
- کوێستان نستانی
- د. هۆشمەند عەلی
ڕووخانی كۆماری كوردستان شوێنه‌واری قووڵی سایكۆلۆژی له‌سه‌ر چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان داناوە و، ئه‌م كاریگه‌رییه‌ش به‌ڕوونی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژنانی كورد وه‌ک چینێكی نێو كۆمه‌ڵگەی كوردستان دانا، چونكه هه‌روه‌ک له پێشووتردا باسمان كردوه تا دوای ڕێكخستنه‌وه‌ی حیزبی دێموكرات، ژنانیش هیچ چه‌شنه جموجۆڵ و چالاكییه‌كیان به شێوه‌ی ئاشكرا نه‌بووه.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێت، له ساڵانی ١٩٤٩- ١٩٥٣ كاتێک چالاكییه‌كانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان ده‌بووژێته‌وه و ڕێكخستنه‌كانی به‌رفراوان ده‌بێ، به به‌شداریی چه‌ند لاوێک وه‌ک (غه‌نی بلووریان، عه‌زیز یوسفی، عه‌بدوڵڵا ئیسحاقی، عه‌بدوڵڵا ئه‌یوبییان و ڕه‌حیم سوڵتانی و... هتد) ئه‌م لاوانه له ناوچه‌ی سیته‌ک له باشووری كوردستان گۆڤارێكیان به‌ناوی (ڕێگا) له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاو دەکەنەوە و له ڕێگه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی نێوخۆیی به‌نهێنی دەیگەیەننە نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و خه‌ڵک به‌ره‌و تێكۆشان هان دەدەن (باوه‌ڕ، ٢٠٢٣، ٥٧؛ مەحموود و ئه‌وانی تر، ٢٠١٥ ،٢٠٧ ).
به‌م شێوه‌یه دوای ڕێكخستنه‌وه‌ی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان له هاوینی ساڵی ١٩٥٥، له كێوی قه‌ڵاته ڕه‌شی گو‌ندی سه‌یدئاوای بابی گه‌وره له ناوچه‌ی پیرانشار به به‌شداریی پازده تا بیست كه‌س، حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان یه‌كه‌م كۆنفڕاسی خۆی پێک دێنێت. له‌و كۆنفڕاسه‌دا هه‌ندێک بڕیاری گرنگ سه‌باره‌ت به كار و ئه‌رک و چالاكیی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان ده‌درێت. له‌و كۆنفڕانسه‌دا به له‌به‌رچاوگرتنی گرنگی كاری ته‌شكیلاتی بڕیار ده‌درێ تا ده‌كرێت كاره‌كان به‌شێوه‌ی نهێنی له ڕێگه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكرات بكرێت. (گادانی، ٢٠٠٨، ب ١، ١١١-١١٢).
لێره‌دا ده‌كرێ بگوترێت، ژنانیش وه‌ک ئه‌ندام و لایه‌نگر به‌شێک له‌و چین و توێژانه بوون كه ڕۆڵ و کاریگه‌رییان هه‌بووه و بۆ ده‌رخستنی زیاتری ڕۆڵی ژنان له‌و ماوه‌یه‌دا و نموونه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و قۆناغه مێژووییه (هێلین خانم) (١) بووه، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردوه، له ژیانی نهێنیی خه‌باتی خۆیی له‌گه‌ڵ عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو به شێوازێک بووه، كه زۆرجار به مه‌به‌ستی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی به خۆشاردنه‌وه له‌ژێر چارشێوێكی ژنانه‌دا هه‌وڵی هێنان و بردنی ڕۆژنامه و بڵاوكراوه‌كانی داوه. ئەو هه‌ر له درێژه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانیدا وتویه‌تی:"كه له نێوخۆی تاران‌دا بڵاوكراوه‌كانم ده‌گه‌یانده كه‌سانێک كه ئه‌وانیش له تاران به‌نهێنی ده‌ژیان و خه‌ریكی كاری سیاسی بوون و بێجگه له‌و ئه‌ركه‌ش هه‌ندێک جار په‌یام و نامه‌م هێناوه و بردوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار كاری چاودێری و پاسه‌وانیشم ئه‌نجام داوه" (قاسملوو، ٢٠١٤، ١١٥ ،١١٦).
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان و چاوپێكه‌وتنه‌كان ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه کە، ژنان به هێنان و بردنی نامه له نێوان ڕێكخستنه‌كان و پێشمه‌رگه‌دا، ته‌نانه‌ت جاری وا هه‌بووه گواستنه‌وه‌ی چه‌كیشی گرتۆته‌وه له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له كاتی (بۆسه‌دانانه‌وه) لەنێو گونده‌كان و هاتنی هێزه‌كانی ڕێژیم و چه‌ندین هه‌واڵی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به پێشمه‌رگه، یه‌كێک له ئه‌ركه‌كانی ژنان له نێوخۆی وڵات‌دا بووه كاریان كردوه (فتووحی، ٢٠١٣ ،١٢). هه‌روه‌ک عیسمه‌ت نستانی(٢) ده‌ڵێ:"بێگومان شاهیدی زۆربه‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م بووم و ژنان له ناو كۆمه‌ڵگەی ئه‌وكاتی ئێران‌دا به‌رده‌وام دژ به ڕێژیمی شاهه‌نشاهی له تێكۆشاندا بوون و خه‌باتیان به شێوه‌یه‌كی نهێنی ئه‌نجام داوه، زۆرجار له شه‌قامه‌كانی نێوشاردا به ده‌نگی به‌رز گوتوویانه (مرگ بر شاه) واته مردن بۆ شاه و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌كی زۆر له ژنان و كچان بۆ پشتیوانیكردن له هاوسه‌ر و باوک و براكانیان به‌شدارییان له شۆڕش كردوه و له ڕووی دارایی و كاری ڕێكخستنه‌وه هاوكار بوون"(نستانی، كۆیه،٣٠/ ٦/٢٠٢٤).
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، كاری سیاسیی و ڕێكخراوه‌یی له‌سه‌ر ده‌ستی ژماره‌یه‌ک لاوی خاوه‌ن هه‌ست و ئازادیخوازی كورد ژیایه‌وه كه زۆربه‌یان خاوه‌ن ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاری ڕێكخراوه‌یی و ڕاپه‌ڕاندنی چالاكیی نهێنی و له سه‌ره‌تادا جیا له یه‌ک و به چه‌ند ناوی جیاوازه‌وه كه‌وتنه چالاكی و هاندانی خه‌ڵک دژی ڕێژیم (سه‌رده‌شتی، ٢٠١١، ٣٨٥).
له نێوان ساڵانی (١٩٥٦-١٩٧٨) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاری ڕێكخراوه‌یی و سیاسی تا ڕاده‌یه‌ک ژیاوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ هاتنه‌پێشی چه‌ند ڕووداوێكی سیاسیی چه‌كداری له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، له نموونه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ساڵی ١٩٥٣و جووڵانه‌وه‌ی چه‌كداریی (١٩٦٧-١٩٦٨)ی به‌شێک له ڕێكخستنه‌كانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان، ده‌بینن هیچ ئاماژه‌یه‌ک و زانیارییه‌ک به‌رده‌ست نیه، تا ئاماژه به ڕۆڵ و به‌شداریی ژنان له‌و ڕووداوانه بكات.
له سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدان و خۆپێشاندان و ڕووداوه‌كانی نێوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٨و سه‌ره‌تای ١٩٧٩، له‌و قۆناغه‌دا، كه یه‌كه‌م ڕاپه‌ڕینی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ١٥/٦/١٩٧٨ له شاری مه‌هاباد ده‌ستی پێ كردوە، به‌تایبه‌تی كاتێک له مه‌ڕاسیمی ناشتنی ته‌رمی عەزیز یووسفی، كه له كه‌رنه‌ڤاڵێكی نه‌ته‌وه‌ییدا ناشترا و دروشمی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی خۆپێشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌كانی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا وتراوه‌ته‌وه و، به‌م شێوه‌یه دوای خۆپێشاندانه‌كانی شاری مه‌هاباد له زۆربه‌ی شاره‌كانی دیكه وه‌ک ورمێ، بانه، سنه، نه‌غه‌ده، پاوه، سه‌رده‌شت، مه‌ریوان و... هتد خۆپێشاندان سه‌ریان هه‌ڵداوه و، له‌و خۆپێشاندانانه ژنانیش هاوشان له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی نێو كۆمه‌لگە و له چوارچێوه‌ی ڕێكخستنه نهێنییه‌كانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان به‌شدار ببوون له خۆپێشاندانه‌كان و دروشمی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی‌یان وتۆته‌وه (مەحموود، ٢٠١٢، ٤٧-٤٩).
به‌م شێوه‌یه دوای ئه‌م قۆناغه و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان قۆناغی گه‌شانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بوو، چۆن زۆربه‌ی شار و ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ده‌ست كورده‌كانه‌وه بوو، به‌ڵام كاتێک كۆماری ئیسلامی ئێران و خومه‌ینی به‌رانبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ڵوێستی شه‌ڕخوازانه‌ی وه‌رگرت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوای ئه‌وه‌ی له ١٩ی ئابی ١٩٧٩خومه‌ینی فه‌رمانی جیهادی بۆ هێرشكردنه سه‌ر كوردستان ڕاگه‌یاند، به‌و هۆیه‌شه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له شاره‌كانی كوردستان كه‌وته‌وه ده‌ست سپای ئێران و به‌م شێوه‌یه شه‌ڕ به سه‌ر كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و حیزبی دێموكرات‌دا سه‌پاوه (مەحموود، ٢٠١٢، ٥٩-٦٠).
له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌شدا، پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێت، حيزبى دێموكرات به جۆرێک بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێكی نه‌خوازراو بۆوه، له‌م قۆناغه‌شدا حیزبی دێموكرات له ڕووی كاری (سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی) هه‌وڵی دا كارنامه‌ی كاریی خۆی به شێوه‌یە‌ک دابڕێژیت كه ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی له نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به به‌شداریكردن له خۆپێشاندان له شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و تاران و ورمێ له لایه‌ک و له لایه‌كی دیكه‌وه به دامه‌زراندنه‌وه و به‌هێزكردنی ڕێكخراوه پیشه‌ییه‌كان و هاندانی ژنان و كچان بۆ به‌شداریكردن له تێكۆشانی حیزبی و زۆربه‌ی بۆنه و ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانی ئێران و به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ندین میتینگ و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت هاوكار بن و كار بكه‌ن (گادانی، ٢٠٠٨، ب ١، ٢٣٨-٢٤٠).
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌زموونی دووه‌می هاتنی ژنان بۆ گۆڕه‌پانی گشتیی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ڕێكخراوی ژنان، كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی یه‌كه‌می شۆڕشی ١٩٧٩ و دوای شۆڕش، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێک ژنانی خوێنده‌واریش بێنه گۆڕه‌پانه‌كه و به‌شداریی خۆپێشاندان و كۆبوونه‌وه‌كان بكه‌ن و بێگومان پاشخانی سیاسی بنه‌ماڵه له‌و كاته‌دا كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌سه‌ر به‌شداریی ژنان له پرسه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كاندا، ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌كان له چالاكییه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ئازادییه‌كی زۆریان به كچان و ژنانی نێو بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌خشیبوو و، ژنانی چالاكی كۆمه‌ڵگەی كوردستان به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی سه‌ر به‌و بنه‌ماڵانه بوون كه پێشتر له ڕووی فكرییه‌وه به گوتاری ناسیۆنالیستی ئاشنا ببوون (محه‌ممه‌دی و دیگران، ١٤٠٠، ٣٨٤ ،٣٩١).
هه‌ربۆیه له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ١٩٧٩ له ئێران‌دا، یه‌كیەتیی ژنانی دێمو‌كراتی كوردستان له شاره جیاوازه‌كانی وه‌ک (مه‌هاباد، شنۆ، سه‌رده‌شت) به هاوكاریی ژنانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كورستان و حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان دامه‌زراوه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌ک له ژنانی خوێنده‌واریش هاتوونه نێو ئه‌و ڕێكخراوەیە و ئه‌ركیان وشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگە له دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ک (ژن به ژنە، گه‌وره به بچووک و بارودۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و... هتد) بووه و، هه‌ر كه‌سێک ئه‌و كارانه‌شی بكردایه له لایه‌ن حیزبه‌وه سزا ده‌درا، واته ئه‌مه‌ش به هاوكاری و به‌رنامه‌ی حیزبی دێموكرات بووه، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش له لایه‌ن ژنانه‌وه پێشوازیی باشی لێ كراوه (ستار، ٢٠١٩ ،٨٧).
هه‌روه‌ک عیسمه‌ت نستانی ده‌ڵێ: "دیاره به‌هۆی كولتوور و داب و نه‌ریتی سوونه‌تی زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەدا ئه‌وكات كاركردن له‌هه‌ر یه‌كێک له‌و بوارانه‌ی كه ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا كاریان تێدا كردوه و به تایبه‌ت له ناو حیزبێكدا بۆ ژن نامۆ بووه، هه‌ربۆیه كه‌متر ژنان ده‌هاتنه مه‌یدان، زۆرینه‌ی ئه‌و كچان و ژنانه‌ی ده‌هاتن زۆربه‌یان كه‌سێكیان له‌نێو حیزب‌دا بوو یان یاخوود بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌نێو حیزب‌دا بوون، بۆیه ڕێژه‌یه‌كی كه‌م له كچان ده‌هاتن و ڕێژه‌ی كچان كه‌م بوو، ئه‌وكات منیش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێک له‌و كچ و ژنانه‌ی كارم له‌گه‌ڵ ده‌كردن وه‌ک نه‌سرین و سۆهەیل حه‌داد كه باوكیان پێشمه‌رگه بوو. هه‌روه‌ها (زیبا شیوه‌یی و مریه‌م ئیبراهیم‌زاده)ش دووی دیكه له‌و كچانه بوون كه به‌یه‌كه‌وه كارمان كردوه" نستانی، كۆیه، ٣٠/ ٦/٢٠٢٤).
هه‌ر له‌و باره‌وه خه‌دیجه لاهیجانی(٣) وتوویه‌تی:"به‌هۆی باوكم و برایه‌کمەوە ئاشنای كاروباری حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانی ئێران بووم، باوكم وه‌ک فه‌رمانده‌یه‌ک له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژانده‌رمێریی پیرانشاردا به‌شدار بووه، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتیی زۆربه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی نێو شاری پیرانشار و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری كردوه، ته‌نانه‌ت به مه‌به‌ستی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی حیزبی وەک بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێک تراكت و نامه و بڵاوكراوه‌ی حیزبی نێردرامه نێو شاری پیرانشار كه دوای ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانم به‌هۆی بینینم به‌هۆی جاشێک له‌گه‌ڵ خاڵم گیرام و بۆ ماوه‌ی ٣٥ ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر كرام و بۆ ماوه‌ی ١٥ ڕۆژیش له ژووری تاكه‌كه‌سی دانرام، به‌هۆی ته‌شكیلاتی نێوخۆیی و بنه‌ماڵه‌كه‌م و به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی شێخ سه‌ید ته‌های گه‌زگه‌سک كه هاوكاری باشمان بوون به زه‌مانه‌ت ئازاد كرام، دواتر له ساڵی ١٩٨٢ به‌نهێنی له پیرانشار هاتمه ده‌رێ و هاتمه نێو شۆڕش و دواتر له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌ک به ناوی لوقمان مێهفه‌ر كه باوكم و كه‌س و كاریشم ده‌یانناسی ژیانی ها‌وسه‌ریم پێک‌هێنا و هاتمه نێو شۆڕش و له‌و كاته‌وه به‌رده‌وامم" (شه‌ریفی، ١٣٨٨، ٥٩-٦٠).
یه‌كێكی دیكه له‌و ژنانه خورشیده ڕه‌سوڵی(٤) ده‌ڵێ: "په‌یوه‌ندیی من به حیزبی دێموكرات به‌ئاشكرا ده‌گەڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٨٦. ئه‌وكات بۆ منێک وه‌ک كچ زۆر زه‌حمه‌ت بوو له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سوننه‌تیدا، به‌ڵام پێش ئه‌وكاته و له سه‌ره‌تادا به شێوه‌یه‌كی نهێنی بوو، واتە له نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ک ئه‌ندامێكی حیزبی دێموكرات كارم كردوه كه، زیاتر له كاتی بۆنه و یاده‌كانی حیزبی دێموكرات وه‌ک ٢٥ی گه‌لاوێژ یان ڕۆژ و یادی دیكه ئێمه ئه‌ركمان بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت و دروشمه‌كانی حیزبی بوو له‌نێو گونده‌كانی خۆمان و ده‌ورووبه‌ر و جارجار بۆ نێو شاریش، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ چه‌ند كچێكی دیكه كه هه‌ر ئی گونده‌كه‌ی خۆمان بوون وه‌ک (مریه‌م ڕه‌حمانی، ئایشه ڕه‌حمانی، عه‌زیمه عوسمانی و فه‌وزیه پوورئازه‌ر) هاوكاریی یه‌كترمان ده‌كرد و ئه‌ركه‌كانمان به‌ڕێوه ده‌بردن. یان كاتێک هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌نهێنی ده‌هاتنه گونده‌كان له‌هه‌ر بارودۆخێكی نه‌خوازراو ئاگادارمان ده‌كردنه‌وه" (ڕه‌سووڵی، كۆیه، ٣٠/ ٦/٢٠٢٤).
هه‌روه‌ها چه‌ند ژنێكی دیكه كه تا ئێستاش له ژیاندا ماون و له‌نێو حیزبی دێموكرات‌دا ماونه‌ته‌وه، له میانه‌ی گفتوگۆكانیاندا له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا زیاتر ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو، هه‌روه‌ک خۆنچه فه‌یزوڵڵایی، خه‌ڵكی بانه وتوویه‌تی: "له ساڵی ١٩٧٨ وه‌ک هاوسه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ک له نێوخۆی ڕۆژهه‌لاتی كوردستان چه‌ندین جار به بیانووی جیاواز پێداویستیی خواردن و جلوبه‌رگمان گه‌یاندۆته پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت زۆرجار له ئاواییه‌كاندا پێشمه‌رگه‌كانمان له كاتی دانانه‌وه‌ی بۆسه له لایه‌ن ڕێژیم ئاگادار كردونه‌ته‌وه (شه‌ریفی، ٢٠١٢ ،٢٩). هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه له‌و ژنانه خاتوو "عالیه"یه، خه‌ڵكی گو‌ندی شركانه له ناوچه‌ی كرماشان، وتوویه‌تی: "ڕاسته هاوسه‌ری پێشمه‌رگه‌كان به‌شێكیان ئه‌گه‌ر چه‌كیشیان له شان نه‌بووبێ، به‌ڵام سه‌ختی و زه‌حمه‌تی زۆریان بینیوه و هاوكاری باش بوون له ڕووی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه و گرنگه ئه‌وه‌ش بگوترێت كه ژنانی بۆخۆیان پێشمه‌رگه بوون و چه‌كیان هه‌ڵگرتوه و هاوسه‌ردار بوون ئه‌ركیان زۆر قورس‌تر بووه (شه‌ریفی، ٢٠٠٩، ٤٤، ٤٥).
هه‌روه‌ها گوڵێ ئیبراهیمی(٥) له‌و باره‌وه ده‌ڵێ:"ئه‌وكات و ساڵانی دواتریش له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو كاتێک هاتم بۆ نێو ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكرات، هاتن بۆ ڕه‌گه‌زی مێ یان من وه‌ک كچێک زۆر سه‌خت بوو، به‌هۆی بارودۆخی كۆمه‌ڵگەی ئه‌وكات ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی خۆمان دژی ئه‌وه بوون كچان بێنه نێو ڕیزه‌كانی حیزب و ببن به پێشمه‌رگه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكۆڕییه‌ک كه هه‌بووه به‌نیسبه‌ت ژنان و كچان هه‌ر له ڕه‌وتی خه‌باتدا به‌شدار بووم له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانم، چۆن پێش ئه‌وه به شێوه‌ی ئاشكرا بێمه نێو حیزبی دێموكرات، پێشتر وه‌ک ئه‌ندامی حیزبی له نێوخۆ كارم كردوه، بۆ نموونه: كاتێک پێشمه‌رگه ده‌هاتنه‌وه نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ڕووی پێداویستیی وه‌ک جلوبه‌رگ یان خواردن و خۆراک یان ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌هه‌ر بارودۆخێكی نه‌خوازراو له نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاوكاریم ده‌كردن و له كاتی بۆنه‌كان و یاده‌كانی په‌یوه‌ست به حیزبه‌وه به‌شدار ده‌بووم و ته‌نانه‌ت كاری ڕێكخستنیشم ده‌كرد و هه‌روه‌ها به ده‌ستی خۆم و شه‌خسه‌ن چه‌كم له گونده‌كه‌ی خۆمان ڕا بۆ نێوشاری پیرانشار بردوه و، هه‌روه‌ها به‌هۆی تێكه‌ڵاوبوونم له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان و له گه‌شته‌كانیاندا ده‌هاتنه گونده‌كانی ڕۆژهه‌لاتی كوردستان كه ده‌هاتنه گو‌ندی (پردانان) و زۆرجار پێشمه‌رگه ده‌هاتن بۆ ماڵه‌كانی نێو گوند، كه یه‌كێک له‌و ماڵانه‌ش ماڵی ئێمه بووه له ڕووی چه‌ک و پێداویستیی جلوبه‌رگ هاوكاریان بووم'' (ئیبراهیمی، كۆیه، ٤/٧/٢٠٢٤).
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، له نێوان ساڵانی ١٩٦٣- ١٩٧٩ به‌گشتیی نزیكه‌ی (٢٩٦) ژن بوونه قوربانی، بۆیه به‌شداریكردنی ژنان له ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی چه‌كداری، بڵاوكردنه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌كان و له ڕابه‌رایه‌تیكردن و پشتیوانیكردن له جووڵانه‌وه‌كان و حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان به نموونه، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و هه‌وڵدانی ژنان له‌و قۆناغه‌دا نه‌بووه (ستار، ٢٠١٩، ٨٥) هه‌روه‌ها جێگای خۆیه‌تی ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێت، كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به یه‌كێک له قۆناغی گرنگ و ڕووداوه مێژووییه گه‌وره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و جیهان دابنرێت، كه بووه هۆی گۆڕینی باری سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیستەمی حوكمڕانی كردن له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا و دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران قۆناغێكی نوێ و گرنگ له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد سه‌ری هه‌ڵدا (مەحموود، ٢٠١٢، ٢٨) كه له دوای ئه‌و قۆناغه ژنان زیاتر له پێشوو هاتوونه‌ته نێو ڕیزه‌كانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان و ته‌نانه‌ت له بواری چه‌كدارییشه‌وه به‌شدارییان كردوه.
***
١. هێلین ناسراو به نه‌سرین قاسملوو له ساڵی ١٩٣٠ له پڕاگ پێته‌ختی چیكۆسلۆڤاكی له‌دایك بووه و هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه دایک و باوكی لێک جیا بوونه‌وه. ناوبراو له ته‌مه‌نی ١٧ساڵیدا عه‌بدولڕه‌حمان قاسملووی له پڕاگ ناسیوه و دواتر له ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی و له ساڵی ١٩٥٢دا ژیانی هاوژینی له‌گه‌ڵ عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو پێک‌هێناوه. بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ژیانی بڕوانه (قاسملوو، نه‌سرین، (٢٠١٤)، ئه‌ورووپایه‌ک له وڵاتی كورداندا، بیره‌وه‌رییه‌كانی ژیانی نه‌سرین قاسملوو، و: ناهید حوسێنی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م، كوردستان.
٢. عیسمه‌ت نستانی له ساڵی ١٩٦٤ له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له گو‌ندی نه‌ستان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی وه‌رزێر چاوی به دونیا هه‌ڵێناوه. خوێندنی سه‌ره‌تایی تا وه‌رگرتنی دیپلۆم له به‌شی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ته‌واو كردوه. ساڵی ٢٠٠٩ له به‌شی یاسا له زانكۆی كۆیه به‌كالۆریۆسی وه‌رگرتوه. ساڵی ١٩٧٩ په‌یوه‌ندی به حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانه‌وه گرتوه و، زیاتر له ١٠ ساڵ وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستای قوتابخانه‌ی شۆڕش بووه و له كۆنفڕانسی سێیه‌مدا وه‌ک به‌رپرسی یه‌كیەتیی ژنانی دێمو‌كراتی كوردستانی ئێران هه‌ڵبژیردراوه و به‌رپرس و ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری ژنان بووه و چه‌ندین بابه‌ت و بڵاوكراوه‌ی له‌سه‌ر پرسی ژنان هه‌یه. ئێستاش له شاری كۆیه ده‌ژی.
٣. خه‌دیجه لاهیجانی ساڵی ١٩٦١ له گو‌ندی زێدانی ناوچه‌ی پیرانشار له‌دایك بووه، هاوسه‌ری شه‌هید لوقمان مێهفه‌ره و خاوه‌نی شه‌ش منداڵه و له شاری كۆیه له‌نێو كه‌مپی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانی ئێران‌دا ده‌ژیت ( شه‌ریفی، ١٣٨٨، ٥٩).
٤. خورشید ڕه‌سووڵی له ساڵی ١٩٦٩ له گو‌ندی قه‌ره‌قه‌سه‌ل سه‌ر به شاری نه‌غه‌ده له‌دایك بووه و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و جووتیار بوون و ساڵی ١٩٨٦ بووه به پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان و تا ئیستاش له‌نێو كه‌مپه‌كانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان له شاری كۆیه ده‌ژی و پێشمه‌رگه‌یه.
٥. گوڵێ ئیبراهیمی ساڵی ١٩٦٩ له گو‌ندی پردانان سه‌ر به شاری پیرانشار له‌دایك بووه و، بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاژه‌ڵدار و وه‌رزێر بوون، ناوبراو له ساڵی ١٩٨٧ په‌یوه‌ندی به حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانی ئێرانه‌وه كردوه و له بواری چه‌كداری كاری كردوه و تا ئێستاش له ڕیزه‌كانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانی ئێران‌دایه و له شاری كۆیه ده‌ژی.