کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوری یاساکان لەسەر ڕەوتی توندوتیژی دژی ژنان

11:30 - 4 سەرماوەز 2725

کنێرە مێهفەر

 

توندوتیژی کردەوەیەکی جیهانییە و لە هەموو دنیادا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئورووپاییش بەهۆی هەبوونی سیستەمی سیاسی و یاسای پێشکەوتووشەوە نەتوانراوە توندوتیژی بنبڕ بکرێت؛ بەڵام مەبەستی سەرەکیی ئێمە لێرەدا ڕۆڵی یاساکانە لە کەمکردنەوە، یان زیادکردنی ئاستی توندوتیژی و هەڵاواردنەکان. لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرچاوەی سەرەکیی یاساکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ئایین و کولتوور و زۆرجار ماف و ئازادییەکانی ژنان لە سۆنگەی ئایینەوە پێشێل دەکرێن. بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو و سێکۆلاردا بە جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت توانراوە تا ڕادەیەکی زۆر یاساکانی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە لەپێناو یەکسانی و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا بگۆڕن؛ بۆ نموونە: وڵاتێکی وەکوو عێراق، تورکیە، میسر. ئەم نووسینە دەیەوێت بەراوردێک بکات لە نێوان یاساکانی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەگەڵ وڵاتی ئێران.

پێشکەوتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان لە دوو قۆناغدا بووە. قۆناغی یەکەم دوای هاتنەوەی حیزبە سیاسییەکان، قۆناغی دووەم دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس. هەتا ساڵی ١٩٩١ پێگەی ژنان لە کاروباری سیاسی و ئابووری و ڕاگەیاندن و کۆمەڵایەتیدا یان کارکردنیان لە دامودەزگاکانی حکوومەت بەرچاو نەبوو، ژنی کوردیش بەهۆی ئەو ستەمە نەتەوەییەی لێی دەکرا نەیتوانیبوو بەپێی پێویست بێتە مەیدان و تواناکانی خۆی دەربخات. بەڵام هاوکات هاوشانی پێشمەرگەکان دژی ڕژێمێکی دیکتاتۆر خەباتی لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی و مافی ڕەوای خۆی دەکرد. دوای ساڵی ١٩٩١ هەتا ١٩٩٦ دەروازەکانی پێشکەوتن بەرەوڕووی ژنی کورد کرانەوە، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە ئازاد بوو و کۆت و بەندەکانی ڕژێمی بەعسی بەزاندبوو. ژنان توانیان لە بوارەکانی خوێندن، ڕاگەیاندن و خۆپێگەیاندندا، بگەنە ئاستێکی بەرچاو، بەتایبەت کە سنوورەکان کرانەوە و خەڵکی ڕۆژئاوایی هاتنە هەرێم و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تێکەڵاوییەکی کولتووری بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری ژنان بێتە ئاراوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گۆڕانکاریی سەرتاسەری لە یاساکان و سیستەمی سیاسیی وڵات لە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ڕووی دا کە گۆڕانکارییەکان لە هەندێک یاسا و بڕگەی یاساییدا لەپێناو بەرژەوەندیی ژنان داڕێژران کە ئەمەش بووە هۆکارێک کە ژنان دەستئاوەڵاتر بن و بواریان بۆ بڕەخسێت و لە جاران زیاتر بێنە مەیدان و تواناکانیان وەگەڕ بخەن. ئەو گۆڕانکارییە سەرەتا لە سیستەمی سیاسیی وڵاتەوە دەستی پێ کرد کە بوو بە سیستەمێکی فیدراڵ و سێکۆلار، دواتر گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بەشێکی زۆر لە یاساکان و بڕگەکاندا کرا، وەکوو: یاسای باری کەسی، یاسای سزادان، دانانی یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، دانانی یاسای نەهێشتنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

 

یاسای باری کەسی

ئەو بڕگانەی لە یاسای باری کەسیدا گۆڕانیان بەسەردا هات و پێ زیاد بوون بریتی بوون لە:

یەکەم، ژن بە ژن، گەورە بە بچووک، مارەکردن بە بچووکی، کە هەمووی بە تاوان ناسێندرا و هەڵوەشێنرایەوە. دووەم، فرەژنی یان هێنانی ژنی دووەم بەبێ هۆکارێکی شەرعی و یاسایی و بەبێ ڕەزامەندیی ژنی یەکەم قەدەغە کرا و، بە تاوان دانرا و سزا بۆ ئەنجامدەری تاوان دیاری کرا کە غەرامەکردن و حەبسکردن بوو و تەنانەت دادوەریش بۆی نەبوو سزاکە ڕابگرێت. سێیەم، بۆ پاراستنی مافی ژن هەر پیاوێک لە دەرەوەی دادگا ژن مارە بکات سزا دەدرێت و تاوانە. چوارەم، ئەگەر ژنێک تەڵاق وەربگرێت و هیچ داهاتێکی نەبێت بەپێی یاسا لە لایەن دەزگای چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە داهاتێکی مانگانە بۆ بژێوییەکەی دابین دەکرێت. پێنجەم، حقی تفویض، واتە مافی تەڵاقدان، ئەو مافە درا بە ژن، کە بۆی هەیە خۆی داوای تەڵاق بکات و، نەک تەنیا پیاو ئەو مافەی هەبێت. شەشەم، سەرپەرشتیی منداڵ لە دوای مردنی باوک ڕاستەوخۆ بە دایک دەدرێت، بە مەرجێک دایک خوازیاری بێت. حەوتەم، لە شاهیدیداندا پیاو و ژن وەک یەک هەژمار دەکرێن و جیاوازییان نییە. هەشتەم، نەفەقە و بژێوی کە دەبێت بۆ ژن دیاری بکرێت و ئەگەر دەرکەوت تەڵاق بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ژن، پیاو دەبێت قەرەبووی ژن بکاتەوە بە ڕێژەی زیانەکە. نۆیەم، میرات کە کچ و کوڕ وەک یەکن. دەیەم، هەر کەسێک ببێتە هۆکاری بەزۆر بەشوودانی کچێک، بە مەرجێک کچەکە سکاڵا تۆمار بکات ئەو کەسە سزا دەدرێت. یازدەیەم، تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری بوو بە ١٨ ساڵ، تەنیا لە حاڵەتێکی تایبەتدا کە یاسادانەری عێراقی تەمەنی ١٥ ساڵی دیاری کردووە، ئەویش بە ڕەزامەندیی وەلیی کچەکە و پشتبەستن بە ڕاپۆرتی پزیشکیی دادی بۆ توانای جەستەیی، ئەگینا لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا لە خوار ١٨ ساڵەوە مارە ناکرێت. دوازدەیەم، بڕگەیەکی تر کە گۆڕانکاریی تێدا کرا، بە نیسبەت ئەو ژنانەوە بوو کە تووشی تاوانی خیانەتی هاوسەری یان زینا ببوون، لە سۆنگەی ئەوەی لە کۆمەڵگە و بنەماڵە تەریک دەخرێنەوە و بۆ ئەوەی زیاتر تووشی بەلاڕێداچوون نەبن و دووبارە نەچنەوە سەر ڕێچکەی تاوان، مافی ئەوەیان پێ درا بەشێک لە ماڵ و مافەکانیان پێ بدرێت.

 

یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی

ئەو یاسایە لە چەندین بڕگە و ماددە پێکهاتووە کە گرنگترین بڕگەی بە تاوان ناساندنی خەتەنەکردنی کچان بوو، وەک تاوانێکی توندوتیژی و لە سێ بڕگەدا باس دەکات. الف/ ئەو کەسەی هانی کەسێک بدات بۆ خەتەنەکردنی کچێک تاوانبارە و سزاکەی بژاردنی یەک تا پێنج ملیۆن دیناری عێراقییە. ب/ کەسەکە چ ئەنجامدەر بێت و چ هاوبەش بۆ خەتەنەکردن، سزاکەی ٦ مانگ تا ٢ ساڵ حەبسکردن و ٢ تا ٥ ملیۆن دینار غەرامەیە. ج/ هەرکەسێک کچێکی ناکامی لە ڕووی عەقڵییەوە خەتەنە بکات توندترین سزای هەیە کە یەک تا ٣ ساڵ حەبسکردن و ٥ تا ١٠ ملیۆن دینار غەرامەیە. هەروەها لەگەڵ ئەم یاسایەدا چەندین ماڵی داڵدەدانی ژنان دروست کران و بە سەدان ژنی پۆلیس دامەزران لەپێناو پاراستنی ژناندا.

 

دانانی یاسای نەهێشتنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن

سەردەمی ئێستا قۆناغی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا و دنیای مەجازییە، و زۆرترین جۆری تاوان کە ئێستا بەرامبەر ژنان دەکرێت، تاوانە ئینتەرنێتییەکانن. بەداخەوە لەجیاتیی ئەوەی کەڵکی ڕەوا لە ئامێرەکان وەربگرن، بووە هۆی ئەوەی کە بە سەدان و هەزاران کێشەی کۆمەڵایەتی و کارەسات و ڕووداوی دڵتەزێن وەک کوشتنی ژنانی لێ بکەوێتەوە بە بیانووی پاراستنی شەرەف. بۆیە یاسادانەری عێراقی بۆ ئەوەی پێش بەو ڕێژە زۆرەی کوشتن و توندوتیژییانە بەرامبەر بە ژنان بگرێت، هەستا بە دانانی ئەم یاسایە کە لە چەندین بڕگە و ماددە پێک دێت و ئەنجامدەرانی بە تاوانبار دەناسێنێت و سزایان دەدات.

 

گۆڕانکاری لە بەشێک لە ماددە و بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی

الف/ قەتڵە نامووسییەکان چیتر بەناوی پاساوی شەرەفەوە لە لایەن یاسادانەری عێراقییەوە جێی قبووڵ نەبوون، کە هەر کەس ویستبای بەدڵی خۆی تۆمەتێکی ئەخلاقیی لە ژن، کچ، یان دایک دەدا و دواتریش بۆ پاککردنەوەی شەرەفی هەڵدەستا بە کوشتنی ئەو کەسە. بۆیە کوشتن بەناوی شەرەفەوە چووە قاڵبێکی یاساییەوە و بوو بە کوشتنی بەئەنقەست و ماددەی ٤٠٦ی یاسای سزادانی بۆ دیاری کرا کە توندترین سزاشی بۆ بکوژان دیاری کردووە. ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ژنکوژی.

ب/ دیاریکردنی تەمەنی ١٨ ساڵ بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی سزایی، و ئەگەر کەسێک خوار ١٨ ساڵ بێت دەبێت لە بنکەکانی چاودێریی نەوجەوانان دابنرێت و ڕاهێنانی پێ بکرێت.

ج/ سزای لەسێدارەدان بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵ ڕێگەپێدراو نییە و، دەبێت دادگاییکردنەکەی بەشێوەی نهێنی و لە دادگای نەوجەوانان بێت.

 

ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕووی دەسەڵاتی قەزاییەوە لە بەرژەوەندیی ژنان لەپێناو مافی یەکسانیدا کرا، ئەوە بوو کە بۆ یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، ژنان توانییان دەسەڵاتی قەزایی بەدەستەوە بگرن و ببنە دادوەر یان دادستان (دادوەری داواکاریی گشتی). یەکەم ژن کە لە هەرێمی کوردستان بوو بە دادوەر، خاتوو گەلاوێژ حەمەسەعید بوو، کە لە سلێمانی بوو بە دادوەری دادگای باری کەسی و دوای ئەویش چەندین ژنی تر ئەم دەسەڵاتەیان بەدەستەوە گرت.

ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە لەپێناو بەرژەوەندیی ژنان کرا، ئەوە بوو کە دوای پرۆسەی ئازادی و گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیی وڵات، دەرگاکانی پێشکەوتن بە ڕووی ژناندا کرانەوە، لە ڕووی مافی سیاسییەوە ژن و پیاو بەپێی یاسا وەک یەکن و هیچ بەربەستێک بۆ ژنان نییە بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی سیاسی، بۆیە بە دەیان ژنی لێهاتوو بوون بە باڵیۆز و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی دامودەزگاکانی حکوومەت و ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان.

- لە بواری خوێندن و زانستی و ئەکادیمیدا بوارێکی باش بۆ ژنان ڕەخسا و توانیان زۆر بە باشی خۆپێبگەیەنن، بێ ئەوەی هیچ بەربەست یان کۆتێک بۆ خوێndنیان لە هەندێک بواردا هەبێت و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا بۆ خوێندن لە سەرجەم بوارەکاندا نییە، بۆیە دەبینین کە ژنی فڕۆکەوان، دەریاوان، ئاسمانەوان، پۆلیس. توانییان خوێndنی ئەکادیمییان لەو بوارانەدا تەواو بکەن و ببنە شانازی بۆ نەتەوەکەیان.

- لە ڕووی یاسای ئیدارییەوە زۆر گۆڕانکاری بۆ بەرژەوەندیی ژنانی فەرمانبەر هاتە ئاراوە کە ژن و پیاو لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەردا جیاوازییان نییە، مووچەیان هاوتایە و لە ڕووی مۆڵەت و پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینییەوە وەک یەکن، سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک مافی تایبەتیان بۆ ژنان وەک مۆڵەتی دایکایەتی دیاری کردووە بێ ئەوەی کە لە شوێنی کارەکەی بگوازرێتەوە یان مووچەی لێ ببڕدرێت، یان کەسێکی تر لە شوێنی دابنرێت و کارەکەی لە دەست بدات کە پسپۆڕیی خۆیەتی.

- لە ڕووی چالاکییە وەرزشییەکانەوە، هیچ بەربەستێکی یاسایی و شەرعی بۆ کچان و ژنان دیاری نەکراوە و بوارێکی زۆر باشیان بۆ ڕەخساوە و توانیویانە بە باشی لەو بوارەدا خۆپێبگەیەنن و سەرکەوتنی گەورەش بەدەست بهێنن. بۆیە بەو چاکسازی و پێشکەوتنانەی کە دەیبینین کە لە بواری سیاسی و یاساییدا لەپێناو بەرژەوەندیی ژنان کراوە، هەرێمی کوردستان زۆر بەخێرایی و بە باشی توانیویەتی دوای پرۆسەی ئازادی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بگونجێنێت و پێگە و کەرامەتی ژن بەرەو ئاراستەیەکی باش ببات. هەرچەندە ناتوانین نکۆڵی لەوەش بکەین کە سەرەڕای هەموو چاکسازییەکان، بەڵام بەهۆی کولتوور و نەریتی کۆمەڵگەوە، تا ئێستاش توندوتیژی و پێشێلکاری دژی مافەکانی ژنان لە بەشێکی زۆری شارەکاندا هەر ماوە و نەتوانراوە بنبڕ بکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە یاسایەک هەیە پشتیوانی لە ژنانی لێقەوماو دەکات. بەڵام ئەگەر ئاوڕێک لە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و یاساکانی بدەینەوە، دەبینین کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، وڵاتی ئێران نەک پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵکوو لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا دواکەوت و پەراوێز خرا. چونکە یەکەم هەنگاوی کۆماری ئیسلامی دوای هاتنەسەرکاری، گۆڕانکاری بوو لە یاساکان و دانانی هەندێک ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بە خۆی و لە یەکەم هەنگاودا بڕیاری حیجابی زۆرەملێی دا و بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هەر ژنێک کە فەرمانبەر بێت و بەبێ سەرپۆش بێتە سەر کار، ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت و تاوانبارە و سزا دەدرێت یان لە کار دەردەکرێت. دواتر دەستی کرد بە جیاکاریی ڕەگەزی لە شوێنە گشتییەکان و قوتابخانە و زانکۆکان و تەنانەت ناو پاسەکانیش. قەدەغەکردنی ژنان لە گۆرانیوتن، چوونە یاریگا و ئەنجامدانی هەندێک چالاکیی وەرزشی کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەم وەرزشانە پیاوانەیە و بۆ ژنان حەرامە. بەڵام لە ڕووی یاساییەوە هەندێک گۆڕانکاریی دژ بە ژنان کرا، وەکوو هەڵوەشاندنەوەی یاسای پشتیوانیی خێزان، کە چەندین مافی بۆ ژنان تێدا جێگیر کردبوو، گۆڕانکاری لە هەندێک بڕگە و ماددەی یاسای باری کەسیدا لە بوارەکانی (تەڵاق، هاوسەرگیری، نەفەقە، سەرپەرشتیی منداڵ، شاهیدی، میرات). کچ بە زۆر بەشوودان یاساییە و وەلییەکەی لێی بەرپرسیارە، گۆڕینی تەمەنی هاوسەرگیری کە بەپێی یاسا بۆ کچ ١٣ ساڵ و بۆ کوڕ ١٥ ساڵە، کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی زیادبوونی ڕێژەی منداڵ-هاوسەرییە و پێچەوانەی بەندەکانی کۆنڤانسیۆنی پاراستنی مافەکانی منداڵانە کە ئێرانیش تێیدا ئەندامە. لە ڕووی تەڵاقەوە، ژن مافی ئەوەی نییە داوای تەڵاق بکات بێ ڕەزامەندیی پیاو و ئەوە مافی سەرەکیی پیاوە، دەنا ژن هیچ مافێکی پێ نادرێت. ژن بۆی نییە بەرامبەر هێنانی ژنی دووەم ناڕەزایەتی دەرببڕێت. سەرپەرشتیی منداڵ لە دوای مردنی باوک، ڕاستەوخۆ بە باپیر یان مام دەدرێت، نەک دایک. لە ڕووی نەفەقەوە ژن لە زۆر بواردا مافی پێشێل کراوە و کەمترین ڕێژەی بۆ دیاری کراوە. لە ڕووی میراتەوە ژن بەشی کەمترە لە پیاو.

- لە یاسای سزادانی ئێراندا تەمەنی بەرپرسیارێتیی سزایی بۆ ژن ٩ ساڵ دیاری کراوە، لە کاتێکدا نە لە ڕووی جەستەیی و نە لە ڕووی عەقڵییەوە ئەو کچە نەگەیشتووەتە پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویی و بەرپرسیار نییە لە ئاکارەکانی و توانای وردی لێکجیاکردنەوەی باشە و خراپەی لە یەکتری نییە هەتا بەرپرسیارێتیی سزایی بگرێتە ئەستۆ. لە ڕووی شاهیدیدانەوە، بەتایبەت لە کوشتنی بەئەنقەست، ژن بە شاهید وەرناگیرێت و لە کوشتنی بەهەڵە، دوو ژنی عادڵ بەرامبەر بە پیاوێک حیسابە. لە سزای سەنگساردا ژن تا سەرووی سنگی لەناو چاڵ دەنرێت، بەڵام پیاو تا ئاستی کەمەر. لە تاوانی زینادا قورسترین سزاکە بۆ ژن دیاری کراوە بەرامبەر بە پیاو. خوێنبایی ژن نیوەی پیاوە. گرنگترین شت کە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستاش بە تاوان نەناسراوە، کوشتنە بەناوی شەرەفەوە، کە هیچ ماددەیەکی یاساییی بۆ دیاری نەکراوە و، بکوژان بە پاساوی شەرەف ژنان دەکوژن و لە ڕوانگەی یاساوە ئەستۆپاکن و ئازاد دەبن. بەپێی یاسای سزادانی ئێرانی ژنانی دووگیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و لەسێدارە دەدرێن کە ئەمەش پێچەوانەی هەموو یاسا و عورفێکی نێودەوڵەتی و ویژدانی مرۆڤایەتییە.

- لە ڕووی دەسەڵاتی قەزاییەوە ژنان بەهۆی یاسا دواکەوتووەکان و دژەژنانەکانەوە، ناتوانن دەسەڵاتی قەزایی بەدەستەوە بگرن، بە بیانووی ئەوەی بوونەوەرێکی عاتیفین و لەژێر کاریگەریی هەستەکانیاندان و توانای بڕیاردانی دروستیان نییە و، هەر بۆیەش هیچ ژنێک تا ئێستا لە وڵاتی ئێراندا نەبووەتە دادوەر یان دادستان لە دادگاکاندا.

- لە ڕووی دەسەڵاتی سیاسییەوە ژنان کەمترین پلە و پۆستیان هەیە و لە سەرەکیترین مافی سیاسیی خۆیان بێبەشن. چونکە بەپێی ماددەی ١١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، ژن بۆی نییە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکوەزیران هەڵبژێرێت. بۆیە ژنان تەنیا توانیویانە لە ئەندامێتیی مەجلیسی شورای ئیسلامیدا خۆیان ببیننەوە، هەڵبەت ئەویش تەنیا ئەو ژنانەی کە هەڵبژێردراوی بیری ئایدۆلۆژیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامین و کار بۆ بەرژەوەندیی ئەوان دەکەن و مۆرەی ئەوانن.

- لە ڕووی یاسای کار و بیزنێسەوە، هەروەک دەزانین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە نەگریسەکانی خۆیان و پەراوێزخستنی ژنان لە گشت بوارەکاندا، بەتایبەتی لە پێگەی سیاسەت و ئابووریدا، هەوڵیان دا بە دانان و پەسەندکردنی هەندێک گەڵاڵە وەکوو "گەنجکردنی دانیشتووان"، کە پێکهاتبوو لە ٤ ماددە و تێیدا داوا لە ژنان دەکەن ڕێژەی منداڵبوون زیاد بکەن و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەندێک ئیمتیاز دەدەن بە ژنان، بەتایبەتیش ژنانی فەرمانبەر و لە ڕێگەی تەماعخستنەبەر یان هەڕەشە یان ئیمتیازدانەوە پلانەکانیان خستە گەڕ. بۆ نموونە کە کاتژمێری کاری ژنان کەمتر دەبێتەوە، مۆڵەتی پشووی دایکایەتی و منداڵبوون زیاد دەکات، مووچەکانیان هاوتای پیاوان دەکرێت، حیسابێکی بانکیی چەند سەد هەزار تمەنی بۆ منداڵەکانیان دەکرێتەوە.

ژنان لە ڕوانینی یەکەمدا بە چاوی چاکسازی سەیریان کرد، بەڵام دواتر دەرکەوت کە مەبەست دوورخستنەوەی ژنان و گۆشەگیرکردنیانە لە گۆشەی ماڵ و سەر‌قاڵکردنیانە بە کاروباری منداڵبەخێوکردنەوە. هەر بۆیەش ئەو گەڵاڵانەی کە لە مەجلیس پەسەند کران و بوون بە یاسا، بوونە هۆکاری زیاتری پێشێلکردنی مافی داراییی ژن و دوورخستنەوەی لە بازاری ئابووری و کار. بەپێی یاسای کار لە ئێران، ژن بۆی نییە بێ ڕەزامەندیی پیاو کار بکات، یان ئەگەر دەرکەوت کارکردنی ژنەکە زیان بە ژیانی هاوبەشیان دەگەیەنێت، مێرد بۆی هەیە ڕێگری لە ژن بکات لە چوونە سەر کاری.

- لە ڕووی خوێndنی زانستی و ئەکادیمییەوە، گرفت و بەربەست بۆ ژنان هەیە لە هەندێک بواری خوێندندا و ئەم بوارانە تایبەتن بە پیاوان و ژنان، بەپێی یاسا لە خوێندن لەم بوارانەدا بێبەش کراون، وەکوو فڕۆکەوانی و دەریاوانی، ئاسمانەوانی، هەندێک بواری پزیشکی. تەنانەت ڕێگە بە هەندێک پزیشکی ژن نادرێت کە نۆرینگە و مەطەبی شەوانەی تایبەت بە خۆیان هەبێت لەناو شارستانەکاندا. بۆیە دەوڵەت هەوڵی بەنێرینەکردنی کەرتی خوێندنیشی داوە، لەوەی کە لە کتێبە درسییەکاندا هەرگیز باس لە ڕۆڵ و کەسایەتیی ژنان ناکات.

- لە ڕووی یاسای پاسپۆرت و سەفەرکردنەوە، بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ژن بۆی نییە بێ ڕەزامەندیی باوک، برا، هاوسەر، وەلیی ئەمر، پاسپۆرت دەربهێنێت و سەفەر بکات، سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنی یاساییشی هەبێت.

- لە ڕووی چالاکییە وەرزشییەکانەوە، هەر لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ژنان لەو مافانە بێبەش کران کە نابێت بەبێ سەرپۆش و حیجاب چالاکیی وەرزشی بکەن، نابێت بەبێ ئیزنی دەوڵەت بەشداری لە هیچ کێبڕکێ و چالاکییەکدا بکەن، دەبێت لە چالاکییە وەرزشییەکانیاندا ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بەرجەستە بکەنەوە، ژنان بۆیان نییە لە هەندێک بواری وەرزشیدا چالاکی بکەن، چونکە ئەم وەرزشانە بۆ ژنان حەرامە و لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە ژنان بۆیان نییە بچنە یاریگا و سەیری تۆپی پێ بکەن. جگە لە بەربەستی ڕەگەزی، زۆرجاریش بەهۆی ستەمی نەتەوەییەوە ژنان لە بەشداری لە چالاکییە وەرزشییەکاندا بێبەش دەکرێن. ماددەی ٢٠ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکات کە هەموو ژن و پیاوێک لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن و لە مافە مرۆیی، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا یەکسانن. هەروەها لە بەندەکانی ٩ و ١٤ی ماددەی سێهەمی یاسای بنەڕەتییەکەیدا باس لە چەسپاندنی یەکسانی و لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی و دابینکردنی ئیمکانیاتی یەکسان بۆ هەمووان و هەروەها دابینکردنی مافی هەمەلایەنە و ئەمنییەتی یاساییی یەکسان بۆ هەمووان دەکات.

بۆیە دەگەینە ئەو ئاکامەی کە کۆماری ئیسلامی وڵاتێکی دیکتاتۆر، تۆتالیتەر و ئایدۆلۆژییە کە یاساکانی لەسەر بنەمای ئایین و بیری توندئاژۆیانەی مەزهەبیی کۆمەڵێک ئاخوندی ئیرتیجاعی داڕێژراوە کە تێیدا کەمترین پێگە و مافیان بۆ ژن دیاری کردووە. دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ژنان لە ماوەی ئەو چەند دەیەیەدا، پەسەندکردنی چەندین پڕۆژە و گەڵاڵەی دژەژنانە، یاسای دژەژنان و پڕ لە توندوتیژی، هەڵاواردن، سەرکوت و توندوتیژی و چەوسانەوە بووە. کۆماری ئیسلامی بەپێی یاسا بێبەشکردنی ژنانی لە بەشێک لە مافە سەرەکییەکانی خۆی، یاسامەند کردووە. دەسەڵاتی یاسادانان لە ئێران خۆیان سەرچاوەی سەرهەڵدانی توندوتیژی و دەرکردنی مۆڵەتی ئەنجامدانی توندوتیژین دژی ژنان لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی بەکارهێنانی زەبروزەنگ، هەڕەشە، سەرکوت، چەوسانەوە، هەڵاواردن، بێبەشکردن لە مافەکان. بۆیە دەبینین کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی حاڵەتێکی پشتیوانی بۆ ژنانی تێدا نییە کە ژنان خۆیان تێیدا پارێزراو ببینن. سەرەڕای ئەوەش فەزای کۆمەڵگەی ئێران هەمیشە بۆ ژنان ئەمنییەتی کراوە و هەموو کات لە لایەن پۆلیسەکانی گەشتی ئیرشاد و بەسیجییەکان و ئاتەشبەئیختیارەکانی دەوڵەتەوە دەکەونە بەر شاڵاوی هێرش و توندوتیژی و دەستدرێژی، کە تا ئێستاش بە دەیان ژن و کچ گیانیان لێ ئەستێندراوە، یان مافی ژیانیان لێ زەوت کراوە، جا بە بیانووی بەدحیجابییەوە بێت، یان ڕەچاونەکردنی ڕێکارەکانی ئەخلاق، یان بەهۆی جیابیری و مافخوازییەوە. جا لە ڕێگەی ئەوەی کە تێزابیان پێدا کراوە یان هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە، بۆیە ئەو ماددانەش تەنیا نووسراوی سەر کاغەزن و بەس. سەرەڕای ئەوەی کە ئێران ئەندامە لە هەندێک کۆنڤانسیۆن و پڕۆتۆکۆڵی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتیدا، بەڵام ئەم ئەندامبوونەش تەنیا بۆ چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی جیهانییە، ئەگینا هیچ باوەڕی بە مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی ژنان بەتایبەتی نییە.