کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند کورتە سەرنجێک لەسەر هەڵاوسانی ئێستای ئابووریی ئێران

09:18 - 7 بەفرانبار 2725

فەرهاد سلێمانپوور

 

ناوەندی ئاماری ئێران هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی بۆ مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ نزیکەی ٤٩.٤٪ (واتە لەچاو مانگی خەزەڵوەری ساڵی پار بەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە) و هەڵاوسانی ساڵانەی ٤٠.٤٪ و هەڵاوسانی مانگانەی ٣.٤٪ و هەڵاوسانی مانگانەی بۆ خۆراک و خواردنەوە و بەرهەمەکانی تووتن ٤.٧٪  و بۆ شمەکی سەرەکیی ناخۆراکی و خزمەتگوزاریش ٢.٦٪ ڕاگەیاند. ئەمە واتە ڕەوتی هەڵاوسان بەردەوامە و تێچوونی خێزانی بەرز کردووەتەوە. بەرزبوونی ڕێژەی هەڵاوسان چەند ساڵێکە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، هێزی کڕینی خەڵکی کەم کردووەتەوە، داهاتیانی کەم کردووەتەوە، بەرەبەرە لە چینی ناوەندەوە بوونەتە چینی هەژار و ڕێژەکەش هەر لە هەڵکشاندایە.

هەموو بەرزبوونەوەیەکی نرخ بە هەڵاوسان دانانرێت. بە دەربڕینێکی ئاسان، هەڵاوسان (inflation) بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی بەردەوام، واتادار و ناتەریب لەگەڵ گۆڕاوەکانی تردا. بەرزبوونەوەی نرخ دەبێ ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێ تا بە هەڵاوسان دابنرێت: یەکەم، دەبێ زۆربوونی ڕێژەی نرخ لە هی بەرهەمداریی (productivity) یان بەرهەمی سنوورەکی هێزی کار (marginal product of labour force) و هەقدەستی ڕواڵەتی (real wages) زیاتر بێت، بەگشتی ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخ دەبێ لە ڕێژەی گەشەی ئابووری (economic growth) زیاتر بێت. دووهەم، بەرزبوونەوەی نرخ دەبێ بەردەوام بێ و ئەگەر چەند جارێک ڕابوەستێ و نیشانەی دۆخێکی نوێی هاوسەنگی بێت، ئەوا بە هەڵاوسان دانانرێت. سێهەم، ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخ دەبێ بەرز بێت، ڕێژەی ٣٪، ٤٪ و ٥٪ یان کەمتر لە ١٠٪ لە ساڵدا بە هەڵاوسان دانانرێت، زۆر ئابووریناس ئەم ڕێژانە بە تایبەتی ئەگەر لە ٥٪ تێنەپەڕێت بۆ گەشەی ئابووری بە پێویست دەزانن. چوارەم، کە نرخ بەرز دەبێتەوە نابێ بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشتر، چونکە تێچوونی بەرهەمهێنانی بەرز کردووەتەوە. بەگشتی لە ڕوانگەی میلتۆن فریدمەنەوە (Milton Friedman) هەڵاوسان بریتییە لە بەرزبوونەوەی ناتەریب و بەردەوامی ئاستی گشتی نرخ و کەمبوونەوەی هێزی کڕینی ڕاستەقینەی خەڵک.

هەڵاوسان بە تایبەتی لە چوار ڕووەوە کاریگەریی نەرێنی هەیە: یەکەم، بەهای دراو کەم دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خەڵک؛ داهاتی گیرفانی خەڵک کەم دەکاتەوە؛ مانگ بە مانگ و بگرە هەفتانە و ڕۆژانەش داهاتی خەڵک لە کەمی دەدات و دابینکردنی بژێویی بۆیان زەحمەت دەبێت. دووهەم، چینی ناوەندی ناهێڵێ و کۆمەڵگە دابەش دەبێت بۆ دوو چینی زۆرینەیەکی هەژار و کەمینەیەکی زەنگین؛ زیاترین زەرەر وەبەر چینی مووچەخۆر دەکەوێت، لەبەرئەوەی خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنان نین و بڕە مووچەیەکی دیاریکراویان هەیە؛  بەڵام خەڵکی دەوڵەمەند بە هۆی زەوی، خانوو، ئۆتۆمبێل، زێڕ و داراییەکانیانەوە قازانج دەکەن، لەبەرئەوەی هەڵاوسان نرخی ئەم داراییانە بەرز دەکاتەوە. سێهەم، وەبەرهێن سەری لێدەشێوێ و لە کەشی هەڵاوساناویدا خەمەڵاندن و لێکدانەوە ژمارییەکانی پێ ناکرێ و لە دۆخەکە دڵنیا نابێت و وەبەرهێنانەکەی ڕادەگرێت، ئەگەر بۆی دەست بدات سەرمایەکەی دەباتە شوێنی تر؛ سەرچاوەکان بە لاڕێدا دەچن و لە بەرهەمهێنانەوە بەرەو کاری نابەرهەمهێن دەچن؛ کڕینی زەوی و خانوو، زێڕ و دراو، سوداگەری لە بۆرس و لەم چەشنە کارانە پەرە دەستێنن، لەبەرئەوەی بەهۆی هەڵاوسانەوە نرخیان بەرز دەبێتەوە و خەڵک هان دەدات بۆ کڕینیان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری و بچووکبوونەوەی ئابووری. چوارەم، هەڵاوسان کورتهێنانی بودجەی حکوومەت زیاتر دەکات و ئەمەش حکوومەت ناچار دەکات یان قەرز بکات یان پارە لە چاپ بدات، پارە لە چاپ بدات نەختینەیی زۆر دەبێ و دیسان گوڕ دەداتەوە بە هەڵاوسان (کار گەیشتووەتە شوێنێک حکوومەت و سپای پاسداران بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانیان، جیا لە چاپدانی پارە مامەڵە بە دراوی دۆلاریشەوە دەکەن).

هۆکاری هەڵاوسان بەگشتی بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان خستنەڕووی شمەک و خواستی بەکاربەر دەگەڕێتەوە، واتە یان لای خستنەڕووەکە کەم بووەتەوە یان لای خواست زۆر بووە. لەم چوارچێوەیەدا هۆکارەکە یان بۆ کەمیی خستنەڕوو شمەک و خزمەتگوزاری لە  بەرامبەر خواستدا دەگەڕێتەوە کە ئەمەش بۆ کەمبوونی بەرهەمهێنان یان زۆربوونی تێچوونی بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە وەک بەرزبوونی نرخی کەرەستە و ئامێری هاوردە لە دەرەوە، یان بۆ هاوردەی شمەک دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بێبەهابوونی تمەن لەبەرامبەر دراوکانی تردا گران ڕادەوەستێ، یان بۆ زۆربوونی خواست دەگەڕێتەوە کە ئەمەش زۆربوونی نەختینەیی و سیاسەتی نەختینەیی لەپشتە، یان بۆ لە چاپدانی پارە دەگەڕێتەوە کە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی حکوومەتە، یان بۆ چاوەڕوانی خەڵک دەگەڕێتەوە. هەڵاوسان لە ئابووریی ئێستای ئێراندا تاکە هۆکارێکی نییە، هەموو هۆکارەکان دەستیان داوەتە یەک و تاویان بە هەڵاوسان داوە و ئاوا بڕوات هەڵاوسانی پڕتاو  دێتە ئاراوە. هۆکاری هەڵاوسان لە ئابووریی ئێراندا بەم شێوەیە:

• سزاکانی سەر ئابووریی ئێران وایان کردووە کۆماری ئیسلامی وەک پێشتر دەستی بە دۆلار و دراوەکانی تر ڕانەگات و ئەمەش هۆکارە بۆ بێبەهابوونی تمەن، چونکە وەک پێویست دۆلاری نییە بیخاتە بازاڕ و نرخی تمەنی پێ ڕابگرێت.

• لەبەرئەوەی داهاتی کەم بووەتەوە، چەندین ساڵە تووشی کورتهێنانی بودجە بووە، بۆ ئەمەش پارە لە چاپ دەدات و بڕی نەختینەیی بەبێ ئەوەی لەگەڵ گەشەی GDPدا  بگونجێت هەر زۆر دەبێ و ئەمەش هەڵاوسانی زیاتر کردووە.

• کەمبوونەوەی بەهای تمەن لە بەرامبەر دراوەکانی تردا وای کردووە ئامێر و کەرەستەی پێویستیی کەرتی بەرهەمهێنان گران ڕابوەستێ و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان ناچار بن نرخی شمەکیان زیاتر بکەن.

• بەشی زۆری پارەی خەڵک لەبەر بێبەهابوونی تمەن و پێشبینییان بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری هەڵاوسان، ڕووی کردووەتە کڕینی دۆلار و زەوی و خانووبەرە، ئەمەش وایکردووە نرخی ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی سەیر هەڵکشێت. 

• بەهۆی سزاکانەوە کەرتی وزەی ئێران وەبەرهێنانی تێدا ناکرێ و ئامێر و کەرەستەکانی کۆنن و وایان کردووە کەمی وزە بێتە ئاراوە و نرخەکەی گران بێت، وزەش لەبەرئەوەی پێویستییەکی بنەڕەتی بەرهەمهێنانە، تێچوونی بەرهەمهێنان زیاتر کردووە و لە کۆتاییدا نرخی بەرز کردووەتەوە.

• زۆربەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە پاوانی سپای پاسداران و کەسانی وەفاداری سەر بە کۆماری ئیسلامین کە ئەمە دەسەڵاتی پاوانکردنی پێ بەخشیون و ئەمانەش لەسەر حسابی خەڵک نرخی شمەکیان بەرز دەکەنەوە.

دەمێ ساڵە بۆ چارەسەرکردنی هەڵاوسان، لە چوارچێوەی سیاسەتی نەختینەیی و دارایی و بەگشتی ئابووریدا سیاسەتی جۆراوجۆر پێشنیار کراوە و هیچ کاریگەرییەکیشیان نەبووە. سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ئابووری کردووەتە قوربانی و تا ئەم سیاسەتە چەوتانە بەردەوام بن کێشەکانی ئابووری زیاتر قووڵ دەبن و تەنگ بە خەڵک هەڵدەچنن. لە ناوخۆدا دەستی سپای پاسداران و بەرپرسانی لە ئابووریدا ئاوەڵا کردووە و ئەوانیش بەپێی بەرژەوەندی خۆیان هەڵیدەسووڕێنن و ڕانت و گەندەڵی یارمەتیانی داون چۆنیان بۆ بلوێ وابکەن، ئەمەش واتە ئابووری نەکەوتووەتە سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی کە بازاڕی ئازادە، دەستی دەوڵەت و بەرپرسان و دامودەزگاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئاوەڵایە لە بەرژەوەندی خۆیان ئابووری هەڵبسووڕێنن، لە لایەکی دیکەوە کەوتوونەتە شەڕ و ململانێ لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، لەم پێوەندییەدا یەکەم، پارەی وڵات لە تۆڕ و دەست و پێوەندییەکانیدا خەرج دەکرێ و دووهەم، بۆ ئەم شەڕ و ململانێ ناپێویستە زۆربەی پارەی تەرخان کردووە بۆ کڕینی کەرەستەی سەربازی و شەڕ.