کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارچێوەی تیۆری و کردەیی حیزبی دێموکرات بۆ هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن

15:40 - 25 سەرماوەز 2725

ئارەش ساڵح

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، «پرسی کورد»ی نەک وەک قەیرانێکی ئەمنی یان بابەتێکی تەنیا نەتەوەیی، بەڵکوو وەک پرسێکی سیاسی – حقووقی پێناسە کردووە؛ پرسێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئینکارکردنی سیستەماتیکی مافە نەتەوەییەکان، ناوەندگەرایی زێدەڕۆ و پێکهاتەی دەسەڵاتداری لە دەوڵەت–نەتەوەی ئێراندا هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەم حیزبە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە کەمترین تێچوو، واقیعبینانەترین و کاریگەرترین ڕێگەچارەی پرسی کورد لە ئێران، دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵدا. ئەم ڕێگەچارەیە نە داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکات و نە لەسەر بنەمای سڕینەوەی خەڵکی دیکەیە، بەڵکوو بە دوای پێناسەکردنەوەی دادپەروەرانەی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا.

مەرجی پێویست و تەواوکەر لە ڕوانگەی حیزبی دێموکرات

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بوونی سیستەمێکی دێموکراتیک لە تاران مەرجێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەڵام ئەم مەرجە بە هیچ شێوەیەک بەس نییە. ئەزموونی مێژوویی ئێران – چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە کۆماری ئیسلامیدا – ئەوەی نیشان داوە کە تەنانەت لە ساتەوەختە کورتەکانی کرانەوەی سیاسیشدا، نەبوونی گەرەنتییە پێکهاتەییەکان بۆ مافەکانی نەتەوەکان، بووەتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان پەیوەندییەکانی زاڵبوون و سەرکوتکردن.

لەبەر ئەمە، حیزبی دێموکرات جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکاتەوە کە مەرجی تەواوکەر، دامەزراوەیی‌بوونی مافەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێرانە لە چوارچێوەی سیستەمێکی "فیدراڵی ناهاوسان" (غیرمتقارن)؛ سیستەمێک کە تێیدا جێبەجێکردنی سەروەریی نێوخۆیی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی دەزگای یاسایی، هەڵبژێردراو و گەرەنتیکراوەکان لە دەستووری بنەڕەتیدا بەفەرمی بناسرێت.

دوو بەرەی تەواوکەری خەبات

لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە لە دوو بەرە و دوو ئاراستەی تەواوکەردا پێناسە کراوە:

١. خەبات بۆ جێگیرکردن و قووڵکردنەوەی دێموکراسی لە ئاستی سەرانسەری ئێراندا.

٢. هەوڵدان بۆ دابینکردنی سیستەمێکی فیدراڵ کە تێیدا مافە نەتەوەیی، سیاسی، فەرهەنگی و بەڕێوەبەرییەکانی نەتەوەی کورد بە شێوەیەکی دامەزراوەیی گەرەنتی کرابێت.

ئەم دوو ڕێچکەیە ڕکابەری یەکتر نین، بەڵکوو لە بنەڕەتدا پێکەوە گرێدراون؛ چونکە بەبێ دێموکراسی، فیدراڵیزم دەبێتە دروشمێکی بێ ناوەڕۆک، و بەبێ فیدراڵیزم، دێموکراسی لە ئێراندا هەمیشە کەم‌وکورت، ناجێگیر و لەبەردەم گەڕانەوە بۆ ناوەندگەریی دەسەڵاتخوازانە دەبێت.

پێوەری هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن

لەم چوارچێوە تیۆری و کردەییەدایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێگە و جۆری پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گرووپ و ڕەوتە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێناسە دەکات.

لە ڕوانگەی ئەم حیزبەوە، هەموو ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕووی ئەگەری هاوکاری لە یەک ئاستدا دانراون؛ بەم واتایە کە هاوکاری لەگەڵ هەر ڕەوتێک، نەک لەسەر بنەمای ناو، مێژووی پێشوو یان قەزاوەتە گشتییەکان، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕادەی هاوڕایی ڕاستەقینەی ئەو ڕەوتە لەگەڵ دوو تەوەری سەرەکیی خەباتی حیزبی دێموکرات – واتە دێموکراسی و فیدراڵیزم لەسەر بنەمای داننان بە مافەکانی نەتەوەی کورد – هەڵدەسەنگێنرێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چۆنیەتی و ئاستی هاوکاریی خۆی لەگەڵ هێزە جیاوازەکان لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنە دیاری دەکات کە ئەم هێزانە تا چەند، نەک تەنیا لە قسەدا بەڵکوو لە کرداردا، لەگەڵ ئەم دوو داخوازییە بنەڕەتییە هاوڕان. بە دڵنیاییەوە، ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەوانەیە لە ڕابردوودا تووشی هەڵە بووبن یان هەڵسەنگاندنی گشتی لەنێو حیزبدا سەبارەت بەوان ئەرێنی یان نەرێنی بێت؛ بەڵام ئەم خوێندنەوە و بڕیارانە، بابەتێکی نێوخۆیی حیزبن و بنەمای سەرەکیی هاوکاری، ڕەفتاری سیاسیی ئێستا و ئاراستەی کردەیی هێزەکانە لە ئاست پرسی دێموکراسی و پرسی کورد، نەک یەکلاییکردنەوەی حیساباتی مێژوویی یان داوەریی ڕەها.

تێگەیشتنی حیزبی دێموکرات لە هەڕەشە و پێگەی خۆی

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵسەنگاندنێکی زۆر ئەرێنی بۆ پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. پەرەسەندنی قووڵایی ڕێکخراوەیی حیزب، یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و هاوڕایی کردەیی و سیمبۆلیی خەڵک لەگەڵ بەرنامە و چالاکییەکانی، ئەم کۆبەندییەی بەهێز کردووە کە هیچ ڕەوتێکی سیاسی توانای ئەوەی نییە هەڕەشە لە پێگەی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکرات لە کوردستان بکات. لەم ڕوانگەیەوە، حیزبی دێموکرات نە ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نە بەتایبەت ڕەوتە ناسراوەکانی سەر بە نەتەوەی فارس وەک هەڕەشە بۆ سەر بوون یان پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی سەیر ناکات.

ئەوەی لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە بە هەڕەشەی ڕاستەقینە دادەنرێت، پەیوەندییەکانی دەسەڵاتن کە لە ئێراندا بەدامەزراوەیی بوون؛ پەیوەندیگەلێک کە ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە بە گۆڕینی ڕێژیم لانیکەم لەنێو ناچن. بە پێچەوانەوە، هەر هێزێک دەسەڵات لە ناوەند بگرێتە دەست – تەنانەت ئەگەر خۆی بە دێموکرات، ڕیفۆرمخواز یان خێرخواز بزانێت – بە نەبوونی گەرەنتییە پێکهاتەییەکان، بە ئەگەری بەهێزەوە خوازیاری دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان شێوازی ناوەندگەرایی و سەرکوتکردن بەرامبەر بە نەتەوەی کورد دەبێت. ئەم نیگەرانییە نەک لە گوماناوی‌بوونێکی ئەبستراکتەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکوو بەرهەمی ئەزموونێکی مێژووییە کە چەندین جار دووبارە بووەتەوە و لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە بەتەواوی ڕەوا و بەڵگەمەندە.

ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە داهاتووی ئێران

لەسەر هەمان بنەما، پرسی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارودۆخی ئێستادا، دۆزینەوەی ئەگەری هاوکارییە لەگەڵ ئەو ڕەوتانەی کە لە زمان، ئەدەبیات و چوارچێوەی شیکاریی خۆیاندا، پرسی کورد و سروشتی پێکهاتەیی سەرکوتکردنی ئەم نەتەوەیە بەفەرمی دەناسن. ئەم بەفەرمیناسینە، نەک تەنیا یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی گوتاری دێموکراتیک لە ئاستی کۆمەڵگەی ئێراندا، بەڵکوو زەمینەیەکیش دەڕەخسێنێت کە لە داهاتوودا، بەرپرسیارکردنی هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان یان هاوبەشانی دەسەڵات، ئاسانتر، ڕوونتر و لەسەر بنەمای پابەندبوونێکی ڕوون جێبەجێ بکرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها لەسەر ئەو بڕوایەیە کە دەبێت بەشێک بێت لە ڕێگەچارە، نەک تەنیا چاودێر یان ڕەخنەگر بێت. لەبەر ئەمە، ئەم حیزبە خۆی بە نوێنەری سیاسیی نەتەوەی کورد لە پڕۆسەی دامەزراندنی ئێرانی داهاتوو دەزانێت؛ نوێنەرایەتییەک کە بوونی، گەرەنتیی ڕەوتێکی تەندروستتر، هاوسەنگتر و دادپەروەرتر لە پێناسەکردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵات دەکات. ئەم جۆرە نوێنەرایەتییە ئەو ئەگەرە دەڕەخسێنێت کە مافەکانی نەتەوەی کورد نەک لە پەراوێزدا، بەڵکوو لە نێوەڕاستی پڕۆسەی گواستنەوە و داڕشتنی سیستەمی سیاسیی نوێی ئێراندا لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆتاییدا، دەبێت جەخت بکرێتەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کردەوەدا نیشانی داوە کە بەهۆی بوونی بەربڵاو لە ئاستی کۆمەڵگەی ئێراندا، سوودمەندبوون لە ڕێکخراوێکی یەکگرتوو و بەدەنەیەکی بەهێز، و سەربەخۆیی دارایی کە وای لێ کردووە پێویستی بە یارمەتییە دەرەکییەکان نەبێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی دیاریکەر لە پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە، ڕیشەدار و بەپرسیاردا بگێڕێت. ئەم حیزبە نەک تەنیا توانای گێڕانی ئەم ڕۆڵەی هەیە، بەڵکوو بە ئاشکرا ئیرادەی خۆیشی بۆ ئەمە نیشان داوە. چوارچێوە تیۆری و کردەییەکانی ئەم ڕۆڵە، بە کورتی لەم بابەتەدا باس کران.