
سامان فەقێنەبی
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێرشی مۆرەکانی باڵی توندئاژۆی ڕێژیم بۆ سەر حەسەن ڕوحانی و زەریف بەگشتی و لێدوانە هەڕەشەئامێزانەکەی قالیباف لە مەجلیس بەتایبەتی، پەردەی لەسەر شەڕی شاراوەی باڵەکانی نێو کۆماری ئیسلامی، لەمەڕ مەسەلەی جێنشینی عەلی خامنەیی، زیاتر لە پێشوو لادا.
لە ڕاستیدا هەنووکە مەسەلەی جێنشینی خامنەیی لە ژوورە فیکرییەکانی باڵەکانی ڕێژیم بۆتە ڕۆژەڤ و لە ئەگەری یەکلابوونەوەی ئەو مژارە، نەخشەڕیگا و چۆنیەتیی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرفت و ئاڵنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لە داهاتوودا ڕوونتر دەبێتەوە.
لە هەمبەر ئەو پرسە، دوو ڕوانگەی جیاواز لەنێو باڵەکانی ڕێژیمدا بیچمی گرتووە و لە ئەگەری وەدیهاتنی نەخشەڕێگای هەرکام لەو دوو ڕەوتە، داهاتووی سیاسیی کۆماری ئیسلامی بەرەو ئاقارێکی جیاواز دەچێت؛ هەڵبەت حەشاهەڵنەگرە کە هەوڵی هەر دوو ڕەوتەکە تەنیا بۆ گەرەنتیی مانەوەی ڕێژیمە، نەک لەپێناوی ئاڵوگۆڕی بنچینەیی و دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران.
بەپێی بۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسی، باڵی توندئاژۆ زیاتر لە خانەی خولیاکانی عەلی خامنەییەوە، دەڕواننە داهاتووی سیاسیی ڕێژیمەوە؛ ئەوە بەو واتایە دێت کە وەلی فەقیهی داهاتوو دەبێ درێژەدەری هەمان پلان و ستراتێژییەکانی خامنەیی بێت و لە ئەکتی سیاسیدا، لە ڕێچکەی ئەو لا نەدات کە بریتییە لە سیاسەتی "نیگا بە ڕۆژهەڵات" و گرێدانی چارەنووسی سیاسی و ژئۆپۆلەتیکیی ئێران بە مێحوەری وڵاتانی ڕووسیە و چین.
ئەم باڵە توندئاژۆیە بە میحوەرییەتی موجتەبا خامنەیی و بە پاڵپشتیی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیس و عەلی شەمخانی، نوێنەری خامنەیی لە شۆڕای بەرگری و تا ڕادەیەکیش عەلی لاریجانی، دەبیری شۆڕای باڵای ئاسایشی نیشتمانی، لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕێژیمدا ڕۆڵ دەبینن و دروشمدان و پێبەندبوونی ڕواڵەتی بە بنەما ئیدئۆلۆژیکییەکانی کۆماری ئیسلامی، پێناسەی ئەسڵی ئەو باڵەیە؛ هەروەها دەنگوڕەنگی ڕێژیمیش لەو چوارچێوەیەدا ڕۆڵ دەبینێت.
لە ڕوانگەی مۆرە ئەسڵییەکانی ئەم باڵە، دەبێ وەلی فەقیهی داهاتوو، هەر لەسەر ویست و خولیاکانی خامنەیی بۆ گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە توانای زانستی و تەکنۆلۆژیکیی دروستکردنی چەکی ناوکی و مووشەکی بالستیکی دوورمەودا، سوور بێت و بە مەبەستی دەورلێدانەوە و کەمکردنەوەی ئاسەواری گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر هاوپەیمانی و هاوکارییەکانی ڕووسیە و چین حیساب بکات.
لە لایەکی دیکەوە باڵەکەی تری ڕێژیم کە ڕەوتە میانەڕەوەکان لەخۆ دەگرێ، لە هەوڵی ئەوە دان کە بە ڕوانگەیەکی پراگماتیستییەوە مامەڵە لەگەڵ هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بکەن و لە بیاڤی سیاسیی ئێراندا بە درێژەدەری ڕوانینەکانی عەلیئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی لەقەلەم دەدرێن؛ دیارترین مۆرەی ئەم باڵەی ڕێژیم هەنووکە حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆماری پێشوویە و کەسانێک وەک محەممەدجواد زەریف و حیسامەدین ئاشنا، ڕاوێژکاری پێشووی ڕوحانی، نوێنەرایەتیی ئەو ڕەوتە دەکەن.
ئەو باڵەی ڕێژیم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێگەچارە هاتنەدەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە بنبەستی هەنووکەیی، نزیکبوونەوە لە بەرەی وڵاتانی ڕۆژاوایی و بە تایبەتی ئەمریکایە و جەخت لەسەر پێویستیی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکەنەوە.
دەکرێ بڵێین کە ململانێ و شەڕی دەسەڵات لەنێو باڵەکانی ڕێژیم لەسەر دیاریکردنی ستراتێژی و نەخشەڕێگای درێژخایەنی سیاسی، بە مەسەلەی جێنشێنی داهاتووی خامنەییەوە گڕێی خواردووە و لە دوای زاڵبوونی هەرکام لەو دوو باندەدا پاش نەمانی دیکتاتۆر، دوورەدیمەنی پێشهاتەکانی دواڕۆژ ڕوونتر دەبێتەوە؛ بەڵام ئەوەیکە لە ئێستاوە ئاشکرایە بریتییە لەوە کە لە ڕوانگەی زۆرینەی خەڵکی ئێرانەوە کە سەرەتاییترین خواستیان مسۆگەربوونی ژیانێکی نۆڕماڵە، هیچکام لەو باڵانەی ڕێژیم ڕەوایەتییان نەماوە و پڕۆسەی تێپەڕین لە نیزامی ویلایەتی فەقیهـ ڕێی گەڕانەوەی نییە.