کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانێکی هەڵچنراو لەسەر لمی وەهمگەرایی (هنر نزد ایرانیان است و بس؟!)

15:03 - 6 بەفرانبار 2725

عەلی لەیلاخ

لەمێژساڵە ناوەناوە گوێمان لە دێڕە شیعرێک دەبێت کە هەرچەندە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان دەیسەلمێنن لە «شاهنامە»ی ڕەسەنی فیردەوسیدا نییە و دواتر بە مەبەستی ناسیۆنالیستی خراوەتە نێو دەقەکان، بەڵام وەک دروشمێکی ناسیۆنالیزمی ئێرانیی فارستەوەر ناسراوە، کە دەڵێ: «هونەر هەر تەنیا لەلای ئێرانییەکانە!» ئەگەر بمانەوێت لێکدانەوە بۆ ئەم تێڕوانینە بکەین، دەتوانین لە دوو ڕەهەندەوە ڕاسیزمێکی کەڵەکەبوو لەنێو ئایدۆلۆژیای ناوەندگەراییدا ساغ بکەینەوە.

ئەوەی کە ئایا ئەم دێڕە چۆن دروست بووە گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی جێی تێڕامانە، ئەوەیە کە لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتاکە بەشێک لە نوخبەی سیاسی و جڤاکیی ئێران بە چاویلکەی خۆبەزلزانینێکی ناڕەوا سەیری جیهان دەکەن. پرسیارەکە ئەمەیە کە چۆناوچۆن هونەر تەنیا دەتوانێت لە قۆرخی یەک نەتەوەدا بێت؟ چۆن دەکرێت هونەر تەنیا لای ئێرانییەکان (کە مەبەست لێی مرۆڤی فارسی سەردەستە) بێت؟ یان ئەو هونەرانە کامانەن کە ئەوان تێیدا سەرکەتووترینن؟

کاتی خۆی فرووغ فەڕوخزاد، ژنە شاعیری ئێرانی، کاتێک سەردانی ئیتاڵیا دەکات و چاوی بە شکۆی تەلارسازی و نیگارکێشیی میکێلانژ و داڤینچی دەکەوێت، لە بیرەوەرییەکانیدا بە ڕاشکاوی دەنووسێت: «بە دیتنی ئەم هەموو شکۆمەندییە، لەسەر ئەو باوەڕەم هونەر لەمێژە لێرە بە تەکامول گەیشتووە و ئەوەی ئێمە دەیکەین هونەر نییە، بەڵکو زۆرجار لاساییکردنەوەیەکی بێزارکەرانەیە!»

لە ڕەهەندێکی دیکەوە، بیردۆزانی «ئێرانشاری» بە هەوڵی کەسانێکی وەک جەواد تەباتەبایی، هەوڵیان داوە لەسەر مێژووی کۆنی شاهەنشاهی، بەرگری لە ناوەندگەراییەکی توند و خۆسەپێن بکەن. ئەم تێڕوانینە زۆرجار لەسەر "وەهمگەراییی" مێژوویی ساز کراوە نەک فەلسەفە و هونەرێکی ڕەسەن. یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەم ڕەگەزپەرستییە، دەگەڕێتەوە بۆ ١٠٠ ساڵی ڕابردوو و قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوەی نوێ لە سەردەمی پەهلەویدا. لەم ماوەیەدا، بەردی بناغەی ئێرانێک دانرا کە کۆڵەکەکانی لەسەر ئینکاری نەتەوەکانی دیکە جێگیر کرابوو. لە ڕوانگەی ئەم ئایدۆلۆژیایەوە، پێگەی سەردەست بۆ "فارسی ناوەندگەرا" بووە و نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب و تورک، لە ڕێگەی فەرهەنگی و سیاسییەوە هەوڵ دراوە وەک شارۆمەندی پلە دوو بناسێنرێن.

لە دیدی دەروونناسییەوە، ڕەگەزپەرستی دەتوانێت دەرەنجامی ترس و دڕدۆنگی بێت؛ ترسی شکست و لەدەستدانی باوەڕبەخۆبوون. هەر بەپێی ئەم ترسەیە کە لە سۆشیاڵ میدیا و قسە و باسی ڕۆژانەدا، بێڕێزیکردن بە نەتەوەکانی دەوروبەر (بەتایبەت عەرەب، کورد و تورک) دەبینرێت. دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا کە زۆرجار لە هەمبەر گۆڕانکارییەکاندا هەست بە شکست دەکات، پەنا بۆ چەوساندنەوەی نەتەوەکانی ژێردەستی خۆی دەبات.

بەشێکی زۆری ئەم نیگا ڕەگەزپەرستانەیە بەرامبەر نەتەوەی عەرەب، ڕیشەی لە شکستی مێژوویی ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکاندا هەیە کە تا ئەمڕۆش لەنێو هزری ناسیۆنالیستەکاندا ماوەتەوە. مێهرداد دەروێشپوور ئاماژە بەوە دەکات شکستی مێژوویی ئێرانییەکان بەرامبەر عەرەبەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی "هەستی سووکایەتی" کە ئێستا لە ڕێگەی بێڕێزیکردن و ڕاسیزمی پێچەوانەوە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دەدەن.

محەممەد بابایی، نووسەری ئێرانی، لەمبارەیەوە دەڵێت: «١٠٠ ساڵ لەمەوبەر زۆر کەس ناوی کوروشی هەخامەنیشییان نەبیستبوو، بەڵام ئێستا وەک کەرەستەیەکی سیاسی بەکاردێت. کاتێک دەگوترێت مافی نەتەوەکان خوێندنە بە زمانی دایک و لە بەرامبەردا دەگوترێت ئەمە دەبێتە هۆی دابەشبوونی وڵات، ئەمە نیشانەی ئەو ڕەگەزپەرستییە سیستماتیکەیە کە لەنێو جومگەکانی بڕیارداندا هەیە».

ئەم ڕەوتە لە پاش هاتنی کۆماری ئیسلامیش، بە شێوازێکی دیکە و لەژێر ناوی "سەردەستیی مەزهەبی" بەردەوام بوو. خاڵی هاوبەشی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی لەم ١٠٠ ساڵەدا، دژایەتیکردنی فرەیی نەتەوەیی و پەرەپێدانی هەڵاواردن بووە. وەک سادق زیباکەلام دەڵێ: «ئێمەی ئێرانی ڕەگەزپەرستین و ئەم ڕەگەزپەرستییەمان ڕیشەی لە نزمیی ئاستی فەرهەنگیماندا هەیە»؛ کەواتە ئەم دۆخە بەرهەمی شێوازی پەروەردەی سیستمێکە کە لەسەر ئینکاری "ئەوی دیکە" بونیاد نراوە.

بەپێی توێژینەوەی هەندێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە ئاستی ڕەگەزپەرستی تێیاندا بەرزە، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک سوید و ئاڵمان لە خوارەوەی ئەو لیستەن.

جێی سەرنجە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کاتی خۆی ئیلهامی لە ناسیۆنالیزمی ئاڵمانی و حیزبی نازی وەرگرتبوو، کەچی ئێستا ئاڵمان ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە و ئێران هێشتا تێیدا چەقیوە. ئەمە بەرهەمی دوو دەسەڵاتی ناوەندگەرا (پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی)یە، کە بوونە هۆی داڕمانی "کەرامەتی مرۆیی" و ئەخلاقی جڤاکی، وەک ئەوەی "ڕۆناڵد دوورکین" پێداگری لەسەر دەکات.

ڕەگەزپەرستی لەم چوارچێوەیەدا، ڕاستەوڕاست پەیوەندیی بە مەزنخوازییەکی شکستخواردووی حکوومەتە ناوەندییەکانەوە هەیە. بۆیە پێویستە ڕووناکبیرانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، سنووری خۆیان لە هەر چەشنە تێڕوانینێکی هاوشێوەی خۆبەزلزانانە بپارێزن و بەرگری لە بەها مرۆییە گشتگیرەکان بکەن.