کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی دووەم یەکلاییکەرەوەیە

18:51 - 2 بەفرانبار 2725

ئالان بەهرامی

شەڕی دوازدە ڕۆژە لووتکەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەرانبەر ئەو مەترسییانەدا بوو، کە ڕێژیمی تاران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا وەک مۆتەکە خستبوویە سەر ئیسرائیل بەتایبەتی و تەناهیی ناوچەیی و جیهانی بەگشتی.

لەگەڵ ئەوەدا کە لە دوای ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە زەبرگەلی زۆر قورس و گران لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و پەلوپۆیەکانی کەوتووە، بەڵام هاوکێشە ستراتیژی و تەناهییەکە بە تەواوی نەگۆڕاوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەک ملی بۆ ویستی ئەمریکا - ئیسرائیل و ترۆیکای ئورووپایی ڕانەکێشاوە و نایەوێ ببێتە دەوڵەتێکی گونجاو لەگەڵ تەناهیی ناوچەیی و جیهانیدا، بەڵکوو ڕاست بەپێچەوانە بەتوندی خەریکی تەیارکردنەوەی خۆی و پەلوپۆیەکانی لە وڵاتانی ناوچەدایە. دیارە لەم پێوەندییەشدا چەند وڵاتی دژە ڕۆژئاوایی وەک کۆریای باکوور، چین و ڕووسیە هەرچەند هاوپەیمانی ستراتیژیکیشی نین، بە فرۆشتنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی تاڕادەیەک بە هانایەوە هاتوون. ئەمەش لەخۆباییبوونێکی درۆیینی بە ڕێبەر و فەرماندەرانی سەربازیی ڕێژیم بەخشیوە.

ئاکامگیرییەک لە کۆی ڕووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و شەڕی دوازدە ڕۆژە دەریدەخات: یەکەم؛ پرۆسەی ئاشتی لە کەرتی غەزە کە بە پێی ئەو، ڕێکخراوی حەماس دەبێ چەک دابنێ، ئاسۆیەکی ڕوونی نییە. سەرەکیترین هۆکاریشی بریتییە لە درێژەی دەستتێوەردان و پشتیوانیی دارایی و سەربازیی ڕێژیم لەو ڕێکخراوە.

دووەم؛ ڕێککەوتننامەی ئاشتیی ئیسرائیل - حیزبوڵڵا لە ئاکامی ملنەدانی ئەم ڕێکخراوە بە مەرجی چەکدانان، ئەویش ڕاست لەبەر ئەم هۆکارە کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێ کرا، بەکردەوە مایەپووچ ماوەتەوە.

سێیەم؛ ڕێژیمی تاران چارەنووسی خۆی لە گەڕاندنەوەی دۆخ و هاوسەنگیی هێزدا، تەنانەت بۆ پێش حەوتی ئۆکتۆبەریش وێنا دەکات.

چوارەم؛ تاران نەک گومانەکانی پێوەندیدار بە بابەتی زیاتر لە چوار سەد کیلۆ یۆرانیۆمی لە سەدا نەوەت پیتێندراوی خۆی نەڕەواندۆتەوە، بەڵکوو ڕێگە بە پشکێنەرانی ئاژانسیش نادات دامەزراوە ناوکییەکانی بپشکنن.

پێنجەم؛ بە هەموو توانایەوە خەریکی پەرەپێدانی توانای هاژەکیی خۆیەتی.

وەک لە سەرەتادا باس کرا کۆی شەڕ و ڕووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر بە شەڕی دوازدە ڕۆژەشەوە نەبوونە هۆی ئەوە کە هاوکێشە ستراتیژی و تەناهییەکان بە چەشنێک بگۆڕێن کە نەخشەڕێگای تەناهی و داهاتوویەکی سەقامگیریان بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە لێ بەدی بکرێت.

دیارە پێویستە بگوترێ کە پرسی دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران بە چەکی ناوکی، توانای هاژەکیی دوورمەودا و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە، پێوەندیی بە تەناهیی وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداو، ئورووپا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاشەوە هەیە؛ کەواتە پێویستە: یەکەم؛ مەترسییە سەرچاوەگرتووەکان لە توانایی هاژەکی و ناوکیی ئێران بەتەواوی پووچەڵ بکرێنەوە. دووەم؛ دەستێوەردانی حکوومەتی تاران لە وڵاتانی ناوچە (لە ڕێگای گرووپە کلک یان پرۆکسییەکانەوە) کۆتایی پێ بهێندرێت.

دیارە لەم بارەیەوە ڕوانگەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم پرسەوە جیاوازە. لە ڕوانگەی ئیسرائیلییەکانەوە کە حکوومەتی ئێران بە مەترسییەکی بوونەکی هەژمار دەکات، تەنانەت ڕێککەوتنێک کە لە هەر سێ بەستێنەکەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناچار بە ملکەچبوون بکات، ناتوانێ درێژخایەن بێت. چونکە ئەمانە بەشێکن لە شوناسی ڕێژیمی تاران. بۆیە دڵخوازترین بژاردە ڕووخانی ئەم ڕێژیمەیە؛ بەتایبەت لەم بەستێنەدا کە ئەم ڕێژیمە ڕەوایی خۆی لەنێو زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێراندا لە دەست داوە و گیرۆدەی قەیرانگەلی ئابووری، ژینگەیی، بەڕێوەبەری و کۆمەڵایەتییە.

ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمریکا تاڕادەیەکی زۆر لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئیسرائیل نزیکە. دیتمان کە ئەمریکا جگە لە درێژەدان بە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی تاران، لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا، دامەزراوە ناوکییەکانیشی بۆردومان کرد.

لە ڕوانگەی ئەمریکاشەوە پێویستە مەترسییەکانی تاران بۆ سەر ئیسرائیل بە پلەی یەکەم و باڵادەستیخوازیی ئەو لە ناوچەدا کۆتایی پێ بێت. لەوەش واوەتر دەکرێ بڵێین کە ئیسرائیل هەرچەند هاوپەیمانی ستراتیژیکی ئەمریکایە و یارمەتیی جۆراوجۆر بە تایبەت لە بواری پێداویستیی شەڕ و پشتیوانیی بێئەملاوئەوی سەربازی و هەواڵگری لەم وڵاتە وەرگرتووە، باندۆری بەرچاوی لەسەر سیاسەتی ئەم وڵاتەش لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئێران و پرسەکانی دیکەی ناوچەدا هەیە.

شەش مانگ دوای شەڕی دوازدە ڕۆژە، دوورەدیمەنی ململانێکانی هێز و هاوکێشەکانی هێز لەنێوان لایەنەکانی کێشەکەدا زۆر ناجێگیر دیارە. تا ئەو جێگایەی کە بەرپرسانی ئیسرائیل و ئێران بەڕاشکاوی باس لە ئەگەری زۆر باڵا و نزیکی دەوری دووەمی شەڕ دەکەن. دیارە ئەمەش هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە هاوکێشەی هێز لەلایەک و پرسی تەناهیی ئیسرائیل بە پلەی یەکەم و بە پلەی دووەم تەناهی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچە، دەوڵەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپای ڕۆژئاواوە هەیە.

لەم نێوەدا کاربەدەستانی ئیسرائیل بەڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە دەبێ کێشەی تاران بۆ هەمیشە یەکلایی بکرێتەوە. بەم واتایە کە بە پشتبەستن بە دۆخی پڕ لە قەیرانی ڕێژیم لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا، بەستێنی ئەمە هەیە کە شەڕی دووەم بە یارمەتیی هەردوو هۆکارەکە، بەتایبەت هۆکاری نێوخۆیی ببێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیم. لەم بارەیەوە کار گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە شرۆڤەکاران و ستراتیژیستەکانی ڕێژیمیش بەڕاشکاوی باس لەم سیناریۆیە بکەن.

هەرچەند سیناریۆکانی پێوەندیدار بە ڕووخان یان گۆڕانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆر ڕوون نین، بەڵام دەکرێ بڵێین لە ئاست و لایەنی جۆراوجۆردا لێکدانەوەی لەسەر بکرێت. لە ئاستی نێوخۆییدا شەڕی دووەم دەتوانێ ببێتە هۆکاری یارمەتیدەر بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک و بە ئاکام گەیشتنی. ڕاپەڕینی جەماوەری لە بەستێنێکدا کە ڕێژیم تووشی شپرزەیی و لاوازبوونی توانای سەرکوت دەبێت، دەتوانێ دەرفەتێک بێت بۆ سیناریۆیەک لە سیناریۆکانی گۆڕانی ڕێژیم. دەرفەتێک کە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی پێشوو بەتایبەت ڕاپەڕینی ژینا لێی بێبەش بوو.

لەم ڕوانگەیەوە شەڕی دووەم دەرفەتێکی زێڕینیش بە بزووتنەوەی کورد، کە لە ئاکامی باڵادەستیی ئەهریمەنیی ئەم ڕێژیمەدا سەرکوت کراوە، دەڕەخسێنێت. دەرفەتێک کە دەبێ پێشوەختە پلانی بۆ دانرێت، بۆ ئەوەی گەورەترین بەهرەی لێ وەربگیرێت.

لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا تەکووزی و تەناهییەکی نوێ دێتە ئاراوە. بەم واتایە کە لە ئاکامی نەمان یان لاوازیی هەمەلایەنەی ڕێژیمی تاراندا سێبەری هەڕەشەی دەستێوەردانەکانی ئەم ڕێژیمە لەسەر وڵاتانی ناوچە و بەتایبەت زۆر کەم دەبێتەوە یان نامێنێت.