ڕاپۆرتی ساڵانەی "پێنوێنی ئازادیی مرۆڤ" لە ساڵی ٢٠٢٥دا نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان ١٦٥ وڵاتی جیهاندا، پلەی ١٦٤ی هەیە و لە بواری ئازادییە تاکەکەسی، مەدەنی و ئابوورییەکانەوە هەروا لە ڕیزی داخراوترین کۆمەڵگەکانی جیهاندایە.
ئەم ڕاپۆرتە کە بە شێوەی هاوبەش لەلایەن دامەزراوەی "کێیتۆ" و دامەزراوەی "فریزر"ـەوە بڵاو کراوەتەوە، ئازادی وەکوو "زۆر لێ نەکردن و سەپاندن" پێناسە دەکات و بە کەڵکوەرگرتن لە ٨٧ پێنوێن، دۆخی ئازادییە کەسی، مەدەنی و ئابوورییەکانی وڵاتان هەڵدەسەنگێنێ.
بەپێی ئاکامەکانی ئەم هەڵسەنگاندنە، ئێران لە زۆربەی بوارە گرینگ و هەستیارەکانی وەک ئازادیی ڕادەربڕین و زانیاری، ئازادیی کۆبوونەوە و ڕێکخستن، سەروەریی یاسا، مافی ژنان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئیمتیازگەلێکی زۆر کەمی بەدەست هێناوە.
لەم ڕاپۆرتەدا، ئێران لەپاڵ وڵاتانێکی وەک سووریە و وێنێزۆئێلادا جێگای گرتووە کە بە سەرکوتی ئازادییە مەدەنییەکان، دەستێوەردانی بەربڵاوی دەوڵەت لە ژیانی هاووڵاتییان و گوشارە ئابوورییە توندەکان ناسراون.
ئەم پێنوێنە هەروەها نیشانی دەدات کە وڵاتانێک کە لە کۆتایی خشتەی ئازادیدا جێگایان گرتووە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاسایشی گشتی، دابەزینی کوالێتیی ژیان و تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوون.
جێگاگرتنی بەردەوامی ئێران لە کۆتایی ڕیزبەندی پێنوێنییەکانی ئازادی لەم ساڵانەی دواییدا، نیشاندەری ئاشکرای سەرکوتی بەربڵاوی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان و سنووردارکردنی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.