
فارین ئەفەرز-کەریم سەججادپوور
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
ئێران وەک ڕووسیە
ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی وەک یەکیەتیی سۆڤیەت لە بڕگە کۆتاییەکانیدا دەچێت: ئەو ئایدیۆلۆژییە سواوەکەی بە زۆرەملێ درێژە پێ دەدات، ڕێبەرییە چەقبەستوویەکەی لە چاکسازیی دەترسێت و، کۆمەڵگەکەی تا ئاستێکی بەرفراوان پشتیان لە دەوڵەت کردوە. هەردوو ئێران و ڕووسیە لە ڕووی سامانی سروشتییەوە دەوڵەمەندن و مێژوویەکی پڕ لە شانازییان هەیە، کولتووری وێژەیی بەناوبانگ و سکاڵای کەڵەکەبووی چەند سەدەیان هەیە. هەردوو دوای شۆڕشی ئایدۆلۆژیک، ڕووسیە لە ١٩١٧ و ئێران لە ١٩٧٩ تووشی ئاڵوگۆڕی ئەوتۆ بوون کە بەدوای دابڕان لە مێژوو و داڕشتنی پەرگالێکی لە بنەڕەتدا جیاوازەوە بوون. هەردوو هەوڵیان دا تۆڵە لە ڕابردوو بکەنەوە و ڕوانینێکی نوێ بە سەر نێوخۆ و دەرەوەدا بسەپێنن، کە بووە هۆی وێرانیی نەتەنیا بۆ خەڵکی خۆیان، بەڵکوو بۆ وڵاتانی دراوسێش. سەرەڕای ئایدیۆلۆژییە دژبەرەکانیان، یەکیان بێ ئایینیی جەنگاوەرانە و ئەوەی دیکەیان دەسەڵاتداریی ئایینی، وێکچوونەکانیان سەرسووڕ هێنەرن. وەکوو یەکیەتیی سۆڤیەت، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت سازشی ئایدیۆلۆژیکی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان بکات، گوماندارییە لە ڕادەبەدەرەکەی خۆبەدیهێنەرە و، ڕێژیمەکە لە نێوخۆیدا هەڵگری توخمی هەرەسهێنانی خۆیەتی.
هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤیەت بە چاکسازییەکانی گۆرباچۆڤ خێراتر کرا، کە بووە هۆی لەکیسدانی کۆنتڕۆڵی ناوەندی و کەوتنە کاری هێزی ئەوتۆ کە سیستەمەکە نەیتوانی سنوورداریان بکات. لە نەوەدەکانی زایینیدا، بێسەرەوبەرەیی، تاڵانکاریی ئۆلیگارکەکان و، نایەکسانیی پەرەئەستێن بوونە هۆی نەفرەت و سەرلێشێواوی. لەو گێژاوەوە ڤلادیمیر پووتین، ئەفسەرێکی پێشووی کەی جی بی، ئاژانسی هەواڵگریی یەکیەتیی سۆڤیەت، کە بەڵێنی سەقامگیریی و شانازیی دا، سەری هەڵدا و ئایدیۆلۆژی کۆمۆنیستی بە ناسیۆنالیزمی گەشەسەندوو بە ناڕەزایەتی جەماوەریی گۆڕییەوە. وەک سەرۆککۆمار، ئەو خۆی وەک گێڕەرەوەی شکۆی ڕووسیە و دابینکەری جێگەی شیاوی لە دونیادا ناساندوە.
ڕووداوێکی هاوشێوە لە ئێران مومکینە. ڕێژیم لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیکی و ئابوورییەوە مایەپووچە، توانایی جێبەجێ کردنی چاکسازیی ڕاستەقینەی نیە و، لەژێر گوشاری دەرەکی و ناڕەزایەتی نێوخۆ مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە. ڕووخانێکی ئەوتۆ دەتوانێ ببێتە هۆی ئافراندنی بۆشاییەک کە نوخبە ئەمنییەتییەکان و ئۆلیگارکەکان بۆ پڕکردنەوەی هەنگاوی خێرا دەنێن. پیاوێکی بەهێزی ئێرانی، پەروەردە بوویەکی سپای پاسداران یان دامودەزگا هەواڵگرییەکان، دەتوانێت سەر هەڵبدات، ئایدیۆلۆژی شێعە بە قازانجی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، گەشەکردوو بە ناڕەزایەتیی جەماوەریی وەک بیروباوەڕی پەرگالێکی سەرەڕۆی نوێ وەلا بنێت. هێندێک کاربەدەستی دیار ڕەنگبێ ئەو خولیایەیان هەبێت، لە نێویاندا محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی هەنووکەی پارلەمانی ئێران و کاربەدەستی پلەبەرزی پێشووی سپای پاسداران. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندیی درێژخایەنیان لەگەڵ سیستەمی ئێستا، ئەگەری ڕێبەرایەتی ئەو کەسایەتییە ناسراوانە لە سیستەمێکی نوێدا کەم دەکاتەوە. وێدەچی داهاتوو زۆرتر هی کەسێک بێت کە ئێستا کەمتر دیارە، کەسێک کە هێندە کەم تەمەن بێت کە بیروڕای گشتی ئەوی بە بەرپرسی کارەساتی ئێستا نەزانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەها بە ئەزموون بێت کە بتوانێت لە وێرانەکانی ڕێژیمەکەوە سەر هەڵدات.
بەدڵنیاییەوە، وێكچوونەکان بێخەوش نین. کاتێک یەکیەتیی سۆڤیەت هەرەسی هێنا، هەر ئەوکاتی گەیشتبووە سێهەمین جیلی ڕێبەرانی خۆی، لە کاتێکدا ئێران هێشتا خەریکی چوونە نێو دووهەمیانە. هەروەها ئێران هیچ گۆرباچۆفێکی نەبووە: دروست لەبەر ئەو هۆیە خامنەیی پێشی بە چاکسازیی گرتوە، چونکە پێی وایە ئەوە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی کۆمارەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەکی گەورەتر هەیە: کاتێک ئایدیۆلۆژییەکی بە تەواوی سەرەڕۆ هەرەس دێنێت، زۆر جار لەپاش خۆی نوێبوونەوەیەکی مەدەنی بەجێ ناهێڵێت، بەڵکوو گومانداریی لە ڕادە بەدەر و دوورکەوتنەوە لە هەرچی پڕەنسیپی ئایینی و ڕەوشتی. ڕووسیەی دوای یەکیەتیی سۆڤیەت کەمتر بە گەشەسەندنی دێموکراتیک دەناسرێتەوە تا هەوڵ بۆ دەوڵەمەند بوون بە هەر تێچوویەک. ئێرانی دوای دەسەڵاتداریی ئایینی دەتوانێ هەمان شێواز پیشان بدات: کڕینگەرایی و بەکارهێنانی زێدەڕۆیانەی شتومەک وەک جێگرەوەی باوەڕی ئایینی و ئامانجی گشتی.
پوتینێکی ئێرانی دەتوانێت هێندێک لە تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی قەرز بکات، بە ناسەقامگیر کردنی دراوسێیەکانی ئێران هەوڵی سەقامگیرکردنی ناوخۆیی بدات، هەڕەشە لە هاتووچۆی وزەی جیهانیی بکات، بەرگێکی نوێ بکاتە بەر شەڕانگێزیی وەک ئایدیۆلۆژی نوێ و، لە کاتێكدا کە بەڵێنی گەڕاندنەوەی شکۆی ئێران دەدات، ببێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی نوخبەی نوێ. بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان و دراوسێیەکانی ئێران، وانەی ڕووسیە گرنگە: مردنی ئایدیۆلۆژییەکە زەمانەتی دێموکراسی ناکات. ئەو دەتوانێت زۆر هاسان ببێتە هۆی سەرهەڵدانی پیاوێکی بەهێزی دیکە کە بەهەمان شێوە بێدەربەست بێت، بە ناڕەزایەتی نوێ تەیار کرابێت و خولیای نوێ هاندەری بن.
ئێران وەک چین
لە کاتێکدا کە یەکیەتیی سۆڤیەت پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێ نەیتوانی خۆی بگونجێنێت، چین بە گۆڕانی پڕاگماتیستی لە دەیەکانی پاش مردنی مائۆ خۆی دەرباز کردوە، لە ١٩٧٦، لە جیات بێخەوشیی شۆڕشگێڕانە پێشترییەتی دا بە گەشەی ئابووری. "مۆدێلی چین" زۆر دەمێکە دڵخوازی خۆمانەکانی کۆماری ئیسلامی بووە کە دەیانهەوێ سیستەمەکە بپارێزن، بەڵام تێدەگەن کە ئابوورییەکی خەریکی تێکڕمان و ناڕەزایەتیی بەربەرینی جەماوەریی هێندێک هەوڵ بۆ چاکسازیی دەخوازێت. لەو سێناریۆیەدا، ڕێژیم وەک پێشوو سەرکوتکەر و سەرەڕۆ دەمێنێتەوە، بەڵام پڕەنسیپە شۆڕشگێڕانەکانی و کۆنەپارێزییە کۆمەڵایەتییەکەی بە قازانجی نێزیکبوونەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکان شلتر دەکاتەوە، هاوگونجییەکەی لەگەڵ دونیا بەربەرینتر دەکات و وردە وردە لە سیستەمی دەسەڵاتداریی ئایینییەوە بەرەو سیستەمێکی تەکنۆکرات دەچێت. سپای پاسداران دەسەڵات و سوودەکانی دەپارێزێت، بەڵام وەکوو ئەڕتەشی ڕزگاریدەری چین، لە هێزێکی چەکداریی شۆڕشگێڕەوە دەبێتە ناسیۆنالیستی کۆمپانیا گەرا.
بۆ جێبەجێکردنی وەها سێناریۆیەک، ئێران بەرەوڕووی دوو بەربەست دەبێتەوە: دامەزراندن و بەردەوامبوونی وەها سیستەمێک. لە چین، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان لە حەفتاکانی زایینی لە لایەن مائۆ، دامەزرێنەری شۆڕشی کۆمۆنیستی و یەکەم ڕێبەری ڕێژیمەکە، دەستی پێ کرد. بەڵام ئەوە جێگرەوەکەی، دینگ شیاوپینگ، بوو کە کەلکی لەو کرانەوەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی وڵات لە کۆنەپارێزیی ئایدیۆلۆژیکییەوە بەرەو پڕاگماتیسم وەرگرت و چاکسازیی وەرسووڕێنەرانەی جێبەجێ کرد. ئێران کەسانی هاوشێوەی دینگی پەروەردە کردوە، لە نێویاندا سەرۆککۆماری پێشوو حەسەن ڕوحانی و حەسەن خومەینی، نەوەی دامەزرێنەری شۆڕشەکە، بەڵام هیچکامیان توانایی زاڵبوون بەسەر خامنەیی و توندئاژۆیەکانی هاوبیریان نیە، کە زۆر دەمێکە پێیان وایە هەر جۆرە سازشێک لەسەر ئایدیۆلۆژی شۆڕشگێڕانە، بەتایبەت نێزیکبوونەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکان، لەجیات بەهێزکردنی سیستەمەکە دەبێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی.
لە چین، نێزیکبوونەوە لە واشینگتۆن بەهۆی بەرهەڵستکاریی هاوبەش لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤیەت هاسان کرابوو. بەپێچەوانە، ئەگەرچی ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان جاروبار بەرەوڕووی بەرهەڵستکاری هاوبەش بوونەوە، لە نێویاندا دیکتاتۆڕی عێراق سەددام حوسێن و هێزە چەکدارەکانی وەکوو ئەلقاعیدە، تاڵەبان و داعش، دوژمنایەتی بەرانبەر بە وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل بۆ خامنەیی هەمیشە گرنگترین شت بووە. تاقیکردنەوەی مۆدێلی چین یان وەلانانی بەرهەڵستکاریی هەمیشەیی دژی واشینگتۆن لە لایەن خامنەیی پیر و پەککەوتە دەخوازێت، کە ئەگەری زۆر کەمە، یان پرۆسەیەکی دەستنیشان کردنی جێنشین کە ببێتە هۆی هاتنەسەرکاری ڕێبەرێک کە هێندە دژی ئەمریکا نەبێت.
تەنانەت ئەو کاتیش، ئێران ڕەنگبێ لە ڕەچاو کردنی ڕێچکەی چین تووشی ئاڵنگاری بێت. هێزی کاری زەبەلاحی چین ڕێخۆشکەری ڕزگار بوونی سەدان میلیۆن کەس لە هەژاریی بوو، کە بووە هۆی نۆژەنکردنەوەی ڕەوایی دەوڵەت و متمانەی بیروڕای گشتی. بەپێچەوانە، ئێران، ئابووریەکەی زۆرتر بە سامانە سروشتییەکانییەوە بەستراوەتەوە، وەکوو ڕووسیە. بێتوو ڕێژیم بێ باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان واز لە ئایدیۆلۆژییەکەی بێنێت، مەترسی لەکیسدانی لایەنگرانی هەنووکەیی بەبێ ڕاکێشانی لایەنگری نوێی هەیە.
ئێرانێکی کەمتر ئایدیۆلۆژیک کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان ئاسایی بکاتەوە و دەست لە بەربەرەکانی لەگەڵ بوونی ئیسڕائیل هەڵگرێت، دەبێتە هۆی باشتر بوونێکی مەزن لەچاو دۆخی هەنووکە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەکوو ئەزموونی چین ئاشکرای کرد، گەشەی ئابووری و هاوگونجی ناونەتەوەیی دەتوانێ ببێتە هۆی پاڵنەری خولیای مەزنیخوازیی ناوچەیی و جیهانی، کە ئاڵنگارییەکانی ئێستا بە هی نوێ دەگۆڕدرێنەوە. و هیچ ڕوون نیە ئێران بتوانێت سەقامگیریی نێوخۆیی لەماوەی گۆڕانێکی وەها پڕ کێشمەکێش بپارێزێت.
ئێران وەک کۆرەی باکوور
بێتوو کۆماری ئیسلامی لەجیات بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان درێژە بە پێشترییەتیدان بە ئایدیۆلۆژی بدات، داهاتوویەکەی دەتوانێ بیرهێنەرەوەی کۆرەی باکووری ئێستا بێت: ڕێژیمێک کە نە بە هەبوونی ڕەوایی لەناو جەماوەردا، بەڵکوو بە دڕندەیی و تەریککەوتوویی درێژە بە ژیان دەدات. زۆر لەمێژە خامنەیی حەزی لە پاراستنی دەسەڵات لە لایەن ڕێبەری گەورەیە، ویشکە مەلایەک کە بە پڕەنسیپە شۆڕشگێڕییەکانی بەرخۆدان دژی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل وەفادار بێت و کۆنەپارێزیی ئیسلامی لە ناوخۆ درێژە پێ بدات. لەگەڵ ئەوەشدا پاش پێنج دەیە لە شۆڕشی ١٩٧٩، ڕێژەیەکی کەم لە خەڵکی ئێران دەخوازن لەژێر دەسەڵاتی سیستەمێکدا بژین کە شکۆی ئابووری ئەوان لەناو دەبات و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان لێ زەوت دەکات. ڕاگرتنی وەها ڕێژیمێک کۆنتڕۆڵی تەواو و هەمەلایەنە دەخوازێت و، ڕەنگبێ چەکی ناوکیش بۆ چاوترسێن کردنی دونیای دەرەوە.
لە سێناریۆیەکی ئەوتۆدا، دەسەڵات لەدەست تاقمێکی بەرتەسک یان بنەماڵەیەکدا دەمێنێتەوە. ئەگەرچی ڕەنگبێ خامنەیی هەوڵ بدات پرۆسەی دیاریکردنی جێنشین وەها داڕێژێت کە بە قازانجی کەسێک بێت کە بە پڕەنسیپە شۆڕشگێڕانەکان وەفادار بێت، ڕێژەی بەربژێرانی خاوەن تایبەتمەندیی ئەوتۆ کەمە، چونکە زۆر بەدەگمەن مەلایەکی کۆنەپارێز هەیە کە پشتگیریی جەماوەریی و ڕەوایی هەبێت. ئیبراهیم ڕەئیسی، کە سەردەمێک وەک بەربژێری یەکەم دەناسرا لە ڕووداوی بەربوونەوەی هێلیکۆپتەر لە مانگی مای ٢٠٢٤، لە کاتێکدا کە سەرۆککۆماری ئێران بوو، کوژرا. ئەوە بەو مانایەیە کە خامنەیی تەنیا کوڕە ٥٤ ساڵەکەی، موجتەبای وەک بەربژێری سەرەکی بۆ ماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، جێنشینیی بەمیراتگیراو ڕاستەوخۆ خیانەتە بە یەکێک لە پڕەنسیپە سەرەکییەکانی شۆڕش: پێداگریی خومەینی لەسەر "نائیسلامی بوونی" پاشایەتی.
موجتەبا قەت بۆ بەرپرسایەتییەک هەڵنەبژێردراوە، نێزیکەی هیچ کەسایەتییەکی جەماوەریی نیە و، زۆرتر بە پەیوەندییە پشتی پەردەکانی لەگەڵ سپای پاسداران ناسراوە. خووخدەکەی بیرهێنەرەوەی جیلی باوکیەتی، نەوەک دینامیزمی سەردەمی نوێ. جموجۆڵی پەرەئەستێنی لایەنگرانی لە ئارادان تا ئەوی بە چوست و چالاکیی شازادەی جێنشین محەممەد بین سەلمان بشووبهێنن، لە نێویاندا بە هەڵمەتی سۆسیال مێدیا بە هەشتەگی موجتەبا بین سەلمان بە فارسی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە تەنانەت جەماوەری شۆڕشگێڕی لایەنگری خامنەییش تێدەگەن دیدی دووری پێشکەوتنخوازانە لە ڕوانگەی دواکەوتووانە سەرنجڕاکێشترە.
ڕەکابەری توندئاژۆی دیکە کەمتر هیوابەخشن. سەرۆکی ٦٩ ساڵەی سەختگیری دامودەزگای دادوەری، غولام حوسێن موحسینی ئێژەیی، کەمێک لە دادوەری لەسێدارەدەر زیاترە و لە دەیان لەسێدارەدانەوە تێوەگلاوە؛ ڕەنگبێ یەکێک لە لەبیرنەکراوترین کردەوەکانی لەنێو جەماوەردا گەزینی گوێی ڕۆژنامەوانێک بوو کە ڕەخنەی لە سانسۆڕ گرتبوو. هەر جێنشینییەک کە کەسایەتییەکی ئەوتۆ بگرێتەوە، پشت بە ڕەزامەندیی جەماوەریی نابەستێت، بەڵکوو بە وەفاداریی سپای پاسداران. بەڵام ڕوون نیە ئاخۆ سپای پاسداران درێژە بە گوێڕایەڵیی لە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، ئەو لایەنەی ئەرکی دیاریکردنی سەرۆکی گەورەی داهاتووی لە ئەستۆیە، بدات، یان لە کاتی دیاریکراودا، بۆخۆیان فەرماندەی گشتیی داهاتوو دەستنیشان دەکەن.
مۆدێلی کۆرەی باکوور هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگەیەک بەریەک دەکەوێت کە خەونی ئاوەڵایی و خۆشبژێویی کۆرەی باشوور دەبینێت. کەم کەس لە ئێران سیستەمێک بە ڕەوا دەزانێت کە لە جیات خۆشبژێویی ئابووری و ئاسایشی تاکەکەسی، زیاتر لە سیستەمی هەنووکەیی پێشترییەتی بە ئایدیۆلۆژی بدات.
دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیانە دەستبەسەرکردنی بەرفراوان لە ناوخۆ، ڕاکردنی جەماوەریی پسپۆڕان بۆ دەرەوە و، ڕەنگبێ قەڵخانی ناوکی بۆ چاوترسێن کردنی دەرەکی، بخوازێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێچەوانەی کۆرەی باکوور، ئێران ناتوانێ خۆی بە تەواوی تەریک بخاتەوە: ئیسڕائیل دەسەڵاتی ئاسمانەکەی بەدەستەوەیە و بەردەوام پیشانی داوە توانایی هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی، پێگە هاژەکییەکانی و فەرماندە پلەبەرزەکانی هەیە.
بێتوو ڕێبەری گەورەی داهاتوو توندئاژۆیەکی دیکە بێ، وێدەچی کەسایەتییەکی کاتی بێت کە سیستەمەکە بۆ ماوەیەک درێژە پێ بدات، بەڵام ناتوانێ پەرگالێکی سەقامگیری نوێ دروست بکات. ئەحمەد کەسرەوی، ڕوشنبیرێکی سێکۆلاری ئێرانی کە لە لایەن ئیسلامییەکانەوە لە ١٩٤٦ کوژرا، جارێکیان نووسیبووی ئێران دەرفەتێکی دەسەڵاتداری بە مەلایان "قەرزدارە" تا کەمایەسییەکانیان ئاشکرا بێت. پاش نێزیکەی پێنج دەیە بەڕێوەبەریی خراپی ئایینیی، ئەو قەرزە دراوەتەوە. بێتوو داهاتووی ئێران هی پیاوێکی بەهێز بێت، وێناچێت ئەو مێزەر بەسەر بێت.