کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیمان دەوێت؟

22:56 - 18 سەرماوەز 2725

شیوا مورادیان

 

داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەک بە هزر و ئەندێشە و توانای لاوانییەوە گرێ دراوە. ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە وای لە وڵاتە پێشکەوتنخواز و دێموکراتیکەکان کردووە کە گرینگیدان بە نەوەی نوێ بکەنە ئەولەوییەتی سیاسەتەکانیان و کەشوهەوایەکی لەبار بۆ گەشەی هزری و زانستیی لاوان، وەک میراتگری شایستەی داهاتوو، بڕەخسێنن. لەم کۆمەڵگەیانەدا، پەروەردە ئامرازێکە بۆ بەرهەمهێنانی تاکی ئازاد، بیرکەرەوە و داهێنەر؛ تاکێک کە دەبێتە زامنی سەرکەوتنی زیاتر و بنیاتنانی دواڕۆژێکی گەشتر.

بەڵام لە دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و لەژێر سێبەری تاریکی دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری ئایینییدا، وێنەکە بە تەواوی پێچەوانەیە. لێرەدا، بەهۆی سەرکوت و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان و داخستنی هەموو کەناڵەکانی دەربڕینی ئازاد، لاوان لەبری ئەوەی ببنە زامنی بەردەوامیی دەسەڵات، بوونەتە مەترسیدارترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکاری و زامنی ڕووخاندنی ئەم سیستمە ستەمکارە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتدارییەوە دوای بەلاڕێدابردنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بەردەوام هەوڵی کپکردنی دەنگی هەموو چین و توێژژێکی ئازادیخوازی داوە، بەتایبەتیش دەنگی بوێر و یاخیبووی لاوان کە هەمیشە داوای نوێبوونەوە و دادپەروەری دەکەن.

کۆماری ئیسلامی، بە درککردن بە گرنگیی ستراتیژیی پەروەردە، هەوڵێکی سیستماتیکی داوە تا لە ڕێگەی دەزگا فێرکارییەکان، میدیا و مینبەرە ئایینییەکانەوە، ئایدۆلۆژیای خۆی بەسەر کۆمەڵگە، بەتایبەت منداڵان و لاواندا بسەپێنێت و نەوەیەک لە 'خودی'یە گوێڕایەڵەکان پێک بهێنێت. کەچی ئەم سیاسەتە لەگەڵ یەکەمین شەپۆلی زانیاریی جیھانگیری و شۆڕشی دیجیتاڵیدا، تووشی شکستی بەرچاو بووەتەوە؛ لاوان لەبری ملکەچی، بوونەتە هاووڵاتیی جیهان و خۆیان لەگەڵ دنیای سەردەمدا گونجاندووە و بەردەوام لە بچووکترین دەرفەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیستمە داخراوە کەڵک وەردەگرن.

سیستمی پەروەردە ئەگەر نەتوانێت مرۆڤ فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، ئازادی، دادپەروەری، سەربەخۆیی و ڕەوشتی بەرزی مرۆیی بکات، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە لە دۆخی کۆیلەتیی مۆدێرندا دەهێڵێتەوە. بیرمەندانی گەورەی وەک ژان ژاک ڕۆسۆ و ئیمانوێل کانت، ئامانجی سەرەکیی پەروەردەیان بە ئازادکردنی مرۆڤ لە کۆتوبەندی نەزانی و ملکەچیی کوێرانە زانیوە. بەڵام لە سیستمی تۆتالیتاریی ئێراندا، تاکە ئامانجی پەروەردە، کۆیلەکردنی مرۆڤە لەژێر چەتری ئایدۆلۆژیایەکی دۆگمای ویلایەتی فەقیهـ، کە تێیدا پرسیارکردن گوناهە و گوێڕایەڵی فەزیلەتە.

ئەم سیاسەتە چەوتە و زەخت و زۆرییەی ڕژێم، کاریگەریی تایبەتی لەسەر لاوانی ئێران و بەتایبەتیتر لاوانی نەتەوەی کورد هەبووە، کە لەژێر باری ستەمێکی دوولایەنەدان: ستەمی سیاسی و ستەمی نەتەوەیی. دەسەڵات بە هەموو شێوازێک و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و دروستکردنی گومان، هەوڵی بەلاڕێدابردنی لاوانی هۆشیاری کوردی داوە. بەڵام ئاستی بەرزی تێگەیشتن و هۆشیاریی سیاسیی لاوانی کورد، کە میراتی خەباتێکی مێژوویی و بەرهەمی ژینگەیەکی پڕ لە پرسیاری سیاسییە، بەردەوام پیلانەکانی دەسەڵاتی پووچەڵ کردووەتەوە. ئەوان سوورن لەسەر داکۆکیکردن لە مافە ڕەوا نەتەوەییەکانیان و ئەم بەرەنگاربوونەوەیە وایکردووە کە پشکی شێریان لە خەبات و قوربانیدان بۆ داڕشتنی داهاتوویەکی گەشتردا بەربکەوێت.

لاوان باش لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە لە درێژاییی مێژوودا، هەمیشە داینەمۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و بەرگریکاری سەرسەختی نیشتمان و ئازادی بوونە. هەر بۆیە بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە هەنگاو بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەنێن. لاوانی نیشتمانی ئێمە، بە تێگەیشتن لەم یاسا مێژووییە، بەوپەڕی هێز و توانایانەوە، بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی نەتەوەکەیان و لە هیچ قوربانیدانێک سڵ ناکەنەوە. ئەوان وردبینانە دەزانن ئامانجیان چییە و چییان دەوێت؛ وەڵامەکەش ڕوون و زوڵاڵە و بەردەوام لە ناخیاندا دەزرنگێتەوە: «لە هەموو شتێک زیاتر، ئازادیمان دەوێت.» ئازادییەک کە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو ئازادیی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریش لەخۆ دەگرێت.

لە بەرەبەریی ٢٦ی سەرماوەز و یادە مێژووییەکانی تردا، ئامانجەکان ڕوونتر و هەنگاوەکان بەرەو ئاسۆی ڕووناک، بەهێزتر و پڕ ئیرادەتر دەبن. ئازادیخوازی بووەتە بەشێکی ژێنێتیکی لاوانی کوردستان و هیچ هێزێکی داگیرکەر نەیتوانیوە و ناتوانێت ئەو ڕۆحی بەرەنگاری و پیرۆزیی بنەما بەنرخانەی لە ناخیاندا بکوژێنێتەوە. هیچ دوژمنێک ئەو توانایەی نییە کە ئەو باوەڕە قووڵە لە فیکر و ویژدانی کورددا کاڵ بکاتەوە و ئەو خاکە ئاهووراییەی کوردستان بۆ هەمیشە داگیر بکات، چونکە پاسەوانەکانی، لاوانی ئەم نیشتمانەن.