانییەت دادەنێ بەسەر سیاسەتی چەک و سڕینەوەدا. ئەم گونجاندنە گوتارییە نیشانەی تێگەیشتنی دوکتور قاسملوو بوو لە ڕۆڵی «واتابەخشی سیاسی»؛ واتە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕووداوێکی سیاسی بۆ چەقی گۆڕینی ئاراستەی ململانێ.
دوکتور قاسملوو لە هەمان وتاردا پەیامەکەی خومەینی بە «سەرکەوتنی عەقڵ بەسەر چەکدا» زانی و بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات ئامادەی ئاگربەست و دانوستانە. ئەم ڕستەیە لە کۆنتێکستی کۆمەڵناسانەی کوردستانی ئەو سەردەمەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە کەشی سیاسیی زاڵ بە توندی لەژێر کاریگەریی چەپ و چەک و سازاندا بوو. هەر لەو کۆبوونەوە گەورەدا، حیزبی دێموکرات بڕیارنامەیەکی پێنج مادەیی بڵاو کردەوە کە لە مادەی سێیەمیدا داوای لە خومەینی کردبوو دان بە مافی خودموختاریی کوردستاندا بنێت و هەروەها داوای گەڕانەوەی بەپەلەی «دەستەی نیازپاکی»ی کردبوو بۆ گەڕێکی نوێی وتووێژ لەگەڵ کورد.
پێویستە ئەوەش بڵێین کە دوکتور قاسملوو لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە کە «مەبەستی ئێمە شەڕی براوە و دۆڕاو نییە و ئەم شەڕە براکوژییە بەسەرماندا سەپاوە» و بە ڕستە بەناوبانگەکەی «ئەگەر دەوڵەت هەنگاوێک بنێ، ئێمە دوو هەنگاو دەنێین» فەزایەکی نوێی خستەڕوو؛ فەزایەک کە تێیدا هیچ کام لە لایەنەکانی دانوستان نابێت لە پێگەی باڵادەستی و هێزەوە قسە بکەن. ئەم ڕستەیە، لە دۆخێکی توندی دووجەمسەری، جۆرێک لە دژەگوتار بوو؛ بانگهێشتێک بوو بۆ گفتوگۆ لەنێو کەشێکدا کە هێزە شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵەکانی هەردوو جەمسەرەکە لە هەوڵی چەسپاندنی هێژموونیی خۆیاندا بوون.
لە چواری سەرماوەزی ١٣٥٨دا، حیزبی دێموکرات بە مەبەستی ڕێگەخۆشکردن بۆ وتووێژ بە فەرمی ئاگربەستی ڕاگەیاند؛ ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ٥ی خەزەڵوەردا چاوپێکەوتنێکی ٩٠ خولەکیی لەگەڵ دوکتور قاسملوو بڵاو کردەوە و ڕۆژنامەی کەیهانیش چاوپێکەوتنەکەی فاتمەی نەواب سەفەوی، کە دوو هەفتە پێشتر لە یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو و ئێستا بەبۆنەی گەڕانەوەی حیزبی دێموکرات بۆ مەهاباد بڵاو دەکرایەوە، چاپ کرد. لە چاوپێکەوتنەکەی ئیتلاعاتدا، دوکتور قاسملوو پرسی کوردستانی بۆ سەردەمی پێش شۆڕش گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە «سیستمی فیدراڵی گونجاوترین سیستمە بۆ ئێران». ئەو شەڕی کوردستانی بە ئەنجامی «پیلانگێڕی»یەک پێناسە کرد کە دەستی داوەتە سەرکوتی نەتەوەیەکی بێدیفاع و وتیشی: «پرسی کوردستان ڕێگەچارەی سەربازیی نییە؛ لە جیاتی فانتۆم، هێلیکۆپتەر و تانک دەبێت پەنا بۆ عەقڵ و دانوستان ببەین.» هەروەها ڕایگەیاند کە «شاندی دانوستانکاری دەوڵەت هەڵوێستێکی جیددیی نییە لەسەر پرسی خودموختاریی کوردستان.
لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەیهانیشدا، دوکتور قاسملوو جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردەوە کە سەرکەوتنی دانوستانەکان بەندە بەوەی کە لایەنەکان «سەڵاحییەتی تەواو و دەسەڵاتی بڕیاردان»یان هەبێت؛ سەڵاحییەتێک کە بە وتەی ناوبراو «شاندی دانوستانکاری دەوڵەت لێی بێبەشە.» لە هەمان چاوپێکەوتندا ڕوونی کردەوە کە حیزبی دێموکرات «هێرشی نەکردۆتە سەر کەس و خوازیاری خاکی هیچ بەشێکی دیکەی ئێران نییە» و «بەرگری لە هەبوونی گەلی کورد» بە ئەرکی خۆی دەزانێ. ئەم کۆمەڵە چاوپێکەوتنە لە فەزای سیاسیی ئێراندا بوونە ئامرازێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی دیالۆگ، چونکە لە سەردەمێکدا کە هێڵی چەپ و ڕاستی ئێران و کوردستان، زمانی ئاگرین و چەکیان بە شێوازی سەرەکیی کردەی سیاسی دەزانی، دوکتور قاسملوو هەوڵی دەدا لە ڕێگەی ئەم چاوپێکەوتنانەوە، فەزاکە بۆ بەدیهێنانی داوای خودموختاری چالاک بکات.
لە دەی بەفرانباری ١٣٥٨دا، دوکتور قاسملوو لەنێو خەڵکی پیرانشاردا ڕایگەیاند: «ئێمە دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ خومەینیدا دانوستان بکەین، چونکە شاندی دانوستانکاری دەوڵەت، شاندێکی بێدەسەڵاتە.» هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم شاندە بە سەردانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە هەوڵی «پەرتەوازەکردنی ڕیزی یەکگرتووی گەلی کورد»دایە. یەکێک لە گرنگترین ڕەخنەکانی ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات «تاقەتی پێوانەکارییەکانی داریووش فروهەری نییە» کە لە شارەکانی کوردستان هەوڵ دەدات ڕێژەی کورد و تورک دیاری بکا. دوکتور قاسملوو ئەم سیاسەتەی بە تێکدانی نێوماڵی کورد دادەنا. لە ١٨ی بەفرانباردا، حیزبی دێموکرات لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە داوای چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد دەکات و لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە بە پێچەوانەوە حیزبی دیموکرات بۆ خەباتی چەکداری ئامادەیە.
لە هەمان بەیاننامەدا ڕوون کرابووەوە کە «دانوستان لە دەرەوەی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد» جێی قبووڵ نییە و شاندی دانوستانکار دەبێت لەگەڵ حیزبە چالاکەکانی گەلی کورددا دانوستان بکات نەک لەگەڵ کەسایەتییەکانی دەرەوەی حیزبەکاندا.
لە پێنجی ڕێبەنداندا، دوکتور قاسملوو تەلەگرامێکی بۆ خومەینی نارد و تێیدا ڕەخنەی لە «سیاسەتی شەڕفرۆشیی پاسداران» گرت؛ ئەو پاسدارانەی کە لەدوای هێرشێکی توند بۆ سەر کامیاران، شەڕێکی قورسیان لە پاوە هەڵگیرساندبوو و بە بەکارهێنانی فانتۆم، هێلیکۆپتەر و تانک، گوندە بێدیفاعەکانیان بۆردوومان کردبوو. دوکتور قاسملوو لەم تەلەگرامەدا داوای لە خومەینی کرد فەرمان بدات تاکوو پاسداران بگەڕێنەوە بۆ بنکەکانیان. ئەم تەلەگرامە لە ڕووی کۆمەڵناسانەوە هەوڵێک بوو بۆ گواستنەوەی مەیدانی ململانێ لە «گۆڕەپانی سەربازی»یەوە بۆ «گۆڕەپانی ئەخلاقی و یاسایی»؛ واتە گۆڕینی بنەمای شەرعییەت لە لۆژیکی هێزەوە بۆ لۆژیکی بەرپرسیارەتی.
حیزبی دێموکرات لە پەیامی کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکرات بۆ خومەینیش ڕایگەیاند کە دەبێت کۆتایی بە «شەڕی داسەپاوی کوردستان» بێنێ و بەرپرسانی پەیوەندیداری بە «ناجیددیبوون لە چارەسەریی پرسی کوردستاندا» تۆمەتبار کرد. لە دوازدەی بەفرانباردا –هاوکات لەگەڵ سەفەری شاندێکی حیزبی دێموکرات بۆ تاران و دیداریان لەگەڵ بەنی سەدر– دوکتور قاسملوو لە یاریگای تەختیی سنە وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد کە ڕووبەڕووی خۆپیشاندان و دژایەتیی کۆمەڵە و پەیكار بووەوە. ئەو گرووپانە حیزبی دێموکراتیان بە «سازشکار» ناو دەبرد، بەڵام دوکتور قاسملوو داکۆکیی لە سیاسەتی دیالۆگی حیزبی دیموکرات کرد و ڕایگەیاند: «ئێمە لەم تۆمەتە ناترسین.» جەختی کردەوە کە ئامانجی حیزب لە دانوستان و ناردنی شاند بۆ تاران «بازدان بەسەر دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورددا نییە»، بەڵکوو کۆتاییهێنانە بە «دۆخی نە شەڕ، نە ئاشتی»ی زاڵ بەسەر کوردستاندا. دوکتور قاسملوو لە بەرانبەر فەزای چەپڕەوەکانی کوردستاندا جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردەوە کە «ڕێگەی خەبات ناوزڕاندن نییە، بەڵکوو هاوکاری و دانوستانە.» ئەم وتارە یەکێکە لە گرنگترین ساتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاریی دوکتور قاسملوو لەگەڵ چەپی ڕادیکاڵدا.
لە بیستی ڕەشەمەی ١٣٥٨دا، دوکتور قاسملوو چوو بۆ تاران و لەگەڵ خومەینی و پاشان لەگەڵ شەریعەتمەداریدا دیداری کرد. لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران کاسێتی دەنگی فەرماندەی لەشکری ٦٤ی ورمێی لێ دا کە لە کاتی ڕووداوەکانی نەغەدەدا فەرمانی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی کوردی دەرکردبوو. ئەم کارە لەسەر ئاستی نیشتمانی گرنگیی هەبوو، چونکە بۆ یەکەم جار توندوتیژیی پێکهاتەیی دژی کوردی لەسەر ئاستی میدیاییدا ئاشکرا کرا. هەروەها لە هەمان کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە لە تەلەڤیزیۆندا، لە گفتوگۆیەکی ئازاددا، پرسی خۆبەڕێوەبەری ڕوون بکاتەوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە ٢٣ی ڕەشەمە لە بانە وتارێکی پێشکەش کرد و ئامانجی حیزبی لە دانوستان بە «دەربازکردنی دانوستانەکان لە چەقبەستوویی» و ڕوونکردنەوەی «ڕوانگەکانی حیزب بۆ سەرۆک کۆمار» و «کۆتاییهێنان بە بڕیاری هەڵوەشانەوەی حیزبی دیموکرات» دانا. شاندی حیزبی دێموکرات لە تاران «پڕۆژەی شەش مادەیی»ی خۆی پێشکەش بە بەنی سەدر کرد.
لە ٩ی خاکەلێوەی ١٣٥٩دا، دوکتور قاسملوو تەلەگرامێکی دیکەی بۆ خومەینی نارد و ئاگاداری کردەوە لە «گەڕێکی دیکەی شەڕێکی براکوژی لە پانتاییی کوردستاندا». بە ئاماژەدان بە پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری خومەینی هۆشداریی دا کە «تا درەنگ نەبووە ڕێگری لە شەڕێکی دیکە لە کوردستاندا بکات» و وتیشی ئەگەرنا، خەڵکی کوردستان «بە هەموو هێزەوە بەرگری لە ئازادی و بوونی خۆی دەکا.» لە ١٤ی خاکەلێوەدا، دوکتور قاسملوو لە نامەیەکدا بۆ ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن ڕایگەیاند کە ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆیەکی کراوە لە تەلەڤیزیۆن سەبارەت بە پرسی خودموختاریی کوردستان. ماوەیەک دواتر، لە هەمان مانگدا، لە نامەیەکی کراوەدا بۆ بەنی سەدر –کە فەرمانی چەککردنی گشتیی گرووپە چەکدارەکانی لە سەرتاسەری ئێراندا دەرکردبوو– ڕایگەیاند: «ئێمە گرووپ نین تا چەک بکرێین، ئێمە نەتەوەیەکی پێنج-شەش ملیۆنین و نازانین بەرانبەر کام ناوەندی بڕیار قسە بکەین. سپای پاسداران دەبێ دامەزراوەیەکی شۆڕشگێڕانە بێ بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش، نەک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک.»
ئەم سیاسەتەی حیزبی دیموکرات – کۆبوونەوەی مەهاباد تا پڕۆژەی شەش مادەیی، دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خومەینی، لەقاودانی توندوتیژیی سوپای پاسداران، ڕاگەیاندنی ئاگربەست و نامە جیاوازەکان بۆ خومەینی– هێڵێکی گوتاریی ڕوون نیشان دەدات: هێڵێک کە تێیدا «دانوستان» نەک تەنیا ئامراز بوو، بەڵکوو جۆرێک لە فەلسەفەی سیاسی بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێراندا. ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو لە ئاستی کۆمەڵناسانەدا، لەسەر جۆرێک لە «عەقڵانییەتی پەیوەندی» دامەزرابوو؛ عەقڵانییەتێک کە هەوڵی دەدا ململانێکە لە ئاستی توندوتیژیی چەکدارانەوە بۆ ئاستی گفتوگۆ، لە ئاستی هاوسەنگیی هێزەکانەوە بۆ ئاستی هاوسەنگیی شەرعییەت بگوازێتەوە. لە فەزایەکدا کە حیزبە ڕادیکاڵەکانی دیکە هەر جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ حکوومەت بە سازش و خیانەت دەزانی و لە کاتێکدا کە حکوومەتی ناوەندیش هێشتا لە قۆناغی شۆڕشگێڕانە و چەسپاندنی هێژموونیدا بوو، دوکتور قاسملوو سوور بوو لەسەر کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ. لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوو، «دێموکراسی بۆ ئێران» و «خودموختاری بۆ کوردستان» دوو دروشمی جیاواز نەبوون، بەڵکوو دوو ڕووی پڕۆژەیەکی سیاسی بوون: بەبێ دێموکراسی لە ئێراندا، خودموختاری لە کوردستاندا مەحاڵ بوو و بەبێ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کوردستان و تاران، دێموکراسی لە ئێراندا بەدی نەدەهات. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵناسانەیە لەنێوان گۆڕانی پێکهاتەی نەتەوەیی و چارەسەرکردنی پرسی کورددا، جەوهەری سیاسەتی حیزبی دێموکرات بوو بە ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو.
سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری ٥٨ی خومەینییەوە تا خاکەلێوەی ٥٩ نیشانی دا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو چۆن لە بەرانبەر فەزای ڕادیکاڵی کوردستان و تاران –کە گفتوگۆیان بە لاوازی، سازشیان بە خیانەت و دانوستانیان بە پاشەکشە دەزانی– توانی وێنەیەکی جێگرەوە لە سیاسەت پێشکەش بکات. ئەم سیاسەتە جەختی لەسەر بەرگریکردن لە بوونی گەلی کورد دەکردەوە، بەڵام بەرگریی بە بنئاژۆخوازی بەرانبەر بە دانوستانەوە گرێ دەدا. لەم دەزگا فیکرییەدا، دانوستان نەک ئامرازی هێژموونیی ناوەند، بەڵکوو ئامرازی بەهێزکردنی کورد بوو. دوکتور قاسملوو لە بەرانبەر هەردوو جەمسەری توندی –ڕادیکاڵیزمی چەپ لە کوردستان و بنئاژۆخوازیی شۆڕشگێڕانە لە تاران– پڕۆژەیەکی بنیاتنراو لەسەر عەقڵانییەت، گفتوگۆ، واقیعبینی و بەرگریی ڕەوای داڕشت. ساڵڕۆژی ئاگربەستی چواری خەزەڵوەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە وردی بیرهێنەرەوەی ئەو ساتەیە کە سیاسەت لە کوردستاندا هەوڵی دا لە ئاگری شەڕ دوور بکەوێتەوە و بە زمانی دانوستان قسە بکات؛ ساتێک کە هەرچەندە دواتر بە بەردەوامبوونی شەڕ و لە کۆتاییدا بە تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو سەرەنجامی نەبوو، بەڵام وەک یەکێک لە ڕوونترین ئەزموونەکانی سیاسەتی ئاشتیخوازانە لە مێژووی کوردستاندا مایەوە.