
عەلی لەیلاخ
لە کۆتاییەکانی سەردەمی قاجار، بەهۆی شکستەکانی ئێران لە شەڕی لەگەڵ ڕووسیە و گۆڕانکارییەکانی جیهان و لێکەوتەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی سەری هەڵدا و دواتر لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی پەهلەویی یەکەم، ئەم بیرۆکەیە بە هێز و گوشاری جۆراوجۆر جێبەجێ کرا.
بیردۆزانی سەردەمی ڕەزاشا بە تێکەڵکردنی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی و ناسیۆنالیزمی فەڕەنسی، ویستیان ئێرانی فرەچەشن لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی ناوەندی، یەکڕەنگ و هاوئاهەنگ بکەن. هەربۆیە ڕەزاشا بە لاساییکردنەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بەتایبەتی شێوەی حکوومەتی "بنیتۆ مۆسۆلینی" لە ئیتالیا و "ئاتاتورک" لە تورکیە، هەوڵی دامەزراندنی ئێرانێکی نوێی دەستی پێ کرد و بۆ ئەم مەبەستەش بەربووە گیانی گەلانی دیکە، هەتا بە قەدەغەکردنی کەلتوور و زمانیان، جلوبەرگی ئێرانی-فارسی لەبەر هەمووان بکات.
ئەم دامەزراوەیە، واتە ئێرانی نوێ، بە هۆکاری ژێرخانی و مێژووییەوە ڕەوتی ئاساییی خۆی تێپەڕ نەکردووە و لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا هیچ کات بێکێشە نەبووە و هەمیشە مانەوە و ڕاگرتنی، جێی خەم و دڵەڕاوکێی لایەنگرانی ئێرانشاری بووە.
لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەمریکا و فەڕانسە نموونەیەکی سەرکەوتوون، چونکە لەو دوو وڵاتەدا خەڵک و بەشداریی خۆخوازانەی خەڵک لەو پرۆسەیەدا هۆکارێکی بنەڕەتین. بەپێچەوانەوە، ئێرانی نوێ بە زەبری ژاندارم و قەزاق دامەزراوە و هەربۆیە بەلەرزۆکی دەمێنێتەوە.
کۆمەڵناسی ئێرانی هۆمایوون کاتوزیان لەو پەیوەندییەدا دەڵێت: ڕەزاخان ئیلهامی لە ئایدۆلۆژیای ئاریایی و فارس-تەوەر وەردەگرت کە لەنێو ئێرانییە نوێخوازەکاندا پەرەی سەندبوو. ڕۆشنبیرە گەنجەکان و نوخبە ناسیۆنالیستە فارس-تەوەرەکان بناغەی ئەم ئایدۆلۆژیایەیان دانابوو.
هەر بۆیە هەر لە دەستپێکەوە بۆ سەقامگیرکردن و جێخستنی ئێرانی نوێ، ڕەزاشا کەوتە لێدانی فیزیکی و فەرهەنگی لە زمان و کەلتووری گەلانی دیکە و قەدەغەکردنیان و هەوڵی ئەوە بوو بیری شاپەرەستی و ناوەندگەرایی بەسەر هەموو خەڵکی ئەو جوگرافیایەدا بسەپێنێت.
قەڵەمبەدەستانی ئێرانگەرا لە "ڕەشید یاسمی"یەکانەوە تا "جەواد تەباتەبایی"یەکان، هەوڵیان ئەوەیە کە یەکپارچەیی ئێران و زاڵکردنی تاکگەرایانەی "شا" بەسەر خەڵکدا، لەژێر ناوی دەوڵەت-نەتەوە، گرێی بدەنەوە بە ئێرانی باستانەوە و زنجیرەی هەخامەنشی بە شکۆمەندییەوە باسی لێوە دەکەن کە گوایە کۆنترین دەوڵەت-نەتەوەی جیهانە! ئەم "وەهم" و خۆبەزلزانییە تەبیعەتی ئەو وڵاتانەیە کە تووشی شکست بوون لە جەنگەکان و دەیانەوێ هەر خەون بە ڕابردووەوە ببینن.
لە بەرانبەر ئەم وەهمگەرایییە مێژووییەی کە بە پرۆپاگاندای زۆرەوە بەداخەوە لەنێو هەندێک لە دەستەبژێرانی کوردیشدا تەشەنەی کردووە. "جان مانوێل کوک" شوێنەوارناسی بەریتانیایی دەڵێت: ئیمپراتۆرییەتی ئێرانییەکان، لە بواری ئەدەب و فەلسەفە و ئەندێشەدا، بێبەش بووە لە هەر جۆرە دەق و داهێنانێکی جێی باوەڕ. تەواوی زمانی فارسیی کۆن کە هەڵگری بیری ئێرانشاری بووە، لە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ وشە پێکهاتووە کە تەنیا بۆ پیاهەڵدان بە پاشاکاندا تەرخان کراوە. کەواتە، کەلتوور و بیری ئێرانشاری بریتی بووە لە هەمان ئەفسانەکانی پاشاپەرەستی، کە ئەرکی شەرعییەتدانی بە دەسەڵاتی پاشاکان و سەروەریی پارسەکانی لە ئەستۆ بووە.
بە سەرنجدان بەم قسەیەی پسپۆڕی مێژوو و بە لێکدانەوەی ڕەفتاری دەوڵەتەکانی سەد ساڵی ڕابردووی ئێران، بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە بەترس و لەرزەوە ڕاگیراوە و بە چەشنی ماڵی جاڵجاڵۆکە هەرچەشنە سووکەبای ناڕەزایەتی و مافویستیی گەلان بە مەترسیی سەر ئەو دەوڵەت-نەتەوەیە دادەنرێت و ئەو وتەیەی "ئاپی مووسا"مان وەبیر دێنێتەوە کە گوتوویەتی: ئەگەر زمانی دایکیی من بناغەی دەوڵەتەکەت دەهەژێنێت، ئەوا مانای وایە کە دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من بنیات ناوە.
هەر لەو ڕۆژەوەی کە ڕەزاشا بە قەتڵوعامی خەڵکی لوڕستان نازناوی "قەسابی لوڕستان"ی بۆ هەمیشە لەسەر خۆی دانا، لێدان لە زمان و هەوڵی ئاسیمیلەکردنی نەتەوەکانی دیکە، بەتایبەتی کورد، بوو بە بەشێکی جیانەکراوەی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی و لە ژێر ناوی تەجزییەتەڵەبی و جیاییخوازی لە ئێراندا دەستی پێ کرد. تا ئەمڕۆش کە کۆماری ئیسلامی بە شێوازی دیکە درێژەدەری ئەو دەوڵەت-نەتەوەیەیە، ڕوون و ئاشکرایە کە دەوڵەتی خۆیانیان لەسەر شان و پیلی کەلتوور و خاک و زمانی خەڵکی غەیرەفارس، بۆ نموونە ئێمەی کورد، داناوە و هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بە بوومەلەرزەی سەر ماڵ و حاڵی خۆیانی دەزانن.
سەید جەواد تەباتەبایی، یەکێک لە ڕاڤەکارانی ئێرانشاری، هەتاکوو سەری نایەوە، تا سەر ئێسقان بە دژی ویستی گەلانی دیکە ڕاوەستا و دەیویست لەژێر ناوی ئێرانی-فارسی، هەر چەشنە هەستێکی نەتەوایەتیی گەلانی غەیرەفارس، وەکوو کورد، بە زیانی ئێران و بە تەجزییەتەڵەبی ناوزەد بکات و، "خوێنی ئاریایی" بە سوورترین خوێن دادەنا بۆ پاراستنی ئەو کیانەی کە بە زۆرەملێ دانراوە. ئەم وەهمی ئاریاییگەراییەش لاساییکردنەوەی نازیزمی ئەڵمانی بوو کە لەژێر ئەو ناو و خوێنەدا چەندین جینایەت و قەڵاچۆکردن و کارەسات خوڵقا و، دەوڵەتی نازی کە ڕەزاخان زۆری پێوە دەنازی! بەدەر لە کوژرانی ٧٠ تا ٧٥ ملیۆن کەس، هەر لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی نازیدا ١٧ ملیۆن خەڵک بوون بە قوربانی. مێژووی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیش لە دەستپێکەوە تا ئەمڕۆ، لە دەوڵەتێکی خەڵکی، زیاتر حکوومەتێکی خەڵکوژ بووە و ئەم میراتە شوومە لە پەهلەوییەکانەوە گەیشتە دەستی کۆماری ئیسلامی بە باکگراوندی شیعەگەرایی سەفەوییەوە. ئێرانی فارسی و شیعەگەرا، بوو بە مۆتەکەی خەونی گەلانی نافارس و هەتا ئەو شێوە ڕوانینەی سەرەوە بۆ خوار هەبێت، هەمان گەلی سەردەست و بندەست، ئێران و دەوڵەتەکانی قەت ڕووی ئاسایش و تەناهی بە خۆیانەوە نابینن.
کاتێک هەرجۆرە مافخوازییەکی سیاسی و زمانی و کەلتووری بە "تەجزییەتەڵەبی" باس دەکرێت و بووەتە ڕەمزی شوم و خاڵی هاوبەشیی کۆی دژبەرانی مافی نەتەوایەتیی خەڵکانی غەیرەفارس، ئەم پرسیارە ساز دەبێت کە بۆچی ناوی "ئیستیقلالتەڵەبی" و سەربەخۆییخوازیی لێ نانێن؟ چونکە لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە تەجزییەتەڵەبی ئەتک و هەوڵێکی ناڕەوایە و لەت و پەت کردنی وڵاتێکە! بەڵام سەربەخۆییخوازی لە واقیعدا "ئەتیکێت"ە و مافێکی دانپێدانراوە و بریتییە لە مەیل و ویستی گەلان و هەوڵیان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری بەسەر چارەنووسی خۆیاندا. هەر بۆیە لە سەدساڵەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران و بەردەوامیی سیاسەتی ئینکار و چاوخشاندنێک بەسەر ڕەفتاری نەتەوەیی خەڵکی کورد و دانپێدانانەکانی بەرپرسانی ڕژێم، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ماڵەجاڵجاڵۆکەیە، واتە ئێرانی فارسی، چیتر بەرگە ناگرێت و دەوڵەت-نەتەوەی ئێران و حکوومەتی ناوەندگەرا، بە گوتەی "ئانتۆنی گیدنز" دەچێتە خانەی "دەوڵەت نەتەوەیی ناڕەسەن" و، ئاکامەکەی هەر هەڵوەشانەوەیە.
ژێدەر
ماڵپەڕی "پژوهشهای ایرانی"
جامعەشناسی ئێرانی