
هەردی سەلیمی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردن و گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەتا دوایی کۆمەڵگەی ئێران، ئەم جار بەدیاریکراوی هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ڕووناکبیر و نووسەر و توێژەر. "هێمن ڕەحیمی"، نووسەر و وەرگێڕ، "مەهسا ئەسەدوڵڵانژاد"، نووسەر و وەرگێڕ، "شیرین کەریمی"، نووسەر، "پەرویز سداقەت"، نووسەر و توێژەری بواری ئابووری، "محەممەد ماڵجوو"، ئابووریزان، "ڕەسووڵ قەنبەری"، توێژەری بواری کۆمەڵایەتی، لەو کەسانەن کەوا هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵەکانیان وێڕای ئەوەی دەستیان بەسەر کەلوپەل و کتێب و موبایل و...دا گرتووە، خۆیشیان دەستبەسەر کردوون.
ئەمە یەکەم جار نییە لە مێژووی وڵاتی ئێراندا نووسەر و توێژەر و وەرگێڕ و بەگشتی توێژی ئاگابەخشی ئەو کۆمەڵگەیە بکەونە بەر پەلاماری دامودەزگا سەرکوتکەرەکان، هەر لە سەد ساڵی ڕابردوودا دەیان نموونە لەبەردەستە، کەسانی وەک: "میرزادەی عیشقی"، "فەڕڕوخیی یەزدی"، "خوسرەو گوڵسورخی"، "سەعید سوڵتانپوور" و... لەو کەسە دیارانەن کەوا بەبۆنەی هزر و پێنووسیانەوە لەلایەن دەسەڵاتە هاوچەرخەکانی ئێرانەوە بەفەرمی زیندانی کراون و گیانیان لێ ئەستێنراوە. ئەمە جگە لەوەیە کە دەیان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیکە زیندان کراون یاخود بە هەموو شێوەکان خراونەتە ژێر گوشار و هەوڵ دراوە زمان و پێنووسیان ببڕن. کۆماری ئیسلامی بەوەش ڕازی نەبووە وێڕای ئەوەی دەیان نووسەر و تەنانەت خوێنەری ڕۆژنامە دژبەرەکانی خۆی لە دەیەی شەستدا ئێعدام کردووە، لە دەیەی حەفتاشدا زنجیرە تێرۆرێکی وەڕێ خست و لە ئاکامی ئەو تێرۆرانەدا چەندین شاعیر و نووسەر و توێژەری بەتوانای وەک: "محەممەد موختاری"، "محەممەدجەعفەر پوویەندە"، "ئەحمەد میرعەلایی" و "حەمید حاجیزادە" و هتدی تێرۆر کرد.
دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێران هەمیشە هەوڵیان داوە دەست بەسەر بواری زانیاری و ئاگایی کۆمەڵگەدا بگرن، ئەگەر سانسۆریان بۆ لواوە سانسۆریان کردووە، ئەگەر زیندانیکردنیان بۆ لواوە زیندانییان کردووە، ئەگەر پێیان وابووە بە کوشتن دەتوانن کێشەکەیان ببڕنەوە ئەوە دەستیان داوەتە کوشتن، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە بۆ هەمیشە "کێشە"ی ئاگایی کۆمەڵگە لەسەر خۆیان لابەرن.
لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی بەتەواوی ڕەوایی خۆی لەدەست داوە، لە وێژمانسازیدا تووشی شکست و بێمایەیی بووە، هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەسانەی وا دەزانێ لەو هەژاریی وێژمانەی وا بەسەر دەسەڵاتەکەیدا زاڵ بووە ڕۆڵیان هەبووە، بۆیە هیچ هزرێکی ڕەخنەگرانە و زانیاریبەخش و وەئاگاهێنەر تەحەممول ناکات.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور بەبۆنەی دووی نۆڤامبرەوە "ڕۆژی جیهانیی کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی لە بەرامبەر تاوانکاری بەدژی ڕۆژنامەنووسان" لیستەیەکی لە دوژمنانی ئازادیی چاپەمەنی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاو کردەوە. بە وتەی ئەم ڕێکخراوە ئەو کەس یا دامەزراوانەی وا ناویان لەو لیستەدا هاتووە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر ڕۆژنامەنووسیی سەربەخۆ و مافی دەسڕاگەیشتنی ئازاد بە زانیارییەکان لە خەڵک زەوت دەکەن و لە شێوازی وەک کوشتن، گرتن، ناوزڕاندن، بانگەشە، گوشاری ئابووری و ئەرتەشی سایبێری کەڵک وەردەگرن. لەم لیستەدا دوژمنانی ئازادیی چاپەمەنی بەسەر پێنج بواردا دابەش کراون کە بریتین لە سیاسەت، ئەمنیەت، ئابووری، یاسا و کۆمەڵگە؛ لە بەشی سیاسەتدا "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەک سیاسییەکی دوژمنی ئازادیی چاپەمەنی ناوی هاتووە.
هەرچەند ئەم ڕاستییە نابێتە هۆی ڕسوایی لەوە زیاتری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کەوا کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی سانسۆر و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی زانیاریی ڕاستەقینە دەدات و لە راستیدا ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی دنیایە بۆ ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی دەروەست.
دەبێ لەبیرمان بێ ئەم سەرکوتانە تەنیا لە چوارچێوەی سەرکوتێکی سیاسیدا نابێ قەتیس بکرێن و دەبێ لەو ڕووەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێ کە ئەمە نیشانەیەکە لە شکستی یەکجاریی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئەندێشە و هزردا، ئەمە لە ڕیزی گەورەترین هێماکانی سەلمێنەری دۆڕانی ستراکتۆری ئیدئۆلۆژیکیی کۆماری ئیسلامییە، سەرکوت هەرگیز بە واتای ئێقتدار و دەسەڵاتداری نییە، بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەوە نیشانەی ترس و لاوازییە. لە کۆتاییدا دەبێ بوترێ ڕەنگە لە کورتماوەدا کپکردنی ئەم دەنگە ناڕازی و ڕوونکەرەوانە بتوانێ کەشێکی ترس بڵاو بکاتەوە، بەڵام بێگومان لە درێژماوەدا ئەوە سەرکوتە شکست دەخوات و ئەوە سەرنێزەکانە دەشکێن و نامێنن، نەک پێنووس و هزر.