
ڕەزا دانشجوو
لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای ناسراو بە «حیجاب و عیفاف»، جارێکی دیکە کەلێنێکی قووڵی لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا دەرخستووە؛ کەلێنێک کە نەک لەسەر بنەمای مافەکانی هاووڵاتیبوون، بەڵکوو لەسەر چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەیەکی نائارام دروست بووە.
«پڕۆژەیاسای پاراستنی خێزان لە ڕێگەی برەودان بە کولتووری عیفاف و حیجاب» کە لە ڕای گشتیدا بە «یاسای حیجاب و عیفاف» ناسراوە، دەقێکە سەرەتا لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە ئامادە کرا و دواتر لە پەرلەمان پەسەند کرا. ئەم یاسایە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پڕوپاگەندەیی، پەروەردەیی و سزایی بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملی لە شوێنە گشتییەکان لەخۆ دەگرێت و دامەزراوەکانی وەک پەروەردە، میدیاکان، شارەوانییەکان و هێزە ئینتیزامییەکان بە جێبەجێکردنی ڕادەسپێرێت. وێڕای سزای ماددی و بەدواداچوونی ئینتیزامی، ماوەیەکی تاقیکاریی سێ ساڵەشی بۆ دیاری کراوە.
سەرەڕای ئەوە، چەند مانگ دوای پەسەندکردنی، جێبەجێکردنی یاساکە گەیشتووەتە بنبەست؛ بنبەستێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە نیگەرانی سەبارەت بە مافی ژنانەوە نییە. ناکۆکیی سەرەکی لەنێو دەسەڵاتدا، ترسە لە کاردانەوەی خەڵک.
باڵی ناسراو بە ڕیفۆرمخواز کە ئێستا جڵەوی دەوڵەتی بەدەستەوەیە، هەوڵ دەدات خۆی لە دەرەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم یاسایە بەدوور بگرێت و ڕۆڵی «نێوبژیوانێکی دڵسۆز» بگێڕێت؛ وا نیشان دەدات کە ئەم یاسایە بەرهەمی باڵی ڕکابەرە و دەوڵەت لە ڕیزی خەڵکدا ڕاوەستاوە. لە بەرانبەردا، باڵی پاوانخواز (ئوسووڵگەرا) بە لایەوە ئاساییە تێچووی جێبەجێکردنی یاساکە بکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و وەک تاوانباری قەیرانەکە بیناسێنێت.
ئەم یارییە باڵباڵێنە، هەرچەندە پەیوەندییەکی بە داواکارییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەوە نییە، بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەخاتە ڕوو: توانا و ئامادەیی کۆمەڵگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات، بەتایبەت دوای شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، گەیشتووەتە ئاستێک کە دەسەڵاتدارانی لە هەر پریشکێک تۆقاندووە. گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر شەقام، کابووسێکە کە هێشتا لە زەینی کۆماری ئیسلامیدا نەسڕاوەتەوە. گرنگترین هۆکاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەش هەر ئەم ترسەیە.
هەڵوەشاندنەوەی لەناکاوی کۆنسێرتەکان ــ تەنانەت ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە ــ نیشانەی ئەم دڵەڕاوکێیەیە. دەسەڵات هەوڵ دەدات پێش بە هەر جۆرە گردبوونەوەیەک، تەنانەت ئەگەر سیاسییش نەبێت، بگرێت. بەڵام کۆمەڵگەی ئێران کە لە چەقبەستوویی و بێهیوایی ماندوو بووە، چاوەڕێی بچووکترین دەرفەتە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی جەماوەری؛ ناڕەزایەتییەک کە ئەگەر بتەقێتەوە، کۆنتڕۆڵکردنی لە توانای دەسەڵاتدا نەماوە.
شانبەشانی قەیرانی نێوخۆیی، سەرلێشێواویی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەشدا گەیشتووەتە ئەوپەڕی. ستراتیژیی سواوی «نە شەڕ، نە ئاشتی» چیتر کارایی نەماوە. هێرشەکانی ئیسرائیل و شەڕی دوازدە ڕۆژە، بەکردەوە خاڵی کۆتایی ساڵانێک کاتکوشتن و لێڵکردنی دۆخەکە بوو. دەوڵەتی دۆناڵد ترامپیش لە سەرەتای خولی دووەمییەوە نیشانی دا کە پشووی دانوستانی بێکۆتایی و بێئەنجامی نییە.
هاوکاریی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، هاوکێشەی ڕووبەڕووبوونەوەکەی خستە قۆناغێکی تازەوە. پڕۆژەی درێژخایەنی ئیسرائیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی ناوچەیی تاران ــ لە کوشتنی ڕێبەرانی گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵاوە تا لاوازکردنی توانای سەربازییان ــ بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران، تا ڕادەیەکی زۆر گەیشتە ئەنجام.
کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژە، سەرەتای قۆناغێکی تازە لە سەرلێشێواوی بۆ کۆماری ئیسلامی بوو. دەسەڵات دەزانێت کە ئەگەری هێرشی دواتری ئیسرائیل لە ئارادایە. هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تەلاڤیڤ و لێدوانە ڕاشکاوەکانی ترامپ سەبارەت بە ئامادەیی ئەمریکا بۆ کردەوەی سەربازیی دووبارە، تارانی خستووەتە دۆخێکی نالەبارەوە: لە لایەکەوە هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی توانای مووشەکی و سەربازی، لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵدان بۆ خۆبەدوورگرتن لە گورزێکی دیکە؛ هەوڵێک کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە، زۆر واقیعی نایەتە بەرچاو.
لە نێوخۆشدا قەیرانی ئابووری، دەرکردنی هەرجۆرە بڕیارێکی کەمهەڵەی ئەستەم کردووە. کۆماری ئیسلامی نە توانای بەرەنگاربوونەوەی جیددیی کۆمەڵگەی ناڕازیی خۆی هەیە و نە هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا. دەسەڵات بە باشی دەزانێت بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی بۆ هەتاهەتایە لەدەست داوە و ئێستا تەنیا خەمی پاراستنی ئەو ناوکە ئایدۆلۆژییە وەفادارەیەتی کە بۆی ماوەتەوە.
کۆی ئەم هۆکارانە، ئێرانی ئەمڕۆی کردووە بە کۆگایەکی بارووت کە چاوەڕێی یەک پریشکە. بچووکترین لێکدانەوەی هەڵە دەتوانێت ببێتە هۆی هەرەسهێنانی پێکهاتەی دەسەڵات.
کۆماری ئیسلامی نیگەرانی ئاسمانە و چاوی لە شەقامە.
کامیان زووتر دەگات؟
فڕۆکەکانی ئیسرائیل، یان خەڵکی تووڕە و ناڕازی؟