
هەردی سەلیمی
لەم ڕۆژانەدا هەواڵێک بڵاو بووەوە کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. لەو هەواڵەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە: «بەپێی داتاکانی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن دامەزراوەی "کینگز کۆڵێژ"ـی لەندەنەوە کراوە، وڵاتی ئێران پلەی یەکەمی لە ڕەگەزپەرستیدا بەدەستهێناوە».
لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە ئاماژەی پێ دەکرێت، داتاکان بە شێوەی ڕاپرسیی مەیدانی کۆکراونەتەوە و ئێران بە ڕێژەی ٤٢٪ وەک یەکێک لەو وڵاتانە دەستنیشان کراوە کە زۆرترین ڕێژەی ناپەسەندکردنی دراوسێی کۆچبەر یان کرێکارانی بیانییان هەیە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارانە، هەواڵنێرانی کۆماری ئیسلامی زۆر بەخێرایی و بە شێوەیەکی بەرگریکارانە هەوڵیان دا ئەم داتایانە ڕەت بکەنەوە و گومانیان خستە سەر ڕاستیی ئەم ئیدیعایە. لە هەمان کاتدا، هێرشێکی پێچەوانەیان دەست پێ کرد بۆ سەر بریتانیا و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە و ئەوانیان بە «ماکەی ڕەگەزپەرستی» تاوانبار کرد. بەڵام ئەگەر ئێمە بە دیدێکی بابەتییانە و بە پشتبەستن بە فاکتە مێژوویی و هەنووکەییەکان ئەم بابەتە هەڵسەنگێنین، دەبینین کێ ڕاست دەڵێت و واقیعەکە چییە.
بۆ نموونە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، ڕۆژنامەی «شەرق» کاردانەوەیەکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی وڵاتی شیلی بڵاو کردەوە. لەو نووسینەدا، وێڕای هەوڵدان بۆ سپیکردنەوەی مێژووی پڕ لە سەرکوت و جینایەتی جەنەڕاڵ ئاگۆستۆ پینۆشە، پێشوازییەکی ئاشکراش لە بەرنامەکانی «خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست»ی ڕاستڕەوی توندڕەو کرا، بەتایبەت لە بوارەکانی دژی کۆچ و کۆچبەری. کاست لە بەرنامەکانیدا باسی لە بنیاتنانی دیواری بەرز و هەڵکەندنەوەی قووڵکەی بەرین دەکات بۆ ئەوەی کۆچبەران ـ بەتایبەت لە وڵاتانی ڤەنێزوێلا و پیرۆ ـ نەتوانن بگەنە ناو شیلی. ئەو بە ڕاشکاوی دەڵێت: «ئێمە ژیان بۆ پەنابەران ئاسان ناکەینەوە، بەڵکوو ژیانیان لێ تێک دەدەین».
ئەم پەیامە دژەمرۆییە، لەلایەن ڕۆژنامەی شەرق ـ کە نزیکە لە باڵە ڕیفۆرمخوازەکانی کۆماری ئیسلامی ـ بە ناوی «مشتی ئاسنین» و «سیاسەتی بەهێز» ستایش دەکرێت.
ئەم دووفاقییە بێڕەگ نییە. کۆماری ئیسلامی لە ڕاستیدا بە تێکەڵەیەک لە کولتووری ئایینی-ناسیۆنالیستی، درێژەپێدەری هەمان ڕێچکەی سیستەمە ناوەندگەراکانی پێش خۆیەتی؛ واتە سەفەوی، قاجار و پەهلەوی. لە بیرۆکەی باڵادەست و سیستەمی فکریی ئەم دەوڵەتانەدا، «مرۆڤی شیعەی فارس» لە سەرووی هەموو پێکهاتەکانی ترەوە دانراوە و باقی نەتەوەکان وەک پاشکۆی ناوەند سەیر کراون. ئەرکیان تەنیا خزمەتکردن و پاراستنی سنوورەکان بووە بۆ ناوەند.
ئەم ئایدیۆلۆژیایە وای کردووە نەتەوەکانی تر بێبەهرە و پەراوێزخراو نیشان بدرێن؛ وەک ئەوەی هونەر، شارستانییەت و مێژوو تەنها تایبەت بە فارس بێت. ئەم جۆرە ڕوانینە خۆبەزلزانە، بەشێکە لە ناخۆدئاگای کولتووری سیاسیی زاڵدا.
سەیرەکە لەوەدایە کە ئێستا لە وڵاتانی وەک بریتانیا، کەنەدا و وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکە، بەشێکی بەرچاو لە ئێرانییەکان ـ زۆربەیان لە پێکهاتەی باڵادەست ـ دەژین و مافی پەنابەرییان وەرگرتووە. بەڵام هەمان ئەم کەسانە زۆرجار خۆیان لە ڕیزی حیزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتانە دەبیننەوە و دژی سیاسەتە پەنابەرخوازەکان چالاکی دەکەن. ئەوان لە کاتێکدا داوای ماف و ئاسایش بۆ خۆیان لە ڕۆژئاوا دەکەن، بیر لەوە ناکەنەوە کە لە وڵاتەکەی خۆیان پتر لە چل ساڵە ملیۆنان کۆچبەری ئەفغانستانی دەژین؛ نە تەنها مافی هاووڵاتیبوونیان پێ نەدراوە، بەڵکوو لە زۆرترین دۆخی نادادپەروەری مرۆییدا ژیانیان بەسەر دەبەن.
هەر لە مانگەکانی ڕابردوودا بینیمان چۆن سەدان هەزار ئەفغانستانی بەوپەڕی بێڕێزی و زۆرەملێ دەرکران. لە درێژایی ئەم ساڵانەشدا، میدیا و سیستەمی فەرمیی وڵات ئەوانی وەک هۆکاری سەرەکیی نائەمنی، دزی، بێکاری و گرانی ناساندووە. ئەمە بریتییە لە سیاسەتی «مشتی ئاسنین» و ئەو عەقڵییەتەی کە بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە.
کاتێک لە میدیا و ئەدەبیاتی فەرمیدا «بەلووچ» وەک هێمای تێرۆریزم و قاچاخ وێنا دەکرێت، «تورک» بە کەمئاوەز دەناسێنرێت، «عەرەب» بە دواکەوتوو و دەعباخۆر پێناسە دەکرێت، و لوڕ و گیلەک و کورد و نەتەوەکانی دیکە بە پلەدوو لە قەڵەم دەدرێن؛ لە بەرامبەریشدا فارس وەک داهێنەری بێڕکابەری مێژوو و نووسەری یەکەمین مەنشووری مافی مرۆڤ بە خەڵک دەفرۆشرێت.
لەو بارودۆخەدا، هیچ سەیر نییە ئەگەر دامەزراوەیەکی دەرەوە یان ناوەندێکی توێژینەوەیی ئامارێکی وەها بڵاو بکاتەوە. لە ڕاستیدا، ئەوە تەنها گواستنەوەی ئەزموونی تاڵی ژیانی نەتەوە ژێردەستەکانە لە ناو ئەو جوگرافیا سیاسییەدا کە دەسەڵاتەکەی لەسەر بنەمای سڕینەوە و پەراوێزخستنی «ئەوانی دی» دامەزراوە.