
د. قادر وریا
دوو ژمارە لە ژیانی:
ئەم چەند ڕۆژەی دوایی کە بەرەو یادی لەدایکبوونی د.قاسملوو دەهاتین، بەردەوام دوو ژمارە لەبەرچاوم دەهاتن و دەچوون. دوو ژمارە، تەواو مێشکم و بیرکردنەوەمیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو. د.قاسملوو لە تەمەنی ٥٩ ساڵی دا شەهید بوو. ئەگەر ئێستا لە ژیاندا بایە، تەمەنی دەبوو بە ٩٥ ساڵ. واتە ئەمشەو(شەوی دادێ) جێژنی ٩٥ ساڵەی لەدایکبوونی دەگرت. هەرچەند لە سەردەمی ژیانیدا، هیچ کات نەمدیت و نەمبیست جێژنی لەدایکبوونی بۆ بگرن؛ تەنیا جارێک نەبێت، ئەویش لە کۆتایی کۆنگرەی حەوتەم (٣٠سەرماوەزی ١٣٦٤)دا بوو. کاتێک، شەوەکەی کە دەبووە شەوزستان، دوای شام خواردن هاتینەوە ساڵۆنی کۆنگرە هەتا تەواوبوونی کۆنگرە بکەین بە جێژن. مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە چووە پشت تریبون. هەواڵی پێداین کە کەمێک بەر لە ئێستا کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێراوی کۆنگرە لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا، هاوڕێی تێکۆشەر د.قاسملووی بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژاردەوە. ئەوەشی پێڕاگەیاندین کە جێژنی کۆتایی کۆنگرەکەمان ڕێکەوتە لەگەڵ یادی ٥٥ساڵەی لەدایکبوونی د.قاسملوو، بۆیە وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی د.قاسملوو لە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا، ئیجازەی لە بەشدارانی کۆنگرە خواست بە نوێنەرایەتیی ئەوان، پیرۆزبایی ئەم یادە لە د.قاسملوو بکات و دیارییەکی سەمبولیکیشی پێشکەش بکات. ئەوە یەکەمجار و دواجار بوو کە من دیتم و زانیم لەسەردەمی ژیانیدا، یادی لەدایکبوونی بکرێتەوە.
ئەم دوو ژمارەیە( ٥٩ و ٩٥)، لە ڕواڵەتدا لێک نزیکن. ژمارەیەکی دوو ڕەقەمی کە تەنیا جێگای ڕەقەمەکانی ٥ و ٩ گۆڕاون، مەودای نێوانیشیان کە دەکاتە ٣٦، بە بەراورد لەگەڵ مەودای بچووکترین و گەورەترین ژمارەکانی دنیای حیسابات، زۆر کەمە. د.قاسملوو لە نووسینێکی خۆیدا کە پێوەندیی بە مێژووی چل ساڵەی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە دەنووسێت: «چل ساڵ لە تەمەنی مرۆڤێکدا زۆرە، بەڵام لە ژیانی گەلێکدا تەنیا ساتێکە.» مەودای نێوان ئەم دوو ژمارەیەش- ئەو کاتەی بیر لە تەمەنی "بوون" و مێژووی نەتەوەکان دەکەینەوە- زۆر نییە، بەڵام کە بیرمان لەسەر تەمەنی مرۆڤێک، بە تایبەتی مرۆڤێکی وەک د.قاسملوو چڕ دەبێتەوە، ماوەیەکی زۆرکەمە. قاسملوو تەنانەت دوو ٣٦ ساڵییش کە دەکاتە ٧٢ ساڵ نەژیا، ئەو ٥٩ ساڵ ژیا! یانی لە تەمەنی ئیستای منیش، سێ ساڵ کەمتر! ئەز لە گۆشەنیگای کورتیی تەمەنیەوە، بیر لەسەردێڕێک دەکەمەوە: ئەگەر قاسملوو پتر ژیابا!
جیهان لە دوای نەمانی:
ئەگەر لەتەمەنی ٥٩ ساڵیدا، د.قاسملوو گیانی لێ نەستێندرابا و هەر تەنیا دوو ساڵی دیکە لەژیاندا مابایە، ڕووخانی دیواری بێرلین، لەبەر یەک هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەتی و کۆتاییهاتنی شەڕی ساردی دەدیت. ئەگەر لەو دوو ساڵە زیاتر ژیابا، بۆ نموونە ٧٠ ساڵ تەمەنی کردبا، نەک هەر ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، ڕاگەیەندرانی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەی پارێزراو لە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە و، دامەزرانی پارلمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو زیاد بوونی چەندین وڵاتی دیکە لەسەر نەخشەی جوگرافیای سیاسیی جیهانی دەدیت. هەر لەم دەیەدا بوو کە ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەیەک وتەدا کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، بە پێداگریی ولاتی فەرانسە، ملیان بۆ بنەمایەکی گرنگ ڕاکێشا، ئەویش بنەمای "دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانەی نێودەوڵەتی"بوو. بەم جۆرە لە چەند شوێنی جیهان، بۆ نموونە لە عێراق، لە یۆگۆسلاڤیی پێشوو، لە سۆماڵی، لە ڕواندا، لە هائیتی، لە تیمۆری ڕۆژهەڵات و لە سیرالیئۆن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فریای خەڵکی شەڕلێدراو و گرفتاری دەستی ڕێژیمە دیکتاتۆرو خوێنڕێژەکان کەوت. "بێرنارد کۆشنێر"ی دۆستی نزیک و بەنرخی د.قاسملووش، یەک لە پێشەنگانی جێبەجێکردنی ئەم دەستێوەردانە مرۆییە بوو. مەبەست لەم ئاماژانە، ئەوەیە کە بڵێم جیهان قەڵەمبازێکی هاویشتبوو، هەلومەرجێکی نوێی جیهانی لە بەرژەوەندی پرسی نەتەوە بیدەوڵەتەکان پێکهاتبوو. پرسی نەتەوەی دابەشکراوی کوردیش لە کۆڕ و کۆمەڵی نیودەوڵەتیدا بە ڕۆژەڤ ببوو. ئەم هەلومەرجە پیاوی خۆی دەویست؛ ڕێبەری سیاسیی بە ئەزموون و داهێنەر، دیپلۆماتی بەتوانا و شارەزا لە دۆخی نێودەوڵەتی کە هەلومەرجەکە لە قازانجی نەتەوەکەی بقۆزێتەوە. د.قاسملوو ڕێک ئەو کەسە بوو بەڵام بە داخەوە لە ژیاندا نەمابوو.
ژیان لە دوای نەمانی:
قاسملوو، "غەیبزان" نەبوو، واتە ڕووداوەکانی دوای شەهید بوونی خۆی- بەم جۆرەی ڕوویاندا-، پێش بینیی نەکردبوون. ڕووداو و ئاڵوگٶڕەکانی ٣٦ ساڵی ڕابردوو، جگە لەوەی بە ژمارە زۆر و بە قەبارە گەورەن، فرە ڕەهەندیشن. لە هەر بارێکەوە چاو لێ بکەین: لە باری سیاسی، ئابووری، کولتووری،زانستی، تەکنۆلۆژی و پێوەندییەکان، ئێمە سالانێکە پێمان ناوەتە دنیایەکی سەت قات جیاواز لە هی سەردەمی د.قاسملوو. ئەو نەوە (نەسل) یان ئەو نەوانەی لە دوای ئاوابوونی ئەستێرەی ژیانی د.قاسملوو، لە کوردستان و ئێران لەدایک بوون، لە جیهانێکی زۆر جیاوازدا ژیاون و پێگەیشتوون. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەدی هۆی چییە لای ئەو نەوە نوێیانەی کوردستان، ناوی قاسملوو و ئەندێشەکانی نەک هەر نامۆ و نەناسراو نین، بەڵکوو لە هەموو ناوەکان خۆشەویستتر و لە هەموو باوەڕ و ئەندێشەیەک، لە خۆیانی بە نزیکتر دەزانن؟ چەندین ساڵە لە سەرهەر شەقامێکی ڕاساو لە داگیرکراوی و لە نێو هەر ئاپۆرایەکی خرۆشاوی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا دروشمی " قاسملوو! قاسملوو! ڕیگات درێژەی هەیە" دەبیستین، ساڵ بە ساڵ و جار بە جاریش، بە گوڕتر! نهینیی زیندوو مانەوەی ناوی، گەشانەوەی ئەندێشەکانی و بووژانەوەی ڕێبازەکەی، چەند دەیەی دوای شەهیدبوونیی لە چیدایە؟
نهێنی و هۆی هەرمانی:
کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە د.قاسملووی ڕیبەردا یەکیان گرتبوو، ئەم تایبەتمەندییانە کەسایەتییەکی کەم وێنە و ڕێبەرێکی بەتوانایان لێ دروست کردبوو. ئەو کە پەروەردەی ژینگەیەکی زانستی و گەورەبووی نێو کولتوورێکی ئازاد و دیموکراتێک بوو، توانایی زانستی، زمانزانی، بیرکردنەوەی فراوان و کراوەیی فەرهەنگیی خۆی خستبووە خزمەت کۆمەڵێک ئامانجی بەرز و پیرۆز. پێش هەموو ئامانجێک ڕزگاریی نەتەوەکەی لەژێر دەستی و ئازادکردنی کوردستان لە داگیرکراوی. بەڵام لە هزری د.قاسملوودا، ئەم ڕزگارییە، گرێدراوی دیموکڕاسی بوو. قاسملوو پێیوابوو نەتەوەیەک ئەگەر مافی دیاریکردنی چارەنووسیشی هەبێت، بەڵام لە دیموکراسی بێبەش بێت، هەر بە ئازاد و ڕزگاربوو دانانرێت. لە هزر و ئەندێشەی د.قاسملوودا، ڕزگاری و ئازادبوونی مرۆڤ ناتەواو دەبێت، ئەگەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی لەگەڵدا نەبێت. لە ڕوانینی ئەو ڕێبەرە بیرمەندەدا، مرۆڤ ئەگەر ئازادیی هەبێت و نانی نەبێت بیخوات، یان نانی هەبێت و بە ئازادیی نەژیت، هەر بەختیار نییە. کۆمەڵێک بەختیارە کە هەر دوو ئەم نیازە بنەڕەتییانەی مرۆڤ پێکەوە دابین بکات. دیارە وەنەبێت د.قاسملوو ئازادی و ئاسوودەیی تەنیا بۆ کۆمەڵ و ژیانی کۆمەڵایەتی داوا کردبێت. ئازادیی تاکەکەسی و خودی مرۆڤ وەک تاکێکیش لە ئەندێشە و باوەڕەکانی د.قاسملوودا،جێگەیەکی دیاری هەبوو. هەموو چەوسانەوەیەکی مرۆڤ لەژێر هەر ناوێکدا- ڕەگەزی، چینایەتی، نەتەوەیی، ئایینی، فیکری و ئایدۆلۆژیک- مەحکوومە. ئەو پێی وابوو ئازادیی کەرامەت دەدا بە مرۆڤ و ناهێڵێت بکرێت بە مۆرە، واتە مرۆڤ نابێت کۆیلە بێت، بەدەر لە ئیرادە و بیرکردنەوەی ئازادانەی خۆی بەکار بهێنرێت.
د.قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ شێوەی ژیان و پێکەوە ژیانی بە ئاشتییشدا خاوەنی ڕوانینی ئەوتۆ بووکە بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، کۆن نابن. ئەو جەهل و خوڕافە، دواکەوتوویی، تاریکیپەرستی و مەرگدۆستیی ڕەت دەکردەوە و بە مڵۆزمی ژیانی کۆمەڵ و مرۆڤی دەزانین. داواکاری ئازادیی ژنان و یەکسانیی ژن و پیاو بوو. پێی وابوو هەتا ژنان ڕزگار نەبن، کۆمەڵی ئێمە و نەتەوەی ئێمە ڕزگار نابن. باوەڕی وابوو کە ژنانی ئێران لە شەڕ بە دژی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیی ڕێژیمی ئێراندا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان دەبێت. لایەنگری ئازادژیان و شادژیان و تێر و پۆشتەژیان بوو. بڕوای قووڵی بەوە هەبوو کە مرۆڤەکان دەکرێت و دەبێت بە ئاشتی لەپەنا یەکتر بژین و دینی ئەوان، زمانی ئەوان، نەتەوایەتیی ئەوان، ڕەنگ و ڕەگەزی ئەوان و پێگەی چینایەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەوان، نابێت ببێتە هۆکاری ستاندنەوەی ئاشتی، ئازادی و ئاسوودەیی لە مرۆڤەکان. ئەم باوەڕە بەرز و جوانانە و گیاندانان لەسەریان، ئەویش لە هەوڵێکی ئاشتیخوازانەدا، وایان کردووە قاسملوو و ئەندێشەکانی، قاسملوو و خۆشەویستی و بیرەوەرییەکانی، لەنێو نەتەوەکەی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە زیندوویی بمێنێتەوە و لە خەباتی ئێستا و داهاتووشماندا دژی ستەم و تاریکی و داگیرکاری و چەوسانەوە، لەگەڵماندا بێت و پێشەواییمان بکات.
هەر بۆیە جێی خۆیەتی یادی ٩٥ ساڵەی لەدایکبوونی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە بە شکۆیەکی تایبەتەوە بکەین بە جێژن و، دڵنیایی پێ بدەین کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی، یادی، ناوی و هزر و ئەندێشەکانی هەر وەک ئێستا چرای ڕێگای تیکۆشانمان دەبێت.