ڕۆژی یەکشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٣/١١/٢٠٢٥) سێمینارێکی زانستی بە ناونیشانی "" بۆ بەڕێز د. ڕەحیم سورخی، لەلایەن كؤمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە لە کۆلێژی داگلاس لە ئوستانیبریتیشکلۆمبیا لە شاری ڤانکوڤەر ڕێک خرا.
لە سێمینارەکەدا، سەرەتا تێڕوانینە باوەکان بۆ پێکهاتەی زمان لە ڕوانگەی زمانناسیی پێکهاتەخوازی و ڕێزمانی بەرهەمهێنان و گوێزانەوە (generative grammar)خرایە ڕوو. هەروەها پێوەندییەکانی پێکهاتەی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵگە و کارلێککردنە دوولایەنەکانیان لە پێوەندییەکی دیالێکتیکیدا خرایە ڕوو.
دکتور ڕەحیم لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەیدا سەرنجی خستە سەر مەبەستناسی (پرگماتیک) و نیشانە مەبەستناسییەکان و چۆنیەتیی بەکارهاتنیان لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی بەکارهاتنی زمانی کوردیدا و پێوەندییەکانی نزیکی و دووریی ئاماژەکان لە سەنتەری ئاخاوتنی ئاخێوەری کورد بە ژینگەکەی و کوردستانی ڕوون کردەوە و هەروەها چۆنیەتیی بەکارهاتنیانی لە نموونە شێعرییەکانی شێعری کلاسیک،( نالی) و هاوچەرخی کوردی (هێمن، سوارە، گۆران، شێرکۆ بێکەس)خستە ڕوو.
ناوبراو لە بەشێکی سەرەکیی باسەکەیدا، پێوەندییەکانی زمانناسیی مەعریفی(cognitive linguistics) و مەبەستناسی (pragmatics) هێنایە بەر باس و مەبەستناسیی مەعریفی کە ڕەهەندە مەعریفی و هۆشەکییەکانی مەبەست و واتا لە بەستێن و فەزای کۆمەڵایەتییدا ڕوون دەکاتەوە شی کردەوە. لەم بەشە لە قسەکانیدا، ئاماژەی بە ڕوانگەی زمانناسانێکی وەکلانگاکێر(١٩٨٧)، لەیکاف(١٩٩٠)، گیرایرتز(٢٠٠٦) و فۆکۆنییە(٢٠٠٦) لەسەر بنەماکانی مەبەستناسیی مەعریفی کرد. بە شێوەیەکی تایبەتی، لە ڕوانگەی ئەمبیردۆزانەوە، جەختی لەوەوە کردەوە کە "زمان واتا پیشان نادات، بەڵکوو ڕێنویگەلێک بۆ دروستکردنی واتا لە ڕێی چەمکاندن و بەپێی مۆدێلە کولتووری و سەرچاوە هۆشەکی و ناسینییە تایبەتەکان" دەخاتە ڕوو. واتە زمان "واتا بە تەواوی ناڕەمزێنێت و کۆدی ناکات، بەڵکوو سەرەداوە زمانییەکان/فۆرمە زمانییەکان کۆد دەکات کە گوێگران و بیسەران بۆ گەیشتن بە واتای مەبەستی قسەکەر لە بەستێنە تایبەتییەکاندا، تەواو و تەکمیلی دەکەن.
بە گشتی، ئەو بابەتەی ڕوون کردەوە کە لەڕێی بەکارهێنانی بیردۆزی و ڕێبازی مەبەستناسیی مەعریفییەوە تێدەگەین کە چۆن پێکهاتنی واتا لە بەستێندا، "بەچڕی بەندە بە ناسینی پشت سەکۆ"ەوە کە ''بۆ ئەوەی دەستمان پێی ڕابگات بەستێن و فەزای بەکارهاتنەکەشیان بزانین و ڕوون بکەینەوە. بەتایبەتی، وەک نموونە چەمکی "ئەنتیگراسیۆن" کە ئێستا وەک زاراوەیەکی سیاسی لە گوتاری سیاسیدا هاتووەتە ئاراوە.
وەک نموونە ئەوەشی شی کردەوە، کە تەنیا لە ڕێی گەنگەشکردن و چەمکسازی لە ڕێی بەستێنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی بەکارهاتنی ئەو تێرمە سیاسییە لە ژینگە ڕۆژاواییەکەی و چەمکسازیی نوێی لە ژینگە و بەستێنی جیاوازی کورددا تێگەیشتنی گونجاوی لێ دەکرێت واتاکەی دەکرێتەوە. هەروەها، لایەنێکی گرنگی تری باسەکەی، بەکارهاتنی "میتافۆری چەمکی" لە زمانی کوردیدا بوو کە لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک و زمانی ئەدەبیدا چۆن بەکار دێت. بەتایبەتی، پەرژایە سەر ئەو نموونە میتافۆرییانە کە لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکدا بە میتافۆری شەڕ وەک میتافۆری چەمکی بەکار دەهێنرێن. بۆنموونە لە گوتەیەکی وەک "ڕەخنەکانی منیان کردووەتە ئامانج"، فەزای ئاخاوتن و گەنگەشکردن لەسەر بابەتێک بە مەیدانی شەڕ دانراوە کە ڕەخنە گولـلەیە و ئامانجەکەشی بەردەنگەکەیەتی.
لە کۆتاییدا بەشداربووان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان خستە بەر باس و لەلایەن بەڕێز سورخییەوە ولامیان درایەوە.