
ئەسکەندەر جەعفەری
ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز بۆ نەتەوەی کورد تەنیا ڕۆژێکی ئاسایی نیە، بەڵکوو ڕۆژێکە لە یادەوەریی بەکۆمەڵی ئەم نەتەوەیەدا وەک سیمبۆلەکانی ئازایەتی، ناسنامەپارێزی و باوەڕبەخۆبوون و تێکۆشانی بەکردەوە بۆ ئازادی هەرمان ماوەتەوە. لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەم جار لە شاری مەهاباد ئاڵای کوردستان لە لایەن هێزەکانی نیشتمانپارێزی کوردستانەوە هەڵ کرا.
ئەو ساتەوەختە تەنیا سەرەتای ئەزموونێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو لەدایکبوونەوەی دووبارەی خەونێک بوو کە چەندین سەدە لە شاخ و دۆڵ و گوندەکانی زاگرۆسدا شاردرابۆوە. ئەو خەونەی کە کورد بتوانێت بە زمانی خۆی بدوێ، شانازی بە کولتوورەکەی بکات و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی قازی محەممەد تەنیا بزووتنەوەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو هاوارێک لە دڵی کۆمەڵگەیەکەوە بوو کە چەندین سەدە گیرۆدەی هەڵاواردنی چینایەتی و قڕکردنی کولتووری و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی بوو کە داگیرکەر بەسەری هێنابوو. لەو ڕۆژانەی هێشتا ئێران لە قەیرانەکانی سەردەمی دوای شەڕی جیهانیی دووهەمدا بوو، کورد بۆ یەکەم جار دەرفەتی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی دەست کەوت و ئەو دەسەڵاتەی لەسەر بنەمای دادپەروەری، پەروەردە و یەکسانی دامەزراند. لە ڕۆژگارێکدا کە جوولەکە لە لایەن ئەڵمانیای نازییەوە کۆمەڵکوژ دەکران و قوربانیی هۆلۆکۆست بوون، کۆماری کوردستان هەموو مافێکی ئایینی و نەتەوەیی بۆ کەمینەی جوولەکەی کوردستان چەسپاندبوو.
ئەم کۆمارە هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، بەڵام بوو بە وەرچەرخانێکی مێژوویی کە نەک هەر ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی کوردی لەخۆ دەگرت، بەڵکوو وەک مۆدێلێک بۆ یەکەمین دەسەڵاتی مۆدێڕن لەنێو نەتەوە بێدەوڵەتەکانی ناوچەکەدا بوو. ئاڵای کوردستان لە لایەن پێشمەرگەوە هەڵ کرا، بەڵام پێشمەرگە لە ڕاستیدا تەنیا هێزێکی سەربازی نەبوو. ئەوان کوڕی خەڵکی چەوساوە، کرێکار، مامۆستا، ڕۆشنبیران و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بوون کە وەڵامی بانگەوازیی قازی محەممەدیان دایەوە. وشەی "پێشمەرگە" لە زمانی کوردیدا بە واتای ئەو کەسە دێت کە لە بەردەم مەرگدا وەستاوە و ئەم دەربڕینە گوزارشت لە ڕۆحی ڕاستەقینەی کوردایەتی لەو سەردەمەدا دەکات. ئەوان چەکیان هەڵگرت نەک بۆ پارە و دەسەڵات، بەڵکوو بۆ پاراستنی شەرەف و ناسنامە و خاکەکەیان. هەر کام لە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان واتایەکی قووڵی هەیە: سەوز بۆ ژیان و دەشتە بێکۆتاکانی کوردستان، سپی بۆ هیوای ئاشتی و ئازادی، سوور بۆ خوێنی شەهیدان، خۆری زێڕین لە ناوەڕاستیدا بۆ ڕووناکی و هیوا. ئەم خۆرە یادگاریی هەزاران ساڵەی ڕەگ و ڕیشەی شارستانییەت و کولتووری خەڵک لەم خاکەیە. ئەم ئاڵایە لای نەتەوەی کورد بەڵگەنامەی حاشاهەڵنەگری نەتەوەیەکە کە بە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ئینکار و ئاسمیلەکردنی کولتووری، خۆی بە زیندوویی هێشتوویەتییەوە.
کۆماری کوردستان توانیی هاوسەنگی لە نێوان ئاغا و دەرەبەگەکان پێک بێنێت و پەروەردە بە زمانی دایکی، چاپکردنی ڕۆژنامە و کتێبی کوردی، دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری، بەشداریی ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەشێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی ئەو سەردەمە بوون. هەروەها بۆ یەکەمین جار ژنانی کورد لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەشدارییان کرد و ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری شارەکاندا هەبوو. ئەم کردەوانە تەنیا نیشانەگەلی ئایدیالیزم و هیوا نەبوون، بەڵکوو بەڵگەی هەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و زیندوو بوون. بەڵام ئەم ئەزموونە ئازادیخوازییە بە هێرشی ئەرتەشی پەھلەوی بۆ سەر شاری مەهاباد کۆتاییی پێ هات. قازی محەممەد سەرۆککۆماری کوردستان دەستبەسەر کرا و دواتر لە مەیدانی چوارچرا لە مەهاباد لە سێدارە درا. بەڵام شەهیدبوونی قازی محەممەد و ڕووخانی کۆماری کوردستان کۆتاییی خەونی نەتەوەی کورد نەبوو. بەپێچەوانەوە، بوو بە ئەفسانەیەک کە نەوەکانی دواتری کورد وانەی کوردایەتییان لێ وەردەگرت. دەیان ساڵ دواتر و ئێستاش ئاڵای کوردستان لە شاخ و شارەکانی ئەم خاکەدا دەشەکێتەوە. لە هەموو خۆپێشاندانێکدا کە دژ بە داگیرکەرانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەم ئاڵایە بەرز دەکرێتەوە و ئەو ڕۆژە مێژووییە زیندوو دەبێتەوە.
ئەمڕۆ لە ساڵی ١٤٠٤دا جیهان و ناوچەکە گۆڕانکاری بە خۆیانەوە دەبینن، بەڵام زۆربەی ئەو هەلومەرجانەی کە بوونە هۆکار تا نەتەوەی کورد دەست بە خەبات بکات، هێشتا بەردەوامن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵاواردن، هەژاری، بێکاری و چەوساندنەوەی کولتووری و سیاسی تا ئێستاش واقیعی ژیانە. لەم نێوەشدا ٢٦ی سەرماوەز هێشتا وەک مەشخەڵێک دەدرەوشێتەوە. لە شۆڕشی ژینادا دیتمان کە "ژن، ژیان، ئازادی" جارێکی دیکە هەمان ئەو هیوا و ئاواتانەی بیر خستەوە کە کۆماری کوردستان لەسەر ئەو بناغەیە دامەزرابوو. ئەم دروشمە لە نێوەڕۆکی خۆیدا هاواری دادپەروەریی چینایەتی و مافی چارەی خۆنووسین دەکات. بۆ زۆرێک لە چاودێران، بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، تەنیا بزووتنەوەیەکی سیاسی نەبووە، بەڵکوو بەشێک لە خەباتێکی فراوانتر لە دژی ستەمکاری و کۆلۆنیالیزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە. سەرکردەکانی وەک دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسمـلوو کە هەوڵی هاوسەنگکردنی شوناسی نەتەوەیی لەگەڵ ئاواتە سۆسیالیستییەکانیان دەدا، لە هیوابەخشین بۆ نەوەی نوێ بەردەوامن. ئەم نەوەیە پێی وایە هیچ شتێک ناتوانێت جێگەی مافی چارەی خۆنووسینیان بگرێتەوە. ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا، لە باکوورەوە تا باشوور، وەک یەکێک لە پایە و ڕەمزەکانی خەباتی کورد لە دژی داگیرکەران بەرز دەکرێتەوە. لە گوند و شارەکاندا و لە زانکۆ گەورەکاندا، لە یادی شەهیدان و لە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکاندا، ئاڵای کوردستان یەک پەیامی هەیە. ئەویش ئەمەیە کە ئەم ئاڵایە لە لایەن پێشمەرگەوە هەڵ کرا و کەس ناتوانێت ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە دڵی نەتەوەی کورددا بسڕێتەوە. هەر جارێک کە ئەم ئاڵایە دەشەکێتەوە، وەک ئەوە وایە دەنگدانەوەی دەنگی ئەو پێشمەرگانە بێت کە لە چیای زاگرۆس گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی دواڕۆژێکی ئازادتر بۆ منداڵەکانیان دروست بکەن. ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، بیرهێنەری ئەو ڕاستییەیە کە مێژوو لە لایەن زلهێزەکانەوە نانووسرێت، بەڵکوو لە لایەن ئەو خەڵکەوە دەنووسرێتەوە کە لە خەباتی خۆیدا بەردەوامە. ئەم ڕۆژە بانگهێشتێکە تا گەنجەکان بزانن ئازادی و ناسنامە لە ڕێگەی بەرخۆدان و وشیارییەوە بەدەست دێت نەک لە بێهەڵوێستییەوە.
ئەو ئاڵایەی لە زستانی ساردی ساڵی ١٩٤٥ لە مەهاباد هەڵ کرا، تا ئێستاش دەدرەوشێتەوە، چونکە خۆرەکەی لە دڵی میلیۆنان کەسدا گەشاوەیە. لەم ڕۆژەدا هەر کوردێک چ لە شار و گوندەکان بێت، چ لە چیای زاگرۆس یان لە ژیانی دوورەوڵاتیدا، دڵی بە ئاراستەیەکدا دەڕوات. بۆ مەهاباد، بۆ ئەو ساتەی کە ئاڵای کوردستان لە لایەن پێشمەرگەوە هەڵ کرا و بۆ ئەو دەنگەی کە تا ئێستاش دەڵێت: "کوردستان لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازاد دەکرێت".