
ئەمیر باباخانی
لە دوایین بەڵگەنامەی ئەساسنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، کە وەک میساقی ستراتیژیی حیزب بۆ خەباتی دێموکراتیکی نەتەوەیی دادەنرێ، دیپلۆماسیی ئاشتیخوازانە و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دروستی وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی حیزب دەستنیشان کراوە. دیارە پەیوەندیی نێودەوڵەتی لەخۆگری بازنەیەکی بەرفراوانە، هەر لە دەوڵەتان و کەسایەتییەکانەوە بگرە هەتا مێدیا و ڕێکخراوە جیهانییەکان! هەروەها حیزب پشتیوانی لە تەواوی ئەم ڕەوت و ڕێكخراوە ناوچەیی و جیهانییانە دەکا کە قایل بە پاراستنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ژێردەستەن، یەک لەوانەش گەلی کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان.
ئەم بنەمایانە حیزبی دێموکرات وەک هێزێکی پشتیوانی دێموکراسی لە جیهاندا دەناسێنن و پەیوەندی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە بیانییەکان دەکەنە ئامرازێکی کاریگەر بۆ پێشخستنی ئامانجە نەتەوەییەکان. سووکەئاوڕێکی خێرا بۆ ڕابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نیشان دەدا کە لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی شەهید دوکتور قاسملوودا، حیزب بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی داوە پرۆسەی دانانی ئەجێندای (agenda-setting) نێودەوڵەتی بەکار بێنێ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد، بەتایبەتی لە ڕێگەی مێدیای بیانی و سیاسەتمەدارانی چەپی پێشکەوتنخوازی ئەو سەردەمانە. ئەم پرۆسەیە لە ڕاستیدا ئامرازێکە بۆ ئاکتەرێکی نادەوڵەتی (وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی بۆ دۆزێکی دیاریکراو. بە بەکارهێنانی مێدیای بیانی، دیپلۆماسیی گشتی و پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتمەداران، دەتوانن پرسێک (وەک دۆزی کورد) بکەنە بابەتێکی گرنگی ئەجێندای نێودەوڵەتی، حکوومەتەکان، یان ڕێکخراوە جیهانییەکان. دیارە ئەمە لە تیۆریی هێزی نەرمەوە سەرچاوە دەگرێ، کە هێزە کەمەکان یان ژێردەستەکان دەتوانن بە ڕێگەی مێدیا و دیپلۆماسی سەرنج ڕابکێشن و گوشار دروست بکەن. ڕێک ئەوەی دوکتور قاسملوو کردی، واتە هەوڵەکانی بۆ پەیوەندی لەگەڵ مێدیای بیانی و چەپەکانی ئورووپا، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم پرۆسەیەیە بۆ دانانی دۆزی کورد لەسەر ئەجێندای نێودەوڵەتی. ڕستەیەکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێ: "هیچ کەسێک دوورگە نیە " (No man is an island)؛ بۆیە ئەگەر مرۆڤەکان تا ئەم ئاستە پێویستییان بە یەکتر هەبێ، بێ سێودوو گۆشەگیریی هێزێکی سیاسی لەم سەردەمەدا دەبێتە هۆی شکستی خەباتەکەی. لەم سۆنگەیەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک ئاوی ژیانن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی سیاسی، یاسایی و مێدیایی. ڕێک ئەم پەیوەندییانە دەتوانن گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکوومەتە سەرەڕۆکان زیاد بکەن و ڕێگای گەیشتن بە دۆخێکی دێموکراتیک هەموارتر بکەن. بە واتایەکی تر ڕاکێشانی سەرنجی سیاسی، یاسایی و مێدیایی دەبێتە پێویستییەکی ستراتیژیک بۆ گەلانی ژێردەستە یان حیزبە سیاسییەکان، کە دەتوانن لە ڕێگەی دیپلۆماسیی گشتی و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان زیاد بکەن.
گرینگیی ئەم پەیوەندییانە بۆ هێزێکی سەرەکیی نەتەوەیەکی ژێردەست لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەوەندە حاشاهەڵنەگرە کە دەبێ وەک گرنگترین ڕەهەندی خەبات سەیر بکرێ، بەکورتی و کوردی: "پەیوەندییەکان هێزی خەباتن، گۆشەگیری مردنە!" پێشینەی مێژوویی حیزبی دێموکراتی کوردستان شاهیدی قووڵی و بەردەوامیی ئەم پەیوەندییانەیە، هەوڵێک کە لە سەرەتاوە تا هەنووکە سەرەڕای هەورازولێژێکی زۆر هەر بەردەوام بووە. بۆ وێنە هەر لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەرچەند کابینەی حکوومەت پۆستی وەزارەتی دەرەوەی تێدا نیە، بەڵام بە وتەی ئیگڵتۆن، زەبیحی و ڕەیحانی دەبنە پردی پەیوەندی لەگەڵ "دەرەوە"!
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانیش، حیزب لە دەیەی ١٩٥٠دا چالاکییەکانی لە ئورووپا پەرە پێ دەدا و بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ و سەرەتای ٨٠ی زایینی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ حیزبە سۆسیال-دێموکراتەکانی سۆئێد، ئاڵمان، فەرەنسە، ئۆتریش، ئیسپانیا و… ساز دەکا، واتە سەردەمی زێڕینی سۆسیال دێموکراتەکانی ئورووپا کە بە هۆی کەسایەتیی ئاکادێمیک و سیاسیی شەهید دوکتور قاسملوو پاڵپشتییان لە حیزب دەکرد. واتە جۆرێک لە پەیوەندیی نێوان ئاکتەرێکی نادەوڵەتی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتەکان کە دوکتور قاسملوو، وەک دیپلۆماتێکی زیرەک، بە بەکارهێنانی پرۆسەی دانانی ئەجێندا (agenda-setting)ی نێودەوڵەتی سەرنجی دونیای دەرەوەی بۆ مافەکانی کورد ڕادەکێشا بۆ ئەوەی دەنگی کوردی ڕۆژهەڵات بەرز بێتەوە! بەرەبەرە لە هەزارەی سێهەمدا حیزب دەبێ بە ئەندامی هەندێ لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان وەک: Socialist International - SI، UNPO ، Progressive Alliance – PA و هەروەها لە ڕێگەی نوێنەرەکانی لە ئورووپا هەوڵ دەدا بە سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێ ڕێكخراوەی نێونەتەوەیی وەک UN, EU, Amnesty International، Human Rights Watch دۆخی کورد لە نێوخۆی ئێران بخاتە بەردەمیان، دیارە لەم نێوەدا لە ئیدارە و پارلەمانی دەوڵەتانی ئورووپاییش غافڵ نەبووە! بێگومان ئەم پەیوەندییانە سەرەتای کرانەوەی ئەم دەرگایانەن کە دەکرێ دواجار بە هەوڵ و تێکۆشان لۆبیی تایبەتییان بۆ ساز بکرێ، بۆ ئەوەی قورسایی پرسی کورد لە ئاستی نێونەتەوەیی زیاتر بێ و سەرنجێکی فرەتر بۆ لای خۆی ڕابکێشێ! بەڵام چۆن؟ ئەم پەیوەندییانە لە ڕاستیدا دەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگەی ڕاکێشانی سەرنجی مێدیایی و لۆبیکردن، پرۆسەی agenda-settingی نێودەوڵەتی بەکاربێنێ بۆ زیاترکردنی گوشارەکان لەسەر ڕێژیمێکی سەرکوتکەری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران و دواجار هەموارکردنی ڕێگا بۆ گۆڕانکاریی دێموکراتیک.
ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدا کە پشتیوانیی نێودەوڵەتی، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە. بۆ نموونە، بڕیاری بێوێنەی دادگای میکۆنووس بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی دیپلۆماتیک لە نێوان ئێران و یەکیەتیی ئورووپا، بە جۆرێک کە باڵوێزەکانیان لە تاران بانگ کردەوە. ئەمە نموونەیەکی کلاسیکە کە ئەکتەرە نێوخۆییەکان لە ڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە دەتوانن گوشار لەسەر حکوومەتەکەی خۆیان دروست بکەن. ئەم بڕیارە ئێستاشی لەگەڵ دابێ گەورەترین ئابڕووچوونی سیاسیی کۆماری ئیسلامییە! واتە دەکرێ بە کەلکوەرگرتن لە پۆتانسیەلی هەندێ ڕووداو لە ڕێگەی سازدانی پەیوەندییەوە، کۆماری ئیسلامی بخەیتە سێکوچەکەی ڕینگەوە.
نموونەیەکی تر ڕەنگە لێدوانەکانی نیکی هایلی، باڵوێزی ئەو کاتی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ، کە لە پاش هێرشی مووشەکی بۆ سەر قەڵای دێموکرات بۆ یەکەم جار ناوی حیزبێکی سیاسی لەسەر ساحەی ئەم ئەنجومەنە دێتە گۆڕێ؛ کە ئەم هێرشەی دەرحەق بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک تاوان پێناسە کرد و ئەمە وەک بەڵگەیەکی نێونەتەوەیی دەکرێ بەدواداچوونی بۆ بکەی لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا! بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی حیزب لەگەڵ دونیای دەرەوە وەک دەوڵەت، پارلەمان، حیزب و ڕێکخراوە بیانییەکان بەهێزتر بێ و کاریگەرییان زیاتر بێ، ئەم پێشنیارانەی خوارەوە دەتوانن یارمەتیدەر بن:
دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی دیپلۆماتیکیی هاوبەش، دروستکردنی گرووپ یان کۆمیتەیەکی هاوبەش لەگەڵ حیزبە هاوبیرەکان (وەک حیزبە سۆسیالیستەکانی ئورووپا یان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ). ئەم پلاتفۆرمە دەتوانێ کەمپەینی هاوبەش ڕێک بخا بۆ بابەتەکانی وەک مافی مرۆڤ، مافی ژنان و داکۆکیکردن لە مافی گەلی کورد. بەم جۆرە دەنگمان بە یەکەوە بەرزتر دەبێتەوە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
ڕێکخستنی کۆنفرانسی ساڵانە: بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی تیۆریک و ستراتێژیک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حیزبە بیانییەکان. گرنگیی تایبەت بدرێ بە لاوانی کورد (لە دیاسپۆرا و لەنێوخۆ) بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە خەبات و پەیوەندییەکان درێژەیان ببێ. مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە نەوەی نوێ زیاتر ئاشنا ببێ بە خەبات و پەیوەندییەکان پتەوتر بن.
بەکارهێنانی جیهانی دیجیتاڵ بە شێوەیەکی زیرەکانە: دروستکردنی پلاتفۆرمی مەجازی (وەک وێبینار، زووم، یان کاناڵی تایبەت لە یوتیوب) بە هاوکاریی ڕێکخراوە ڕۆژئاوایییەکان. ئەمە یارمەتی دەدا دیاسپۆرای کورد لە هەموو جیهان بەشداری بکەن و دەنگیان بگاتە زیاترین کەس. ئەمە کەمترین تێچووی دەوێت، بەڵام پێداویستییەکی گەورەیە لە سەردەمی ئێستادا.
هەوڵدان بۆ ئەندامێتیی تەواو لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان: خۆ بەڕۆژکردن لەسەر بنەما و پێوەرە نێونەتەوەییەکان دەتوانێ حیزب وەک کاندیدایەکی هەمیشەیی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان ئامادە بکا. ئەمە دەتوانێ دواجار لە ئاستی جیهانی وەک پشتیوانییەکی گەورە و متمانەپێکراو بێتە ئەژمار. ڕێک ئەوەی ئێمە پێویستیمان پێیەتی. با ئەوەش وەک خاڵێکی سەرەکی لەبیر نەکەین، بە باوەڕی من کورد پێویستە ماڵی خۆی ڕێک بخا لە دەرەوەی وڵات بەتایبەتی. چونکە ئەمە داواکاریی زۆربەی هەرەزۆری دونیای دەرەوەشە، ئەوان خوازیاری ئەوەن کە کورد بە یەکگوتاری ببینن. بۆیە بوونی پلاتفۆرمێک یان مەنشوورێک لە نێوان سەرجەم هێزەکانی کوردستان دەبێ وەک هەنگاوی یەکەم سەیر بکرێ! ئەگەر کورد دەیهەوێ ئەم خەباتە دوورودرێژە کە ڕێگایەکی زۆریشی لەبەر ماوە ببڕێ و بگاتە ئەنجام، بۆ پەڕینەوە لەم دەریا تۆفانییە، دەبێ پردی پەیوەندییەکانی دەرەوە بکا بە پردەبازێک بۆ گەیشتن بە کەنارێکی ئارام!