کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارادایمێکی نوێدا: نیشتمان؛ پێشمەرگە و بنیاتنەری

18:08 - 24 سەرماوەز 2725

کەریم پەرویزی

 

بۆ تێگەیشتن لە ڕووبارێکی پڕهاژە، یان دەبێ وەک مەلەوانێک خۆت بە دەم لرفەی پڕوزەی ڕووبارەکەوە بدەی و بە هەموو هەستەکانەوە درکی پێ بکەی، یان لە بەرزاییەکی وەهادا ڕاوەستی کە پێچ و قەمچی ڕووبارەکە ببینی و بزانی ئایا لە پێچی دواتردا بە دەربەندێکدا تێدەپەڕێ و بۆ بەنداو دروستکردن دەبێ، یان دەڕژێتە دەشتایی و تۆوی بەری دواڕۆژی لەبەر دادەچێنی.

پێشمەرگایەتی تەنیا دەستبردن بۆ چەک و بەگژ چەکداری دوژمندا چوونەوە نییە، بەڵکوو ئەمە تەنیا یەکێکە لەو ئەکتانەی کە پێشمەرگە دەتوانێ و لە دەستی دێ کە لەپێناو بڕوای بەرزی "وەپێش مەرگکەوتن" لەپێناو ژیانی نەتەوەییدا ئەنجامی بدات.

پێشمەرگەبوون تایبەتمەندییەکی مرۆڤە کە لە وزە و ورەیەکی جەوهەریی بەکۆمەڵژیان و سروشتەوە سەرچاوە دەگرێ و دەبێتە پێشڕەوی ڕەوتێک کە ئامانج لێی بەردەوامیی ژیانی کۆمەڵە. بە واتایەکی دیکە، پێشمەرگە نووکە ڕمبی ڕچەشکێنیی کۆمەڵگەیەکی مرۆییە کە دەیەوێ لە ملەی ئەستەمی ھێرشی هێزە وێرانکەرەکانەوە تێپەڕێ و بگا بە ھەواری ئەمنی دوور لە نیگەرانی.

لەو ڕۆژەوە کە وشەی پێشمەرگە بۆ ئەو مرۆڤە چەکدارەی کورد دیاری کراوە کە بە بەکارھێنانی چەکەکەی دەستی دیفاع لە ڕوانین و بڕواکانی دەکا، تاکوو ئەمڕۆ کە پێشمەرگە بووەتە ناو و ناوبانگێکی جیھانی کە بە شانازییەوە جیهان وەک ھێزی شکستھێنەری تیرۆریزم ناوی دێنن، چەمکی پێشمەرگە بە قۆناخی جۆربەجۆری مێژوویی و سیاسیدا بە شێوازی جۆراوجۆر مانا کراوەتەوە و دەرخەری کەسایەتیی جیاواز بووە.

ھەرکام لەو مانابەخشییانە، لە پارادایمێکەوە سەرچاوە دەگرن کە لە خۆیدا ھەم ناسنامە و ھەم مانا و ھەم دەرکەوتەکانی چەمکەکان دیاری دەکا و ھەم چاوەڕوانییەکان لەو چەمکانە بە ڕیزبەندیی جیاوازەوە دەبژێرێ و دەیخاتە بەردەم داواکارییەکان و لەو نێوەدا بەھا و بایەخەکان دەردەخا.

پارادایم کە لە تۆماس کۆهنی زانای ئەمریکاییەوە یەکەم جار بەکار ھاتووە، بە مانای مۆدێل و ئۆلگووی پێناسەکردن و مانابەخشین بەکار ھاتووە کە لەودا چوارچێوەیەکی ھۆکارھۆنینەوە و نیشانکردنی ئێلێمێنت و تایبەتمەندییەکان و یاساکانی دیاری کراوە.

بەو پێیە، پارادایم بریتییە لەو فەزایەی کە تێیدا بکەر و ئەکتەرەکان، چ زانستیی ڕووت وەک فیزیک و کیمیا بن، یان زانستی مرۆیی وەک سیاسەت و کۆمەڵناسی، ھەرکام تایبەتمەندیی خۆیان و چۆنیەتیی لە پەنا یەک قەرار دانیان و لە کۆتاییدا ئاکام وەرگرتن لێیان دیاری دەکا. لەم مانایەدا، پارادایم ناسنامە و پێناسە بە جۆرێک دیاری دەکا کە لە پارادایمی دیکەدا ئەو پێناسەیە مانای نابێ یان دەگۆڕێ و ھەر بۆیە یاسای دیاریکەری ڕێوشوێنەکانیش دەگۆڕێن.

پارادایم ئەو فەزا گشتییەیە کە ڕوانین و ڕوانگە بۆ جیھان دیاری دەکا و وەک بەکارھێنانی لێنزێکی کامێرایە کە بازنەیەکی تایبەتت پێ نیشان دەدا و لەو بازنەیەدا دەتوانی ھەموو خاڵ و ڕەنگ و کادر و قووڵایی و تارمایی و ڕووناکی و... بە شێوازی تایبەت ببینی و مانایەکی لێ دەکەیتەوە و دەتەوێ بینەرانی دیکە ئەو دیمەنە بەو شێوە کە دەتەوێ بیبینن و ھەر لە ھەمان کاتدا سەدان پارامێتری دیکە دەسڕیتەوە و نیشانی بینەری نادەی تاکوو سەرنجیان لە مەبەستە سەرەکییەکە دوور نەکەوێتەوە.

لێرەدا، پارادایم ئەو فەزایەیە کە ئەکتەرەکان و ناسنامەیان و تایبەتمەندییان و چۆنیەتیی پێکەوە پێوەندیگرتنیان و دوورکەوتنەوە لە یەکیان و ھەروەھا بەھا و بایەخی ئەکتەکانیان و سزا و پاداشی چاوەڕوانکراو لە کردار و بێکردەوەییان دیاری دەکا.

لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا کاتێک چەمکی پێشمەرگە دێتە ئاراوە و گوتاری ئەو سەردەمە ئەم چەمکەی لێ لەدایک دەبێ، لە پارادایمێکی تایبەتدا پێناسە بۆ ئەم چەمکە دەکرێ.

سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لەنێو پارادایمێکدا بوو کە دەتوانین ناوی لێ بنێین بەگژداچوونەوەی سڕینەوە.

دەیەکانی ڕابردوو کە دواتر لە دۆخێکی تایبەتدا کۆماری کوردستانی لێ لەدایک دەبێ، قۆناخی ھێرشی ناسیۆنالیزمی فرەخوازی فارسییە کە بەناوی ئێرانشارییەوە دەیەوێ ھەموو زەریاکان ھەڵلووشێ تاکوو گۆماوێک بۆ کەویری تاران بسازێنێ.

لە وەھا ھێرشێکی کەویریی ئێرانشاریدا کورد بە ھێزی نیزامی سەرکوت دەکرێ و لەنێو ئەم نەتەوەیەدا ماتەوزەیەک پەنگ دەخواتەوە و دەیەوێ بەگژ داگیرکەردا بچێتەوە. ئەو مرۆڤە کوردانەی کە ناتوانن و نایانەوێ لە بێدەنگیدا دەستەمۆی داگیرکەری بن، ڕێگای مومکین و جۆراوجۆر دەگرنە بەر تاکوو بتوانن خاوەنی ئیرادەی خۆیان بن یان بە مانایەکی دیکە دژی ئیرادەی بێگانە دەوەستنەوە. لەم ڕەوتەدا، دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان مرۆڤە دژەداگیرکەرەکان، بە سیما و بە ناسنامە و بە ئەکتی جیاواز و لەنێو یەک پارادایمدا تێکۆشانیان دەکرد. لەم پارادایمەدا مرۆڤێک کە ئامادەیە لە ڕیزی ھەرەپێشەوەی بەرگریدا و لە ڕاستیدا لە ڕیزی یەکەمی بەرەنگاربوونەوەی ھێزی داگیرکەردا لە گیانی خۆی مایە دابنێ، نێوی پێشمەرگەی لێ نرا.

پێشمەرگە لەم پارادایمەدا تاکێکی خاوەن ھەڵوێستە کە بە ئامرازی بەردەست بەگژ داگیرکەردا دەچێتەوە و لە گیانی و لە ژیانی تێچوو دەدا تاکوو سەرمایەی نەتەوەکەی پڕ بکاتەوە؛ سەرمایەی نەتەوەیەک کە دەیەوێ بە چنگ و ددان لە بەرانبەر سڕینەوەدا بوەستێتەوە و ھاواری مانەوە دەکا.

پێشمەرگە لەم پارادایمەدا ھەم ئەکتەرە و ھەم بەخشەرە و ھەم سەرباشقەیە. ڕێگا نیشان دەدا و ڕێگاش دەکاتەوە و پارێزەری ڕێگاشە.

ئەو بەھایەی کە لەم پارادایمەدا بۆ پێشمەرگە دادەنرێ، بەھای مرۆڤێکە کە گیان دەبەخشێ تاکوو نەتەوەیەک لە نەمان دوور بخاتەوە. لە ڕاستیدا، پێشمەرگە ھەروەھا کە لە ناوەکەیدا دیارە، کەسێکە کە وەپێش مەرگ دەکەوێ تاکوو کۆمەڵگەکەی بژیت.

پارادایمی دژی سڕینەوە، پارادایمی دوای ھاتنەسەرکاری ڕەزاخانی ملھۆڕە و لە کۆماری کوردستاندا ئەم پارادایمە قەوارەیەکی سیاسیی لێ لەدایک دەبێ.

ھەر ئەم پارادایمە جارێکی دیکە زاڵ دەبێتەوە کاتێک کە خومەینی فەرمانی جیھاد دەدا و نەتەوەی کوردیش بەرگریی نەتەوەیی ڕادەگەیەنێ.

ئیدی لەم پارادایمەدا تەنیا ئەکتەر و ناسنامە و بەھا پێشووەکان سەرھەڵ دەدەنەوە و لە ڕاستیدا پارادایم ھەمان پارادایمە و ئەکتەر و بکەر و ناسنامە و تایبەتمەندی و بەھا و سزاکان ھەمان فاکتەر و پێناسەکانی جارانن.

لەم پارادایمەدا ئەوەی بە گژ داگیرکەردا دەچێتەوە و تەسلیمی سڕینەوە نابێ، پێناسەی پێشمەرگە وەردەگرێ و ئەوەی خۆ بەدەستەوە دەدا و لەگەڵ سوپای داگیرکەر دەکەوێ، سزای ناوزڕاوی "جاشایەتی" وەردەگرێ.

پارادایمی خەبات لە کوردستان، پارادایمی خۆڕاگری و مانەوەی کۆمەڵگە بووە و ھەر بۆیەش ئەوەی مەرگی خۆی دەکاتە دیاری بۆ مانەوەی گشتی، پاداشی مەزنەمرۆیی واتە شەھید وەردەگرێ.

پارادایمی زاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا سەردەمی دوای ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان ھەمان پارادایمە و بۆیەش لە حیزبێکی لەدایکبووی نێو ئەم پارادایمە واتە حیزبی دێموکراتدا، پێشمەرگە و کادر و ھێزی پێشمەرگە و تەشکیلات و ڕێبەری و بایەخی خەباتکاری و سیاسەت و... لە ھەمان پارادایمدا پێناسە دەکرێن. لەم پارادایمەدا خەبات لەپێناو مانەوە و بەردەوامیدا مانا دەکرێ و بۆیە بایەخی تاک بایەخی ھزر و ئەکتە لەم پێناوەدا. واتە پێشمەرگە و کادر و ڕێبەریی باش و سەرباشقە ئەو کەسەیە کە لەپێناوی بەرگریی نەتەوەییدا کار دەکا و بیر دەکاتەوە و خۆی فیدا دەکا.

لە دوای ڕاپەڕینی کوردستانی باشوور و بەتایبەت دوای گوشاری ڕێژیمی تاران بۆ سەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و گواستنەوەی ئەو گوشارە بۆ سەر حیزبی دێموکرات، بە چەندین ھۆکار و چەندین توێژاڵی کار و کاردانەوە و... ھتد، کە دەرفەتی تایبەتی پێویستە بۆ باس و ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ھزری و لێکدانەوەیی، گۆڕانی پارادایمێک دێتە ئاراوە و وەک ھەموو گۆڕانی پارادایمەکان، خەساری خۆی و تێچووی خۆی ھەبووە. بەتایبەت لە ساڵەکانی ١٣٧٤ی ھەتاوی و ١٩٩٥ی زایینی بەم لاوە ئیدی پارادایم دەگۆڕێ و چەندین ساڵ لەو پارادایمە گۆڕاوەدا ماناکان و ئەکتەکان دەگۆڕدرێن کە ئەم بابەتە زۆر کورتە بۆ باسکردنی و دەرەتانی دیکەی دەوێ و لێرە بە کراوەیی بەجێی دێڵین.

نزیک بە بیست ساڵ دوای ئەوە و لە ڕاسانی ڕۆژھەڵاتدا دووبارە ھەوڵێک دێتە ئاراوە کە لە گوتارێکی دیکەدا پێناسە و ئەرک و بەھا و بایەخەکان دیاری بکرێنەوە و لەو گوتارەدا ئەرکی پێشمەرگە لە ڕیزی پێشەوەی خەباتەوە کەمێک دێتە دواتر و ھەوڵ دەدرێ چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش ھاوشانی پێشمەرگە لە خەباتدا بەشدار بن. بۆیە باس لە گرێدانی شاخ و شار دەکرێ و گواستنەوەی ھێز بۆ چەقی کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

ئەوەی پێویستە بیڵێین، لە گوتاری ڕاسانیشدا ھەرچەند ئەکت و ڕۆڵەکان پێناسەیەکی دیکەیان بۆ دەکرێتەوە، بەڵام ھێشتا لە پارادایمی بەرگری و خۆڕاگریدا ئەو گوتارە دێتە ئاراوە.

پارادایمی خۆڕاگری ھەرچەند پارادایمێکە کە تێیدا نەتەوەیەک ھەوڵی دەربازبوون لە ھێرشی سڕینەوە و پێگەکەی خۆی بۆ مانەوە دەدا و بایەخە تایبەتەکانی خۆی پێک‌ھێناوە و بەرزترینیان واتە ناسنامەی شەھید دەبەخشێتە ئەو کەسەی گیانی دەبەخشێ تاکوو نەتەوە بژیت، بەڵام ئیدی کاتی گۆڕینی ئەو پارادایمە بۆ پارادایمێکی دینامیکتر ھاتووە.

لە پارادایمی خۆڕاگری و بەرگریدا، ھەرچەند مانەوە مانایەکی گرنگ و بایەخێکی ئەساسیی ھەیە، بەڵام چونکە پارادایمێکە کە لە دژکردەوەدا ھاتووەتە ئاراوە، ماناکانیشی لەباتی ئەوەی جەوھەرێکی بەڕێوەییان ھەبێ، تایبەتمەندیی ڕاوەستاوەییان ھەیە. لەباتی بەلرفەبوون، ڕاوەستاون. ڕەوەزئاسا بەرانبەر بە ڕەشەبا ڕادەوەستن، بەڵام لە دوای دۆخێکەوە ئیدی کۆمەڵگە پێویستی بە گۆڕانکاری ھەیە و تەنیا مانەوە گرنگ نییە، بەڵکوو بنیاتنەری پێویستە.

کاتێک تاکێک لە بەرانبەر ھێرشی سڕینەوەدا ڕادەوەستێ، دەیەوێ کۆمەڵگەکەی بمێنێتەوە، بەڵام ھەمان تاک گەر بیەوێ نیشتمانێک بنیات بنێ، ئیدی پێویستی بە ماناکانی فراوانتر لە مانەوە ھەیە. بنیاتنەری مانایەکی ڕوو لە داھاتووە کە ڕوانگەی ئاسوودەیی و ئازادی و خاوەنماڵی و خاوەنکەرامەتی و خاوەندارێتی پێکەوە گرێ دەداتەوە. بنیاتنان ھێزی زۆرتر و ئیرادەی قورستری دەوێ و ڕوو لە داھاتووە، لە کاتێکدا خۆڕاگری وزەیەکی مومکین لەپێناوی ئەمڕۆدایە.

کاتێک لەسەر خاکێک خۆڕاگری دەکەی، تەنیا و تەنیا مانەوە بەلاتەوە گرنگە، بەڵام گەر بتەوێ لەسەر ھەمان خاک شتێک بنیات بنێی، ئیدی دەبێ لە ھەمان کاتدا کە تێچووی مانەوە دەدەی، تۆوی بەرھەمی داھاتووش بچێنی. چونکە بیر لەوە دەکەیتەوە لە سبەینێی مانەوەدا چی لەم خاکە دەڕوێ و کێ و کێ پێکەوە چۆن لەسەر ئەم خاکە دەژین و چۆن لە سێبەری درەختەکانی و لە دڵۆپە ئاوەکانی ڕووبارەکانی چێژ و بەھرە وەردەگرن.

تۆ کە لە بیری بنیاتناندا دەبی، ئەمڕۆت نابێ بە کۆتا ڕۆژ، بەڵکوو سبەینێ دەبێ بە بایەخی گرنگی مزگێنییەکانت.

ئەم خاکە ئەو کاتە دەبێ بە نیشتمان بۆت کە تێیدا ھەست بە ئاسوودەیی و سەروەری بکەی و پێشمەرگەی بنیاتنەری نیشتمان ئیدی تەنیا و تەنیا وەپێش مەرگ ناکەوێ، بەڵکوو دەبێ بە ڕێخۆشکەری داھاتوویەکی پڕ لە ئازادی و کەرامەت و ئاسوودەیی.

ئەم پارادایمە نوێیە شیکردنەوەی زۆرتری دەوێ و سروشتییە کە لێکدانەوە و لێکەوتەی جیاوازیشی لێ بکەوێتەوە، بەڵام گرنگە کە لە بیری دروستکردنی داھاتوودا بین؛ پێشمەرگەی بنیاتنەری نیشتمانێک بین کە لە ڕابردوودا ناچەقێ، بەڵکوو ڕوانینێکی دیکە دێنێتە ئاراوە بۆ مانابەخشین و سەربەرزی.