(دڵنووسێک بۆ هاودڵی لەگەڵ هەژاران و بێئەنواکانی نیشتمانم)
ژاکاو سەقزی
ئەگەر شەوی یەڵدا بە مانای درێژی بێ، هەموو شەوانی چوار وەرزەی ساڵ بۆ هەژار و لێقەوماوەکان هەر یەل دایەو لە یەلدا نەهاتووەتەدەر. ئەمن لە ڕوانگەی ئایینی و ئایینزاییەوە بۆی ناچم، چونکە دەزانم هێندێ لە بوغزی عومەر و هێندێ لە حوببی عەلی پلارم بۆ داوێن، بەڵکوو لە کاناڵ و ڕەهەندی سۆز و ئازار و ئەزیەتی کۆمەڵایەتییەوە ئەوەندەی بزانم دەچمە سەر ئەو باسە.
قەیرانی ئابووری دەردێکی بەسەر خەڵک هێناوە با بە دەواری شڕی نەکردبێ، کاتێ گەورەی ماڵ ئێوارە ماندوو شەکەت دێتەوە ماڵ و گیرفانی خاڵی دەبێ و سەری شەرمەزاری لە هەمبەر زاڕۆکەکانی داخستووە، چ پێناسەیەکت هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بارودۆخە؟
کام کامێرا وێنەی ئەو ساتە ئەستەمە هەڵدەگرێ باوکێ کە ڕووگەی مناڵە، ڕووی لێ وەرگێڕدرێ؟
کام ڕۆژ و شەو دەتوانێ باری قورسی ئەوکاتەی مناڵ چڵەی چاوی دێ بۆ دەنکە میوەیێ یا بە وتەی ئەمڕۆیی (خوشکبارێ) هەڵبگرێ و وێنەی خەمەکانی لە تابڵۆی مێژوودا بڕەنگێنێ؟
کام یەلدا و کۆبوونەوەیەک، کاتێ دەس بۆ هەرچی دەبەی وەک ماری حەوتسەر پێتەوە دەدات و تەواوی جومگەکانی لەش دەکەونە لەرزین، بێ لە دڵی ئەو باوک و دایکەوە تماشای شەوی بێ شێو و سفرەی خاڵی کرێچییەکان بکە، کە هەر لە پازدەی مانگەوە دێوەزمەی خەم بەربینگی پێ گرتوون و چرای هومێد لە دڵیاندا کوژاوەتەوە، ئەم چەند ڕۆژەی ماوە کرێی خاوەن ماڵ لە کوێ بێنن و چۆنی ئامادە کەن؟
ئاخ! چەن دژوارە ئەو کاتانەی ماڵە سایە چەورەکان لە ئینیستاگرام و باقی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆڕادان و دەرکەوتن ستۆری لە جوری خواردن و کەیف و شادیەکانیان دەدەنەوە بە چاوی ماڵە هەژار و مناڵە زگ برسیەکان، چۆن دڵم بڕوا بێنێ تا کاتژمێر دوازدە بەو لاوەی شەوی یەلدا مڵچەمڵچی خواردن و ترووکە ترووکی پستە و بادەم زەمینی و توو کەدوو، گوڵەبەڕۆژە، زرینگە لە ساجی سوورەوەبووی ناخی خاڵی لە چێژی ساوای مناڵە بێ باوک و دایکەکان بێنێ، جۆن لە گەروو دەچێتە خوارەوە ئەو پڵاوو گۆشتەی بەلاتۆوە بەلاشە، بەڵام خەون و خولیای چەن دەهەی ماڵە تەڕ و برش هێناوی هەژارەکانە لە ژێرزەمینەکان.
نەخۆش و کەوتووی سەر جێ هاوار و ناڵەناڵی گوێچکەی فەڵەکی کەڕ کردووە، بەڵام ناتوانێ و دەروەستی پووڵ و پارەی دوکتۆر و تاقیگە و ام آر آی و دەوا فرۆشیەکان نایێ، بە ناچاری چاوەڕێی درزی درگایە و هاتنی دێوەزمەی مەرگ.
من دژی خۆشی و شادیی هیچ کەس نیم، کەسیشم ناخۆش ناوێ، بەڵام کزەکزی هەنیسکی ئەو مناڵە گۆڕەوشارم دەدات کاتێ بە دەس باوک و دایکیەوە گۆل گۆل فرمێسک دەڕێژێ بۆ خواردنێ و ئەوانیش ناتوانن بیسێنن، ڕەنگە لێی تووڕە ببن و مۆڕەیشی لێ بکەن. دەڵێی: جا هەژار کوا ماوە؟ کاتێ ئا لەم دۆخەدا زیاتر لە 9000000 کەس بەشداری پڕۆسەی ماشێن وەرگرتنی لە کارخانەکان کردووە، ڕۆژانی پشوو هەر خەڵکە و دەچێتە سەیران و گەشت و گۆشت برژانن لە خانە باغییەکان. دەڵێم: ئەوەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ دوو شت، نەزانی و بێ خەمی و بێ بەرپرسایەتی لە بەرانبەر کۆمەڵگا و فێڵ و دەهۆی سەرمایەدارەکان بۆ دزی و فزی زۆرترو مژتنی خوێنی لێقەوماوەکان چەشنی زەروو،
یەلدا بۆنەیەکی کۆنی دەورانی میتراکان و ئایینە کۆنەکانی مێژووە و ئێرانییەکان و زۆرینەی وڵاتانی دەور بەریش بە چاوی ڕێزەوە سەرنجیان داوە، بەڵام لە حەق و ڕاستی دوور نەکەوینەوە خەڵکی ئەمڕۆ چ لەو شتانە نازانن و ئەوەی دەیکەن یا بۆ ڕەوتێکی ڕامیارییە یا بۆ خۆنواندنە، لە لایێ دیکەیشەوە دەبێ بڵێین بیانووێکە بۆ یەکتر گرتنەوەو چاوپێکەوتن، چون لەم ڕۆژگارە دڵەکان هەتا خوا حەزکات لێک دوور کەوتوونەتەوە و هەر یەک لە بەرێ لە ناو ماشەی ماڵ و مەقامدا لینگە فرتێیانە، ئێستە هەر ناوێکی لێ دەنێن با لێینێن، بەڵام داخ و خەمی هەژارەکان مرۆڤی خاوەن هزر ڕادەچڵەکێنێ و خەونە شیرینەکانی تێک دەدات.
دەڵێم یەلدا و هەموو شەوانی ساڵ کاتێ پیرۆزە کەوتووەکان هەستێنین و نەخۆشەکان تیمار کەین و دڵەکان پاقژ ببنەوە لە گەندەڵی. شەوی یەلدای بێ خەمی و گەیشتن بە ترۆپکی ڕزگاری بە مانا واقعی لە دیلی گەلی کورد پیرۆزە.