کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەڵدای خوێناویی دێموکرات! (لە ئایینی میتراوە، تا دەنکەهەنارەکانی "زامستان")

12:14 - 29 سەرماوەز 2725

عەلی لەیلاخ

زۆربەمان هەر لە منداڵییەوە بە ناوی شەوچلە و ئەو بۆنە مێژووییە ئاشناین کە پێی دەڵێن درێژترین شەوی ساڵ؛ شەوێک کە بنەماڵەکان تێیدا لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و بە دەنکەهەناری دڵخۆشی، پێشوازی لە زستانی سەخت و دژوار دەکەن.

شەوچلە یان هەمان یەڵدا، لە بۆنەیەکی وەرزێڕی و سروشتییەوە بووەتە یادێکی کولتووری و چەندین ساڵە وەک نەورۆز، جیا لە یادکردنەوەی خێزانی، بە شێوەی بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەییش لە کوردستان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

لەسەر مانا و چەمکی یەڵدا ڕای جیاواز هەیە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی کوردیبوونی ئەم ناو و نەریتە، هەم بەپێی جوگرافیا و هەم ڕۆژمێری کۆنی کورد، لە زمان و کولتووری دانیشتووانی زاگرۆس لە سەرەوە تا خوارەوە نزیکترە.

شەوچلە یان هەمان یەڵدا، ڕووداوێکی گەردوونییە و لەو شەوەدا، واتە کۆتا شەوی مانگی سەرماوەز (٢٠ لەسەر ٢١ی دیسەمبەر)، بەرەبەرە ڕۆژەکان درێژ دەبنەوە و شەوانی درێژی پاییزی کۆتاییان پێ دێت. لە دیدی ئەفسانەییەوە بە شەوی لەدایکبوونی خۆرەتاویش ئاماژەی پێ دراوە.

بە وتەی ئەبووڕەیحانی بیروونی، مێژوونووس و ئەستێرەناسی ئێرانی، مەبەستی سەرەکی لە "میلاد" یان "زایین"، لەدایکبوونی خۆر و وەرچەرخانی زستانەیە کە لە ڕۆژمێری کوردیدا بە چلەکان ناسراون.

لە مانا سریانییەکەیدا "یەڵدا" هەمان لەدایکبوونی هەتاو و ڕووناکییە و بە شەوی لەدایکبوونی مەسیح واتە نۆئێلەوە دەیبەستنەوە. بەڵام چ لە باری زمانەوانییەوە و چ کولتووری، مانا و مێژووی زۆر کۆنتری لە سەردەمی مەسیح هەیە و لە بنەڕەتدا وشەی "یەڵدا" لە کوردی و لوڕی و زاراوەکانی دیکەدا مانادارترە تا فارسی و سریانی.

"دا" هەمان دایە و دایکە، زاراوەیەکی زاگرۆسییە و لە سەرەوە تا دوایین گوندەکانی ناوچەی بەختیاری یەک مانای هەیە.

"یەڵ" و "یەل" بە مانای گەورە و بەهەیبەت دێت کە ناوی چەند شوێنی دیکەش لە کوردستان هەڵگری هەمان مانایە. وەک شاخی قەڵای یەڵان لە ناوچەی لەیلاخ کە مانای قەڵای یەڵە و گەورەکانە، یان گوندی مەنیجەڵان لە بانە.

کەواتە "یەڵدا" دەتوانێ مانای "دایەگەورە" بدات و لەگەڵ ئەفسانەی ئەم شەوە مێژووییەش دێتەوە، کە تا درەنگانی شەو خەڵکی کوردستان لە تەنیشت دایک و باب و کالان پێکەوە دادەنیشتن و گوێیان لە قسەی نەستەق و حەکایەت و چیرۆکەکان دەگرت و چەندین گۆرانی لەم شەوە درێژەدا لەدایک بوون.

هەر بەپێی ئەو پێناسانەی بۆ شەوی یەڵدا یان شەوچلە لە فەرهەنگەکانی دیکەدا دەکرێت، بۆمان دەردەکەوێت کە زیاترین پێوەندیی بە ئایینی میترا و میهرپەرەستییەوە هەیە، کە چاوگەی سەرهەڵدانی، هەمان زاگرۆس و زێدی کوردانە.

لە بەردەنووسی شاخی بێستوون، ٥٠٢ ساڵ پێش زایین واتە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، باسی میهر و ئاناهیتا بە شێوەی جۆراوجۆر کراوە.

دەگوترێ خودی میترا دایکەخودایە و ئەفسانەی لەدایکبوونیشی لەگەڵ شەوی چلە جێی تێڕامانە، کە دەڵێن لە دڵی گاشەبەردێک و لەسەر گەڵای نیلۆفەرێکی نێو ئەشکەوتێکی تاریکدا لەدایک بووە. لەدایکبوونی ئەو لە درێژترین شەوی ساڵدا، موژدەبەخشی ڕووناکی و ڕۆژانی بەرەو درێژبوونەوەیە.

ئەمە کورتەیەک بوو لە پێناسە و مانای شەوی چلە یان هەمان یەڵدا، کە بە هەردوو ناو، نازناوێکی سروشتی و کولتوورییە و ئاشنایە بە فەرهەنگ و نەریتی کوردان.

هەر بەپێی هەمان نەریت کە ساڵگارێکە خەڵکی کورد بە خێزانی ڕێز لەو یادە کولتوورییە دەگرن و بووەتە یەکێک لە یادەوەرییە بەکۆمەڵەکانی خەڵکی کورد، وا دەبێتە ٩ ساڵیش کە ئەم یادە مێژووییە، بووەتە وەبیرهێنەرەوەی کارەساتێکی دیکە لە جەستەی نیشتمان و لە مێژووی پێشمەرگایەتی و زامە گەورەکانی دێموکرات.

یەڵدای خوێناویی دێموکرات و دەنکەهەنارەکانی زامستان!

شەوچلەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە و خەریکی دەنککردنی هەنار و ئامشۆکردن و شەوچەرەی پاییزی بوون، بەشێک لە کوڕ و کچانی هەمان خەڵک و زێد، بەڵام لە سەنگەری دێموکرات و پێشمەرگایەتی، بە هەمان نەریت ئەوانیش لە تەم‌وتومانی تاراوگە و غوربەت، لە درێژەی شەوی خەبات و بە یادکردنەوەی ئەو بۆنە کولتوورییە کە هاوکاتە لەگەڵ شەوی لەدایکبوونی یەکێک لە مەزنە ڕێبەرانی ئازادیخوازی گەلەکەمان، واتە دوکتۆر قاسملووی کوردان؛

لە کۆڕێکی پێشمەرگانە و بە سەمایەکی ئازادیخوازانە و هەڵپەڕکێیەکی خۆماڵی کۆ بوونەوە، بە هەناسەگەرمی شکاندنی زستان و بە پشتئەستووری بە ٢٦ی سەرماوەز، وزەی ڕۆژیان پێ بوو لەگەڵ بریقەی مێهری میترائاسا! بەداخەوە هەر لەو شەودا دوو بۆمب لە کۆڕی پێشمەرگانە و کولتووریی حیزبی دێموکرات تەقێندرانەوە و لە شەوی لەدایکبوونی خۆر و ڕۆژ و قاسملوو، ڕێبوارانی هەمان سەنگەر برینێکی گەورەیان لێکەوت کە پاش ٩ ساڵ وەکوو دەنکەهەناری هەورامان هەر بە سووری ماوەتەوە!

شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات، هاوکات ئاماژەیەکە بە زامێکی دیکە لە مێژووی خەبات و خۆڕاگریی ئێمەمانان، بە هەمان شێوە ناونیشانێکە بۆ ناساندنی دەسەڵاتێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی کە تەنیا دیکتاتۆر نییە، بەڵکوو ڕووی دیکتاتۆرەکانی لە زۆر بارەوە سپی کردووە.

کۆماری ئیسلامی، لانیکەم لە دیدی منی کورد و خەباتکارانی کوردەوە تەنیا دیکتاتۆر نییە! بەڵکوو ڕێژیمێکە بەتاڵ لە هەر چەشنە بەهایەکی مرۆیی و ئەخلاقی و حاکمیەتێکی تۆتالیتێرە کە لە بۆنە کولتوورییەکانیشدا دەتوانین شوێنپێی تیرۆر و تاوانەکانی بدۆزینەوە.

پاش تۆپبارانی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، نموونەی هەرە زیندووی تیرۆریست‌بوونی ئەو ڕێژیمە، کارەساتی شەوی یەڵدای خوێناویی دێموکراتەکانە لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی، کە لەو شەوئاهەنگەدا پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە بەدوور لە باوان و بنەماڵەی خۆیان یادێکی کولتوورییان بە شەویادی لەدایکبوونی یەکێک لە ڕێبەرانی گەلی کورد، واتە قاسملووی زانا، لە سەنگەری سوورخەڵاتی ئەو ڕێبەرە شەهیدەدا بەرز ڕاگرتبوو؛ بەڵام بە تەقینەوەی بۆمب پۆلێک پێشمەرگە بە ناوەکانی عەلی قۆیتاسی، وه‌هاب میرخزری، ئه‌رسەلان عەباس‌نیا، سالار باقری و ناسر کەریمی، لەگەڵ دوو پێشمەرگەی ئاسایشی کۆیە بە ناوەکانی عەدنان عەبدوڵڵا و سەنگەر سەتتار، خوێنیان سەرلەنوێ تێکەڵی ڕووباری ئازادیی کوردستان بوو.

هەر ئەم کارەساتە پێناسەیەکی ورد و مێژووییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەگەر لە لایەکەوە لە ڕەهەدی فەرهەنگییەوە خەریکی چەواشەکاریی مێژووییە و بۆنەکانی تۆ وەکوو نەتەوە بە ناوی خۆی تۆمار دەکا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چاوی بە کۆڕێکی پێشمەرگانە هەڵنایە و بۆمب لە تەنیشت هەڵپەڕکێ دادەنێ و تامی هەناری شەوچلەت لێ تاڵ دەکا.

لە شەوی لەدایکبوونی میترا و دەرکەوتنی مێهر و پەرەستنی ئاناهیتاوە تا ئەو ڕۆژەی وا پێشەوای کوردان و هاوڕێیانی باسیان لە ڕۆژی نەخشێنراوی ناو ئاڵای کوردستان کردووە تا ئەمڕۆ کە یادی شەهیدانی شەوی یەڵدای خوێناویی بەرز ڕادەگرین، ئەم هەقیقەتە بە هیچ تاریکی و تاریکپەرەستییەک ناشاردرێتەوە کە چرای سەربەستی و سەربەرزیمان، چونکە ڕیشەی لە مێژووی ئەم خاک و وڵاتەدا هەیە، ناکوژرێتەوە.

بە وتەی داستایۆفسکی: "زستان بۆ کەسێک ساردە کە یادگارییەکی گەرمی نەبێ."

ئێمەی کورد، بەتایبەتی خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگەکانی سەنگەری خۆرەتاو، هێندەمان یادگاریی گەرم هەیە، وەکوو یاد و ناوی لەدایکبوونی ڕێبەر و شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات، کە دڵگەرمتر و بەورەتر لە جاران، بە هیوای جریوەی مەلی ئازادی، لە جەنگەڵی تاریکایی ستەمدا هەنگاومان سست نابێت و هەناومان سارد نابێتەوە.

شەوی یەڵدای ئەمساڵ، واتە شەوچلەی ٢٧٢٥ی کوردی، هاوکاتە لەگەڵ ٩٥ەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دوکتۆر قاسملووی مەزن، کە چەندین ساڵە خەباتکارانی کورد و خەڵکی بەئەمەگ و لەسەر هەستی کوردستان، لەتەنیشت ئەو یادە کولتوورییە، یاد و ناوی ڕێبەری لێوەشاوەی کورد، شەهید عەبدولڕەحمان قاسملووش بەرز ڕادەگرن.

ئەگەر لە ئایینی مەسیحیدا شەوی یەڵدا بە شەوی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەستنیشان کراوە، بۆ سەوداسەرانی ئازادیی کوردستانیش جێگەی خۆیەتی ڕێز لەو ڕێبەرە ئاشتیخوازە بگرن کە بە خوێنی خۆی بەها مرۆییەکانی ئاشتی و دیالۆگ و ئازادی و دێموکراسی نەخشاند.

هەر لە تۆرەمەی جەلادانی قاسملووکوژ، ٩ ساڵ لەمەوپێش ئاهەنگی شەوچلەی بەشێک لە کچ و کوڕانی تەرەبووی نیشتمان و سەنگەرپارێزانی دێموکرات بە دوو بۆمب تەقێندرایەوە و بەداخەوە لەو کردەوە تیرۆریستییەدا، کە هەر لە کۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە، پۆلێکی دیکە لە پێشمەرگەکانی ڕێبازی ئازادیی کوردستان و مەتەرێزی شەرەفی دێموکرات شەهید کران. شەوچلەی کوردیمان بوو بە شەوی یەڵدای خوێناویی دێموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو بیرەوەرییە بەکۆمەڵە، واتە بۆنەی مێژوویی شەوی چلە، یاد و ناوی قاسملووی کوردان و شەهیدانی شەختەی ستەم و سەرفەرازانی مێژووی ڕووسووری خەبات بەرز ڕادەگرن.

چونکە هەر لە مەکتەبی لەدایکبووی شەوی یەڵدا، قاسملووی ڕێبەر، فێربووین کە باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدان بە ڕێگایانە!

ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی گەل، بە تایبەتی شەهیدانی شەوی یەڵدای خوێناویی دێموکرات، تا سەرمەنزڵی ئازادی بەردەوام.